خۆپیشاندان
2020-08-26 20:38:23
ئازاد جۆڵا
بەدەگەمەن نەبێ هەرگیز نەبینراوەو ڕووی نەداوە لە سیستەمە دیکتاتۆر و پۆپۆلیست و شموولییەکان گردبونەوەو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین ڕووی دابێ ، هەمیشە لە سایەی ئەم جۆرە ڕژێمانەدا بێ دەنگی و پابەند بوون بەدی دەکرێ ، بەڵام بەدڵنیایی ئەوەی وەک فاکت دەبینرێ زۆر جیاوازە لە ناخ و خواست و داوا و هەست و نەستی تاکەکان ، واتە خەڵک بەگشتی باش ئەم ڕاستیە دەزانن هێزێک هەیە هەمیشە لەسەرپێ و ساز و ئامادەیە دژ بە بچوکترین داواو مافی ئەوان ئەگەر ڕووبەڕووی دەسەڵات بکرێتەوە ئەوا بێ دوو دڵی بە ئاگرو ئاسن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ، هەر بۆیە
لە م کۆمەڵگایانەدا خەڵک بۆ مایەکی دوور و درێژ سەرکوت و بێ دەنگ دەکرێن و هێواش هێواش جامەکە پڕ دەبێ و تا ئەوکاتەی دەگاتە لێوان و لەسەری دەڕژێ ،
ئەوکات وەک هەمیشە ڕژێمەکانیش کۆتاییان خێر نابێ ،
یان بە ڕاپەڕین یان بە کودەتا هەندێک جاریش بە شەڕو کوشتار و خوێنێکی زۆر کۆتاییان پێ دێ ،،،
ئەوەی لە عێراق و لە کوردستانیش دەگوزەرێ بەدەر نیە لەم حاڵەتە ، لەگەڵ ئەوەی ڕاستە لە هەردوو حکومەت بەپێی یاسا خۆپیشادان و گردبونەوە و ناڕەزایی دەربڕین ڕێگە پێدراوە و ئاساییە ، بەڵام ڕەنگە لە یاساکاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان سنوردانان و بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان بونیان هەبێ و ئاستی داواو داخوازی و خواست و وویست و تێنوێتی خەڵک نەشکێنێ ، لە بەرامبەریشدا ڕەنگە ئاستی ڕۆشنبیری و پابەدبوونی خۆپیشادەرانیش بە گشتی وەک پێویست نەبێ و لە شێوازی گەیاندنی داواو داخوازییەکانیان هەندێک جار وەک پێویست و سەرکەوتوو نەبن لە هەڵسوکەوت و دەربڕین و گەیادنی داخوازییەکانیان ،
هەر بۆیەش زۆربەی جارەکان لە هەرێمی کوردستان کە خۆپیشاندان و گردبونەوەو ناڕەزایی ئەنجام دەدرێ کێشەو توند و تیژی و بەریەککەوتن و گرژی لێ دەکەوێتەوە ، هەندێکجارش پەلاماردان و سووتان و تەنانەت لە هەردوولا خوێن ڕشتنیشی لێ دەکەوێتەوە ،
هەموو جارەکانیش هەردوولایان یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە دەستپێشخەری لە توند و تیژی و بە بەلاڕێ بردنی ئامانجە سەرەکیەکەو لادان لە یاساو بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندنەکان ، یان تۆمەتبارکردن بە دەستی دەرەکی و تێکدەر و ئاژاوە گێڕی ،
لێرەدا ئەوەی زۆر گرینگەو ئەرکی سەرشانی هەردوولایە واتە هەم دەسەڵات و هەم خۆپیشاندەر ، پێویستە لەسەر هێزە تەناهییەکان بەرلەوەی جێبەجێکاری یاساو ڕێنماییەکان بن پێویستە خەڵک و خوێنی خەڵک و شکۆی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی خۆیان لە لا گرینگترو پیرۆزتر بێ ،
لە هەمانکاتیشدا خۆپیشادەران دەبێ و پێویستە ئینتمایان بۆ گەل و نیشتمان هەبێ پاراستنی دامەزراوەی وڵاتەکەی خۆیان ئامانجی سەرەکییان بێ ، پێویستە دەسەڵات و نیشتمان ، دەسەڵات و دامەزراوە گشتیەکان لە یەکتری جیا بکەنەوەو پاراستنی موڵکی گشتی و پیرۆزییەکانی گەل لەبەر چاوبگرن ....