ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئامانجە كەسییەكان
2020-08-03 14:12:02
محەمەد عەلی
بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا، سەرباری بوونی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی قوڵی دارایی، لە بۆشاییەوە نەھاتووە، بەڵكو سەرۆكوەزیران (مستەفا كازمی) كۆمەڵێك ئامانج و مەبەستی تایبەتی ھەیە، یەكەمیان كوتلەیەكی پەرلەمانیی بەھێزی نییە بۆ ئەوەی بتوانێ پاڵپشتی بكات لە پەرلەمان، هەروەها باش دەزانێ بەم شێوەیە ناتوانێ بەردەوام بێت، بۆیە ھەڵبژاردن باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی داھاتوودا پێگەی خۆی بەھێز بكات، بەو ھۆكارەی وەك سەرۆكوەزیران دەتوانێ پۆستەكەی بەكار بھێنێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی پێویست بۆ بەردەوامبوونی لە دەسەڵات.
كازمی، لە دیاریكردنی بەروارەكەش ئامانج و مەبەستی تایبەتی ھەیە، درێژیی ماوەكە بواری پێویستی بۆ دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ چاكسازیی پێویست بكات و سەرنجی شەقام بۆ خۆی رابكێشێ، لە لایەكی ترەوە جەدەلێكی گەرمی لە گۆڕەپانی سیاسی دروست كردووە و ھێزە سیاسییەكانی سەرقاڵ كردووە بۆ ئەوەی بتوانێ بە ئارامتر ھەنگاو بنێ بە ئاراستەی ئامنجەكانی، ھاوكات مەبەستیەتی لە ڕێگەی دەرچوونی یاسای ھەڵبژاردن و دانانی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەوە، بتوانێت فشار لەسەر ھێزە سیاسییەكان دروست بكات و بەم شێوەیە بتوانێت ھاوپەیمانییەكی فراوان بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
ئامادەكارییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو گشتگیرن و، لەو چوارچێوەیەشدا داوایەكی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بۆ ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان، ئەمەش بواری بۆ دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی دوور بكەوێتەوە لە چاودێریكردنی پەرلەمان و گوشارەكانی سەری كەم بكاتەوە، بە تایبەتی ھێزە سیاسییە نەیارەكانی، ھاوكات دەستكراوەتری دەكات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بدات لە گشت سێكتەرە جیاوازەكانی دەوڵەت، جگە لەوەش، دەتوانێ گۆڕانكاریی پێویست بكات لە لێپرسراوی یەكەمی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكان و دوور لە چاودێریی پەرلەمان و كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی داھاتوو دروست بكات.
بەم بڕیارە، كازمی بەڵێنەكەی بەرامبەر خۆپیشاندەران جێبەجێ كرد، كە ھەر لە سەرەتاوە كاری لەسەر شەقام كردووە و، لە ھەمان كاتدا مەسجێك بوو بۆ خۆپیشاندەران، كە ئیدی دوای بوونی ئەم ھەموو ناڕەزاییە لە دەسەڵاتی ھێزە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران، كاتی گۆڕانكارییە و سندووقەكانی دەنگدانیش باشترین دەرفەتن بۆ كۆتاییھێنان بەو ڕۆڵە نێگەتیڤەی كە ئێران لە عێراق دەیگێڕێ، بەپێیی ھەموو پێشبینییەكانیش، بە دڵنیاییەوە ھاوكێشە سیاسییەكان لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گۆڕانكاری بە خۆیانەوە دەبینن، بە تایبەتی دوای كوژرانی (قاسم سولەیمانی) و پەرتەوازەبوونی نێوماڵی شیعە.
سەرباری هەموو ئەوانەش، نەرمینواندنی كازمی بەرامبەر ھەرێمی كوردستان، دەچێتە ھەمان چوارچێوەوە و دەكرێ وەك ئامادەكارییەك بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو ھەژمار بكرێت، بەو ھۆكارەی سەرۆكوەزیر دڵنیایە لە داھاتوو و ناتوانێ ببێتەوە سەرۆكوەزیر ئەگەر پاڵپشتیی كوردی نەبێ، ھاوكات دەكرێ وەك بەرتەسككردنەوەی مەودای ڕكابەرەكان سەیر بكرێت، چونكە ناتوانێ لە چەند بەرەیەكەوە ململانێ بكات، بۆیە لە ئەگەری ڕێككەوتن لە گەڵ ھەرێمی كوردستان، لەبری ڕكابەر، ھەولێر دەبێتە پاڵپشتێكی باوەڕپێكراو، ئەگەر سەیری ھەنگاوە شەرمنانەكانیشی بكەین لە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە و بودجە و مووچە، ڕوون دەبێتەوە كە لە ئێستاوە ھەموو حیسابەكان بۆ برانەوەی كازمین لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا.