Draw Media

چەند لەبەعس دەچن.

چەند لەبەعس دەچن.

2020-08-21 17:54:05


ئەمین بەكر

  ئەوەی شەرعیەت ئەدا بەشۆڕش وخەباتی چەکداری لە هەمو دنیادا، داخستن ونەفەس بڕکردنی ڕێگاکانی خەباتی مەدەنی وبێ ئومێد کردنی خەڵکە.
کاتێک حکومەتەکانی عێراق بەگشتی و ڕژێمی بەعس بەتایبەت ، ڕێگایان بەهەر خۆپیشاندانێک دەگرت کە داوای ماف وئازادیەکانی بکردایە و بەلێدان و تەقەکردن وگرتن زیندانی کردن، ڕوبەڕووی خۆپیشاندانەکان دەبونەوە ، و هەمیشەش تۆمەت گەلێکی وەکو (عملا‌و ..بەکرێ گیراو،خونە-خیانەتکار ، مخرب-تێکدەر ، ایاد الاجنبیە-دەستی دەرەکی) دەکردە بیانوی سەرکوت کاری و کوشت بڕو وزیندانی کردن ولەسێدارەدانی ئەو خەڵکە سڤیل ومەدەنیەی داوای مافی ئاسایی خۆیان دەکرد ، ئەمە تایبەتمەندی ڕژێمی بەعس بوو وەک ڕژێمێکی دیکتاتۆر ی نەفرەت لێکراو هەمو ئەوانەی لەدایک بوی ساڵانی سەرەتای هەشتاکان وبەرەو خوارترن کەم تازۆر ئەم جۆرە لەدڕندەیی و تۆمەتبارکردن و شێواندنی ڕاستیەکانیان لەو ڕژێمەو پیاوەکانی بینیوەو ئازاری داون هەر ئەمەش شەرعیەتی دایە شۆڕش وڕاپەڕین .!
 کاتی خۆی پێمان وابوو ئەم کردەیە تەنها لەهێزێکی فاشیستی وەکو بەعس دەوەشێتەوە و، لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی بەناو شۆڕشگێڕانی دوێنێ ی کورد ، کۆتایی بەو جۆرە لە ناهەقی وناڕەوایەتی وبێ ئاکاریە دەهێنێت.
بەڵام زۆری نەبرد هەقیقەتی ئەم دەسەڵاتدارانەی کورد دەرکەوت کەنەک هەر لەبەعس دەچن، بەڵکو لەزۆر بواردا لەبەعسیشیان تێ پەڕاندوە، بینیمان کاتێک لەپێناو پارەو دەسەڵاتداو لەشەڕەکانی ناوخۆدا بەهەزاران کوڕی ئەم میللەتە داماوەیان لەیەکتری دەکوشت وبەوەش نەدەوەستان ، زیندانیەکانیان پڕکردبو ، بە تۆمەتی خیانەت وخۆفرۆشی ودەستی دەرەکی  شەرعیەتیان ئەدایە دیل کوشتن وبێ سەروشوێن کردن ودەربەدەرکردنی لایەنگرانی یەکتری.
 ئێستاش کاتێک دەسەڵاتدارانی هەرێم خەریکی دزی وتاڵانکردنی نیشتمان و، هەڕاج کردنی سامانەکەین، بۆ بەرژەوەندی خۆیان و وڵاتانی دراوسێ وهەندێک وڵاتی تروو کۆمپانیا مشەخۆرەکانیان و  لەژێریی مەنجەڵەکەش پشکی بنەماڵەو نزیکەکانیان مسۆگەر دەکەن ،وە خەڵک ئەمە قبوڵ ناکا و ،داوای مافی خۆی و ژیانێکی سەربەرزانەو بەکەرامەتەوە دەکات ،  حاکمانی مەملەکەت و خاوەنی شەرعیەتی خیانەت و خۆفرۆشی ڕاستەقینە ،هەوڵ ئەدەن، نوزە لەئازادی ببڕن و  لەڕێ ی ترس وتۆقاندن و گرتن وزیندانی کردن وئەشکەنجە  تیرۆرکردنەوە، ڕوبەڕووی هەر جوڵەو خۆپیشاندانێکی هێمنانەی مەدەنی ببنەوە ، زۆر لایان ئاساییە کەرامەتی تاک بەتاکی ئەم میللەتە بشکێنن و،لەبەرچاوی کامێراکانەوە بەشەق ولێدان و،قۆناغەتفەنگ دەنگی ئازادایی خوازان ببڕن ، وەکو ئەوەی دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی زاخۆ بینیمان و پێشتریش لەسلێمانی و هەولێرو دهۆک و شارو شارۆچکەکانی تریش بینومانە کەچۆن جەندرمەی میلیشیاکانی حزب لەژێر ناوی هێزی ئەمنیدا بەردەبنە گیانی خۆپیشاندەرانی مەدەنی و ، هەر بەوەش ناوەستن بەڵکو بەڕیز تۆمەت و تاوانەکانی خیانەت و بەکرێ گیراوی ودەستی دەرەکی و تێکدەری دەخەنە پاڵ ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانەی زاتیان کردوەو داوای مافی خۆیان کردوە  ،دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە نەفسیەتی تاکی کورد بشکێنن وئامادەی کەن بۆقبوڵ کردنی هەموو زەلیلی وعەبدایەتێک بۆخۆیان وئاغاکانیان و لەزیندانەکانیشیاندا ولەژێر ئەشکەجەدا ولێدان ، بەڵێنامەی دووبارە نەکردنەوەی خیانەت وعمالەت بە هاوڵاتیانێک پڕ دەکەنەوە کە الف وبێ ی سیاسەتیش نازانن وخەریکی کاسبی ماڵی خۆیانن  ، ئەم سیاسەتی بەعسزیمەی کەدەسەڵاتدارە مفلیسەکانی ئەم هەرێمە لەپێناو ملکەچ پێکردن و،دەستەمۆکردنی  کۆمەڵگا لەژێر کاریگەری هێزوترسدا پەیڕەوی دەکەن ،بەشێوەیەک تاکی کوردی ماندو کردوە ، کە زۆرێک لەگەنج  و خەڵکی  والێکردوە کەلەوڵاتەکەی خۆشیدا خۆی بەبێگانە بزانێت و بەڵکو هەندێکیان  لەکورد بونیشیان پەشیمانن ،  ومافی پەنابەری لەوڵاتێکی تر وگۆڕینی ڕەگەز نامەکەی و،هاشا لەکوردبونی بەگەورەترین دەسکەوت بۆخۆی بزانێت  !

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand