Draw Media

ئاخ، ئەگەر دەستی دەرەكی نەدەبو، ئێوە لەدەسەڵاتدا دەبون؟

ئاخ، ئەگەر دەستی دەرەكی نەدەبو، ئێوە لەدەسەڵاتدا دەبون؟

2020-08-21 14:59:49


هێمن باقر

چەند وتەیەكی بێ‌ شەرمانەیە كاتێك دەسەڵات خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بەدەستی دەرەكی دادەنێت، لەكانتێكدا ئەوەی تا ئێستا ئەوانی لەدەسەڵاتدا هێشتۆتەوە دەستی دەرەكییە.

هەموومان بیرمانە كاتێك لەشەڕی ناوخۆدا یەكێتی تەنگی بەپارتی هەڵچنی و هێندەی نەمابوو سەری رەش بگرێت،جارێك دەستی دەرەكی دەبابەی بەعس و جارێكیش دەستی دەرەكی تەیارەی توركیا فریای كەوت و لە كەوتن پاراستی.

هەروەها باش لەبیرمانە ئەوەی لەدوای 31ی ئاب فریای یەكێتی كەوت و نەیهێشت كۆتایی پێبێت، دەستی دەرەكی پاسدار و تۆپخانەكانی ئێران بوو.

ئاخ، ئەگەر دەستی دەرەكی نەدەبوو،ئێوە بەرگەی شەقی ناوخۆیی میللەتان دەگرت؟.

سەیرە نزیكەی 50 كم لەخاكی وڵاتەكەت دابێتە دەەستی سوپای بێگانەو 31 بارەگای هەواڵگری میتی توركی لەكوردستاندا بێت، هێشتا باسی دەستی دەرەكی بكەیت.

راستیەكەی ئەوەیە،كە ئەم وڵاتە لەلایەن دەستی دەرەكییەوە بەڕێوە دەبرێت،زۆنی سەوز دەستی دەرەكی ئێران و زۆنی زەردیش لەلایەن دەستی دەرەكی توركیاوە بەڕێوە دەبرێت.

تەنانەت بەشێكی زۆری داهاتی ئەم وڵاتە لەلایەن پارتیی و یەكێتییەوە دەدرێتە دەستی دەرەكی، لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵ و بەرژەوەندییەكانیان.

تۆ سەیركە، رێكەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ توركیا چییە جگە لەهێنانی دەستی دەرەكی بۆ كوردستان و تەسلیمكردنی داهاتی وڵات بۆماوەی 50 ساڵ.

سەیركەن چۆن سلێمانی بۆتە یەكێك لەسێ‌ بۆرسە سەرەكیەكەی ساغكردنەوە و ئاڵوگۆڕی تمەنی ئێرانی و دەوردانەوەی تەحریمی سەر ئێران.

ئەوە ئێوەن زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوتی ئەم وڵاتە دەدەنە دەستی دەرەكی لە پێناوی مانەوە و پاراستنتان.

ئاخ، ئەگەر دەستی دەرەكی نەدەبوو. ئێوەی چڵكن و پڵكن بەرگەی شەقی میللەتان دەگرت و دەبونە مافیا بەسەر ئەم وڵاتەوە؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand