Draw Media

مستەفا كازمی و هەڵبژاردنی پێشوەخت

مستەفا كازمی و هەڵبژاردنی پێشوەخت

2020-08-01 19:55:08


ئەمین بەكر

حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتێکی کاتیەو لە دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکانی تشرین یەکەم وبەردەوامی ناڕەزایەتیەکانەوە هاتوە کە دژ بەگەندەڵی وناشەرعی بونی دەسەڵاتە سیاسیەکانی دوای هەڵبژاردنە پڕ تەزویرەکەی پێشوی عێراق  هاتنە پێشەوە  لەلایەک، و لەلایەکی ترەوە بەهۆی  نەبونی خزمەتگوزاریی و بێ کاری چڕبوبونەوە.
 مستەفا کازمی وەک سەرۆکی ئەو حکومەتە کاتیە  ، دەرک بەوە دەکات کە بۆتێ پەڕاندنی قۆناغێکی پڕ قەیران هاتوە، بەشێوەیەک کەعێراق بێجگە لەقەیرانە بونیادیەکانی ، لەبەردەم مەترسی دروست بونی فەوزای ئەمنی و  بەڕێوەچونی دام ودەزگاکان  و ژیانی ئاسایی وسروشتیشدا بوو  ،بەتایبەت لەوشارانەی کە خۆپیشاندان تیاندا بەهێزبوو .!
  لەزۆریێک لەوڵاتانی دنیادا هەڵبژاردنی پێش وەخت وەکو ڕێگەیەک بۆدڵنیابونەوە لەخواستی گشتی میللەت لەو ئاڕاستە سیاسیەی هەڵی دەبژێرێت و لەئەو هێزە سیاسیانەش کەنوێنەرایەتی دەکەن، وەکو ڕیگەچارەیەک  پەیڕەو دەکرێت بەتایبەت ڵەکاتێکدا کەتوشی قەیران دێن ،  لەعێراقیشدا هەڵبژاردنی پێش وەخت بۆ دەرباز بون لەقەیرانەکان بەتایبەت دوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی  بووە داواکاری مەرجعیەتی باڵای شیعەی عێراق کەهەژمونی زۆری بەسەر کایەی سیاسی عێراقدا هەیە و هەروەها دواجار بوە خواستی خۆپیشاندەران و،بەشێک لەهێزە سیاسیەکانیش نەیان توانی یان نەیان ویست دژ بەو،داواکاری وخواستە بوەستن،بۆیەتەمەنی قۆناغی دەسەڵاتی حکومەتەکەی مستەفا کازمی لەڕوی سیاسیەوە بەبەڕێکردنی کاری حکومەت و پەڕینەوە تا ئەنجامدانی  هەڵبژاردنی پێش وەخت دیاریکراوە ، و لەسەر ئەو بنەمایە ئەرکی ئەو حکومەتە بوە  کە زەمینە سازیبکات بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت ، جا ئەو زەمینە سازیە چ بریتی بێت  لە دەستەبەرکردنی بودجەی پێویست بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ خۆ ئامادەکردن بۆهەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکێ کانی هەڵبژاردن ، یاخود بە زەمینە سازی کردن بێت بۆهەڵبژاردنێکی ئازادو بێ تەزویر لەڕێگەی دابینکردنی ئاسایش و نەهێشتنی مەترسی هەڕەشەکانی هێزو گروپە چەکداریەکان یاخوود لانی کەم بێ دەسەڵاتکردنیان تا نەبنە فشار لەسەر هاوڵاتیان بۆ دەربڕینی خواستی خۆیان بۆ نوێنەرایەتی کردن.
لەماوەی ڕابردودا دوای چڕبونەوەی جوڵەکانی کازمی زۆر جار پلاری ئەوەی لێدەدرا کە ئەرکەکەی خۆی بیرچۆتەوە کە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەو ویستی هەڵبژاردنی نیە ، بێجگە لەوەی لەم ماوەیەی حوکمڕانیدا بۆی دەرکەوت دەسەڵاتی سنوردارە و بەم دەسەڵاتەی ئێستایەوە ناتوانێت چاکسازێکی ئەوتۆ بکات، بۆیە عەزمی جەزم کرد لەسەر یەکلاردنەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنی پێش وەختە.
هەرچەند بەپێ ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەرکار  دیاریکردنی بەرواری هەڵبژاردن لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڕاوێژ لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام ئەوەی کە زۆر کەس نایزانێت ئەو دەسەڵاتە بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردنی ئاساییە کەهەر چوار ساڵ جارێک دەکرێت ، وبەپێی دەستور مادەی 56 ، ئەو ماوەیەچوار ساڵی تەواو دەبێت لەیەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران وەئەژمار دەکرێت، وهەڵبژاردنیش دەبێت لانی کەمی 45ڕۆژ پێش کۆتایی هاتنی  وادەی ئەو چوار ساڵە ئەنجام بدرێت ،تا ئەنجومەنی تازە ئامادەبن لەدوای کۆتایی هاتنی ماوەی خولی ئەنجومەنی پێشوو ڕاستەوخۆ دەست بەکاربن بۆئەوەی بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان دروست نەبێت،  بەڵام ئەوەی کە ئێستا باس دەکرێت وکاتی خۆشی مەرجەعی باڵای شیعەو خۆپیشاندەران داوایان کرد، هەڵبژاردنی پێش وەختە بوو کەجیایە لەهەڵبژاردنی ئاسایی  ، چونکە هەڵبژاردنی پێش وەختە لەیاسای هەڵبژاردنی عێراقیدا باس نەکراوەو، بەڵام لەدەستوردا دەقی لەسەر هاتوە کەبێگومان دەقە دەستوریەکانیش دەبنە بنەما بۆ دەقە یاسایەکان ، لەدەستوردا لەمادەی 64دا هاتوە و دەڵێت  پەرلەمان لەسەرداوایەکی هاوبەشی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی کۆمار بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ،یاخود لەرێگەی پێشکەشکردنی داوایەک لەلایەن یەک لەسەر سێ ی ئەندامانی پەرلەمان خۆیەوە بەزۆرینەی دەنگی ڕەهای پەرلەمانتاران خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە  ، دوای  ئەوە سەرۆکی  کۆمار هەڵدەستێت بەدیاریکردنی بەروارێک بۆهەڵبژاردنی پێش وەختە بەمەرجێک لە ٦۰ ڕۆپ تێ نەپەڕێت بەسەر هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دا ، واتە بەپێ ی ئەم دەقە دەستوریە دەبێت :
۱.هەڵبژاردنی پێش وەختە دەرئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێت .
۲.هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێش دیاریکردنی بەرواری هەڵبژاردن دەبێت. 
۳.دیاریکردنی بەرواری  هەڵبژاردنی پێش وەختە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەبێت نەک سەرەک وەزیران ،دەبێت سەرۆک کۆمار بەروارەکە دیاری بکات کە شەست ڕۆژ تێ نەپەڕێت بەسەر بەرواری  هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا.
بۆیە بەپێ ی ئەم دەقە دەستوریە ڕونە کە ئەم بڕیارەی مستەفا کازمی بۆ دیاریکردنی بەرورای هەڵبژاردن ، لەشەشی حزیرانی ساڵی ۲۰۲۱دا  بڕیارێکی یاسایی نیەو ناتوانین وەک بڕیارێکی یاسایی لێ بڕوانین، چونکە دەسەڵاتی ئەو نیە ، بەروار بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە دیاری بکات.
   دەکرێت زیاتر  بەڕاگەیاندنی هەڵوێست و بڕیارێکی سیاسی   لێ ی بڕوانین  بۆ شان تەکاندنە لەبەرپرسیارێتی خۆدزینەوە لە ئامادە سازی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە،بەتایبەت دوای شکست هێنانی دانیشتنی ئەم دوایەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنەی یاسایی ئەنجومەن کەنوێنەرایەتی هێزو لایەنەی سیاسیە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت ، هەروەک دەتوانین بڵێین دەربڕینی  هەڵوێستی  سیاسی سەرەک وەزیران وحکومەتەکەی بە پابەندبون بە بەڵێنی  زەمینە سازی بۆ هەڵبژاردنی  پێش وەختە ،هەنگاوێکی زیرەکانەی مستەفا کازمی بوو، بۆ خۆ نزیکردنەوە لە خەڵک و دەرهێنانی بەڕە لەژێر پێ ی ئەو هێزو لایەنانەی کەدەیانەوێت تەواوکردنی پاشکۆکانی  یاسای هەڵبژاردنەکان بەپشتا بخەن، ئەم بێجگە لەوەی کە بەم شێوەیە تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی هێزە سیاسیەکان و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و بەرپرسیارێتێکە ڕوو لەئەوان دەکات ، خۆشی بەم شێوەیە دەتوانێت لای ڕای گشتی و شەقام هاوسۆزو پشتگیری زیاتربێت، تا بۆ هەڵبژاردنی ئایندە کار بۆ خۆی و کەسانی سەربەخۆی بکات.
بەم شێوەیە لەئێستاوە ئەوەی لەبەردەم بەرپرسیارێتی ئامادەسازیی کردنە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت بەپلەی یەک پەرلەمانە کە دەبێت پاشکۆی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەواوبکات  بەجۆرێک لەگەڵ هەڵبژاردنی بازنەی بچوک و لیستی تاکدا بگونجێت ، هەروەک پێویستە بەخێرایی لەڕێگەی یاسایەکەوە دادگای باڵای فیدڕڵی لەو ئیفلیچ بونە ڕزگار بکات کەئێستا بەهۆی نەبونی ڕاژەی یاساییەوە ناتوانێت دادبینی بکات ، چونکە سەرەڕای گرنگی ئەوو دادگا دەستوریە ، بەپێ دەقی مادەی دەستوریش  بێ پشت ڕاستکردنەوەی  ئەو دادگایە بۆ دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کار بەو دەرئەنجامانە ناکرێت ، ئەوەش ڕونە کە دەرکردنی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقیش  یەکێکە لە بابەتە هەرە ئاڵۆزو کێشە لەسەرەکان ، بۆیەدەتوانم بڵێم ئەم ڕاگەیاندنە هەرچەند هیچ جێکەوتێکی یاسایی دروست ناکات بەڵام  ،دەرئەنجامی سیاسی زۆر کاریگەری لێدەکەوێتەوە پێش هەمو شت ڕاچڵەکاندنی هێزو لایەنە سیاسەکانی عێراق بوو بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ، هەروەها احراج کردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی لێدەکەوێتەوە بۆ ناچارکردنی بە دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆی لانی کەمی ساڵێک پێش کۆتایی هاتنی ماوەی دەستوری ئەم خولە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand