تەنێ ماوە فەوجیان لەبۆ بکرێتەوە
2020-08-03 21:17:35
سەهین موفتی
لەوەتەی کازمی بووەتە سەرۆکوەزیرانی عێڕاقی عەزیم، رۆژانە کاروکاسبی دەزگا مێدیا خۆماڵییەکان رووەو هەڵکشانە، بە شێوەیەک لە رۆژێکدا پێنج تا شەش هەواڵی بە پەلەو، دوو سێ دانە رێپۆرتاژیشی لەبۆ دەهۆننەوەو شان و باڵی باڵا دەکەن.
سەردەمی سەدامی دیکتاتۆر، هەمانشێوە لێ تەنها جیاوازی ئەوەبوو هێڵی ئینتەرنێت نەبوو، دەنا لەوەیە هەزارن زێڕەزێڕەی دیکەی پێدا هەڵگوترابا..!
لە گۆڤارو رۆژنامەکوردییەکان و تەلەفزیۆنی کەرکووک/کوردی کاکە رەشیان لێ کردبووین بە گێڤارای ئەودەم..
هەربۆیێ، کاکە رەشیش بە دەیان فەوج و سریەی لەبۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە رانک و چۆغەو کورتەک و شەڕواڵ لەپێکانی ئەم نیشتیمانە کردبوویەوەو زۆر جاران لەسەر رێگاکانی نێوان شارەکان، هاووڵاتییەکی سادە سەری لێ دەشێوا لە نێوانی مەفرەزەکانی پێشمەرگەو جاشەکاندا.
دیارە، لە چەند مانگی رابردوو هەوڵێک دراوە لەبۆ زیندوو کردنەوەی پۆشینی بەرگی جاشێتی لە چوارچێوەی کردنەوەی فەوج وسریەی سەردەم لە ژێر چاودێری و پاڵپشتی حکومەتی بەغداد، وا دەبیسترێت بەشێک لە سەرکردایەتی لایەنێکی سیاسی کوردستانی تێیدا بەشدار بێت، هەر لەم پێناوەدا چەند سەرۆک عەشیرەتێک و نەیارانی ئەم ئەزموونەی باشووری کوردستان دەگەڵ سەرکردە بەشداربووەکانی ئەم هەنگاوانە کۆبوونەتەوە.
وەهای دەخوێنمەوە دەستپێک، لە رێی دەزگا مێدیاییەکان، وەک پێشتر نووسیم( شان و باڵ باڵاکردنی)، ئێستای حکومەتی بەغدادو قۆستنەوەی خراپی دۆخی ئابووری کوردستان بکەنە ئەجێندای سەرەتای هەنگاوەکانیان.
تاوەک، کاردانەوەی هاونیشتیمانییان بزانن، ئاخۆ رۆحییەتی (بەڵێ)ی سەردەمی رێفراندۆمییان لە هەناوێدا ماوە، یا بە کردەیی نەبوونی مووچەو خراپی گوزەرانی ئێستێ کەڵک وەرگرتنی ئەم هەلەی هەیە خەڵکی بکەنەوە بە جاش؟
جیلی ئێمەو پێشینانیشمان، پێموایە ئەم دوو ساڵەی دوای راپەڕینی ئازادی(1991-1992)،ناخۆشترین قۆناغی ژینی ئەم نیشتیمانە بووە، لەوێ دەمێ(پرێمز، لۆکس، مس، فافۆن، فانۆس)
بە ئێمە ئاشنابوون، پاشان شەڕی خۆکوژی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەمجار تا ئێرە دەگەڵی هاتووین...!
ناڵێین، حکومەتی کوردی هاوشێوەی حکومەتەکانی سوێدو نەرویج لەخزمەتکردنی هاونیشتیمانیانی خۆیدا بووە، لێ هەقە وەبیر هەموانی بهێنینەوە، یا هیچ نەبێت، جیلی نوێ بزانێت، جاشەکانی پێشوو دەستیان لە پڕۆسەکانی ئەنفالیشدا هەبوون و هەزاران رۆڵەی کوردو هاوزبانی خۆیانییان تا ژوورەکانی سێدارەی حیزبی بەعس بردووە...! بۆیێ حکومەتێکی خراپی کوردی هەزاران بارتەقای حکومەتێکی عڕوبەکانی بیابان و شۆفێنییەکان، باشترە چوونکێ ئەمان سرووشتیان وەهایە لە لاوازیدا قورئان بەدەستن، و لە بەهێزیشدا شمشێر وەشێنن.