نیشتمان لەوپەڕی نادایکیدا
2020-08-15 10:10:30
پەیكار عوسمان
- ئاساییە خەڵك لە دەسەڵاتێکی فاشل و فاسدو چەتە، ناڕازیبێ و بێتە سەر جادە. ئاساییشە خەڵك بگیرێن و بە توندوتیژی بەرپەرچیان بدرێتەوە، چونکە دەسەڵاتێك بەو مواسەفاتەی کە هەیە، هەر ئەونەی لەبارایە. تا ئێرا ئاسایی و چاوەڕوانکراوە. ئەوەی کە ئاسایی نیە، ئەوەیە کە دایك بگیرێ و کوڕ بیلاوێنێتەوە. ئاخر وێنە باوە بەعسییانەکە، ئەوەیە کە کوڕ بگیرێ و دایك بیلاوێنێتەوە، نەك بەعەکسەوە! پێموایە لێرەدا پۆستاڵی پارتی، هەنگاوێ پێش پۆستاڵی بەعس کەوتووەو ئیبداعی کردوە لە گوڕێنەوەی شوێنی دایك و کوڕدا، کە بەهەردو دیوا هەر ستەمکارییە، بەڵام بەم دیوە تازەیەدا قێزەونترە!
- قێزەونترە، چونکە نیشتمان لە باڵاترین پێناسەیدا، ئەوەیە کە پێ ی ئەوترێ "دایك". دەی دایکەکانی وڵاتی ئێمە، ئەو مرۆڤە بەدبەختانەن کە ئەوپەڕی ڕەزالەتی مناڵەکانیان بەچاوی خۆیان ئەبینن، کە ئەوە مردنە بۆ دایك. ئەمە جگە لەوەی ژیانی خودی خۆشیان دنیایەك مردنی تری تێدایە، لەبابەتی مردنی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی ژن، مردنی ئابووری و سەرەی تەقاعودی کە ناشیاندەنێ، مردنی دینی و بە نوقسان سەیرکردنیان، تا ئەگات بە قەیران و مردنە گشتییەکە، کە لەوێشدا وەکو نیوەی کۆمەڵ، پشکی نیوەیان بەرئەکەوێ.
- ئەوە حاڵی دایکەو حاڵی نیشتمانیش ئەوەیە کە بەردەوام لەژێر لاقەکردنێکی چڕوپڕی خۆماڵی و بێگانەدایە. جا لێرەدا من نازانم دایك و نیشتمان، غەدر لەکامیان کراوە کە بەویتر چوێنراوە؟ بێگومان بۆ نیشتمان شانازیی نیە بە دایکێك بچوێنرێ کە ئەوە حاڵیەتی و بۆ دایکیش شانازی نیە کە نیشتمانێکی لاقەکراوی پێ بچوێنرێ.
- جەوهەرو مانای دایك، لە ئەرکی دایکێتیدایەو لێرەدا دایك ئەو بوونەوەرە ئەخلاقییەیە کە بێبەرامبەر ئەرکی دایکێتی خۆی جێبەجێ ئەکات. ئەرکی ئەویش یەعنی ئەوپەڕی میهرەبانی و ئەوپەڕی دڵسۆزی و ئەوپەڕی خۆشەویستی و ئەوپەڕی قوربانیدان و ئەوپەڕی بەخشندەیی.. دەی جەوهەرو مانای نیشتمانیش ئەوەیە کە ئەرکی نیشتمانێتی جێبەجێبکات، ئەرکی نیشتمانێتیش ئەزانی چییە؟ هەمان ئەرکەکانی دایکێتییە بەڵام لەبری "ئەوپەڕی"، "لانیکەمی"!
- یەعنی لەڕاستیدا نیشتمان دایك نیە، نیشتمان لانیکەمی دایکایەتییە. نیشتمان ئەو شتەیە کە هەر بە تۆزێك و بە لانیکەمی ئەرکەکە ئەبێ بە دایك، لەکاتێکا دایك خۆی، بە تەواوی ئەرکەکەو بەوپەڕی شتەکە دایکە!
- ئینجا دایك خۆی لەخۆیدا دایکەو هەر بەوەی کە دایکە، ئیتر ئەرکی دایکایەتی ڕائەپەڕێنێ بەبێ ئەوەی هێزێکی دەرەوەی خۆی ناچاری ئەوەی بکات. بەڵام نیشتمان خۆی لە خۆیدا نیشتمان نیەو ئەبێ ئێمە بیکەین بە نیشتمان و بەو شتەی کە لانیکەمی دایکایەتیمان بداتێ.
- بۆئەوەشی نیشتمان بکەین بە لانیکەمی دایك، ئەبێ ئێمە خۆمان لانیکەمی ئەولادو فەرزەندەبین. لانیکەمی فەرزەندەییش ئەوەیە کە خۆت ستەم لەو دایکە نەکەیت و قبوڵیش نەکەیت ستەمی لێبکرێ. پێوەری ئەو ستەمەش ژیانی گشتییە. یەعنی تۆ تا بونەوەرێك بیت لەناو عەقڵیەتی ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆیدا، نیشتمان ناتوانێ دایکبێ. ئەبێ هەرکەس لەناو هۆشیاری خۆیدا بچێتە ناو ژیانی گشتی و بەرژەوەندی گشتی، ئینجا نیشتمان ئەکەویتە ناو دایكبوونەوە.
- لانیکەمی فەرزەندەیی، ئەوەیە کە هۆشیاری و ڕاستی و ئەخلاق سەرخەین بەسەر بەرژەوەندی و ڕق و دەمارگیریداو تەنیا لەبەر مەسڵەحەتێك، یان لەڕقی فڵان کەسێك، یان لەبەر دەمارگیری حیزبی و ئایدۆلۆژیی، خۆمان لە ستەمێك گێل نەکەین کە بە بەرچاومانەوە ئەکرێ. نیشتمانە دایکەکەش تەنیا بەم جۆرە فەرزەندەیە دروستئەکرێ. یەعنی مەسەلەکە ئەوەنیە کە نیشتمان بۆ نیشتمان نیەو بۆ دایك نیە، چونکە نیشتمان خۆی ناتوانێ خۆیبێ و دایكبێ، ئەبێ تۆ بیکەیت بەوە.
- دایك مناڵ دروستئەکا، بەڵام نیشتمان هاوڵاتی دروستناکا، بەڵکو هاوڵاتی وڵات دروستئەکاو ئەبێ لەپێشا "هاوڵاتی" هەبێت. هاوڵاتیبوونیش ئەوەیە کە بێبەرامبەرو وەکو ئەرکی ئەخلاقی کار بۆ پرسە گشتییەکان بکەیت، وەکچۆن دایك بێبەرامبەرو وەکو ئەرکی ئەخلاقیی خۆی مناڵ بەخێوئەکات.
- یەعنی لەڕاستیدا دایکایەتی ئاسایی و دایکایەتی نیشتمانی، ڕێك پێچەوانەن و ئێمە هەڵەین کە پێمانوایە ئەبێ نیشتمان دایکمانبێ، بەڵکو ئەبێ ئێمە دایکی ئەوبین. ئەگەر دایکایەتییەکی نیشتمانیش بۆ ئێمە لەئارادابێ، ئەکەوێتە دوای ئەم دایکایەتییەی ئێمەوە بۆ ئەو! بەڵام ئێمە بە دەسەڵات و شەعبەوە، لەوپەڕی عەقڵیەتی نادایکییدان بەرامبەر وڵات و پرسە گشتییەکان، بەم عەقڵەشەوە بەرەو بەغدا لێخوڕین، یان بەرەو دەوڵەتی کوردی، هەر ئەچینەوە ناو نانیشتمان!
- ترحێو ئەمەم نوسی بۆ ئەو کوڕەی کە دایکە شەست ساڵانەکەی دەستگیرکراوە، کەچی تا تەواومکرد خۆشی گیرا!