Draw Media

له‌ نێوان ته‌كتیك و تاقیكردنه‌وه‌دا، گفتوگۆی یه‌كێتی و پارتی، به‌ره‌و كوێ؟

له‌ نێوان ته‌كتیك و تاقیكردنه‌وه‌دا، گفتوگۆی یه‌كێتی و پارتی، به‌ره‌و كوێ؟

2020-09-01 11:13:55


 

عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

   له‌ پرۆگرامی حزبییانه‌ی هه‌ردوولادا، په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بایه‌خی زۆریان پێدراوه‌، له‌ گوتاری ته‌قلیدیی رۆژانه‌شدا، كاربه‌ده‌ست و میدیا ره‌سمییه‌كانیان پێ له‌سه‌ر زه‌روره‌تی په‌یوه‌ندیی و هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیی هاوبه‌ش داده‌گرن، به‌ڵام به‌ فعلی، ئه‌وه‌ی له‌واقعدا ئه‌گوزه‌رێ، شتێكی تره، یان لانیكه‌م دووفاقیی تێدایه‌، به‌تایبه‌تی له‌ رووی میدیایی و لێدوانی ئێره‌و ئه‌وێی به‌رپرسانی هه‌ردوولا!‌. 
    به‌ بۆنه‌ی نه‌بوونی ستراتیژێك بۆ باشووری كوردستان و غیابی كاراكته‌ری خاوه‌ن دیدی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ سروشتی حاڵ، گه‌مه‌ی سیاسه‌تكردنیش ته‌كتیك و هه‌لپه‌رستیی تێكه‌وتووه‌. هه‌ر حزبه‌و بۆی هه‌ڵبكه‌وێت فرسه‌ت له‌ویتر ئه‌هێنێت و له‌هیچ ناسڵه‌مێته‌وه‌، واته‌ دروست ئه‌و ده‌قه‌ شیعرییه‌ی فایه‌ق بێكه‌س(1905-1948) بیر ئه‌خه‌نه‌‌وه‌ كه‌ پێش زیاتر له‌ 70 ساڵ، ده‌ڵێ: دوو دڵن، پیسن له‌گه‌ڵ یه‌ك، بۆیه‌ وا بێ لایه‌نه‌یه‌..!  
    له‌په‌یوه‌ندیدا به‌ یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌، ده‌هه‌یه‌كه‌ هاوكێشه‌كه‌ گۆڕاوه‌!. جیابوونه‌وه‌كانی ناو یه‌كێتی و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، نه‌ هاوپه‌یمانی و نه‌ ململانێی راسته‌قینه‌ی نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ی نه‌هێشت. له‌ 10 ساڵی رابردوودا، هه‌ر گرژییه‌ك له‌نێوان هه‌ردوولادا رووی دابێت، هه‌ر زوو پارتی، له‌ رێی پێدانی هه‌ندێ ئیمتیازو پۆسته‌وه‌ بۆ به‌رپرسانی حزبه‌كه‌، كۆنترۆڵی كردووه‌، چونكه‌ وابه‌سته‌كردنی یه‌كێتی به‌ خۆیه‌وه‌و بێده‌نگكردنی‌، وه‌ك رێگایه‌ك بۆ هه‌ژموونكردن به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمدا، بژارده‌یه‌كی ستراتیژی بووه‌!. له‌ 10ساڵی رابردووشدا هیچ گه‌وره‌بوون و په‌لهاویشتنێكی ئه‌م هێزه‌، به‌بێ رازیكردنی پێشوه‌خته‌ی یه‌كێتی، رووی نه‌داوه‌، ئه‌‌مه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ شه‌قام پێی وابێ:‌ یه‌كێتی له‌ ركابه‌ره‌وه‌ بۆته حزبێكی‌ پاشكۆ،(سه‌ركرده)‌كانیشی له‌ ململانێكاره‌وه‌ بونه‌ته‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی پرۆپارتی.
  له‌خه‌ون و چاوه‌ڕوانیی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیدا، كۆنگره‌ی چواری ئه‌م هێزه‌، به‌و ئومێده‌وه‌ به‌سترا كه‌ ئه‌و واقعه‌ كۆتایی پێ بهێنێت. كاراكته‌ره‌ گه‌نجه‌كان و نزیك له‌ سه‌نته‌ره‌كانی بڕیار، جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی خۆیان به‌و دروشمه‌ جۆشدایه‌وه‌ كه‌ (چیتر ناهێڵن یه‌كێتی له‌دوای هیچ حزبێكی تره‌وه‌ بڕواو ده‌یكه‌نه‌وه‌ به‌ حزبی یه‌كه‌م)!. له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا، ده‌نگێكی زۆری كۆنگره‌كه‌ بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ رۆیشت، بگره‌ كردنییه‌ جێی متمانه‌و گه‌یاندنییه‌ سه‌ركردایه‌تی و پۆستی باڵاتریش!‌. 
   بێگومان ئه‌و پێشهاته‌ به‌ راده‌یه‌ك هاوكێشه‌كه‌ی له‌ پارتی شێواند كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار به‌ ئاشكرا بڵێت سه‌ركردایه‌تییه‌كی ئه‌نتی‌ پارتی سه‌ركه‌وتووه‌، له‌وه‌ش زیاتر، نه‌ پیرۆزبایی به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ بكات و نه‌ ئاماده‌ی داننانیش بێت به‌ سه‌ركرده‌كانیدا.
  له‌ چانسی پارتیدا، كۆرۆناو قه‌یرانی دارایی و دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان له‌ناو یه‌كێتیدا، جارێكی تر ده‌لاقه‌یه‌كیان كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ به‌ستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی ته‌كتیكی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌!. بارزانی، وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می پارتی، كه‌ له‌ كۆتایی 2017ه‌وه‌ هیچ دیدارێكی رۆژنامه‌وانییانه‌ی له‌گه‌ڵ میدیاكانی جیهاندا به‌ هه‌ده‌ر نه‌داوه‌ كه‌ تیایاندا ئه‌و سه‌ركرده‌ گه‌نجانه‌ی ناو یه‌كێتی ناپاك نه‌كات، له‌سیناریۆیه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراودا كه‌وته‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی كه‌ له‌و‌ سه‌ركرده گه‌نجانه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌ گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. 
  ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، به‌ دیاریكراوی، دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ پارتی له‌و راستییه‌ گه‌یشت كه‌ سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی، به‌و سه‌ره‌تایه‌ له‌ یه‌كڕیزی‌ كه‌ له‌دوای كۆنگره‌كه‌یانه‌وه‌ هێناویانه‌ته‌ ئاراوه‌، مه‌ترسییه‌كی جدین‌ بۆ سه‌ر به‌رده‌وامبوونی باڵاده‌ستیی پارتی، له‌وه‌ش گه‌یشتبوو كه‌ یه‌كێتی، له‌ژێر كاریگه‌ریی فشاری شه‌قام و به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و مووچه‌وه‌، بڕیاری داوه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و پشت له‌ هه‌ڵه‌و بێباكیی پارتی و ڕوو له‌داخوازیی خه‌ڵك بێت، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌بۆنه‌ی قه‌یرانه‌كانه‌وه‌، هه‌میشه‌ ناوچه‌كانی یه‌كێتی، به‌پێچه‌وانه‌ی سنوری پارتی، ده‌بنه‌ گۆڕه‌پانی گه‌رمی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵك و هه‌موو جارێك ده‌بێ ئه‌و باجی ئه‌و بڕیاره‌ سیاسی و سیاسه‌ته‌ ئابووری و ئیدارییانه‌ی حكومه‌ت بدات كه‌ پارتی به‌ حوكمی زۆرایه‌تی و كۆنترۆڵكردنی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رێمه‌وه‌، پیاده‌ی كردوون. 
   جگه‌ له‌وه‌، پارتی به‌وه‌شی زانیبوو كه،‌ ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجه‌كان هه‌روا درێژه‌ بكێشن و گرژی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا مومكینه‌ ئه‌م حزبه‌ له‌ رێی هاوئاهه‌نگییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، لامه‌ركه‌زییه‌تی ئیداری و دارایی رابگه‌یه‌نێ و ناوچه‌ی نفوزی خۆی، كه‌ له‌ رووی سامانی سروشتییه‌وه‌ به‌شه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی خاكی هه‌رێمه‌، به‌ڕێوه‌ ببات، به‌وه‌ش پارتی له‌ناوچه‌یه‌كدا به‌جێ بهێڵێت كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ كێشه‌ی سیاسی و ئیدارییه‌وه‌‌ له‌گه‌ڵ به‌غداو له‌ولاشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌و له‌ولاتریشه‌وه‌ شه‌ڕڤانان و هه‌ندێ عه‌شیره‌تی ناڕازیی بادینان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ناوچه‌كه‌،‌ هه‌ر خۆی، نائارامه‌و جێی ته‌راتێن و له‌شكركێشییه‌كانی توركیایه‌.
  ئه‌و فاكتانه‌، به‌گشتی، وایانكرد كه‌ پارتی، له‌هه‌نگاوێكی ته‌كتیكییانه‌دا، واز له‌ ته‌خوینكردنی گشتگیری ره‌مزه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی بهێنێ و په‌یوه‌ندیی به‌ یه‌كێك له‌هاوسه‌رۆكه‌كانه‌وه‌ بكات. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ هه‌ن، خودی بارزانی زیاتر له‌ جارێك، له‌سه‌ر داوای خۆی، پێشوازیی له‌ بافڵ تاڵه‌بانی كردووه‌، ناڕاسته‌وخۆش ئه‌و په‌یامه‌ی پێ گه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان، وه‌ك پارتی، دان به‌ودا ده‌نێن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، هه‌ڵوێستی جێی جه‌ده‌لی بافڵ تاڵه‌بانی-یش، له‌م پرسه‌دا، له‌وه‌دایه‌ كه،‌ له‌ نییه‌ت پاكیی خۆیه‌وه‌ بێت، یان سه‌یركردنی مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ باشبوونی په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی و پارتی، له‌وه‌ی نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه‌ كه‌: بۆچی ده‌بێ پارتی و بارزانی دان به‌ هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی تردا نه‌نێن له‌كاتێكدا ده‌نگی ره‌هاو یه‌كه‌می حزبه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌؟! له‌وه‌شی نه‌پرسیووه‌ته‌وه‌: ئاخۆ ئه‌م فۆرمه‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌ پێی ده‌وترێ په‌یوه‌ندیی راسته‌قینه‌، یان ئه‌وه‌ی رووده‌دات ته‌ڵه‌ی نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كییه‌كی نوێیه‌‌ له‌ناو حزبه‌كه‌یدا؟!.
   له‌ ئێستادا، پرسیاری زۆر له‌سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌كتیكییه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا‌ دروستبووه. هه‌ندێك پێیانوایه‌ كه‌ بافڵ، وه‌ك كوڕه‌ گه‌وره‌ی تاڵه‌بانی، خه‌ونی خۆی هه‌یه‌، ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌رێی پاڵپشتیی پارتییه‌وه‌ وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌ی ده‌ربكه‌وێت، هه‌ندێكیش وای ده‌بینن كه‌ بافڵ دوورتر بیر ده‌كاته‌وه‌و زه‌مینه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌قینه‌ خۆشده‌كات و دواجار پارتی وا لێده‌كات كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی سه‌ركردایه‌تی و هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی تریشدا بكات كه‌ لاهور شێخ جه‌نگییه‌.
   شیكاری ئێمه‌، به‌ پێی مه‌نتق و پێویستییه‌كانی سیاسه‌تكردن نه‌ك به‌پێی پلان و ته‌ماحه‌ تایبه‌تییه‌كان‌!، ئه‌وه‌یه‌ كه،‌ بافڵ دواجار مه‌حكومه‌ زیاتر ڕوو له‌ ئه‌گه‌ری دووه‌میان بێت‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دوو هۆ: -
 یه‌كه‌میان: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی 80%ی سه‌ركردایه‌تیی نوێی حزبه‌كه‌ دژی پاشكۆیه‌تین بۆ پارتی و داوای هاوسه‌نگی و شه‌راكه‌ت و رێزگرتن له‌ رێككه‌وتنه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش هێڵی سه‌ره‌كیی هه‌ڵوێستی لاهوره‌و زۆربه‌ی‌ زۆری جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌شی له‌گه‌ڵدایه‌و پارتیش به‌مه‌ ده‌زانێت‌.
   دووه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌ی ده‌ستی كراوه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌رپه‌شتیی وه‌فدی یه‌كێتی بكات له‌كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتیداو پێویسته‌ به‌ ئه‌نجامێكیش لێی بێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌م له‌به‌رژه‌وه‌ندی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم و هه‌م له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگیی هێزدا بێت.
    واته‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مجاره‌ی هه‌ردوولا، به‌پێچه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیی ته‌كتیكییانه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا، بۆ یه‌كێتی وه‌ك ئه‌زموونێكی نوێی ‌مامه‌ڵه‌كردن‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا ته‌ماشا ده‌كرێت، هاوكات ده‌رفه‌تدانه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی بژارده‌كان. ئه‌م ئه‌زموونه‌، ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌و هاوسه‌رۆكه‌كه‌‌ی تر، لاهور شێخ جه‌نگی-یشی، له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بێ ئاكام ده‌ربچێت، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان هیچ ده‌سكه‌وتێكیان نه‌بێت و ته‌نها كات كوشتن بن، ئه‌وا چاوه‌ڕوان ناكرێت كه‌ بافڵ تاڵه‌بانییش خۆی له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی كوردستان و جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی و به‌تایبه‌تیش سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یدا ئیحراج بكاو درێژه‌ی پێ بدات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پارتی، وه‌ك رابردوو، ئیلتیزام به‌ رێككه‌وتنه‌كانی پێشتره‌وه‌ نه‌كاو ده‌ست له‌جڵه‌وكردنی بڕیاری سیاسی و ئابووریی هه‌رێم هه‌ڵنه‌گرێ و‌ له‌دژایه‌تیكردنی هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی ترو ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی‌ به‌رده‌وام بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand