Draw Media

هەولێر، ئەو دەمەی کۆرۆنا دێ، حەیرانێ

هەولێر، ئەو دەمەی کۆرۆنا دێ، حەیرانێ

2020-08-02 20:18:22


عەزیز ڕەئووف
دڵم لە هەولێرە، ئەو شارەی کۆڵانەکانی دنیایەک و کۆشکەکانی دنیایەکی ترە. دڵم لە هەولێرە، هەولێری بیری ڕوونی عەبدولخالق مەعروف، هەولێری دەنگ و دەفەکەی جەلال سەعید: (ساقی لەبادەی دەستت درەنگە، بادە دەرمانە بۆ دڵمەی تەنگە).
بیرت دەکەم هەولێرە ماست، بیری ژوورەکەی سەردەشت عوسمان و چایەکی دەستی دایە سێوێ، بیری دڵخۆشی ماڵەکەی هێمن مامەند، بیری قەراتێ دەکەم، موروی شینی سەر دەرگای کۆن، چایەکی تاڵی چایخانەی مەچکۆ، دوکانی کۆن، فەرشی هەڵواسراو. دەنگی باڵی فڕینی کۆترە شینکەی سەر منارەی چۆڵی. عەجولیەکانی فەرهاد پیرباڵ، عودە سەرزلەکەی وریا ئەحمەد. بە سەعدون یونس بڵێن: بیری دەکەم کێ شارم نیشان دەدا، کێ هەولێرم نیشاندەدا؟
تۆ سەیرم کە هەولێر، چەند دڵڕەقم، دوعا دەکەم کۆرۆنای دنیا بدا لە ژوورەکانی پارلەمانت، ڤایرۆسی دنیا بدا لە کۆشکی مافیاکانت، زەردە زیڕە بدا بە سەر لوتی بەرپرسانت، بەس تۆ نا هەولێر، هەولێرەکەی زیاد ئەسعەد:
بێ و فریامکەوە، شکستەباڵم ، هێز بخە دڵم زۆر پەشیوحاڵم

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand