Draw Media

دیداری  ستراتیژی

دیداری  ستراتیژی

2020-08-20 15:38:41


ئازاد جۆڵا

 

گرینگی سەردانی وەفدی باڵای  عێراق بۆ  ئەمریکا  لەوەدایە ئامادەکاری تەواو دەکرێ  بۆ دیاریکرن و دەستنیشانکردنی  بەباتە جۆراوجۆرەکانی  ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات ، چونکە ئەم (دیداری  ستراتیژیە) لە کاتێکی  هەستیار و لە بارودۆخێکی ئاڵۆز و لە سەر ناوچەیەکی گرینگی ئاسیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  ئەنجام دەدرێت ،  دەتوانین  بڵێین  دیداری ستراتیژی  سەرلەنوێ  پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا ڕێکدەخاتەوە و پلان و بەرنامەی کاری داهاتووی  ئەمریکاش لە ناوچەکە زیاتر دیاردەکات و دەخاتە ڕوو ،  هەروەها ئەم ڕێکەوتنە گۆڕنکاری گەورە لە عێراق و ناوچەکەو بەدوای خۆیدا  دەهێنێ  بەتایبەت لە بابەتی  هەژموون و دووبارە  ڕێکخستنەوەی  هاوپەیمانێتیکان لە نێوان ئەمریکا لە گەڵ وڵاتانی تری ناوچەکە و لە بوارەکانی ئابووری و سەربازی و  کێشەی ئەمنی و سەقامگیری ناچەکە بەگشتی ، بێ گومان ئەم ڕێکەوتنە سترایژییە  ڕەنگە  کاریگەریەکان بەسەر عێراقەوە زیاتر دەربکەوێ و گۆڕانکاری هەست پێکراو و خێراو گرینگ بەدوای خۆیدا بێنێ ،
بەگوێرەی  پێکهاتەی  وەفدەکەو ئەوەی  زانراوە  گفتۆگۆو  دواتریش ڕێکەوتنی فەرمی لە نێوان ئەمریکاو  عێراق چەند لایەنێکی گرینگ دەگرێتەوە بە تایبەت بۆ دۆخی عێراق لە ئێستا دا  زۆر گرینگ و  ژیارییە ، ئەوانیش بوارەکانی  ئابووری  ،  ئەمنی  ، تەندروستی  ،  پەروەردەو خوێندنی باڵاو  ڕۆشنبیری و لە هەمویان گرینگتر  بۆ ئەمریکاو داهاتووی  عێراقیش  بواری  وزەیە ،   ئەمە  جگە لە پێداگری و سوور بونی  هەردوو  وڵات  لە سەر  پاراستنی دەسەڵات و سەروەری خاک و دەستگرتن و هاوکاریکردنی عێراق و بەرەو  سەقامگیربوونی  زیاتری دەوڵەتی عێراق و عێراقیەکان بەگشتی ،
ئەمریکا  لەسەر زاری  پۆمپ یوو  وەزیری دەرەوە  ڕایگەیاند وەک هەوڵ و  هەنگاوێک  بۆ ڕێکەوتنی سراتیژی و سەرکەوتنی ئەجندای گشتی هەردوو وڵات  ئەوان  خوازیاری  ئەوەن  حکومەتی  عێراق داخوازییە سەرەکی و ڕەواکانی  گەلانی عێراق جێ بەجێ بکات و کاربکات بۆ  هەڵبژاردنێکی  پێشوەختەی  پاک و بێگەرد و نەهێشتن و  هەڵوەشانەوەی  میلیشیا  چەکدارەکان و  هەروەها  هانی  عێراق و  هەرێمیش  دەدات  بۆ گەیشت بە ڕێکەوتن لە نێوان  هەردوولادا بە تایبەت لەسەر بودجە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی  نێوانیان ، بۆ ئەمەش  ئەمریکا وەک  نیاز پاکی و هاوکاری زیاتری عێراق بۆ  ئەم  هەوڵانە  دووبارە بڕی 104 ملیۆن دۆلاری تری   وەک یارمەتی  پێشکەش بە عێراق کرد ،
ئەوەی  بۆ عێراق گرینگە ئەم  دیدار و  ڕێککەوتنە  لە دۆخێکی  وەکو  ئێستا  ڕەنگە عێراق لە زۆر  قەیران دەربازی  بکات و گەشانەوەو سەقامگیری و سەروەری زیاتر بۆ عێراق بەدی بێنێ ، ئێستا عێراق  گرفتارە بەدەست کۆمەڵێک قەیرانی قوڵی کاریگەر  وەک  کێشەی  گەندەڵی و ئابووری و میلیشیا چەکدارەکان و هەژموون و  هەیمەنەی  وڵاتانی  هەرێمی و پێشێلی  سەروەری خاکەکەی ونەمانی  متمانەی جەماوەری بە دەسەڵات و چەقبەستوویی  پرۆسەی  سیاسی و سەربەخۆ نەبوونی بڕیار و بەتایبەتیش  دادگاکان ،
ئەمە جگە  لە کێشەی  لەمێژینە و هەمەلایەنەو چارەسەنەکراوی  نێوان هەرێم و بەغداد  کەئەمەش  خۆی  هۆکارێکی  تری  ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراقە ،
دیداری  ستراتیژی  وەک  هەنگاوێک بۆ ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و  ئەمریکا بۆ کورد گرینگ و  پڕ بایەخە ، بەتایبەت ئەمجارە لە وەفدەکەدا  زیاتر هەست بە بون و ئامادەباشی کورد دەکرێت و ئەجندای ژێربەژێر و گوماناوی  کەمتر  بەدی دەکرێت و دەتوانین  بڵێین  وەک  یەک پاکێجی گشتی  مامەڵە  لەگەڵ  دۆخەکە کراوە ،  ئەویش لە چوارچێوەی  دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ، کورد  دەتوانی  سوودی گرینگ ببینێ و هاوکارێکی باشی ئەم ڕێکەوتنە چاوەڕوان کراوەبێ ، بەتایبەت  لە بواری  پاراستنی  سەروەری عێراق و کۆتایی هێنان بە لەشکرکێشی و تۆپ بارانی وڵاتە هەرێمییەکان و لە بواری  وزەو ئابووری و  ئەمنی و تەنانەت  جێ بەجێکردنی مافە دەستووریەکانی هەرێم و چارەسەری  یەکجارەکی  کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد ،  ئەمەش  بێ گومان ئەگەر کورد خۆی  خوازیاری ئەم کارەبێ و ئەم  دەرفەتە مێژووییە لە بەرژەوەندی خۆی  بقۆزیتەوە ، بەڵام  پێش ئەوە پێویستە  هەرێم چەند هەنگاوێکی  بەپەلە  بهاوێژێ   وەک ئارامبونەوەی پرۆسەی سیاسی و کۆدەنگی  لایەنە سیاسیەکان و چەند بڕیارێکی گرینگ و خێرای  چاکسازی و پیشادانی  نیەت پاکی بۆ عێراق و ئەمریکا و ڕێکخستنەەو  توندتۆڵکرنەوەی  دامەزراوە فەرمییەکانی  هەرێم  ...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand