ڤاكسینی چاکسازی!
2020-08-11 18:22:30
ئارام سەعید
ڤاكسینی چاکسازی!
بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کورۆنا کاریکی کردوە ولاتانی جیهان جەنگی گەورە رابگەیەنن دژی ڤایرۆسەکە و ولاتان لەجەنگدان بەرامبەر دوژمنێکی نەبینراو. لەو ولاتانەی دیکتاتۆرەکان حوكم دەكەن ئەو دوژمنە نەبینراوە تەنها کورۆنا نیە بەڵكو هاولاتیانیش دەگرێتەوە.
لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە خەلک لە ترسی کورۆنا دەستبەرداری زۆر مافی خۆی بوو، هەرەشەی کورۆنا و ترس لە بلاوبونەوەی کاریکی کرد ، بەناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیەوە خەڵک خۆی تەسلیمی حکومەت بکات و مافی زیاتر زەوت بکرێت ، هێشتا وادەیەک نیە بۆ کۆتایی هاتنی ئەو ترسە لە کورۆنا، كەواتە دەبێت بەردەوام چاوروانی رێوشوێنەکانی وەزارەتی ناوخۆ و قەدەغەی هاتوچۆو داخستنی رێگاکان بین؟ یان پارە کۆبکەینەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت؟
لەهەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەل بڵاوبونەوەی پەتای کورۆنا حوكمڕانان پەتای چاکسازیشیان بلاوكردەوە وەک ڤایرۆسیکی كوشندە موچەی فەرمانبەرانی بڕی و دوایخست.
دوو پەتاهەن كە ترسناکن، ئەگەر ڤاکسین بۆ یەکیکیان دۆزرایەوە ئەوا دەبیت ئەوی تریش ڤاکسینەکەی دروست بکریت.
پەتای کورۆنا زۆر ئازیزی لەدەستداین و جیاوازی ناکات لەنێوان کەسدا، پەتای چاکسازی تەنها موچەکەی لیدیارە و جیاوازیەکەی ئەوەیە ناچێتە سەر پارەی نەوت و داهاتەکانی ترکە دیارنین بەس موچەی گرتۆتەوە.
لەهەر شوێنێک سەرکردەی سیاسی گەندەل هەبێت ئەوا چاوەروان بن قەیرانەکان بقۆزیتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی ، لەپاڵ پەتایەکدا چەندین پەتای تر بلاو بكاتەوە.
زاناکان سەرقالی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ کورۆنا، کە ڤایرۆسیکە لە چین سەری هەڵدا و چەند زیانی بۆ دیموکراسی و رای جیاواز هەیە لەهەمان کاتدا توشی هەندی وەزیرو بەرپرسی ستەمکاریش بوە، جیاوازی ناكات، پەتای چاکسازیش کە ڤایرۆسێکە لەناو هەرێمدا دۆزراوەتەوەو دەبێت لێرەش ڤاكسینی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەگەر لە ئیستادا کاری شاردنەوەی گەندەلیەکانی تری داهات بیت رەنگە لە چرکە ساتیکی مێژویدا ، ئەو پەتایە چۆن زیانی بە هاوڵاتیان گەیاند ئەگەر ڤاكسینەكەی نەدۆزرێتەوە بەهەمان ئەندازەش لە سنگی دەسەلات بدات و هەناسەی لێ ببڕێت.