دەبێت هەرێم لەبری نەوت چی بفرۆشێت؟!
2020-08-10 08:36:10
زانا ئەحمەد
تا ئێستا هیچ وادەو کاتێکی دیاریکراو بۆ دابەشکردنی موچە نیەو ئەمرۆ سەرو ٤٠ ڕۆژ تێپەڕ دەکات بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی دوو دا، تۆ تەماشاکە مانگی هەشتەو هێشتا تەنها موچەی مانگی دوو دابەشکراوە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم هیچ ڕۆژێک نەبووە لە فرۆشتنی نەوت وەستابێت و بەبەردەوامی نەوتی خۆی فرۆشتووە!!!
بەدەر لەمەش بەو پێیەی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم هی ڕابردووە، هیچ کاتێک نەبووە کە هەرێم نەوتی خۆی لە هەرزانیدا فرۆشتبێت، واتە ئەو چەند رۆژەی کە نرخی نەوت هاتە ٢٠ دۆلار و کەمتر لە٢٠ دۆلار هەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشت، بەڵام بە نرخی رابردوو نەک هی ئەو کاتە، بەماوەیەکی کەمیش نرخی نەوت بەرزبویەوە بۆ نزیکەی ٤٠دۆلار بۆ هەر بەرمیل نەوتێک و بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە زاری خۆشیان بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژانە نزیکەی ٣٥٠هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
ئەمەش دەریدەخات کە پاساوی دابەزینی نرخی نەوت و نەخۆشی کۆرۆنا لەجێگەی خۆیدا نیە و نابێت ئەوە بکرێتە بیانوو بۆ دابەشنەکردنی موچە.
بەکوردیەکەی حکومەت نەوتی ئەم شەش مانگەی فرۆشتووە و پارەکەی وەرگرتووە، بەەڵام نە موچەی فەرمانبەرانی پێداوە نە پرۆژەیەکی ستراتیژی وای پێ دروستکردووە کە جێگەی باس بێت، دۆخی نەخۆشخانەکان و نەبوونی ئۆکسجینیش بەڕونی دیارە!!!
ئێستا کاتی ئەوە نیە ئەو پەرلەمانە ١١١ کەسیە کە لە بری قسەکردن لەسەر شوێنەوارەکان و چەند بابەتێکی تری کەم بایەخ کۆ دەبێتەوە لەسەر پرسی نەوت و دەروازە سنوریەکان و کێشەی خەڵک و موچەی فەرمانبەران کۆببێتەوە؟؟!!
کاتی ئەوە نییە پەرلەمان و هێزەسیاسیەکان و خەڵکی بپرسێت تاکەی خەڵکی لەژێر ڕەحمەتی کەمینەیەکی سەرمایەداری بێ ئاگا لە میللەت هەناسەی سارد هەڵکێشێت و بخنکێت.؟
کاتی ئەوەنیە ئیتر موچەخۆرانی هەرێم بزانن کەی موچە وەردەگرن و چەندیان لێ دەبڕێت و بۆچی لێیان دەبڕێت.؟!
کاتی ئەوە نیە پەرلەمان بەم حکومەتە بلێت لەبری فرۆشتنی نەوت بیر فرۆشتنی شتێکی تر بکەرەوە، چونکە نەوت بەو گرنگەیەی نەیتوانی ببیتە ئامڕازی خۆشگوزەرانی خەڵک.!!
نابێت بە بەردەوامی خەڵک باجی سیاسەتێکی شکستخورادووی ئابووری سەربەخۆ بدات و دەسەڵاتیش باکی بۆ بێ وەزعی خەڵک نەبێت.!
بۆیە لە ێستادا ئەم کابینەیە دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە یان جاڕی شکستی خۆی بداتـ و بە ڕونی ئەوە ڕابگەیەنێت کە لە هەنگاوی ئابوری سەربەخۆدا شکستسیان هێناوە و داوای لێبووردن لە خەڵکی بکەن،یان بەهەر ڕێگاو هەوڵێک هەیە باری داتەپیوی ئابوری خۆی ڕێک بکاتەوە و موچەی و مافە داراییەکانی موچەخۆران لە وادەی خۆیدا خەرج بکات و دۆخی خراپی خەڵکیش بگۆرێت.
بۆیە ئەگەر یەکێک لەم دوو رێگەیە هەڵنەبژێرێت ئەوا دوور نیە لە داهاتووودا دۆخەکە بەشێوەیەک تێک چێت کە کەس توانای چارەسەرکردنی نەبێتـ، کە بەڕای من ئەمە ڕێگەیەکی خراپەو ئەخوازم هەرگیز نەگەینە ئەو دۆخە.