Draw Media

سته‌م له‌ ژێر پاڵتۆكه‌ی كازمیدا 

سته‌م له‌ ژێر پاڵتۆكه‌ی كازمیدا 

2020-08-02 13:21:30


 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
هه‌ندێ‌ دیارده‌ی سوكایه‌تی به‌ كورد له‌ "ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان "  ده‌بینرێت ،  ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ جۆرێك له‌ ناهه‌قی تیایه‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵكه‌ دێرینه‌كه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ ،ئه‌و دیاردانه‌ چین ، بۆ نمونه‌ ئه‌و سوكایه‌تیه‌ی رۆژانه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌كرێت له‌ خاڵه‌كانی پشكنین ، هه‌ندێك له‌ خاڵه‌كانی پشكنین له‌ بنچینه‌دا زیاده‌ن و نابێت هه‌بن ، هه‌وڵی ده‌ستبه‌ سه‌ردا گرتنی دوكانی دوكانداره‌كانی  بازاڕی گه‌وره‌و دێرینی كه‌ركوك ك به‌م دوایه‌ نۆژه‌ن كرایه‌وه‌ ، به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌و مامۆستایه‌ی به‌ دیار ژنه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌له‌ پچه‌ كرابوو ، كێشه‌ دروستكردن بۆ جوتیاره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ ، ئه‌مانه‌ نمونه‌ی كه‌من له‌و هه‌موو نمونانه‌ی رۆژانه‌ لێره‌و له‌وێ‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت من سه‌دان وتاری ره‌خنه‌و توندم له‌ سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی كورد" پارتی و یه‌كێتی " له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌و هه‌میشه‌ ره‌خنه‌م لێگرتون ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ی توند له‌ هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌ی ئه‌وانی تریش نه‌گرین ، به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان بۆ توركمان ئاسای بێت لیوای تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێت و فه‌وجه‌كانی به‌ سه‌ر شارو شارۆكه‌كانه‌ دابه‌شبن ، به‌ڵام بۆ پێشمه‌رگه‌ ئاسای نه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ !!.
ئه‌و جۆره‌ له‌ مامه‌ڵه‌و ئه‌و دوو فاقیه‌ له‌ روانین له‌ پێكهاته‌كان جگه‌ له‌ رق و دڕدۆنگی هیچی تری لێسه‌وز نابێت ، به‌ره‌ی توركمانی كه‌ به‌رده‌وام وه‌ك دوژمن سه‌یری كورد ده‌كه‌ن له‌و ناوچانه‌ ، ئه‌مه‌ دژی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و یه‌كتر قه‌بوڵكردنه‌ ، ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت كه‌ كورد هه‌رگیز به‌و چاوی رقه‌وه‌ سه‌یری توركمانی نه‌كردووه‌ ، پشتگیری حكومه‌تی عیراقی  له‌ سیاسه‌ته‌چه‌وته‌كانی به‌ره‌و دژایه‌تی كردنی بۆ كورد جگه‌ له‌ دوو به‌ره‌كی هیچی تری لێسه‌وز نابێت .
رێگری كردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ، زه‌مینه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و توندو تیژی خۆش ده‌كات ، بۆیه‌ ئه‌و رێگری كردنه‌ به‌رله‌ هه‌ر شت خزمه‌تكردنه‌ به‌ داعش و گروپه‌ توند ڕه‌وه‌كان ،له‌ كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ به‌ خوێنی خۆی هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و شارو ناوچانه‌ی پاراست .
ئێستا له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان هه‌زاران مامۆستا ، فه‌رمانبه‌ر ، پۆلیس و ئاسایش ، موچه‌یان له‌ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه‌و حكومه‌تی هه‌رێمیش وه‌ك پێویست ئاوڕیان لێناداته‌وه‌ ، له‌ كاتێكا له‌ ڕووی ئاكاری و به‌ پێی ده‌ستورو یاساش فه‌رمانبه‌رو مامۆستاو موچه‌ خۆری "ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان "  مافه‌كانی له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی ناوه‌ندیه‌ .
مسته‌فاكازمی به‌رپرسیاره‌ له‌ قوت و ژیانی هه‌موو عیراقیه‌كان ، به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی  ژیانیێكی شایسته‌ بۆ هاونیشتمانیه‌كانی دابین بكات و له‌ نێوان شیعه‌و سونه‌ ، كوردو عه‌ره‌ب و توركمان جیاوازی نه‌كات ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت سته‌م و نادادیه‌ له‌ ژێر پاڵتۆكه‌ی ئه‌ودا .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand