ئەگەرەکانی پێدانی مووچە
2020-08-10 07:33:46
سەرکۆ یونس*
لەئەگەری ڕێکەوتنی حکومەتی هەرێم و ناوەند تا کۆتایی ساڵی دارایی (2020) ئەوا بەدڵنیاییەوە حکومەتی هەرێم بەم بژاردانە هەوڵ ئەدات موچە بدات ئەگەر بتوانێت!
یەکەم:_ پێدانی مووچە بەشێوازی لێ بڕینی مانگی دوو(شوبات) کە لە(%21) ی سەرجەم فەرمانبەران ومووچەخۆران و لە(%50) ی پلە باڵاکان بڕا و لەمانگی حەوت(تەموز) دابەشکرا.
دووەم _ حکومەتی هەرێم بۆ پێدانی یەک مانگی مووچەخۆران بەگشتی پێویستی بە (894) ملیار دینار هەیە ئەمەش لەئێستادا بەهیچ شێوەیەک بەردەست نی یە و داهاتەکانی حکومەت بەهۆی دابەزینی پێشتری نرخی نەوت و سەرهەڵدانی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بەشێوەیەکی گشتی داهاتەکان کەم بونەوە بۆ کەمتر لە(%50).هەربۆیە حکومەتی هەرێم خەرجییەکانی خۆی سەرەرای مووچەی مووچەخۆران بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کەم کردەوە بۆ نزمترین ئاستی پێویستی دام ودەزگاکان.
ئەگەر هاتوو موستەفا کازمی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێکبکەوێت ئەویش تا کۆتایی ساڵی دارایی (2020) کەزیاتر ئامانجەکە بۆ خودی کازمی سیاسی دەردەکەوێت چونکە وابڕیارە لەناوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت ئەگەر لایەنەکان ڕەزامەند بن. ئەویش بەپێدانی بڕی (300) ملیار دینار مانگانە و بەمەرجی وەرگرتنی داهاتی ناوخۆ و داهاتی خاڵە سنورییەکان بەڕێژەی (%50) تا کۆتایی ئەمساڵی دارایی جێ بەجێ بکرێت هەرچەندە وادەردەکەوێت کوتلەپەرلەمانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بەمە ڕازی نابن بەتایبەت کوتلە شیعییەکان.
ئەوا حکومەتی هەرێم بەم شێوەیە ئەم بڕەداهاتانەی لەبەردەستا دەبێت :-
(300) ملیار دینار مانگانە لەلایەن بەغداوە.
(21) ملیار دیناری هاوکاری هاوپەیمانان.
نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵەسنورییەکان کە بۆ مانگی ڕابردو نزیکەی (90) ملیار بووە کەواتە بۆ لەمەولا نزیکەی (45)ملیار دینار مانگانە دەبێت.
هەروەها بڕی (165) ملیار دینار داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم کەدەدرێت بە وەزارەتی دارایی هەموو ئەمانە دەکەنە نزیکەی(531) ملیار دینار مانگانە.
بەڵام وەک پێشتر باسمان کرد حکومەتی هەرێم تەنها بۆ مووچەی مووچەخۆران پێویستی بە (894) ملیار دینار هەیە کەواتە کورتهێنان دروست دەبێت بە نزیکەی (363) ملیار دینار مانگانە ئەوەی جێگای مەترسی یە هیچ سەرچاوەیەک نی یە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە گەورەیە و سەرەڕای ئەمە هیچ داهاتێک نامێنێتەوە بۆ پرۆژە ئابوری و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان واتە هەر داهاتێک دەست دەکەوێت هەرچەندێک بێت بەشی مووچە ناکات.
سێیەم:_ تاکە بژاردە ئەوەیە حکومەتی هەرێم بەئیرادەیەکی بەهێزەوە دەست بکات بە جێ بەجێکردنی یاسای چاکسازی و هەموو ئەو خەرجییە ناپێوسیت و ئەو مووچانە ببڕێت کە ناشایستەو نایاسایین و ئەو سەدان خانەنیشینی پلە باڵا ونایاساییانە ببڕێت لەسەرجەم حزب و لایەن و کەسایەتیەکان بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانێت بەم داهاتانە مووچەی فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی خۆی بدات و دەوام بەردەوام بێت بێ گومان ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کاروچالاکی ئابوری و بازاڕ کەلەئێستادا لەنزمترین ئاستدایە و رێژەی بێکاری لەسەروو (%20------%30) دەبێت و کاریگەری خراپی بەدوادا دێت کە دەرئەنجامەکانی مەترسیدارتر دەبن بۆ سەر قەوارەی هەرێم و حکومەت.
*ئابوریناس