Draw Media

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆشایی دەسەڵات

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆشایی دەسەڵات

2020-08-08 11:50:38


مەلا فەرمان
 
لوبنان یەکێکە لەو دەوڵەتانەی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست چەند دەیەیەکە توشی چەندنین کارەساتی یەک لە دوای یەک دەبێتەوە، لە وانە: 
• ماڵوێرانی شەڕی ناوخۆ ، لە ١٩٧٥ بۆ ١٩٩٠ .
• شەڕ و ئاڵۆزیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، لە ١٩٨١ فرۆکەکانی ئیسرائیل بۆردمانی بارەگای رێکخراوی رزگاری فەلەستینیان کرد، تێیدا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژران.
• لە ١٩٧٨ سوریا هێرشی کردە سەر لوبنان و شەڕ نزیکەی ١٠٠ رۆژی خایاند.
• تەقاندنەوەی رەفیق حەریری لە شوباتی ٢٠٠٥.
• سەدان تەقینەوە و کاری تیرۆستی تر.
• گەندەڵی لە رادەبەدەر.
• کارەساتی بەندەری بەیروت.
هۆکارەکان
• بونی پێکهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی جیاواز. بە ڕادەیەک لوبنان نەیتوانیوە تاکەکانی ئەم پێکهاتانە وەک هاوڵاتی لوبنانی کۆبکاتەوە.
• بونی میلیشیای چەکداری جیاجیا، میلیشیای شیعی و مەسیحی و سونی.
• بونی بارەگای ریکخراوەکانی فەلەستین لە لوبنان.
• هەڕەشەکانی حیزب اللە لە ئیسرائیل.
• نەبونی یەک هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەسەر پرسی لوبنان.
• دەستێوەرانی دەرەکی، لە روی سیاسی ، سەربازی و ئابوری.
• گرنگی شوێنی جوگرافیای سیاسی لوبنان
بۆشایی دەسەڵات و سیاسی
ئەم هۆکارانەی سەرەوە  وایان کردوە بۆشایی سیاسی و دەسەڵات لەو وڵاتە دروست بێت، بە جۆرێک لە ناو حکومەت و لە پشتی حکومەتەوە چەندین دەسەڵات و حکومەتی جیاجیا حوکم دەکەن. بۆ نمونە حیزب دەتوانێ لە پشتی حکومەتەوە:
- بریاری شەڕ بدات.
- هێز بنێری بۆ هەرشوێنێ بیەوێ، لە ناوە و دەرەوەی لوبنان.
- پەیوەندی سیاسی و سەربازی لەگەڵ دەرەوە دروست بکات.
- دەستی بێگانە رابکێشیتە ناو لوبنان.
میللەت و دەسەڵات
زۆرینەی لوبنانیەکان لە زۆکەوە بە باشی هەستیان کردوە بەبونی بۆشایی سیاسی و دەسەڵات لە وڵاتەکەیان. رێپێوان و ناڕەزاییەکانیان لەسەر شەقام دەرئەنجامی درکبون بو بەخەتەری بونی ئەو بۆشاییە. بەڵام  دەسەڵاتی خۆپەرست و بەرژەوەندخواز، کەی و لە کوێ گوێی بۆ داواکانی میللەت گرتوە. کارەساتی بەندەری بەیروت یەکێکە لە دەرکەوتەکانی بێگوێی دەسەڵاتەکانی لوبنان. 
لە رۆژەهڵاتی ناوەڕاستا سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستان سێ نمونەی زۆر نزیکن لە لوبنان، لە هەریەکێ لەم شوێنانە :
1- سەقامگیری سیاسی نیە
2- سەقامگیری ئەمنئ نیە
3- خاوەن سیادە نیە، دەستوەردانی دەرەکی نەک هەر بونی هەیە، بەڵکە رۆڵی لە بڕیاردانە چارەنوسسازەکانی وڵاتدا هەیە.
4- خاوەنی فرە میلیشیای چەکدارن
5- لە ناو حکومەت و لە پشتەوەی حکومەت چەندین حکومەتۆکە و سەرۆک خیڵ و گروپی چەتەگەری بە دەسەڵات بونی هەیە.
6- خاوەن ئابوری داتەپا و قەرزدارن.
7- گەندەڵی وەک خۆرەی داری لێهاتوە و نیەتی چاکسازی بونی نیە.
8- لە دەیان کون و قوژبنی جیاجیای ئەم وڵاتانە گۆمان لە بونی عەمباری چەک و تەقەمەنی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندی دەکرێت.
هەرێمی کوردستان
 لەو دیاردانەی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتانە جیادەکاتەوە:
1- بونی دو دەسەڵاتی سەرەکی حیزبی ( پارتی و یەکێتی) خاوەن چەکدارە.
2- ناکۆکی و دوبەرەکی بۆ ماوەیی نەک هەر لە نیەت و بەرنامەی سەرۆکەکانی ئەم دو حیزبە رەگی داکوتاوە، بەڵکە تا رادەیەک شۆربۆتەوە بۆ ناو بنکە حیزبیەکانیان.
3- بونی تەنها پێکهاتەی سونە، لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆمانە و  بە قازانج شکاوەتەوە، بێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر ٣٠% هەرێم شیعە مەزهەب بوایا.! 
4- شلی بەشی زۆری قەڵەم بەدەستەکان و بێدەنگی و بێ هەڵوێستیان لە ئاست روداوەکان. زۆر قسە دەکرێ، زۆر کەم دەوترێت، دەستەوەستان هیج ناکرێت.
5- زیندوکردنەوەی بیری عەشیرەتگەری و دیوەخانانە بەمەبەستی پشتیوانی زیاتری حیزب.
6- دزی و گەندەڵی لە رادەبدەر.
7- بونی هێزەکانی رۆژهەڵات و باکور لە باشوری کوردستان، بەبێ بونی بەرنامەیەکی نیستمانی یەکگرتو.
8- دەستوەردانی دەرەکی، تا ئەو رادەیەی، تۆری هەواڵگری بە تەواوی بڵاو بۆتەوە،  کوێیان بوێت هێرشی سەربازی دەکەنە سەر، کوێخاکانی هەرێمیش بێدەنگن.
سوریا: ئەوە حاڵیەتی و کەس خۆزگەی پیناخوازێ.
رۆڵی میللەت
میللەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەر دەیانەوێ بژین و هاوشێوەی لوبنان توشی کارەساتی گەورەتر نەبێن، پێویستە، بڕوایایان وابێت و یەقینبن کە:
1- ئەم دەسەڵاتە حیزبی و تایەفیانە، لە حوکمڕانی فەشەلیان هێناوە و هەمو دو دیوی یەک پارەن.
2- باسکردن لە چاکسازی جگە لە کات بەسەربردن و هەڵهەڵخەڵەتاندن هیجی تر نیە.
3- تەبایی و یەکریزی لە سایەی ئەم دەسەڵاتە خەیاڵە.
4- بەشی زۆری ئۆپۆزسیۆن پشوکورت و هەناسە سوارن، زیاتر روی دەسەڵاتیان جوان کردوە و بەرژەوەندیەکانی خۆیان پاراستوە ( پول پەرستی و پۆست پەرستی و مانەوە لە ژیان).. بە کپکردنەوەی ناڕەزاییەکانی شەقام و چاندنی بێئومێدی تەمەنی دەسەڵاتیان درێژکردوە.
بە کورتی میللەت چ لە عێراق و ج لە هەرێم دەبێت بە ئومێدەوە هەرچی زوە  بیر لە جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتانە بکەنەوە و بەر لەوەی کارلەکاربترازێ کۆتایی بە بۆشایی دەسەڵات بهێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand