تایبەتمەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020-08-15 13:40:26
ساڵح ژاژڵەیی
هەمومان كەم تا زۆر زانیاریمان هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەت و ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتەی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت . لە هەموجیهانیشدا هەموو حكومەتەكان شێوازی بەڕێوەبردنیان لە یەكەوە نزیكە . ئەوەی ئەم حكومەتانە لە یەكتری جیادەكاتەوە لەشێوازی سیستەمی حوكمڕنیەكەیدایە .
ئایا حكومەتێكی دێموكرتییەو لە لایەن پەڕلەمانەوە چاوەدێری دەكرێت .یان حكومەتێكی پاشایەتییە یان حكومەتێكی دیكتاتۆرییە . بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیخۆی هەیەو وێنەی زۆر كەمە لە هەموو جیهاندا .
بۆیە بە پێویستم زانی سەرنجتان ڕاكێشم بۆ ئەو تایبەتمەندیانە :
1-لە ئێستادا سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت هەردوكیان ئامۆزای یەكترین و سەربە بنەماڵەی بارزانین . هەردوكیان خاوەنی كەناڵی تەلەفزیۆنی خۆیانن و دەیان هەوال َنێری تایبەتییان هەیە لە ولاِتە گرنگەكانی جیهاندا. بەڵام ئەو حكومەتەی خۆیان لێیی بەرپرسیارن و بەڕێوەی دەبەن خاوەنی هیچ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی و ئیعلامی نییە لە كوێی دونیادا شتی لەوشێوەیە هەیە ؟؟.
2- لە وڵاتە پێشكەوتوەكان پەڕلەمان لە حكومەت دەپرسێتەوە ، بەڵام لای ئێمە پەڕلەمان زەلیلەو ئەندامانی پەڕلەمان خوا خوایانە دەریان نەكەن و پاڕێزبەندییان لەسەر لانەبرێـت و دادگایی نەكرێن . ئەگەر ئەندام پەڕلەمانێك پشتیوانی لە هاولاِتیان بكان ، دەسەڵات سوكایەتی پێ دەكات . هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حیزبەكەی جوت ئامۆزا زۆرینەی پەڕلەمانییان هەیەو لەم هەرێمەی ئێمەش ئەندامانی پەڕلەمان نوێنەری حیزبەكانیانن نەك هاولاِتیان .
2-سەرۆكایەتی هەرێماممان هەیە . خاوەنی بینای تایبەت بە خۆی نییە . لەكاتێكدا ساڵانە پارەیەكی زۆر بەوناوەوە خەرج دەكرێت . مەسعود بارزانی نزیكەی 10 ساڵ سەرۆكی هەرێم بوو دەیان ملیۆن دۆلار بۆ خانوو بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم خەرج كرا . بەڵام دوای ئەوەی بە ناچاری دەست بەرداری پۆستەكەی بوو ، نێچێری برازای بوو بە سەرۆكی هەرێم ، سەرۆكی هەرێمی تازە خانوەكەی خۆی كرد بە بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم .
ئەویش چەندین ملیۆن دۆلار خەرج دەكات و ئەگە ر یەكێكی تریش بوو بە سەرۆكی هەرێم شوێنی نابێت و دەبێ خانوەكەی خۆی بكاتە بارەگا . ئەویش دەیان ملیۆن دۆلار بۆ خۆی خەرج دەكات بە ناوی سەرۆكایەتی سەرۆكایەتی هەرێمەوە .
بڕواناكەم نمونەی حوكمڕانی لەم شێوەیە لە هەموو جیهاندا هەبێـت. لە كاتێكدا ئەم سەرۆكایەتی هەرێمە هەر لە بنەڕەتەوە زیادەیەو پێویست نییە و بۆتە بارێكی قورس بەسەر بودجەی هاولاِتیانەوە . ئەم سەرۆكایەتییە بە تایبەتی لەبەر خاتری بنەماڵی بارزانی داتاشراوەو بەو هۆیەشەوە لەماوەی 29 ساڵی حوكمڕانیدا نەتوانراوە دەستورێكی هەمیشەیی بۆ هەرێمی كوردستان هەموار بكرێت .
3- لە هەرێمی كوردستان بەناو هێزی پێشمەرگە هەیە لە جێگای سوپای وڵاتان. هەموشمان دەزانین دەبێ سوپا دامەزراوەیەكی نیشتمانی سەربەخۆ بێت و وەزیفەی بەرگری كردنە لە قەوارەی حكومەتەكە . زۆرن ئەو وڵاتانەی كە ژمارەی سوپاكەیان ناگاتە 50 هەزار سەرباز و هێزێكی كەم بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ .
هەرێمی كوردستان خاوەنی 450 هەزار چەكدارە . بەڵام ئەمانە میڵیشیای حیزبین . پارتی ویەكێتی خاوەنی ئەم چەكدارانەن . هەر یەكەیان هێزی پێشمەرگە ، هێزی ئاسایش ،پۆلیسی تایبەت . دەزگای نەهێنی تایبەت بە خۆیان هەیە . تەنانەت ڕەنگی كڵاوی سەریشیان جیاوازە . جگە لەوەی ئەم حیزبانە هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە ، لەناو ئەم دوو حیزبەش تایبەتمەندی تر هەیە و زوربەی بەرپرسانی ئەم دوو حیزبەش هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە . ئەمیان فەوجی خۆی هەیە ، ئەمیان لیوای تایبەتی خۆی هەیە .
دوای ئەوە بە هەزاران بەناو پێشمەرگەی تر پاسەوانی ئەم بەرپرس و ئەم بارەگای حیزبی و باخەوان و پاسەوانی ڤیلای بەرپرسەكانن . ئەگەر ئێستا هەرێم توشی شەڕببێت ، ناتوانێت زیاتر لە 50 هەزار پێشەرگەی ڕاستەقینە كۆبكاتەوە ، چونكە ئەوانی تر موچە خۆری بندیوارن لە ژێر ناوی پێشمەرگەدا . ئەگەر وانەبوایە نێوەی خاكی كوردستانمان لە دەست نەدەدا .
5- دەربارەی كاروباری ئابوری وداراییش ، دیارە هەموو حكومەتێك پلان و بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ دابین كردنی موچەو ژیانی هاولاِتیان . داهاتی هەر وڵاتێك برێتییە لەو پارانەی لە كارگەو دامەزراوەكانی تایبەت بە حكومەت دەست دەكەوێت . داهاتی باج بە هەموو شێوەكانیەوە . باج لەسەر سیكتەری كەرتی تایبەت . داهاتی خالەَ سنووریەكان . بە گشتی لە وڵاتە سەرمایە دارەكان داهاتی سەرەكی حكومەت لە ڕێگای باجەوە بە دەست دێت . دوای ئەوە داهاتەكانی سامانی سروشتی وەكو نەوت و غاز و شتی تر .
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تاپۆ بۆتە موڵكی پارتی و یەكێتی .حكومەت خاوەنی هیچ كارگەیەك نییە . بەڵام ئەو دوو حیزبە و بەرپرسەكانیان خاوەنی سەدان كارگەو پڕۆژەن . هەرچی كارو كاسبی و بازرگانی هەیە بۆخۆیانیان قۆرخ كردوە و باجیش نادەن . داهاتی خاڵە سنووریەكان لە لایەن ئەو دوو حیزبەوە بە تاڵان دەبرێت ناچێتە خەزێنەی حكومەتەوە .
زۆرترین داهاتی هەرێمی كوردستان لە نەوت و غازەوەیە .كاتی خۆی نێچیر بارزانی لەگەڵ ئاشتی هەورامی ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت و غازیان لەگەڵ توركیا بە بێ ئاگاداری پەڕلەمان و حكومەت مۆر كردوەو هەرێمی كوردستانی خستۆتە رەهنی توركیاوە .
لە كوێی دنیا هەیە كەسێك كە هیچ بەرپرسیاریەتێكی حكومی نەبوە لەوكاتەدا بچێت ڕێكەوتنی لەوشێوەیە بكات و سامانی وڵاتەكەی هەڕاج بكات. ئیفلاسبون و تەسلیكم بونە بە بەغدا ، بەرهەمی ئەو ڕێكەوتنەیە .ئەی نابێت دەزگایەك هەبێـت لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات ؟؟ كوا داواكاری گشتی ؟؟ . لەو لاشەوە دەڵێن پارە نییە بۆ موچە .باشە ئەگەر ئاوا سامانی وڵات تاڵان بكرێت ، گومانی تێدت نابێت پارە نابێت بۆ موچە .
نیوەی داهاتی هەرێمی كوردستان پارتی دەیبات . نیوەكەی تری بۆ یەكێتی و هەموو خەڵكی كوردستانە . دۆسییەی نەوت بە تەواوی لە ژێردەستی پارتیدایەو كەسی تر هیچی لێ نازانێت كە شادەماری داهاتی هەرێمی كوردستانە .
وەزیری دارایی یەكێتی بێت یان گۆڕان پارتی ترسی نییە چونكە داهاتی نەوت لە ژێردەستی خۆیدایە . ئەگەر سەرنج بدەن لە ئێستادا وەزیری دارایی لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە . وەزیر ئاگای لە داهاتی نەوت نییە . ناتوانێت دەست بگرێت بەسەر دەروازە سنووریەكاندا .زۆرینەی هەرە زۆری كۆمپانیاكان موڵكی پارتی و یەكێتین و باج نادەن . كەواتە وەزیر وەكو ئەمین سندۆق وایە .
ئەوەتا ڕاستگۆیانە دەڵێت : ئەگەرپارە لە بەغداوە بێت ، موچە دەدرێت . ئەگەر پارە نەیەت موچە نادرێت . ئەوە قسەیەكی ڕاستە چونكە هەرێمی كوردستان داهاتی سفرە . كەواتە خەتای وەزیر نییە كە موچە نییە . لە كوێی دنیا وەزیری ئاوا بێ دەسەڵات هەیە ؟؟.
بەڵام سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان بەوە تاوانبارە كە بەشداری حكومەتیان كردوەو وەزارەتی دارایشیان وەرگرتوە ، لە كاتێكدا پێش وەخت پێشیان وتراوەو خۆشیان زانیویانە كە هیچیان پێ ناكرێت لەژێر هەژمونی پارتیدا .
بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی بەشداری حكومەتیان نە هیچ دەسكەوتێكیان بۆ بزوتنەوەكەو نە بۆ هاولاِتیان بەدەست هێنا . بەڵام خزمەتی زۆریان بە پارتی كرد . بونە پشتیوانیان . بزوتنەوەی گۆڕان خۆی كردە قوربانی بۆ پارتی و بوو بە كەواسوری بەرلەشكر .
6- دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرەكان و دامەزراوەی بەناو داواكاری گشتی كۆڵەكەی ئەساسی بنیات نان و بەِرێوەبردنی وڵاتن . ئەو دەسەڵاتە دەبێ بەرگری لەبەرژەوەندی گشتی هاولاِتیان بكەن ، نوێنەری جەماوەر بن , یاسا سەروەربكەن و هەموان بە یەك چاو سەیر بكەن . بەڵام هەمومان دەزانین دەسەڵاتی دادوەری لەم هەرێمەدا بێلایەن نییەو لە هەموو دۆسییەكدا پشتیوانی لەپارتی دەكات و پارتی چی بوێت ئەوان ئەوە دەكەن . سەیركەن و لە خۆتان بپرسن لە ماوەی 29 ساڵی حوكمڕأنی پارتی و یەكێتیدا ئەم دەسەڵاتی دادوەری و ئەو هەموو دادوەر و داواكاری گشتیانە چییان كردوە ، چ بەرپرسێكیان هێناوەتە بەردەم دادگا .
كێیان حوكم داوە لەسەر گەندەڵی ، كێیان سزادا لەسەر ئەو هەمو تیرۆر و خەڵك كوشتن و ناعەدالەتیەدا كە ڕویانداوە ، لە ئەنجامی ئەنفالی ئێزیدیەكان لە كێیان پرسیەوە ، لە ئەنجامی بڕیاری ڕیفراندۆمی مەسعود بارزانی و لە دەستدانی نیوەی زیاتری خاكی كوردستان ، چ قسەیەكیان كرد ؟؟. ئەی لەسەر گرێبەستە نەوتیەكان و ئیفلاسبونی هەرێمی كوردستان قسەیەكیان كرد، یان هەر موچەی زەبەلاح وەردەگرن؟؟
ئەی ئەم دەسەڵاتی دادوەریە ئیشی چییەو بۆچی هەیە ؟؟ ئایا لە جیهاندا دەسەڵاتی دادوەری لەم شێوەیە بونی هەیە ؟؟. سەیركەن پارتی هەرگیز ئامادە نابێت وەارەتی داد و ناوخۆ و سامانە سروشتییەكان ڕادەستی هیچ حیزبێكی تر بكات .
7- سێكتەری تەندروستی و سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵاش، دوو كۆڵەكەی ئەساسی بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی تەندروستن . سەرچاوەی هەموو پێشكەوتوەكانن بۆیە حكومەتە پێشكەوتوەكان گرینگی لە ڕادە بەدەر بەم دوو سێكتەرە دەدەن و هەمیشە لە ژێر چاودیری حكومەتدا دەبێت . حكومەت هەمیشە خۆی سەرپەرشتی دەكات و بەڕێوەی دەبات . سێكتەری تەندروستی بەرپرسە لە پاراستنی تەندروستی و ژیانی هاولاِتیان بە بێ جیاوازی .
بەڵام بە داخەوە ئەم دوو سێكتەرە گرنگ و هەستیارە لە هەرێمی كوردستان بونە دوو بوار بۆ بەدەست هێنانی پارەو دەوڵەمەند بون .
سیكتەری پەروەردە :لە ماوەی 29 ساڵی حوكمڕانی دوو حیزبیدا بواری پەروەردە بە جارێك وێران كرا .هەرچی بەرپرسی نێو ئەو بوارەیە لە بری ئەوەی لەسەر بنەمای شارەزایی و پسپۆڕی دانرێت ، لەسەر بنەمای حیزبی دانراون . بەڕێوەبەرێكی قوتابخانە نییە حیزبی نەبێ . جگە لەوەش لە ئێستادا بە دەیان قوتابخانەی ئەهلی لە لایەن خەڵكانی بازرگانەوە كراونەتەوە بۆ مەبەستی پارە و لە لایەكی تریشەوە جیاوازی چینایەتی دروست دەكات كە زۆر مەترسیدارە لەم سەردەمی عەولەمەیەدا .
ئەگەر باسی بواری خوێندنی باڵاش بكەین دەبینین بۆتە بوارێكی بازرگانی و پەیدا كردنی پارە . هەرچی ڕاست دەبێتەوە زانكۆیەك دەكاتەوە . كردنەوەی زانكۆ وەكو دامەزراندنی كارگەیەكی بەرهەم هێنان سەیر دەكرێت لە لایەن بازرگانەكانەوە . سەیركەن ئەم هەرێمە چەند زانكۆی ئەهلی تێدایە , لە هەموو ئەوانەش گرنگتر سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم زانكۆی تایبەت بە خۆیان هەیە . ئاستی مامۆستاكانی زانكۆ لەوپەڕی نزمیدایە .
بە نامەی بەرپرسێكی حیزبی نەخوێندەوار زۆر خوێندكار هەن بە قبوڵ خاس لە زانكۆ وەرگیراون . بە قبوڵ خاس ماستەرو دكتۆرای علوجیان تەواوكردوە . زوربەیان ڕیسالەی ماستەرو دكتۆراكەشیان بۆ نوسراوەتەوەو هیچ نازانن. ئەگەر سەردانێكی مەیدانی بۆ ماڵی مامۆستایانی زانكۆ ڕێك بخرێت ، دەردەكەوێت ، لە چوار بەشیان سێ بەشیان هەر كتیبَخانەیان نییە . هەیانە هیچ لەكۆمپوتەر نازانێت .كەواتە هیچ ئاگایەكی لەپێشكەوتنەكانی زانست و زانیاری نییە .
هەندی مامۆستای كۆن هەن كە لە ڕێگای لێكۆڵینەوەو توێژینەوەوە توانیویانە بە ئاستێكی باڵا بگەن و خاوەنی زانست و زانیاری باشن . بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوانە حیزبی نین ، یان سەر بە دوو حیزبی دەسەڵاتدار نین ، لە ناوەندی بڕیارداندا نین و پرسیاریان لی َناكرێت و بۆچونەكانیان بە هەند وەر ناگیرێت . ئەگەر ئەوانە خانە نشین بكرێن ، بواری خوێندنی باڵا دەچێتە ژێر دەستی مامۆستا علوجە قبوڵ خاسە حیزبیەكانەوەو بە تەواوی بواری خوێندنی باڵا وێران دەبێت .
سێكتەری تەندروستی . ئەم بوارە زۆر گرنگە بەرپرسە لە پاراستنی تەندروستی هاولاِتیان . سەرنج بدەن پزیشكەكان چەند ماندون لەو كاتەوە ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەركەوتوە . ژیانی چەند كەسیان لە مردن ڕزگار كردوە . كەواتە ئەم كارەی پزیشكەكان ئێجگار پیرۆز و بە نرخەو جێگەی خۆیەتی ڕێز لە هەموو كارمەندانی تەندروستناو ی بگیرێت و حەقی خۆشیەتی ئەمانە پاداش بكرێن .
بەڵام بەداخەوە ئەم بوارەش لە مرۆڤ دۆستییەوە خەریكە بەتەواوی دەبێتە بواری بازرگانی و پەیداكردنی پارەو لایەنە مرۆڤایەتیەكە لە دەست دەدات . لە وڵاتێكی وەكو سوید نە قوتابخانەی تایبەتی هەیە بۆ دەوڵەمەندەكان و نە زانكۆی ئەهلی هەیەو نە نەخۆشخانەی ئەهلی هەیە . بەڵام سەیركەن لەم ولاتەی ئێمە دەیان و سەدان زانكۆ و قوتابخانەو نەخۆشخانەی ئەهلی هەیە .
هەرچی بازرگانی دەرمان هەیە لە دەستی بەرپرسە حیزبیە دەست ڕویشتوەكاندایە . دەرمانەكان خرابترین كوالییتیان هەیە . ژمارەی دەرمانخانەكان بەقەدەر ژمارەی دوكانی میوە فرۆشەكانە . هەر یەكەی دەرمان بە نرخێك دەفرۆشێت . دەڵالی دەرمانەكان هەیەو بەرتیل بە دكتۆرەكان دەدەن بۆ ئەوەی دەرمانی ئەمانە بنوسن .
كەواتە بواری پەروەردەو تەندروستی لە ئاستێكی زۆر مەترسیداردایەو لە ژێر كۆنتڕۆڵدا نەماوە و هەموشی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە لێی بەرپرسیارە . بڕواناكەم ئەمەش نمونەی هەبێـت لە هەموو جیهاندا . دوای ئەوەی كێشەی نەمانی ئۆكسجین لە خەستەخانەی ڕزگاری هەولێر دروستبوو ، بەوهۆیەوە چەندین كەس گیانیان لە دەست دا .لەئەنجامدا بڕیارێك دەرچوو بۆ نرخی چاەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە خەستەخانە ئەهلیەكان ، كە ڕاستی زۆر لە عەقَل و مەنتیقەوە دوورە .
ئێستا لەتۆڕە كۆمەلاِتییەكان وا بڵاوبۆتەوە كە ئەوەی لە خەستەخانەی ڕزگاری هەولێر ڕویداوە سیناریۆ بوەو بەپیلانی خاوەن خەستەخانە ئەهلیەكان و بازرگانە حیزبییە دەرمان فرۆشەكان بوە بۆ ئەوەی خەڵك بڕوای بە خەستەخانە حكومیەكان نەمێنێت و ڕوبكەن خەستەخانە ئەهلیەكان .
تەنانەت لە تۆڕە كۆمەلاِیەتییەكان نوسراوە حكومەت وەزارەتی تەندروستی بە كەرتی تایبەت دەفرۆشێت . ئەمە ئەگەر هەر قسەش بێت ، كەمێك لە ڕاستییەوە نزیكە . ئاخر چ مانایەكی هەیە نەخۆشی توشبو بە كۆڕۆنا بنێریتە خەستەخانەی ئەهلی و بە پارەیەكی خەیاڵی چارەسەر بكرێن ، لە كاتێكدا بارودۆخی دارایی هاولاِِتیان لەوپەڕی خراپیدایە. لە كویی دونیا ئەمە هەیە ؟؟ بەڕاستی وەزیری تەندروستی كەسێكی لاوازو بێ توانایەو شایانی ئەو پۆستە نییە . ئەگەر ئەو لەئاستی وەزیری دابوایە هەرگیز بڕیاری ئاوای دەرنەدەكرد . لە كاتێكدا سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت خاوەنی چەندین ملیار دۆلارن , سەدان بەرپرسی ئەم هەرێمە هەر یەكەیان خاوەنی دەیان و سەدان ملیۆن دۆلارن ، بە هۆی دزی و گەندەڵی ئەمانەوە هەرێمی كوردستان ئیفلاسی كردوە .
لە بری ئەوەی ئەو پارە دزراوانە بگەڕێننەوە بۆ هاولاِتیان ، ئێستا ئەوان داوا لە هاوڵاِتیان دەكەن هاوكاری بواری تەندروستی بكەن . ئەمە لە كاتێكدایە ماوەی 8 مانگە تەنها دوو موچە ئەویش بە نیوە ناچڵ دراوە . خەڵك بە جارێك فەقیر بووە .
لە سەروی هەموو ئەمانەشەوە حیزبەكەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بە ئاشكراو بەبەر چاوی خەڵكەوە حەیایان تكاوەو هەرچی داهاتی گومرگەكان هەیە تاڵانی دەكەن . نەوت بە قاچاخ دەفرۆشن . باج نادەن . بێ شەرمانە دەڵێن پارەمان نییە بۆ موچە . باشە بەم حاڵەوە چۆن پارە دەبێت بۆ موچە .
لە هەموشی گرنگتر ئەوەیە لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێك ناكەون دەیانەوێت حكومەتی ناوەند پارەیان بداتی و بەڵام داهاتی خاڵەسنوریەكان ڕادەستی بەغدا نەكەن. ئەوە لەبەر خاتری خەڵك نییە كە ڕازی نابن خاڵە سنوریەكان ڕادەستی بەغدا بكەن ، بەڵكو لەبەر ئەوەیە ڕێگای دزی و تاڵانیان نامێنێت . لەبەر ئەوەیە حكومەتی عێراق و هاولاِتیان داهاتی حەقیقی گومرگەكان نەزانن .
ئەگەر هەموو داهاتی خاڵە سنوریەكان بە باشی كۆبكرێتەوەو بە تاڵان نەبرێت و نەوت بە قاچاخ نەفرۆشرێت و باجی تەواو وەرگیرێت ، حكومەتی هەرێم پێویستی بە بەغدا نییە بۆ پارە .ئەوەتا سەرۆكی حكومەت بە ئاشكرا دەڵێت : ڕێگانادەین فەرمان بەرانی بەغدا بین بۆ سەرپەرشتی كردنی خاڵە سنوریەكان . باشە ئەگەر دزی ناكەن لە چی دەترسن و بۆچی نەیەن ؟؟. ئەوەتا دەستەكانی گەندەڵی و دزییان ئاشكرابوو .
ئەگەر لە خەمی خەڵكن خۆ ئێستا داهاتی ئەم گومرگانە لە ژێر دەستی خۆیاندایە بۆچی نایگیڕنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت بۆ ئەوەی موچەی پی َبدەن . موچە نادەن و هەر كەسێك ناڕەزایی نیشان بدات یان خەڵك خۆپیشاندان بكەن یەكسەر بەڵتەجییەكانیان پەلاماری خەڵك دەدەن . ئاخر لە كوێ ی دنیا هەیە تۆ سامانی وڵات بە تاڵان بەرێت و موچەی هاولاِتیان نەدەیت . لە بری ئەوەی حكومەت دەست لە كار بكێشێتەوەو داوای لێبوردن لە خەڵك بكات ، هێشتا ئەوان پەلامالاری خەڵك بدەن و سزاو ئەشكەنجەیان بدەن ، بەناوی ئاژاوەگێڕییەوە . دەبوایە ئەم حكومەتە ئەگەر نەشتوانێت موچەی هەموان بدات ، بەردەوام موچەی كارمەندانی تەندروستی بدات .
ئەوانە ماندو نەناسانە لە پێشەوەی بەرەی چەنگدان . خەڵك لە ماڵەوەیە . ئەوان لەشەڕدان . ئاخر چ مانایەكی تێدایە موچەی كارمەندانی تەندروستی ببەستیتەوە بە موچەی ئەو بندیوارانەی كە تەنها بۆ دەنگدان كراونە موچە خۆر . لێرەوە دەردەكەوێت كە ئەم دەسەڵاتدارانە بە هیچ شێوەیەك لەخەمی خەڵكدا نین .
بەڵی وەزیری تەندروستی هەرێمیش دەستە گوڵی ئەم حكومەتەیە و ئەوەتا نەخۆشەكان دەنێرێتە خەستە خانە ئەهلیەكان چونكە خاوەنەكانیان سەربە حیزبی دەسەڵاتن . با بزانین كاتێك ڤاكسینی كۆڕۆنا بە تاواوی دەدۆزرێتەوەو دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە لە هەمو جیهان بە خۆڕایی دەبێت ، كاكی وەزیر چ داهێنانێك بۆ ئەوەش دەكات ؟؟.
دیارە خەستەخانە ئەهلیەكان بۆ ئەوەش خۆیان ئامادە كردوە . ئەگەر لە بیرتان بێت كاتێك ژمارەی توشبوان لە سلێمانی لە هەولێر زیاتر بوو ، توانج و پلاریان لە سلێمانی دەگرت ، وەكو ئەوەی خەڵكی سلێمانی بە دیاری بۆخۆیانیان هێنابیت یان پزیشكان و كارمەندانی سلێمانی لە هەولێر خرابتر بن . ئەی ئێستا دەڵێن چی ؟؟.
ئەوەندەیان توانج پلار لە سلێمانی دەگرت ، ئێستا لە داخی ئەوە كەسانێك هەن دوعا دەكەن ژمارەی توشبوان لە هەولێر زیاتر ببێت .ئەوە كاردانەوەیە نەك حەزی خەڵك . ئەوە ڕەفتاری ناشیرین و نا جوامێرانەی بەرپرسەكانە ئەو بارو دۆخانە دروست دەكەن لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا
هیوادارم بەرپرسانی تەندروستی دەڤەری سلێمانی چاو لە هەولێر نەكەن و هەرگیز توشبوانی كۆڕۆنا نەنێرنە خەستە خانە ئەهلیەكان و ئەو دەرگایە بۆ كەس نەكەنەوە . چۆن مەردانە ئەو ماوەیە وەكو شێر ڕوبە ڕوی ئەونەخۆشیە بونەوە ، بەردەوامبن و زۆری نەماوەو گەورەترین سەربەرزی بۆخۆتان تۆمار بكەن . هەر چەندە دەزانین زۆر لە بەرپرسانی باڵای حكومەت ، بە یەك چاو سەیری هەولێر و سلێمانی ناكەن . سەیركەن سیناریۆی چۆن ڕێك دەخەن .گوایە خێر خوازێك بڕی 50 هەزار دۆلاری كردوە بە خێر و دابەشیان كردوە بەسەر 100 پزیشك و كارمەندی خەستەخانە لەهەولێر و قسەوباسی زۆری لێكەوتەوە .
چونكە لە دابەشكردنی ئەوپارەیە ناعەدالەتی كراوەو تەنها دراوە بەو كەسانەی لە خۆیانەوە نزیكن . ئەمەش وەكو دەزگای خێرخوازیەكەی بارزانی وایە پارەی میللەت دەدزن و بەو ناوەوە دەیبەخشن .
لە دابەشكردنی دەرمان ڕێژەی فەحس كردنیشدا جێاوازی سلێمانی وهەولێر دەكرا . هیوادارم كارمەندانی تەندروستی دەڤەری سلێمانی ئەم جۆرە ڕەفتارە ناشیرینانە ساردیان نەكاتەوە لە ئەركە پیرۆزەكانیان و لێرە بەدواوە بە گەرم و گوڕتر كار بكەن و خەجاڵەتیان بكەن . چی بكەین حكومەت بەچاوی دایكە زڕەكەوە سەیری سلێمانی دەكات . بە ئاشكرا هەستی پێدەكەی ئەم حكومەتە بە هەموو پێشكەوتنێكی دەڤەری سلێمانی ناڕەحەتەو وەكو دوژمن مامەلەی هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە دەكەن .
پزیشكان وكارمەندانی دەڤەری سلێمانی جێگەیشانازیمانن . هیوادارین پێشەنگ بن بۆ ئەوەی شاری هەڵمەت و قوربانی لە ڕیزی پێشەوە دابێت و هەر شاری شاران بێت . دەستی ماندوبونتان دەگوشین كارمەندانی تەندروستی , هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین . هەمومان قەرزدارتانین و هەر گیز ماندوو بونی ئێوە لە یاد ناكەین و كارەكەتان بەرز دەنرخێنێن . ئەمەی ئێستا لەئارادایە ئاخیری دنیا نییەو لەدوای هەموو ناخۆشییەك ، خۆشییەكیش هەیە .