سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

کەی درک بە مەترسیەکان دەکەن ؟؟

بڵاوکراوەتەوە لە : 9 ئاب 2020

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

ئازاد جۆڵا

هیچ کات هێندەی ئێستا کورد پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی و کۆدەنگی نەبوە ، بەتایبەتیش لەسەر پرسی کورد بەگشتی و ئەو ئاڵنگاری و گەلەکۆمەکێ و دوژمنکاریانەی کە لە ئێستادا لە ناوچەکە و دەورو بەرمان پلانی بۆ داڕێژراوەو دەگوزەرێ و بەتایبەت تر ئەوەی لە ئێستادا پەیوەستە بە دۆخی شێواو پڕ لە مەترسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و ناوچەکە ، لەمبارەیەوە هەوڵ دەدەم دۆخی خراپی ناوەخۆ بە چەند خاڵێک بخەمە ڕوو بەهیوای ئەوەی هەرچی زووە هەموو لایەنەکان بەگیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندی گشتی گەل و نیشتمان و پاراستنی ئەزموونەکەمان بەجدی بێنە سەر خەت و چارەسەری بەپەلە و ڕیشەیی بە ئامانج بگرن و هەرێمی کوردستان لەم میحنەت و مەرسییە جددیە دەرباز بکەن ، چونکە دەتوانین بڵێین ئێستا هەرێمی کوردستان بە تاڵترین و سەختترین ڕۆژەکانی ژیانی خۆیدا گوزەر دەکات و لە ماوەی ( ۲۹ ) ساڵی ئازادی و ڕزگاری خۆی هێندەی ئێستا لە دۆخێکی خراپ و پڕ لە مەترسی و لە دەست دانی کۆی خەرمانی خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی خۆی نزیک نەبووە ، تەنانەت ئێستا دۆخەکە زۆر لەو کاتە دژوارتر و پڕ لە مەترسیدارترە کەوا شەڕی ناوخۆیی و دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەبوو ، دیارە بۆ ئەمەش هۆکارگەلێک هەن کە لێرەدا زۆر بەکورتی لە چەند خاڵێکی سەرەکی هەندێک لەو هۆکارو دۆخە خراپەی ئێستای هەرێم ( بەداخێکی زۆرەوە ) دەخەمەڕوو ،

۱ - لە ڕووی ئابووریەوە هیچ کات خەڵک و حکومەتی هەرێمیش وەکو ئێستا داڕوخاوو دەستەوەستان نەبووەو هەرچی سێکتەری بەرهەم هێنانە وەستاوەو ڕێژەی هەژاری لە هەڵکشانەو بێکاریش لە ژمارە نایە ، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی لێرەو لەوێ خەڵکانێک دەستبەرداری گیانی خۆی بێت و کێشەی کومەڵایەتیش تا دێ زیاد دەکات و داهاتی تاک نزیک دەبێتەوە لە سفر .
۲ - لە ڕووی خزمەتگوزاری ۹۸٪ ی وەستاوەو گەشەو بەرەوپێش چوون بەتەواوی پەکی کەووتوەو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت جوڵەیان لەبەر نەماوە ، سێکتەرەکانی تەندروستی لە کەرتی گشتی دەستەوەستان وپەروەردەو خوێندن لە نزمەرین ئاستدایە ، بەرهەمی کشتوکاڵیش بێ بازاڕ و پیشەسازی گشتیش هەر بونی نیە ،
۳ - لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە هەرێم بەتەواوی پەراوێزخراوە و بەتایبەت لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گوێ نەگرتن لە ڕاو سەرنج و داواکارییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆست و هاوپەیمانەکانمان ، کارکردن بە ئاڕاستەی پێچەوانەی پلان و بەرنامەی زلهێزەکان و نەخوێندنەوەی بارودۆخەکە وەک خۆی ئەم دوورکەوتنەوەو پەراوێزخستنەی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات کەوا ئێستا بۆ دەربازبوون پەنا بۆ چڵە پوشێک دەبین و بەردەستمان ناکەوێ .
٤ - لە ڕووی تەبایی و یەکڕیزی و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژەکانی خۆی لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی بەڕێ دەکات و هیچ جۆرە متمانەو لێک نزیکبنەوەو هەماهەنگیەک بەدی ناکرێت لەنێوان لایەنە سیاسیەکان بەگشتی و دوو هێزە گەورەو کاریگەرەکە بەتایبەتی ، تەنانەت لە دوای حەوت مانگیش زیاتر نەتوانراوە کۆبونەوەیەکی فەرمی لەئاستی باڵا لە نێوانیان ڕێبکخەن و نەخشە ڕێگای چارەسەری و قەیرانەکان بە ئاڕاستەی چارەسەر و دەربازبوون دابڕێژن ،
٥ - لە ڕووی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حکومەت هیچ کات وەکو ئێستا کەلێنی گەورەو بێ متمانەیی و دڕدۆنگی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات نەبووەو تەنانەت وای لێهاتووە خودی لایەنگرانی حزبە دەسەڵاتدارەکانیش دژ بە حکومەت و خودی حزبەکەی خۆشی قسە دەکات و هیچ پابەند بوون و پەیوەست بونێک بەدی ناکرێ ، بەجۆرێک هاوڵاتی بڕوای بەهیچ بڕیار و ڕێنماییەکی حکومەت نەماوەو پێوەی پابەند نابێت ، زۆربەی هەرەزۆری خەڵک بەچاوی دوژمن یان ناحەز سەیری دەسەڵاتی وڵاتەکەی خۆی دەکات و بەشێوەیەکی ناشیرین و وەک مافیاو دزو جەردە وێنای دەسەڵات و حکومەتەکەی خۆی دەکات و قسەی لەسەر دەکات .
٦ - لە ڕووی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی بەجۆرێک شێواو و لاوازبووە لێرەو لەوێ هەندێک کەس ئاخ بۆ سەردەمی سەدام و هەندێکیش خوازیاری گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەنی بغدادن و بەئاشکرا و دەنگێگی زوڵاڵ ریکلام بۆ کازمی و حوکمڕانی بەغداد دەکەن و پێیان وایە لەم قۆناغە تاکە هیواو چارەسەرە بۆ دەربازبوونی هەرێم ، ئەمەش دوای بێ ئومێدی خەڵک لە چاکسازی و یەکڕیزی و شەفافیەت و پەنجە خستنە سەر برینەکان دێ ، بەجۆرێک زۆرن ئەو تێکۆشەر و خەباتگێڕانەی کەوا بەرهەم هێنی ئەم ئەزمونە بوون ئێستا پەنجەی پەشیمانی بۆ خەباتی ڕابردوویان دەگەزن و خۆیان و میللەتەکەش بە ڕەنج بەخەسار و دۆڕاو دەبینن ، تەنانەت بەشێک لە خەڵک بە ئاشکرا خوازیاری نەمانی ئەم ئەزمونەن .
۷ - لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە بەجۆرێک هێزەکان شێواو پەرتەوازەن تەنانەت حکومەتیش نازنێ ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا چەند جۆر هێزی سەربازی و ئەمنی هەیەو سەربەکێن و ژمارەیان چەندە و بڕیار لە کوێ وەردەگرن و لەلایەن کێیەوە تەمویل دەکرێن و شوێن جێگاو ڕێگایان چۆنەو بەکام ئاڕاستە پەروەردەو مەشق و ڕاهێنان دەکرێن و ئامانج و ئەرکی سەرەکییان چیە ؟
ئەوەندەی ئەم هێزانە پابەند و گوێ ڕایەڵ و پەیوەستن بە حزب یان بنەماڵە یان تاکەکەس و کاکەکان بەهیچ جۆرێک ئینتمایان نە بۆ کورد هەیە و نە بۆ کوردستان ، لە بچوکترین ناکۆکی و گرژی دا لە چرکە ساتێک دوولەت و زیاتر دەبن و سەنگەر لێکتر دەگرن .
۸ - لە ڕووی پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیەوە دابەش بوون و تێڕوانین و ئەجندای جیاواز بەدی دەکرێ و دەست تێکەڵکرن و هەماهەنگی لە گەڵ داگیرکەر لە پێناوی بەرژەوەندی سیاسی و حزبی و بنەماڵەیی زۆر بە زەقی دەبیندرێ و بەرگریشی لێ دەکرێ ، دابەشکاری تەواو لە نێوان لایەنەکان بەسەر وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دیارەو لە شێوەو شێوازی پەیوەندییەکانیش ئامانج و دواتیش ئەنجامەکەی ڕوون و ئاشکرایە ، بەتایبەت لە سەردان و پێشوزییەکان ئەوەندەی ڕووخساری سیاسی و حزبی زاڵەو دیارە هێندە لە پڕۆتۆکۆلی دەوڵەتی و دامەزراوەی نیشتمانی ناچێت ،
۹ - لە ڕووی ڕاگەیاند و میدیاوە هێندەی خۆمان بە خۆمان دەکەین ، هیچ کام لە دوژمنەکان و نەیارەکان زاتی ئەوەیان نەکردووە ئەم کارە قێزوەنە بە کورد و کوردستان و مێژووە پڕ لە خوێن و قوربانییەکەی بکەن ، هێندەی ڕۆژانەو بەبەردەوام لە هەموو هۆکارەکانی ڕاگەیاندن هێرش و پەلامار و توانج و سوکایەتی بەیەکتری و مێژووی یەکتری و ئەزموون و دەستکەوت و پیرۆزیەکانی خۆمان دەکەین لەبەرامبەر دوژمن و نەیاراندا دۆش داماو و دەستە وەستانین ، ئەمەش هێندەی تر دۆخەکەی شێواندوەو دڵەڕاوکێ و نا ئارامی کۆمەڵگای لێ کەوتۆتەوە و ئەزمونەکەمانی هێندەی تر ناشیرین و بێ بەهاتر کردووە .
 

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

پارە کۆکردنەوە بەناوی هەژاران وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی!

null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان