پێشنیارێک بە بۆنەی 31-ی ئابەوە!
2020-08-31 19:28:35
دھامی شەهید سمکۆ
لە مێژووی گەلانی دونیا، ساڵ و ڕۆژ گەلێک ھەن وەک ساڵ و ڕۆژی خیانەت تۆمار کراون، لە لایەن بکەرانیەوەشی تەفسیر و لێکدانەوەی جیا جیا بۆ خیانەت کراوە و ڕەوایەتی دراوەتێ، ئەوەی وەک خیانەتێکی گەورە داندراوە، ئەوەیە کە ھاوکاری دوژمنی نیشتیمان و نەتەوەکەت بکەیت خاکی وڵاتەکەت داگیر بکات، یان ڕەوایەتی بە داگیرکاری نیشتمانەکەت بدەیت و لات ئاسایی بێت.
لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی گەلی کوردستان چ لە مێژووی کۆن و چ لە مێژووی نوێ، ڕووداو گەلێک ھەن کە لە بیر و زاران ناچنەوە، هەندێک لەو ڕووداوانەی کاتەکانیان دیارە، لەگەڵ ھاتنەوەی ساڵوەگەڕیان، لە لایەن ھێزە نەیارەکانیان بە یەکتر دەوترێتەوە، بەندە بە پێی خوێندنەوە بۆ مێژوو هەندێ ڕووداوم وەک نموونە هێناوە:
یەک: لەشکر کێشیەکانی عوسمانی و سەفەوی بە ھاوکاری میرنیشینە کوردیەکان، کە بوونە ڕووخانی زۆرێک لەو میرنیشینانە.
دوو: ھاوکاریکردنی ھەندێک عەشیرەت لە ڕۆژ ھەڵاتی کوردستان بۆ کەوتنی قەڵای دمدم.
سێ: فەتواکەی مەلای خەتێ.
چوار: ئەو سەرۆک ھۆزانەی بوونە ھاوکاری ئینگلیزەکان و دژی مەلیکی کوردستان شێخ مەحموود جەنگان.
پێنج: کەوتنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بە ھاوکاری ھەندێک بنەماڵە و سەرۆک عەشیرەتی کورد.
شەش: چوونی باڵی مەکتەبی سیاسی کە دواترا ناونرا (جەلالی) لە ساڵانی (1964-1966) بۆ لای حکومەتی عێڕاق دوای بێ ئومێد بوونیان و ڕاونانیان لە لایان باڵی مەلایەوە (بارزانی).
حەوت: ڕاگەیاندنی ھەرەس پێھێنانی شۆڕشی ئەیلول لە لایەن بارزانی باوکەوە.
هەشت: تەسلیمکردنەوەی سلێمانی موعینی و چەندین تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕژێمی ئێران.
هەشت: شەڕکردنی حیزبی دیموکرات و پەکەکە لە لایەن بارزانی کوڕەوە.
نۆ: ھێنانی بەعس لە 31-ی ئابی 1996 شکاندنی شکۆی پەڕلەمان و شۆکبوونی دونیای ڕۆژ ئاوا بەم ئەکتە سیاسیەی بارزانی کوڕ!
دە: ھێنانی ھێزی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان لە لایەن پارتیەوە.
یازدە: تەسلیمکردنی شەنگال بە داعش لە لایەن پارتیەوە.
دوانزدە: ڕێگریکردن و سنوور داخستنی باشوور بە ڕووی ڕۆژ ئاوای کوردستان لە لایەن پارتیەوە.
سێزدە: قبوڵکردنی ھاوکاریکردنی ھێزەکانی پاسداران لە لایەن یەکێتی نیشتیمنی کوردستان، لە ڕووداوەکانی شەڕی ناوەخۆی ساڵانی نەوەدەکان.
چواردە: تۆمەتبارکردنی بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لایەن نەیارانی یەکێتی، بە ڕادەستکردنی کەرکووک لە ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر، بێ ئەوەی ئاماژە بە لێکەوتەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکەن!
هەروەها دەیان ڕووداویتر.
لە لایەکیترەوە ھیچ گەرەنتیەکیش نیە کە ئەم ڕووداوانە بە شێوازێکیتر دووبارە نەبنەوە، بۆیە وەک پێشنیارێک ھاوشێوەی ھەندێک وڵاتی پێشکەوتووی دونیا، وا چاکە پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان بێ ڕەچاوکردنی لایەنی سیاسی و لایەنگری حیزبیانە، بە هەست کردن بە گەڕانەوەی شکۆ بۆ نیشتیمان، یاسایەک دابنێ تاوەکو چەمکی خیانەت ڕوون بکاتەوە و ئەو کارانەی بە خیانەتی نیشتیمانی دادەندرێت بچەسپێنێت و سزای بۆ بکەرانی دابنێت، بەمەش کۆتایی بەو جەدەلە بیزەنتیانە بھێنێت کە ھیچ ئەنجامێکی نیە، چونکە ئەو کەس و لایەنانەی ئەم کارانە دەکەن دەیان پاساو بۆ ڕەفتارەکانیان دەھێننەوە، تاوەکو کەسیش لە ڕوانگەی خۆیەوە و بۆ مەرامی سیاسی ئەوانیتر تۆمەتبار نەکات بە خیانەت!