Draw Media

یان هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی، یان وازهێنان 

یان هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی، یان وازهێنان 

2020-08-14 11:23:19


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

    دوا ده‌نگوباسی كه‌ین و به‌ینی هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غداو هه‌رێم بۆ بابه‌تی رێككه‌وتن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌، هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن. كاتیش ئه‌ڕواو له‌م كات به‌ فیڕۆچوونه‌شدا به‌غدا هیچ په‌له‌ی نییه‌!، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاگره‌و پێویستیی به‌وه‌یه‌ رۆژێك زووتر رێككه‌وتن رووبدات حكومه‌تی هه‌رێمه‌، له‌گه‌ڵ درێژه‌كێشانی هه‌ر ساتێكی دواكه‌وتنی زیاتری دابه‌شكردنی مووچه‌شدا، تووڕه‌یی دانیشتوانی هه‌رێم زیاد ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌م تووڕه‌یه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ سه‌ر زۆرێك له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی و پارتی خۆیشیان‌ كه‌ وه‌ك هه‌ر هاووڵاتییه‌كی تر، ئه‌وانیش موچه‌خۆرن و ماڵ و منداڵیان هه‌یه‌.
  ئێستا ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، به‌پوختی و ساده‌یی، ئه‌وه‌یه‌:  كاتێك كه‌‌ له‌ دواساتدا له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، ده‌بێ به‌دیلتان هه‌بێ. له‌ سیاسه‌تكردن و به‌تایبه‌ت هونه‌ری دانوستاندا، به‌دیل پێگه‌ت به‌هێز ئه‌كات، به‌ڵام كه‌ ئه‌مه‌ت نه‌بوو و هێشتا هه‌ر ئاماده‌ی رێككه‌وتن نه‌بیت، ئه‌وسا، خودی رێككه‌وتن خۆی، هه‌رچۆنێك بێ، كه‌متر تموح و چاوه‌ڕوانیی تۆی تیا به‌دی دێت، چونكه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌زانێ كه‌ تۆ چه‌كێكت هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ چروكه‌و فیشه‌كی تێدا نییه‌!، بۆیه‌ هه‌رگیز به‌پێی ویستی تۆ رێك ناكه‌وێت، ئه‌گه‌ر گره‌ویشت له‌سه‌ر كات بێ كه هاوكات‌ له‌سه‌ر حسابی گوزه‌رانی میلله‌ته‌كه‌ی خۆته‌، ئه‌وا ره‌نگه‌ به‌غداش، به‌ هه‌مان گره‌و، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بێ كه‌ دۆخی هه‌رێم، به‌بۆنه‌ی قه‌یرانی ئیداریی و داراییه‌وه‌، بته‌قێته‌وه‌!، ئه‌م گره‌وه‌ش واقعیتره‌ له‌ گره‌وه‌كه‌ی براده‌ران ته‌نها له‌ یه‌ك حاڵه‌تدا نه‌بێ، كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، به‌ هه‌ر نرخێك بێت، حكومه‌تی هه‌رێم بتوانێت تا چه‌ند مانگێكی تر، به‌ بێ لێ بڕین و له‌كاتی خۆیدا، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدات.
  ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌م كاره‌‌ی پێ ده‌كرێت، ئه‌وا با رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵپه‌سێرێت، ئه‌گه‌ریش پێی ناكرێ، ئه‌وا ده‌بێ واقعبین بێ و رۆژێك زووتر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئیمزا بكات. واته‌ ده‌بێ حكومه‌ت و به‌رپرسانی ناوی به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرن. ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات بریتییه‌ له‌ نابه‌رپرسیارێتییه‌كی ترسناك كه‌ هه‌زارو یه‌ك ته‌فسیر هه‌ڵده‌گرێت!، چونكه‌ قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وامن و قوڵتر ئه‌بن، نه‌ ئه‌وه‌تا چاره‌سه‌ر بكرێن، نه‌ ئه‌وه‌تا یه‌كلاكردنه‌وه‌یان بۆ حكومه‌تێكی رزگاریی نیشتمانیی به‌جێ بهێڵن و وه‌ك ئه‌زموونی حكومه‌ته‌كه‌ی لوبنان، وازبهێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand