Draw Media

پێگەی هه‌ولێر له‌ گه‌ری دووه‌می دانوستانه‌كاندا

پێگەی هه‌ولێر له‌ گه‌ری دووه‌می دانوستانه‌كاندا

2020-08-18 19:11:55


 
د. هەڵمەت غریب 
 
ده‌ستپێك :
دانوستانه‌كانی نێوان واشنتۆن وبه‌غدا كه‌ گه‌ری یه‌كه‌می له‌ مانگی (6 )ی رابردوودا له‌ریگه‌ی ڤیدیۆكۆنفراسه‌وه‌ ئه‌نجامدرا كۆمه‌ڵێ دۆسییە‌ی هه‌ستیار و گرنگ خرانه‌ سه‌ر مێز به‌لام هه‌ر له‌سه‌رتاوه‌ دیار بوو باری عێراق له‌ دانوستانه‌كاندا لاره‌و هاوسه‌نگی به‌دیناكرێت له‌ نیوان هه‌ردوولادا ، یان به‌مانایه‌كی تر وا ده‌هاته‌ به‌رچاو كه‌ ئه‌مه‌ریكا ستراتیژیه‌تی خۆی بۆ ئاینده‌ی په‌یوه‌ندیە‌كانی له‌گه‌ل عیراقدا دارشتووه‌ و عیراقیه‌كانی بانگ كردووه‌ تا بۆیان بخاته‌ روو ، نه‌ك گفتوگۆی نیوده‌وله‌تی دوولایه‌ن كه‌ هه‌ردوو ده‌وڵەت خاوه‌ن سه‌روه‌رین ، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لیره‌دا ئیمه‌ تیشكی بخه‌ینه‌ سه‌ر پیگه‌ی هه‌رێمی  كوردستانه‌ له‌و دانوستانانه‌دا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ری یه‌كه‌مدا كورد حزورێكی زۆر لاوازی هه‌بوو یان به‌مانایه‌كی تركورد دركی به‌ گرنگی ریكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیەكانی به‌غداو واشنتۆن نه‌ده‌دا به‌لام كاتیك بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌و گفتوگۆیانه‌ گرنگن و پیویسته‌ كورد حزورێكی باشی تیدا هه‌بێت هه‌وڵە‌كانی خۆی خسته‌ گه‌ر تا له‌گه‌ری دووه‌مدا به‌ حزورێكی گه‌وره‌تره‌وه‌ به‌شداری له‌ دانوستانه‌كاندا بكات لێرەدا باس له‌ گرنگترین ئه‌و دۆسیایانه‌ ئه‌كه‌ین كه‌ به‌نسبه‌ت كورده‌وه‌ جێی بایەخن له‌ دانوستانه‌كاندا ، وەهەروەهاكاریگه‌ری كورد به‌سه‌ر ره‌وتی دانوستانه‌كاندا ئه‌خه‌ینه‌ روو.
دۆسیه‌ بایه‌خداره‌كانی نێوان هه‌ولێر واشنتۆن:
جیا له‌ به‌غدا هه‌ولێر كۆمه‌ڵی دۆسیە‌ی گرنگی هه‌یه‌ له‌گه‌ل واشنتۆندا پیویسته‌ له‌ریگه‌ی ئه‌و دانوستانانه‌وه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌ یان هیچ نه‌بێت ئاگاداربێت چونكه‌ بایه‌خه‌كه‌ی بۆ كوردستان زۆره‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی ستراتیژیه‌تی عیراق بۆ كوردستان گرنگتره‌ كه‌ پیویست ده‌كات كورد خۆی ئاگادار و به‌شداربێت له‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌یدا گرنگترین ئه‌و دۆسییانه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ :
1- چاره‌نوسی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا: بۆ كوردستان مانه‌وه‌ی هیزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌گشتی و ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌ت تا ماوه‌یەکی درێژتر جێی بایه‌خه‌ چونكه‌ بارودۆخی سیاسی عیراق ناسه‌قامگیره‌ و هێشتا عه‌قلیه‌تێکی تا راده‌یه‌ك پاوانخوازی له‌ ده‌سه‌لاتدا له‌به‌غدا بوونی هه‌یه‌ وگره‌و له‌سه‌ر به‌هێز بوونی سیسته‌می سنترال ده‌كاته‌وه‌ له‌ ولاتدا یان به‌مانایه‌كی تر ئاراستە‌یه‌كی به‌هێزی سیاسی تا ئیستاش بوونی هه‌یه‌ باوه‌ری به‌ فۆرمی نوێی سیسته‌می سیاسی له‌ عێراقدا نیه‌ بۆیه‌ گرنگه‌ هیزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ چه‌سپاندنی زیاتری مانا نوێیه‌كانی سیسته‌م له‌عیراقدا بمێنیته‌وه‌ سه‌ره‌رایی ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی هیزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراقدا به‌شێکی  په‌یوه‌ندی به‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌رووی سه‌ربازیه‌وه‌ به‌دوری نازانم له‌داهاتوودا بنكه‌ی سه‌ربازی سه‌رەکی  ئه‌مه‌ریكیه‌كان بیته‌ كوردستان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ صیدیەی قه‌ته‌ر هه‌یه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ستراتیژی ئه مه‌ریكایه‌ له‌ ناوچه‌ی كه‌نداو.
2- مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ری عیراق : به‌شێكی گه‌وره‌ی پێشهێلکردنی  سه‌روه‌ری خاكی عیراق له‌كوردستانه‌وه‌یه‌ به‌هۆی بوونی ئه‌و گرفته‌ ئه‌منیانه‌ی له‌نیوان عیراق وتوركیا له‌لایەک وعیراق و ئیران له‌لایەکی تره‌وه‌ ، ئه‌م گرفتانه‌ وایكردوه‌ سه‌روه‌ری عیراق به‌به‌رده‌وامی له‌ ژیر هه‌ره‌شه‌ی پێشهێلکردندا بێت بۆیه‌ حزوری ئه‌مه‌ریكی به‌نسبه‌ت كوردستانه‌وه‌ جێی بایه‌خه‌ بۆیه‌ پیویسته‌ كوردستان راشكاوانه‌ بیروبۆچونه‌كانی خۆی ده‌رباره‌ی كیشه‌كه‌ بخاته‌ به‌رده‌م لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی.
3- بابه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و هاوكاریكردنی  عیراق بۆ هه‌ستانه‌وه‌ : یه‌كێكی تر له‌ بابه‌ته‌ جیی بایه‌خه‌كانی كوردستان له‌و دانوستانانه‌دا بریتیه‌ له‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ویرانه‌كانی عیراق كه‌ به‌شی زۆری ناوچه‌ سونی نشینه‌كان ناوچه‌كانی كه‌مایه‌تیه‌ ئاینیه‌كان ئه‌گریته‌وه‌ ، چونكه‌ ده‌روازه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ و هاوكاریكردنی عیراق بۆ دووباره‌ بنایاتنانه‌وه‌ی بریتیه‌ له‌ كوردستان بۆیه‌ گرنگه‌ هه‌ریم قسه‌ی خۆی هه‌بێت و به‌شیك له‌و هاوكاریه‌ مادیانه‌ی كه‌وا عیراق وه‌ریئه‌گرێت بدرێت به‌ كوردستان هه‌م بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان هه‌م بۆ هه‌ماهه‌نگی دروستکردن لەگەل كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپیه‌كان تا بتوانن پرۆسه‌كه‌ به‌ ریك وپێكی بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجام ، بۆ كوردستان هاوكاریه‌ مادیه‌كانی ئه‌مه‌ریكیەکان گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌م باره‌ی ئیستادا كه‌ كوردستان به‌ قه‌یرانیكی سه‌ختی ئابوریدا گوزه‌ر ئه‌كات پیویسته‌ پشكی كوردستان پاریزراوبیت له‌و هاوكاریانه‌ بۆیه‌ گرنگه‌ كورد حزورێكی به‌هیزی هه‌بیت و گوێ له‌ داواكاریه‌كانی بگیرێت و پیگه‌ی له‌به‌رچاوبگیرێت.
 
كاریگه‌ری و پێگە‌ی كورد به‌سه‌ر دانوستانه‌كانه‌وه‌ :
پاش بوونی فواد حسین به‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق وسه‌رۆكایه‌تی كردنی شاندی عیراق له‌ گفتوگۆكاندا  به‌شدارپیكردنیكی فراوانتری كورد له‌ گفتوگۆكاندا به‌دیده‌كرێت به‌به‌راورد به‌ گه‌ری یه‌كه‌م ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی بایه‌خدانی كورده‌ به‌و گفتوگۆیانه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوری له‌عیراقدا حزورێكی باشی هه‌بیت ئه‌مه‌ له‌ كاتیدا له‌گه‌ری یه‌كه‌می دانوستانه‌كاندا  ته‌نها سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ریم نوینه‌رایه‌تی كوردستانی ده‌كرد به‌لام له‌گه‌ری دووه‌مدا زیاد له‌ 4 ئه‌ندامی كورد بۆ شاندی عیراقی زیادكراوه‌ كه‌ به‌شكیكی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆسیه‌ گرنگانه‌ی كه‌ ئاماژه‌م پیكرد به‌شیكی تریش په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ جدیه‌تی دانوستانه‌كانه‌وه‌ بۆیه‌ پیم وایه‌ ئه‌م جاره‌ قورسای كورد تا راده‌یه‌كی باش به‌سه‌ر گفتوگۆ ودانوستانه‌كانه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌گه‌ر هیچ نه‌توانن بكه‌ن ئه‌توانن قسه‌ی جدی و بۆچونی كوردستان ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆسیانه‌ بخه‌نه‌ روو كه‌ جیی بایه‌خی هه‌ردوو لایه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌رایی جیاوازی بیروبۆچونی كوردستان و عیراق ده‌رباره‌ی چاره‌نوس و مانه‌وه‌ و نه‌مانه‌وه‌ هیزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌عیراقدا چونكه‌ كورد پێی وایه‌ هیشتا دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی له‌ عیراقدا توانای ئه‌وه‌ی نیه‌ به‌تنها و بی پالپشتی ئه‌مه‌ریكی بتوانیت پاریزگاری له‌سه‌روه‌ری ولاته‌كه‌ی بكات و له‌مه‌ترسیه‌كانی تیرۆر و توندوو تیژی دوربخاته‌وه‌ ، هیشتا عیراق خاوه‌نی دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌رگری نشتیمانی نیه‌ به‌مانا ورده‌كه‌ی بۆیه‌ كورد له‌م رووه‌وه‌ پیچه‌وانه‌ی عیراق بیرده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای پیكهاته‌ی وه‌فدی كوردستان بكه‌ین ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بیته‌وه‌ كه‌ بیروبۆچونی كورد تاراده‌یه‌ك جیاوازه‌ له‌ بیروبۆچونی باو له‌عیراقدا ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ بۆئێمه‌ گرنگه‌ له‌م قۆناغه‌دا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand