Draw Media

لێكچوونی چەند لایەنێك لە نێوان بارودۆخی لوبنان و هەرێمی كوردستان

لێكچوونی چەند لایەنێك لە نێوان بارودۆخی لوبنان و هەرێمی كوردستان

2020-08-18 21:29:16


 
د. سەیران بەرزنجى

كارەساتی  تەقینەوەی بەندەری بەیروت لە ٤/ ٨/ ٢٠٢٠ كە حكوومەت و حیزبەكانی  لوبنان (بە تایبەتی حیزب اللە لوبنانی ) لێی بەرپرسیارە، دەرئەنجامی كارەساتی گەندەڵی  ونەبوونی ئەخلاقی سیاسیە، وە دەركەوت كە گەندەڵی بوە بە سیستەمێكی تۆكمە و بەجۆرێك باڵادەستە لەناو چینی فەرمانڕەوادا كە بەجەنگێكی گشتگیری و هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و وە بنبڕكردنی  دەسەڵاتی میلیشیا لە سەرجەم كایەكان نەبێت چارەسەر ناكرێت.

ئەم كارەساتە خسینەڕووی باڵا دەستی دەسەڵاتی حیزبە گەندەڵكارەكانە كە لەسەروو دەوڵەت و میللەتەوەن، وە بە ئەجندای دەوڵەتانی ووڵاتانی ناوچەكە بەبێ شەرم و بە ئاشکرا كار دەكەن؟ مێژوویەكە ئەم حیزبانە بازرگانی بەناوی خواو و ڕزگاركردنی قودس و نەتەوەیی بوون و دژایەتی داگیركاری ئیسرائیل وئەمەریكا دەكەن، بەڵام كەس لە خۆیان زیاتر دوژمنی سەرسەختی  میللەتەكەیان نەبوون،  بێ ئاكاری و بێ وویژدانی ئەم حیزبە بەناو نیشتمانیانە لە ئاستێکدایە كە بێگانە بە نیشتمان بۆ هاووڵاتیانیان دڵسۆزتر و بە ڕەوشتترن لە بەرپرسانی خاوەنی نیشتمان ؟ ئەمە واقع و پێناسەی سیستەمی سیاسی و ناوەرۆكی حیزبە عیلمانی و ئیسلامیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە هەرێمی كوردستانیشەوە. 

بێحورمەتی سیاسی و بێ میمانەیی گەل و بێزاربوونیان لە دەسەڵاتی سیاسی وای لە لوبنانیەكان كرد كە بە ئاشكرا لە دڵەوە داوایان لە سەرۆكی ووڵاتێك كرد كە رۆژێك لە ڕۆژان داگیركەری خاكەکەیان بوون كە فریایان بكەون لە حیزبە دز و مافیاكانی نیشتمانەكەیان ڕزگاریان بكەن ، وە داوای گەڕانەوەی ئینتدانی فەڕەنسی لێبكەن. خۆپیشاندانەكانی هاووڵاتان لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوامە و پێیان دەڵێن كە ئەوان و دەسەڵاتی دادوەری سەربە حیزبەكان هۆكاری بەردەوام بوونی گەندەڵیەكانن وە پارێزبەندی گەندەڵكارانن. ئابڕووچوون وشەرمەزاری دەسەڵاتدارانی لوبنانی تەنها لە ئاستی ناوخۆیدا نیە، بەڵكو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیە، بە جۆرێك كە هەموو ئەو یارمەتیە مرۆییانەی ووڵاتانی دنیا پێشكەشی لوبنانی دەكەن ئامادەنین ڕاستەوخۆ ڕادەستی حكومەت وحیزبەكانی بكەن كە متمانە و بڕوای هاوڵاتیانیان لەدەستداوە و شایانی بڕوا پێكردن نین كە یارمەتیەكان بگاتە دەستی خەڵكانی لێقەوماو.  

لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە  ئایا ئەم حیزبانە چۆن ئەتوانن سەربەرزانە بەردەوام بن؟ ئەی كێ پاڵپشتیانە تەنها هێزی دەرەكیە یان بەشێك لە میللەتە؟  ڕازی بوون بە چارەنووسی چەوساندنەوە و بەردەوامیدان بە گەندەڵی تاوانی حیزبە یان میللەتە؟ 

لە ڕوانینمان بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان لە زۆر لایەندا لە لوبنان خراپتر و ئاڵۆزترە، لە كاتێكدا ئەگەر لوبنان دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و ئەندامێكی نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمكاری عەرەبی خاوەن مێژوویەكی سیاسی خۆیەتی و ترسی لەناوچوون و هەڵوەشاندنەوەیان نیە. بەڵام لە هەرێـمێكی دانپیانەنراوی وەك هەرێمی كوردستان  كە ترسی لە ناو چوون وهەڵوەشاندنەوەی لەسەرە،  كەچی دەسەڵات و حیزبەكانی لەماوەی ٢٨ ساڵی حكومڕانی دەسەڵاتی كوریدا لەبری پتەوكردنی ژێرخانێكی ئابوری، وە دروست كردنی پایەی حكومڕانیەتێكی تەندروست و داهاتویەكی پرشنگدار، جگە لە بەهێزكردن پێگەی حیزب و قۆرغكاری دەسەڵات و بە كۆیلەكردن و تێك شكاندنی شكۆی تاكی  كورد و گەندەڵكردنی كۆمەڵگا هەنگاوی دروست نەنراوە. بەڵكو بە پێچەوانەوە، لە دەرئەنجامی بە سیستەم كردن و ڕەوایەتیدان بە گەندەڵی بە ناوی چاكسازی كوردایەتیەوە پرسی برسی كردنی میللەت و بڕینی مووچە و پاراستنی بندیوارەكانی  چۆتە سەر، بە هەمان شێوەی لوبنان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەماندارانی هۆكاری سەرەكی زۆربەی نەهامەتیەكانی خەڵكی كوردستانن كە پەرلەمان بۆتە مەیدانی سەرسەختی  پارێزگاری كردن و تێپەڕاندنی بەرنامەكانی حیزب و شەرعیەتدان و بە یاسایی كردنی گەندەڵی  وە زامنكردنی بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆیان لەبوونی ئیمتیازات وخانەنشینی نایاساییەكانیان.  

مێژووی دەسەڵاتی كوردی، ئەو ڕاستیەی سەلماند كە شتێك نیە بە ناوی كوردایەتی و ستراتیجیەتی بەرژەوەندی باڵای میللەت و دەوڵەتی كوردی تەنها هەڵخەڵەتاندن و درۆیەكی گەورەیە وە دروشمی سەردەمی شاخ و كاتی هەڵبژاردنەكانە. كارەساتەكە لەوەدایە، دەسەڵات توانیویەتی كۆنترۆڵی خاڵی لاوازی بەشێكی زۆر لە خەڵکانی سادە و ساویلكە بە بەڵێن و دروشـمی درۆ چەواشەكاری بكەن، كە ئەمان پارێزەری خوێنی شەهیدەكانیانن، لە مەترسی داگیرکەرانی كوردستانمان دەمانپارێزن؟ لە كاتێكدا ئێستا پلان و ڕێكەوتنی ستراتیجی درێژخایەنمان لەگەڵ دوژمنان كورد هەیە، بەرپرس و سوودمەندی سەرەکین لە سامانی ژێر زەمینی، چۆنیان بوێت لە هەر كاتێكدا ماڵ و سنوورەكان بۆردوومان دەكەن ڕۆژانە، لەناو جەرگەی شارەكاندا بە فرۆكە نەیارەكانیان لەناو دەبەن، نەك هەر ووردە گلەییان لێ ناكرێت بەڵكو دەستی یارمەتی و هاوكاریش دەكرێن. وە هەر هەڵوێست وەرگرتنێك بۆ داواكردنی ماف و گۆڕانكاری بە خیانەت لە كوردایەتی لەقەڵەم دەدەن، بەم جۆرە توانیویانە سوود لە نەهامەتی و خراپی بارودۆخی ئابوری و سیاسی وەربگرن بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و بێدەنگ كردنی هاووڵاتیان.

ئەو مەترسیە ڕاستەقینەی كە درەنگ بێت یان زوو هەر ڕوودەدات، وە دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە زۆر بە هەند وەریبگرن كە بارودۆخەكە زۆر لە تەقینەوەیە نزیكە لەهەر کاتێكدا بێت، وە توانای خۆڕاگری خەڵك و ڕازی بوونی هاووڵاتیان بەم بارودۆخە لەژێر ناوی پاراستنی دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین خەریكە كۆتایی دێت، كە نەهامەتی و نەبونێتی و پەرپرسیارێتی بۆ هاووڵاتیان هێناوە، لە بەرامبەر نابەرپرسیارێتی و خۆشگوزەرانی و كۆنتڕۆڵی گروپێكی دیاریكراوی لە دەسەڵاتداران و نەوەكانیاندا. لە كاتێكدا كە حیزب و حكومەتی كوردی بە هەمان شێوەی لوبنان متمانەی تەواوی خەڵكی كوردستانیان لەدەستداوە (جگە لە سوپای بندیوارو حیزبیەكانیان نەبێت) لەكاتێكدا كە مووچە خەڵك دەبڕێت و نادرێت، كۆمپانیا بازرگانیەكانی حیزب و میدیا وڕێكخراوە خێرخوازییەكانی حیزب لەسەر حسابی بودجە و بژێوی خەڵك دەوڵەمەندتر و ژمارەیان زۆرتر دەبێت
ئەوە نادادپەروەری و مامەڵەی ناتەندروستی سیاسی دەسەڵاتی كوردییە كە هیچ كاتێك بەنیازی چارەسەری كۆنكریتی و چاكسازی ڕاستەقینە نین، لەكاتێكدا گەندەڵکاران پلە وپۆستی سیادیان پێ دەدرێت، بندیوارەكانی حیزب مافیان پارێزراو دەبێت، ژمارەی ڕۆژو مانگەكانی ساڵ بۆ سواڵی پێدانی مووچە دوو هێندە دەكەن، حیزبەكان خەریكی سەوداو سازشی دابەشكردنی پۆست و قۆرغكردنی داهاتی سنورەكانن، ئەمانە و دەیان هۆكاری تریش زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی كورددستان وەك خەڵكی لوبنان گەیاندۆتە ئەو بڕوایەی  كە حكوومەتی ناوەند بە باشتر و بە وویژدانتر دەبینن، وە بە ئاشکرا لەسەر شەقام و میدكانانەوە هاوار دەكەن بە خۆشحاڵیەوە وە مەبەستیانە مووچەكانیان بگەڕێننەوە سەر حكومەتی ناوەند. تەنانەت كاردانەوەی توندی هاووڵاتیان لە بەرامبەر بێباكی بەرپرسان لە خەمی هاووڵاتیان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئەگەر پارێزگان بكرێن بە هەرێمی سەربەخۆش پێشوازی لێدەكرێت نەك رێگری، بەڵکو داواكاری خەڵك دەبێت بۆ ئەوەی لەو تاڵانكاری و جیاوازی كردن و گەندەڵکاری لە بەشی بودجەی شارەكاندا دەكرێت رزگاریان بێت. 

هاووڵاتیانی هەرێم لەو بڕوایەدان كە لە ئێستادا شتێك نەماوە كە ناوی شكۆ و بەرژەوەندی باڵای میللەت بێت ، بەڵكو لە پێناو پاراستنی سامان و دەستكەوت و هەڵەكانی حیزبدا بوە كە زۆربەی  مەلەف و دەستکەوتی سیاسی (لە دەسەڵات و خاكدا) لە بەرامبەر حكومەتی ناوەند دۆڕاندوویانە. ئەم هەڵە و تاوانە مێژووییانە  هەموو حیزبەكان (بە باڵا دەست و پاشكۆكانیان) وبە تایبەتی ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو حكومەت (بە عیلمانی و ئیسلامیەكانەوە) لێی بەرپرسیارن كە پاڵپشتیان بوون و ئەوانیش تەنها لە خەمی پاراستنی بەرژەوەندی و پلە وپۆست و بن دیوار و خانەنشینەكانی خۆیانن. بێگومان هەر هەڵوێستێكی هەڕەمكی لەلایەن میللەتەوە چاوەڕوانكراو بێت و یان چاوەڕواننەكراو لە داهاتوودا ڕووبدات هەموویان وەك یەك هەمان بەرپرسیارێتی و هەمان چارەنووسیان دەبێت وە ڕەنگە باجەكەی زۆر قورستر بدەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand