Draw Media

حکومەتی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران لە ترازووی یاسادا

حکومەتی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران لە ترازووی یاسادا

2020-08-18 19:10:06


عەبدولقادر ساڵح 

ماوەی زیاتر لە (5) پێنج ساڵە حکومەتی هەرێم گیرۆدەی قەیرانی دارایی بووەتەوە و لەگەل هەر توندبونەوەیەکی قەیرانەکەشدا، فەرمانبەران باجەکەی دەدەن، ئەوەش بە دەستبردنی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی مووچەکەیان و دواخستنی دابەشکردنی مووچەکەیان  بۆ ئەوەی قەیرانەکانی پێ بەرێ بکات. لە کاتێکدا فەرمانبەران هیچ تاوانێکیان لەو قەیرانەدا نیە و تەنها خودی حکومەت بەرپرسیاری یەکەم و کۆتایی قەیرانەکانە، لە خوارەوە و بۆ یادخستنەوەی هەموو لایەک چەند بنەمایەکی یاسایی مووچە شیدەکەینەوە بۆ ئەوەی بریارەکانی حکومەتی پێ بپێوین و فەرمانبەران بزانن کە ئەو بریارانە لە ترازووی یاسادا پێگەیان چۆنە؟
یەکەم: بەگوێرەی بریاری تەشریعی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش (هەڵوەشاوە) ژمارە (451) ی ساڵی 1980، یاسادانەر بریاری داوە کە ژمارەی رۆژەکانی مانگ بە (30) رۆژ جێگیر بکات بۆ مەبەستەکانی ئەژمارکردنی مووچە و دەرماڵە و وەک بنەمایەک لە دامودەزگاکانی حکومەت کاری پێدەکرێت، واتە دەبێت مووچە مانگانە خەرج بکرێت، کە بە داخەوە حکومەتی هەرێم لە روانگەی ماوەی دابەشکردنی مووچەوە سەرپێچی دەقی یاسای کردووە و هیچ حسابێک بۆ تێپەڕینی مانگ و رۆژەکان ناکات.
دووەم: فەرمانبەر کە دادەمەزرێت مووچەکەی بە وردی بۆ دەستنیشان دەکرێت ، لە مووچەی بنەرەتی و دەرمالەکان و لێبرینی خانەنشینی و لەسەر ئەم بنەمایەش بە وردی دەزانێت مووچەی مانگانەی چەندە و چەندی لێ دەبڕدرێت و چەند زیاد دەکات، بێگومان ئەمانەش بە پێی یاسای مووچە و راژە و خانەنشینی  لەلایەن دەسەلاتی یاسادانانەوە دەستنیشان کراون بە دەقی یاسا و بە هیچ شێوەیەک دەسەلاتی جێبەجێکردن بۆی نیە یەک دینار کەمو زیاد بکات لەو بڕەی کە یاسادانەر دایناوە ، بەلام لەم دۆخەی هەرێمدا ، فەرمانبەر نازانێت مووچەی مانگانەی چەندە و چەند وەردەگرێت، بەڵکو حکومەت خۆی دادەنیشێت و بری مووچەی فەرمانبەران بە گوێرەی داهاتی مانگانەی دەستنشان دەکات، کە ئەم جۆرە کارکردنە لەسەر گۆی زەویدا وێنەی نیە، حکومەتێک بەپێی داهات مووچە بدات و گوێ بە هیچ دەقێکی یاسا نەدات.
سێهەم: لە یاسای مووچەی فەرمانبەران ژمارە (22)ی ساڵی 2008 لە ماددەکانی (3) و ماددەی (15) کە دەسەلاتی هەمواری مووچە و دەرمالە دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران، دەسەڵاتەکە گرێدراوە بەوەی کە پێویستە مووچە و دەرمالە  بە ئاراستەی زیادبوون ببات  نەک کەمکردنەوە، چونکە کەمکردنەکەی لە دەسەلاتی (حصری) یاسادانانە نەک ئەنجومەنی وەزیران.
  لەسەر بنەمای ئەو خالانەی لای سەرەوە ، بە داخەوە کە حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک پابەندی یاسا تایبەتمەندەکان نابێت و ئەوەی خۆی بروای پێی هەبێت ئەوە جێبەجێ دەکات ، بێ گوێدانە مەشروعیەتی بریارەکانی ، ئەم یاسا شکێنییەی کە حکومەت دەیکات بێگومان بە خراپ بەسەر شکۆی یاساکاندا دەشکێتەوە و پێچەوانەی  گریمانەی راستی و دروستی (صحە)ی بریاری کارگێڕیی دەسەلاتی جێبەجێکردنە کە هەمیشە گریمانەی دروستیان بۆ دەکرێت تا ئەو کاتەی پێچەوانەکەیان دەسەلمێ، کە بەم جۆرەش هاولاتیان بە گشتی و فەرمانبەران بە تایبەتی هەم متمانەیان بە حکومەت نامێنێ و هەم بەو یاسایانەش کە حکومەت پێشێلیان دەکات و دواجار لەم بوارەدا تەواوی بریارەکانی حکومەت دەکەونە نێو بۆتەی پوچەڵبونەوە (بگلان) یان تەنانەت دەکاتە ئاستی نەبوو نیەتییەوە(معدوم) و هۆکاری سەرەکی ئەمەش نەبوونی چاودێرییەکی کارای پەرلەمان و دەستەوسان بونیەتی لە پارێزگاری کردن لە شکۆی ئەو یاسایانەی کە دەریان دەکات و  هەروەها  لاوازی دەسەلاتی دادوەریی و دەستە سەربەخۆکانی چاودێرییکردنە کە رێگەیان بۆ حکومەت خۆش کردووە بەم جۆرە رەفتار بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand