Draw Media

كەركوك و هاوسەرۆكانی یەكێتی

كەركوك و هاوسەرۆكانی یەكێتی

2020-08-26 12:44:21


شاڵاو محەمەد

١ 
هاوسەرۆکانی بەڕێز... كه‌ركوك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌، هێزە  جیاوازەكانی عێراق سەرقاڵی بچووککردنەوەی زیاتری كوردن لە پارێزگاكەدا. بۆیە ناچاربووم پەنا بۆ ئێوە بهێم، كاتێك بڕیارمدا بەهۆی خراپی دۆخی كەركوك ڕوو لەئێوە بكەم هەرزوو هاورێیەكم كە بەزمانی خۆتان یەكێتییەكی عەیارە ٢٤ ــە پێیوتم: خەیاڵكردن لەسەر ئەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی گوێت لێبگرن وەك خەیاڵكردنی وەستانی هێلكەیەكە لەسەر پەتێکی باریک، بەڵام هەر بریارمدا نوكی قەڵەم ڕوو لە ئێوەبێ چونكە زۆرینەی خەڵكەی كەركوك دەنگدەری یەكێتین و تەنیا ئێوەش لە دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنی باڵادا ئامادەگیتان هەیە لە شارەکەدا. 

لەپێش كۆنگرەی چواری یەكێتی بەهەموو تێبینیەك كە هەبوو ئەو حزبە لە كەركوك خاوەن ناوەندێكی بڕیاربوو، توانیان پێكەوە لە شەڕی داعش و ریفراندۆم و روداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر و دواجار هەڵبژاردنی ٢٠١٨ وەك یەك تیم بڕیاربدەن بڕیارەكانیان لە قازانجی كورد و یەكێتی بوون یان نا ئەوە دواجار مێژوو بڕیاری لەسەر دەدات.

دوای كۆنگرە لەبری رێكخستنەوەی زیاتری نێو ماڵی یەكێتی لە كەركوك، ئەو حزبە ناوەندی بڕیاری تێدا نەماوە و هەر كەس لای خۆیەوە خۆی بە خاوەن بڕیار دەزانێ و كەس حیساب بۆ ئەوی تر ناكات. ئەوەی لە پێشوودا پشتگوێ‌ خرابوو هێنراوەتە پێشەوە ئەوەشی دەسترۆیشتوو بوو قسەی وەرناگیرێت ئەمەش لە ئایندەدا زیانەكەی بۆ ماڵی كورد و یەكێتی لە كەركوك زیاتر دەبینین ئەگەر چارەسەر نەكرێ چونكە هەر حزبێكی سیاسی كورد لە كەركوكدا تەبا بێت ئەوە بە قازانجی دۆزی كورد لە شارەكە دەشكێتەوە.

بازنەی كەركوك لە كۆنگرەی چوارەكی یەكێتیدا فراوانتر بازنە بوو ئەمەش وایكرد 34 ئەندامی سەركردایەتی لە كەركوك هەڵبژێردران لەبەرئەوە دەبوایە هاوسەرۆكانی یەكێتی رازیبن ئەو ژمارە زۆرە لە سەركردایەتی لەژێر سەقفی ئەنجومەنێك كەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ناوچە دابڕێنراوەكان كۆبكرێنەوە تاكو بە ئیشوكار تەواویان ناچار بكرێن لە ناوچەدابڕێنراوەكان كاربكەن نەك هاوسەرۆكان بڕیاری پێچەوانە بدەن لەبەر خاتری ئەوەی كاندیدی سەرۆك ئەنجومەنەكە بەدڵی یەكێكیان نییە، چونكە ئەم دۆخەی ئێستا یەكێتی لە كەركوك تێیكەوتووە كاتی ئەوە نییە ترستان لە چەقۆكەی دەستی هەڤاڵێكتانبێ هێندەی دەبێ لە خەمی دوورخستنەوەی چەقۆكەی سەرگەردنی حزبەكەتاندا بێ.

بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی یەكێتی تێیكەوتووە بەهۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی ناوچە دابڕێنراوەكانەوه، دەكرێت بەوە چارەسەر بكرێت لەو دوو كەركوكییەی لە دەستەی كارگێڕی هاوسەرۆكی یەكێتین یەكێكیان كەبەدڵی هەردوو هاوسەرۆكن بكرێتە بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی ناوچە دابڕێنراوەكان و كاندیدە قوبوڵنەكراوەكەی یەكێك لە هاوسەرۆكەكانیش بكرێتە شوێنگرەوەی ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی خۆ ئەگەر ئەمەش ناكرێت دەتوانن بە نوسراوێكی هاوسەرۆكان سەرپەرشتیاری سەركردایەتی كەركوك دیاری بكرێت ئیدی ئەو سەرپەرشتیارە هەر كەسێك بێت گرنگ نیە هێندەی گرینگە كەركوكییەكان پێوەی پابەندبن.

هاوكات بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكیش كە ئێستا بێ پشتگری زۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كارەكانی بەرێوەدەبات، ئەو ئەنجومەنە پشتگیری لەكارە باشەكانی بكات. بە پێچەوانەشەوە دەستی سزای بەسەرەوەبێ نەك لە هەفتەی یەكەمی دەستبەكاربوونی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوك لەنێو كادیرانی یەكێتی ئەوە بڵاوكرایەوە كە دانانەكەی كاتییە و بۆ ماوەی یەك ساڵە.

 ٢ 
ناڕۆشنترین پەیام لەنێو حزبە كوردییەكان پەیامی یەكێتیە لەبەرانبەر ئیدارەی ئێستا كەركوك، بۆ خەڵكی شارەكە ڕوون نییە یەكێتی هاوبەشی ئەم ئیدارەیە یان دژە بەتایبەت لە بابەتی گەندەڵی كە بۆتە مۆتەكەی گیانی كەركوک؟
كەركوك بۆتە زبڵدان، سێكتەری تەندروستی لەخراپترین دۆخدایە. ئیدارەیەكی  پینەوپەڕۆكردن حكومی شارێكی دەوڵەمەند بە نەوت دەكات، ئەوە پرسی پرۆژەی ستراتیژی لە سێكتەرە جیاوازەكان هەر قسەیان لەبارەوە ناكرێت !
لەشەقامی كەركوكدا ئەو بۆچوونە دروست بووە بەهۆی شەریكبوونی كەسە نزیكەكانی ئێوە لە پرۆژەكانی كەركوكدا، چاوپۆشی لە گەندەڵییەكانی ئیدارەی كەركوك دەكرێت. ئەگەر ئەمە راست نییە فەرموو بۆ شەقامی كەركوك ڕوونی بكەنەوە كە یەكێتی بەشێك نییە لەو گەندەڵی و ناعەدالەتیەی لەبەهەدەردانی سامانی گشتی كەركوك دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی ماسكی لێپرسراوە كوردەكانی شەریك بەم گەندەڵییەش بكەوێت و ڕووی راستەقینەیان بۆ خەڵكەكە ڕوون بێتەوە، چونكە ئەو ئامادەكارییەی كراوە بۆ دژایەتیكردنی ئیدارەی كەركوك بە مانگێك پێش هەڵبژاردنی پێشوەختی عێرا قلە حوزەیرانی ساڵی ئایندە قیمەتی توری پردێی بۆ خەڵكی دەنگدەری كەركوك نابێت.

٣
دۆخی رۆژنامەنووسانی كورد لە كەركوك لە دۆخێكی خراپدایە ، لێدان و سوكایەتیپێكردن و شكاندنی كەرەستەی رۆژنامەوانیی بۆتە دیاردە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە كە تەنیا لەماوەی ٧ مانگی رابردوودا 11 پێشێلكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان کراوە.
دڵنیام هاوسەرۆكانی یەكێتی پەیوەندییەكانتان لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك هێندە خراپ نییە گوێڕایەڵی داواكارییەكی ئێوە نەبن كە ئەویش سزای ئەو كەسانە بدرێت كە ئازار و ئەشكەنجەی رۆژنامەنووسانیان داوە.
هاوكات لەگەڵ نوێنەری ئەو رۆژنامەنووسانەی پێشێلكاریان بەرانبەر كراوە دانیشتنێك سازبكەن تاكو ئەو دۆخە ناجێگیرەی بۆ میدیاكاران خوڵقاوە كۆتایی پێبێ تاكو  بتوانن لە ژینگەیەكەی لەبار كارەكانیان ئەنجام بدەن.

٤
لە رۆژگاری شەڕی هاوسەرۆكانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و وەزیری داد، بە هاوكاری مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیە كەركوكییەكان بەردەوام لە بەغداد بوون تاكو گەیشتن بە مەقسەدی حزبیتان ئەمەش مافێكی سروشتیی حزبیی خۆتانە. بەڵام  دەتوانرا لەرێی سەرۆك كۆماری عێراق كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە ”هەڵبەت ئەگەر كاك بەرهەم دڵتەنگ نەبێ بە پاشگرییە حزبیەكەی" فشار لەسەر حكومەتی عێراق دروست بكەن بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك.
بۆ وەبیرهێنانەوە پێش دیاریكردنی د.نەجمەین كەریم بە پارێزگاری كەركوك، مام جەلال پرس بە كەسێكی نزیكی خۆی دەكات كە ئێستا لە ژیاندا ماوەو دەڵێ: پێتباشە د.نەجمەدین بكەین بە پارێزگاری كەركوك؟ ئەو دۆستەی مام جەلالیش دەڵێ: ئینجا د.نەجمەدین نیەتی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری تەندروستی عێراقی لە خەیاڵدایە، تۆ بڵێی رازی بێ ئەو پۆستە وەربگرێ؟ مام جەلال لە وەڵامدا دەڵێ: پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كورد لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گرینگترە چونكە پارێزگاری كەركوك تەنیا پۆستێكی ئیداریی نییە، بەڵكو بوعدێكی قوڵی سیاسی لە ناوەوە و دەرەوە هەیە بۆیە دڵنیام قبوڵی دەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand