ئه‌وان خه‌ریكی چین
2020-08-13 22:02:49
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له‌م رۆژانه‌ی پێشوو پارله‌مانتارێك كه پێشتر لوقمه قازی ده‌فرۆشت و ئێستاش فۆڕمی نه‌ویستنی خانه‌نشینی پارله‌مانی پڕنه‌كردوه‌ته‌وه ،به جۆرێك وتبوی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت له برسێتی و نه‌بوونی له پێشتره،ئه‌و براده‌ره ویستی گۆڕینی ژیانی خه‌ڵك و باشكردنی ژیانی بیر چوه‌ته‌وه كه دروشمی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌كه‌ین ، هه‌ر ئه‌و نا له نیوه زیاتری پارله‌مانتاره‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه وازیان له په‌یامه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌یان هێناوه كه ژیانی شكۆمه‌ندانه‌و نانی بێمنه‌تانه‌یه‌و خه‌ریكی گیر‌و گازی ترن، تیایاندایه خه‌ریكی هێنان و بردنی كۆمپانیای ئه‌وبه‌ره بۆ ئه‌م به‌رو به‌وه‌ش گوایه ده‌یه‌وێت كێبڕكێ دروست بكات ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و خورمایه‌ی ده‌یخوات ناوكه‌كه‌یشی له گیرفانی خۆیدا بێت ، تیایاندایه مانگی یه‌كجار بۆ میدیا قسه ده‌كات و قسه‌كه‌یشی به دڵی ناخودای یه‌كێك له زۆنه‌كانه ، مرۆڤ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت زۆر به ئه‌سته‌م ده‌نگ و ره‌نگی بزوتنه‌وه‌كه له‌واندا ده‌دۆزێته‌وه ، ئێ خۆ ئه‌مه هه‌موو بزوتنه‌وه‌كه‌ی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ده‌یزانن لێ ده‌سته پاچه‌ن له چاره‌سه‌ردا ، ئه‌م نووسینه بۆ تانه دان نیه له كه‌س ، به‌ڵام وه‌ك خه‌مێك جۆرێكه له به‌شداریكردن .
ئایه هه‌قی خۆی نیه پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا خه‌ریكی چین ، ئێ لانی كه‌م دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر مه‌كۆی قه‌ڵادزێ هات ئیتر هه‌قه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه ، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به‌شێكی زۆر له كورسی و پله ته‌ڵه‌به‌كانی به دوركه‌وتنه‌وه‌ی قادری حاجی عه‌لی ، عوسمانی حاجی مه‌حمود وهه‌زاران ناوی دیكه كه پێویست به ناوهێنانیان ناكات و دیارن خه‌نی ده‌بن و پێیان وایه ئه‌و جێچۆڵكردنه بۆ ئه‌وان ده‌سكه‌وته ، دواتریش نه‌ده‌توانن رۆڵی ئه‌وان بگێڕن ، نه‌ده‌توانن ئه‌و بۆشاییه گه‌وره‌یه پڕبكه‌نه‌وه كه له جه‌سته‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌یاندا دروست بووه ، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ئێستا له بار‌و دۆخێكی زۆر ناخۆشدا نه له ده‌سه‌ڵاتا خاوه‌ن بڕیار‌و بگۆیه ، نه ئۆپۆزسیۆنێكه كه ئومێدی پێبكرێ ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك شاسوار عه‌بدولواحید ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵك دێنێته سه‌ر شه‌قام ئه‌و به‌ر له‌هه‌ر كه‌س و لایه‌ك ده‌یه‌وێت له بایه‌خی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه كه‌مبكاته‌وه .
من به‌ر له چه‌ند ساڵێك به نووسین و به په‌یامیش وتم لانی كه‌م ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر خۆیشی هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه با خۆی سڕ بكات ، خۆ سڕ كردن به‌و مانایه‌ی تا ماوه‌یه‌ك سیاسه‌ت نه‌كات و به‌لای كه‌مه‌وه خه‌ریكی ئه‌و پڕۆژه فكری و توێژینه‌وه زانستیه بێت كه نه‌وشیروان مسته‌فا ئاواتی بۆ ده‌خواست ، خۆی سڕ بكات و روون و ڕوانیش به خه‌ڵك بڵێت ئێمه بۆ گۆڕینی سیستم و نووسینی ده‌ستورو نه‌مانی گه‌نده‌ڵی و ژیانی باشتر بۆ ئێوه دروست بووین ، كه ئێوه پشتگیری ئێمه ناكه‌ن ، ئێمه‌ش وێڕای ره‌خنه گرتن له ئێوه خۆمان سڕ ده‌كه‌ین له كاری سیاسی ، نه‌یانكرد ، ئێستا كه شوناسی بزوتنه‌وه‌كه له به‌رده‌م ونبوندایه ئایه ناكرێ هه‌مان په‌یام و داوا دوو باره بكرێته‌وه ؟
ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هیچ پێویستی به‌وه نه‌بوو چیا‌و نمای نه‌وشیروان مسته‌فا ببنه خاوه‌نی تاپۆی زۆر شتی ، چیا‌و نماش هیچ پێویستیان به‌وه نیه ئه‌و گردو كۆمپانیا‌و شتانه به ناویانه‌وه بێت ، بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌نده به‌سه كوڕی نه‌وشیروان مسته‌فان ، ئه‌و پیاوه‌ی هه‌زاران گه‌نج له باوكیان زیاتر خۆشیان ده‌ویست و خه‌ڵك نازناوی باوكی هه‌ژارانیان لێنابوو .
پارله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان كه سه‌دان مریشك فرۆش و كۆڵكێش و میوه فرۆش و عه‌ره‌بانچی ده‌نگیان پێدا ، ئێستا له بری ئه‌وه‌ی سه‌یری رابردووی خۆی بكات و شه‌ڕ له سه‌ر ئه‌وانه بكات ، ئه‌ویش به ده‌ستی خاڵیه‌وه ده‌وڵه‌تبازی ده‌كات ، ئه‌مه بێئه‌وه‌ی بیری بێت كه رێكخه‌ره‌كه‌ی پێشووی ده‌یگوت ده‌وڵه‌تداری سه‌ره‌تا بریتیه له دروستكردن و بونیاد نانی پایه‌كانی.