Draw Media

لە سی و یەکی ئابدا، هەر لە بیرماندای

لە سی و یەکی ئابدا، هەر لە بیرماندای

2020-08-30 16:02:53


عەبدولڕەزاق شەریف

هەمو ساڵێکی خوداو جارێک، جارێک و لە تابلۆی رۆژ و مانگی جودایا، جودایی مەرگی پیاوە جوانەکانی نیشتیمان، نیشتیمانی یادگارییە جوانەکانمان بیرئەخەنەوە، بیرمان ئەخەنەوە بە شکۆی خودا خۆیەوە بدوێین،چونکە گفتە جوانەکانمان لاڵە پەترۆیە، بیرمان ئەخەنەوە سەدای دەنگەکانی هەق بژنەوین، چونکە دەنگە جوانەکان کەڕ و کپ و تەپە، بیرمان ئەخەنەوە ئەفسونی وشەی ماف و بەرگری، چونکە نوسین قەڵەمسز کراوە، هەنگاوەکانی هەتاوی هیوامان بیرئەخەنەوە، چونکە پەلوپۆی خەبات پەیزەنکراوە...
شیعر و سرود، گۆرانی و مۆسیقا، هونەر و شەیدایی، تەمەن و متمانە، راستی و راستگۆیی، هاوڕێ و هاوئاهەنگی، باوەڕ و بڕوابەخۆبون، ورە و شکۆ، تفەنگ و پێشمەرگە و شەهیدبون... هەمو ئەوانەمان بیرئەخەنەوە کە لەم سەردەمی فەنابونەدا، فەنا بون، بیرمان ئەخەنەوە چونکە بە شنەی یادێک ئاهێ بە ژیان و ویژدانمانا دێتەوە .
ئازاد هەورامی لە یەک چرکەدا، هەمو ئەوانەمان بیرئەخاتەوە، هاوکات دو چیرۆکی تایبەتی بیری من خستەوە .
یەکەمیان : یەکەمین دیدار و ناسینم، خۆم و دو هاوڕێ لە زیندانەکەی یاخسەمەرەوە ( چکلێتە نامەیەکی )٭ مەلا بەختیارمان بۆ کاک ئازاد لە گوندی هەڵەدن بردبو، دوای خۆ پێناساندن ، نامەکەی خوێندەوە .
- جارێکیتر نامەیان پێدان بە ئامانەتی بزانن و نەیکەنەوە .
سەیری یەکتریمانکرد و پێمان سەیر بو چۆن زانی ئێمە کردومانەتەوە و خوێندومانەتەوە، ئاخر ئێمە سێ کەس و سێ سەعات رێگە لە چۆخماخەوە بۆ یاخسەمەر و هەڵەدن هاتبوین، لەسەر کانی و ئاوێک لاماندا و کردمانەوە و خوێندمانەوە و لە دوکانە بچکۆلەکەی هەڵەدن تێپێکی ئاویمان کڕی و وەک خۆی گرێماندایەوە، بەڵام دیاربو پەرلەیەکیتر لە نێوانیاندا، هەبو ئێمە پێمان نەزانیبو، بۆیە داوای لێبوردنمانکرد و وانەیەکی گەورەی ئامانەت و متمانەی فێر کردین . ( گەر تەمەن دەرفەت بدا ناوەرۆکی نامەکە لە دەرفەتێکیتردا باس ئەکەم ) .
ئەویتر چیرۆکی یەکەم بەدوای خۆیدا هێنای :
سەرداری سەعید سۆفی لە چالاکیەکی ناو شاری هەولێردا، تەنیا بو ، هەڵەیەکی رێکخراوەیی و پێشمەرگانەی کردبو، تا گەڕانەوەی بۆ مقەڕی مەڵبەند لە دۆڵی سماقوڵی ، لە رێگە ویژدانی هێندە ئازاری دابو، بێ پرس و لێپرسینەوەی کەس، چوبوە ناو زیندانەکەی مەڵبەند و خۆی زیندانی کردبو، کە پێی دەزانن و هۆکاری ئەو رەفتارەی لێ دەپرسن، دەڵێت : لە کارێکی نهێنیدا هەڵەیەکی نهێنیم کردوە، ناشکرێ باسی بکەم، بۆیە بە دەستی خۆم سزای خۆم ئەدەم، لێگەڕێن با ماوەی زیندانییەکەم تەواو بکەم .
ئەمە نمونەی پێشمەرگەکانی بیری ئازاد هەورامی بون، نەک ... ئەوانەی کە هەمو کورد تەمەنای فەوتیان ئەکات.
٭ شێرکۆ بێکەس بۆ یەکەمجار چکلێتە نامەی بۆ ئەو نوسراوانە بەکارهێنا کە لە ناو هێزی پێشمەرگەدا ، ئاڵوگۆڕی پێدەکرا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand