کێشەکان تەنها ئابوری نییە!
2020-08-15 20:45:39
خانم رەحیم
لەپەیامەکەی سەرۆک کۆماردا بەرۆشنی دیارە، لەنێوان میللەت و حزبە سیاسییەکان دکتۆر بەرهەم بەرژەوەندی میللەتی پێشخست، ئەمە هەنگاوێکی دروست و گرنگە بکرێتە رێنمایی بۆ ئەم سەردەمە. رۆشنە ئەوەی تا ئێستا رێگر بوو لەوەی رێککەوتن لەنێوان هەولێرو بەغداد بکرێت، بەشێکی زۆری پەیوەستە بوو بەرژەوەندی کەسی و حزبییەوە، هەر بۆیە بەئاسانی ئەوەی روودەدات لەنێوان هەرێم و بەغداد بۆیاخ ناکرێت و بە دروشم و راگەیاندن ناکرێتە شەری بەرژەوەندی گشتی.
لەعێراقدا بەگشتی بەهۆی ئەو دابەشکارییە سیاسی و حزبییەی کە هەیە ئەوەی هەیە ئەوەیە کە بەرژەوەندی گشتی تیایدا لەبەرچاونەگیراوە، هەر بۆیە لەدەساڵی رابردوودا بەئەستەم ململانێیەک دەبینیتەوە کە سەنگەرێکی بەرژەوەندی گشتی بێت و ئەو بەر شتیکی تر بێت، واتە ئێستا شتێک نەماوەتەوە بەناوی بەرژەوەندی گشتی، لای خەڵک بەگشتی ئەوە رۆشنە دروشمەکان هەرچییەک بن لایەنێک شک نابرێت شەری ئەم پرسە گشتیەو بەرژەوەندییە گشتیەیان بۆ بکات.
ئێستا سەرۆک کۆمار کەبەدووری یەک مسافە لە لایەنەکان وەستاوە، باشتر دەتوانێت لەسۆنگەی بەرژەوەندی گشتی بروانێت، لەم دواین رێککەوتنەشدا رۆلێکی بەرچاوی بینی لە یەکنزیک کردنەوەو رێککەوتن، پێشتریش لەهەڵویستەکانی لەسەر پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لەباتی خەڵک شەری سەپاندنی کاندیدە نەخوازراوەکانی شەقامی کرد، سەرەنجام بەرهەمی هەبوو، ئیستاش لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، لەدوا پەیامەکەیدا بەگرنگییەوە پەنجەی بۆ ئەوە راکێشا کە هەردوو لا بگەرێنەوە بۆ گفتوگۆ کردن ودەڵێت: دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لەناویاندا فەرمانبەرانی هەرێم، مافێکی دەستوورییە و دەبێت دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان ئەو مافە دەستەبەر بکەن وئەو مافە بە پرسە سیاسییەکان یان بەرژەوەندییە ناشەرعییەکان و نایاسایاییەکانی نەبەستنەوە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، زیاتر لە لایەنی عەرەبی لایەنە کوردییەکان کەمتەرخەمن و نەیاتوانیوە، سود لە پێگەو هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار وەربگرن، نەیان توانیووە، بەباشی لەناو لایەنە عێراقیەکان پۆلێنی دۆست و نەیاری خۆیان بکەن، رەنگە ئەوەش بەشێک بێت لە و روانگەو دیدە هەڵەیەیی لایەنە سیاسییەکان کە دەیانەوێت بەزۆرە ملێیەتی هەردرێژەی پێبدەن، لایەنە کوردیەکان گەر نەتوانن دۆخی پێش خۆپیشاندانەکانی ناوەراست و خواروی عێراق لەگەڵ ئیستا جیابکەنەوە، ئەوە هەڵەیەکی گەورە ئەکەن، خۆ گەر لەناو خۆشدا بەکەم گرتنی نارەزایەتییەکان و خواستی رەوای خەڵک بۆ ژیان بەهەند وەرنەگرن، ئەوا هەڵە کوشندە مەترسیدارەکەی حوکمرانیەتی ئەو دەسەڵاتانە دوبارە ئەکەنەوە کە بوونەتە هۆی ماڵ وێرانی گەورە بۆ خۆیان و وڵاتەکەشیان.
کاتێک حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان گەر نەتوانن وەک پێویست نالەباری و خراپی دۆخی مووچەخۆران ببینن، ئەوە نێوانی خۆیان خەڵک فراوانتر دەکەن، ئەوەی ئێستا لەهەرێمیش دەگوزەرێت رووی لەو ئاراستەیە کردەوەو تەواو مەترسیدارە، چونکە ناکرێت ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت تەنها بەشکستی ئابوری بزانرێت، لەراستیدا مەسەلەکە لەوە گەورەتر و زیاترە، کە کیشەکان ببسرێتەوە بەوەی بەغداد پارە نادات و نرخی نەوت دابەزیوە، چونکە لەپاڵ ئەوەدا بەزەقی ئەبینیرێت ئەوەی تاکی کوردی زیاترشەکەت کردوە، بوونی ئەو نائومێدی و بێ متمانەییە کە بەدامەزراوەکانی هەرێم دروست بووە بۆیان، بوونی ئەو دابرانە گەورەیەیە کە لەنێوان خەڵک و حکومەت دروست بووە، نەبوونی بێ متمانەییە بە لایەنە سیاسییەکان، دیارە ئەمەش لە پرۆسەیەکی دورو درێژدا دروست بووەو پێویستی بەوەهەیە، حکومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەکان، پێش ئەوەی باهۆزەکە هەڵبکات، بە ئەقڵیکی پرترەوە بیربکەنەوە، پەلە بکەن و بێ باک نەبن نەبا ئەوەشی ماوە لەدەست بچێت.