Draw Media

كام نەخۆشخانە لە رزگاری باشترە؟

كام نەخۆشخانە لە رزگاری باشترە؟

2020-08-04 09:42:51


د. رەوشت رەشید
 
ماەوەیەكە لە سۆشیەل میدیا و هەندێك دەزگای راگەیاندن شەپۆڵێكی بەرفراوانی رەخنەگرتن لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر دەستی پێكردووە. رەخنەو كۆمێنتەكان دوو بەشن: بەشێكیان خەڵكانێكن كە گلەییان لەم بارودۆخە هەیە و بە حەپەسانەوە سەیری ئەم كەموكوڕیانە دەكەن و بەلایانەوە سەیرە كە چۆن دەبێت لە نەخۆشخانەیەك كەموكوڕی هەبێت!  بەشەكەی تریش ئەوانەن كە شلگێرانەو سەرسەختانە بەرگرییی لەم كەموكوڕیانە دەكەن و دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت بیسەلمێنن كە نەخۆشخانەی رزگاری بێ كەموكوڕیەو ئەمەی دەوترێت دیعایەی ناحەزو ئاژاوەگێڕانەو بۆ لەكەداركردنی سومعەی پایتەخت و حكومەتە.
سەرەتا دەمەوێت بڵێم بەڵێ نەخۆشخانەی رزگاری كەموكوڕیی هەیە و لە رابردو و لە ئێستاشدا هەرپزیشكێك یان كارمەندێك یانیش هەر هاوڵاتیەك سەردانی ئەم نەخۆشخانەیەی كردبێت دەزانێت نەخۆشخانەكە دونیایەك كەموكوڕی هەبووەو هەیە ، رەنگە لە سەردەمی كۆرۆنا كەموكوریەكان زیاتر هەستیان پێبكرابێت بەتایبەت كە كراوە بە یەكێك لە سەنتەرەكانی كۆرۆناو چاوی راگەیاندنی لەسەرەو نەخۆشخانەكەش لە بنچینەدا بۆ نەخۆشیە گواستراوەكان دروستنەكراوەو ستافەكەشی لەسەر ئەمە رانەهێنراون، ئەمە جگە لە قەیرانی ئابووریی و هەزارویەك كێشەیی تر.  بەڵام كاتێك ئەم رەخنەیە لە نەخۆشخانەی رزگاری دەگرین دەبێت ئەو پرسیارەش وەڵام بدەینەوە: ئایا كام نەخۆشخانەی حكومیی لە كوردستان كەموكوڕیی نیە و لە رزگاری باشترە؟ 
لە زاخۆوە تا هەڵەبجە كام نەخۆشخانەی حكومیی هەیە كێشەو كەموكوڕیی  نەبێت؟ لە كەمیی دەرمانەوە بگرە تا كەمیی كەلوپەلی پزیشكیی، لە كەمیی و نارێكیی هۆڵەكانی نەشتەرگەری بگرە تا خراپیی سیستەمی ساردی و گەرمیی، لە رەوانەكردن و وەرگرتنی نەخۆش بگرە تا خواردن و  پرۆتۆكۆلی چارەسەریی، لە نارێكیی توالێت و حەمام و دەستشۆرەكانەوە بگرە تا كۆنیی و بچوكیی نەخۆشخانەكان، لە قەرەباڵغیی و بێسەروبەریی راوێژكاریەكان بگرە تا دووریی و زەحمەتیی وەرگرتنیی نۆرەی پشكنین و نەشتەرگەریەكان، لە كۆنییی و لەكاركەوتنی ئامێرەكانی تیشك و سۆنارەوە بگرە تا خراپیی و هەڵەی ئەنجامی تاقیگەكان، لە ناڕێكیی پرسگەو ورێوشوێنی پێشوازی و سەردانیكردنی نەخۆش بگرە تا سەدان چیرۆكی هەڵكوتانە سەر نەخۆشخانەو سوكایەتیكردن بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی. ئەمانەو چەندین كەموكوڕیی تر چیرۆكی رۆژانەو دووبارەی زۆربەی هەرە زۆری نەخۆشخانەو سەنتەرەكانی چارەسەریین لە كوردستان و تایبەت نین تەنها بە نەخۆشخانەی رزگاری و رەنگە نەخۆشخانەی رزگاری لە زۆر شوێنی تریش باشتر بێت. 

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كۆمەڵێك پزیشك و بەرپرسی تەندروستی دێن و دەیانەوێت رتوشیی ئەم ناشیرینیانە بكەن و دەكەونە پاساوهێنانەوەو داكۆكیكردن لەم سیستەمە سەقەت و نالەبارە كە بەهیچ جۆریك پزیشكان و كارمەندانیی تەندروستیی لێی بەرپرسیار نین و ئیشكردنی پزیشكان وكارمەندانی تەندروستی لەناو سیستەمێكی وەهادا وەك ئەوە وایە بە دەمانچەیەك بچیتە شەڕی داعشەوە. 
بەرپرسانی تەندروستی لە كوردستان لەجیاتی ئەوەی خەریكی شاردنەوەی كەموكوڕیەكان و رتوشكردنی ناشیرینیەكانی سیستەمی تەندروستی بن، پێویستە بەبێ ترس و بێ شەرمكردن لە راگەیاندن و لە حكومەت ، راستیەكان بۆ رای گشتیی باس بكەن و پەنجە لەسەر برینەكان دابنێن و دان بەوە بنێن كە سیستەمی تەندروستی لە كوردستان پڕاوپڕیەتی لە كەموكوڕیی و ناتەبایی و ئەم سیستەمە پێویستی بە ریفۆرمێكی سەرتاسەریی و بنچینەیی هەیە.  سیستەمی تەندروستی لە كوردستان لە خانوویەكی كۆنی لە قوڕ دروستكراو دەچێت كە توانای بەرگەگرتنی باران و رەهێڵەی نەماوەو هەر رۆژەو كونێكیی تیا دروست دەبێت، ئەمرۆ ئەو كونە دەگرین بەیانی لە شوێنێكی تر كونێكی تری تیا دروست دەبێت، پینەو پەڕۆكردنی ئەم كونانە كارێكی بێهودەیە ودەبێت خانووەكە لە بناغەوە نۆژەن بكرێتەوە، ئەمەش بە خۆدەرخستن و موجامەلە وشاردنەوەی راسیتەكان ناكرێت، بەڵكو پێویستیی بە وەستاو خەڵكی زاناو نەترس و دڵسۆز وراستگۆ هەیە . دەبێت نەترسین و بێ موجامەلەو ماستاوكردن ئەوە بخەینە روو كە بەرپرس و هۆكاری ئەم فەوزایەی ناو سیستەمی تەندروستی و كەموكوریەكانی نەخۆشخانەكان، بەڕێوەبەر و پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكان نین بەڵكو ئەو سیستەمی حوكمڕانیەیە كە لە ٢٩ ساڵی رابردوو كوردستانی بەرێوەبردووە، حوكمڕانیەك كە ئەوەندەی خەریكی قەڵەو كردن و بەهێزكردنی جەهل و كۆنەخوازیی و عەقڵیەتی عەشایری بووە نیو ئەوەندە لە خەمی بەهێزكردنی عیلم و مەعریفە و كۆڵەگەكانی دەوڵەتدارێتی و خزمەتگوزاریی نەبووە، ئەوەندەی خەریكی دروستكردنی دیوەخان و نفوزی حیزبی و سیاسیی بووە بە چارەكی ئەوە خەمی نەبووە ژێرخانێكیی پتەوی ئابووری و سیستەمێكی ئیداریی و خزمەتگەزاریی تۆكمە بونیاد بنێت.
ئەو كەموكوڕیانەی ئەمرۆ لە نەخۆشخانەكان و لە تێكرای سیستەمی تەندروستیی لە ئارادان، رەگ وریشەیان لە دوێنێ وپێرێی واقیعێكی ئیداریی ناسەركەتوو دایە وبەرهەمی رۆژگارێكی دورودرێژی گەندەڵی و دانانی كەسیی نەشیاوە لە جومگە هەستیارەكانی بەرێوەبردن. ئەو كەموكەڕیانەی  ئەمڕۆ سیستەمی تەندروستیان توشی هەناسەسواریی و پەككەوتەیی كردووە زادەی كۆمەڵێك برینیی قوڵن كە لە جەستەی ئەم وڵاتە دروست بوون وكۆمەڵێك كەلێن و یۆشایی گەورەن و بە پاتە و پەڕۆ پینە ناكرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand