موزایەدەی سەربەخۆیی و رەحمەتی بەغدا
2020-08-25 20:06:47
سەرتیپ جەوهەر
ئەگەر تەماشای دۆخی هەرێم بكەین چ لەعیراق یان لەناوخۆ، پاشەكشەیەكی گەورە دەبینین. كورد لەعیراق لەهێزێكی كاریگەرو پارسەنگەوە بۆتە هێزێكی بارگران و كاریگەرییەكی ئەوتۆی بەسەر گۆڕانكارییەكانی عیراق نەماوە، داواو خواستی كورد لەعیراق لەجێبەجێكردنی تەواوی ماددەكانی دەستور بەتایبەت ماددەی 140 و یەكلاییكردنەوەی دۆسیە چارەسەرنەكراوەكانەوە ..تد گۆڕاوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بڕێك پارەی لەبەغدا وەریگرن وەك ئازارشكێن، بۆ ئەوەی كەمێك لەناڕەزایی خەڵك كەمتر ببێتەوە.
دۆخی ناوخۆی هەرێمیش كەس ئیرەیی پێنابات، لە راگەیاندنی یەك لەدوای یەكی پرۆژەی ئاوەدانیی و قوڵكردنەوەی دیموكراسی و بەهێزكردنی رۆڵی پەرلەمانەوە، بووە بە پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد و خراپی گوزەران و خزمەتگوزەراییەكان و رەگداكوتانی گەندەڵیی..تد. لەوە خراپتر، ئێستا حوكمڕانانی هەرێم بەرگەی توڕەیی و بێزاری جەماوەر ناگرن و بەتوندوتیژیی و ترساندن روبەرووی خەڵك دەبنەوە.
لەدوای روخانی رژێمی بەعس هەتا ئێستا هیچ حزبێكی عیراقیی لەكوردستان رێكخستنیان نەبووەو لەهەڵبژاردنەكانیش كاندیدیان نەبووە، چونكە هەم لەكوردستان عەیبە بووە ئەوەی لەحزبێكی عەرەبی عیراقی ئەندام بێت و هەمیش ئەوان لەوە دڵنیابوون كە ناتوانن دەنگی هاوڵاتیانی كوردستان بەدەستبێنن، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت و خەریكە دۆخەكە گۆڕانێكی زۆر جیاوازی بەسەردابێت، ئەگەرێكی بەهێز هەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سەرۆك وەزیرانی ئێستا كاندیدی هەبێت لەهەموو شارەكانی كوردستان. ئەگەر كازمیی دەنگ لەكوردستان بەدەست بێنێت، لەبەهێزیی و فریادڕەسی ئەو نییە كە چەند مانگێكە ناوی هاتۆتە نێو میدیا، بەڵكو دەرەنجامی ئەو دۆخەیە كە لەخراپ بەرەو خراپتر دەڕوات.
یەكێك لەفەیسبوك نوسیبوی مانگانە 300 هەزارم بەرێ ئەم كوردستانە بۆ ئێوە! یەكێكی دیكە نوسیبوی مەگەر كازمی شتێكمان بۆ بكات ئەگینا ئەوانەی خۆمان هیچ. یەكێكی دیكەش نوسیبوی گیرفانی ئێمە بیرە نەوت نییە تا چاكسازیی لێبكەن و هەموو مانگێك پارەمان لێ ببڕن.
ئەو نوسینانەی سەرەوە، دەرەنجامی سیاسەت و خراپی حوكمڕانییە لەهەرێم. ئەگەر تەگبیرێك لەخراپی ئەم دۆخە نەكرێت دەبێ چاوەڕیی خراپتریش بكرێت. باشترین كاریش لەئێستادا بكرێت ئیعترافكردنی حوكمڕانانە بەخراپی ئیدارەدانی ئەم حكومەت و حكومڕانییە لەرابردوو، یەكخستنی ئیرادەو بڕیاردانی هاوبەشە لەچۆنییەتی چارەسەركردنی كۆی پرسە ئاڵۆزكراوەكان.
كاتێك دەگوترا ناكرێت بەبێ مسۆگەركردنی ژیانی خەڵك بچینە ژێرباری پرۆژەو دروشمی گەورەی وەك ریفراندۆم و سەربەخۆیی، تۆمەتی ترۆسنۆكیی و تەخوینیان شاباش دەكرد، كەچی ئێستا هەر ئەوانەن سوێند دەخۆن (عیراقین) و یەكپارچەیی خاكەكەشی دەپارێزن، لەچاوەڕوانی بڕیاری بەغدان بۆ ناردنی موچەی یەك مانگی هەرێم ئەگەر بە مەرحەمەتیش بێت.