بەهەرێم كردنی پارێزگا لەعێراقدا سلێمانی بە نموونە
2020-07-30 17:29:39
( كاروان محمود حاجی)
عێراق وڵاتێكی فرە نەتەوە و مەزهەب و ئاینە, رێكخستنی ئەم هەموو پێكهاتەیە پێویسـتی بە دەستورێكی دیموكراسـی هەبوە , لەپاش رووخانی رژێمی بەعس لە (2003) لە لایەن ئەمریكاوە وە دانانی بریمەر وەك حاكمی عێراق وە دروست كردنی (مەجلیسی حوكم ) كە هەموو پێكهاتەكانی عێراقی تێدا بوو بریمەر جەختی لەوە كردەوە كە دەستورێكی دیموكراسی بۆ عێراق بنوسرێتەوە وە هەموو لایەك بەشداری لەنوسینەوەی دەستوردا بكەن ,ئەوە بوو لە سـاڵی (2005) دەسـتوری عێراق نوسـرایەوە وە خرایە راپرسیەوە و دەنگی زۆرینەی گەلی عێراقی بەدەست هێنا , لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا پۆل بریمەر رای وابوو كە باشترین چارەسـەر بۆ كێشـە و ئاڵۆزیەكانی عێراق دروسـت كردنی فیدراڵیەتی پارێزگاكانە ئەم بۆچونەی بریمەر هەندێك پشتگیریان كردو هەندێكیش دژی بوون تەنانەت هەندێك لە سـەركردە كوردەكانیش دژی وەسـتان بەڵام لەناو دەستوری عێراقدا ئەم مافە بە مادەیەكی تایبەت چەسـپێنرا هەرچەندە پاش تێپەر بوونی كات زۆرێك لە سـیاسەت مەدارو ئەوانەی لە دۆخی عێراق تێگەیشتون هاتونەتە سەر رایەكەی بریمەر وە پێیان وایە كە باشترین چارەسەر بۆ ئێستای عێراق فیدراڵی پارێزگاكانە , هەرچەندە ئەوكات فیدراڵی پرێزگاكان نەچەسپا بەڵام توانرا بە مادەیەك لە دەستوردا مافی داوا كردنی بچەسپێنرێت , پاشان لە ساڵی (2008) یاسای ژمارە (13) دەركرا كەتیایدا هەموو رێكارەكانی جێبەجێ كردنی تایبەت بە دروسـت كردنی هەرێمی تیادا باس كراوە , گرنگی ئەم مادە دەستوریە ئەوەیە كە لە كاتێكدا پارێزگایەك ویستی بەتەنیا یان لەگەڵ چەند پارێزگایەك هەرێمێك دروست بكەن هیچ گرفتێكی یاساییان بۆ دروست نەكرێت , لێرەدا ئەمەوێت پارێزگای سلێمانی بە نموونە بهێنمەوە سلێمانی مقەوماتی بوون بە هەرێم و هەتا بوون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆشی تێدایە شارێكی شۆرش گێرو رۆشنبیر و تێكۆشەر لانكەی دروست بوونی هەموو شۆرشـە یەك لەدوای یەكەكان بووە خاوەنی هەزاران شەهید و بریندارو كەم ئەندامی سەنگەرە خاوەن پێگەیەكی فكری و سیاسی و فەرهەنگی گەورەیە , لەپاش راپەرینەوە دوای ماوەیەكی كورت وەكو قوربانیەكی دەسەڵاتی لێهات و زۆر بە ئاشكرا غەدری لێدەكرێت هەرچەندە بێدەنگ نەبووە لە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لێیكراوە وەلەبەر ئەوەی ویستویەتی ئاسایشی هەرێمەكەی و قەوارەكەی بپارێزێت هەموو رێگەكانی فشاری مەدەنی بەكار هێناوە هەر لە بەیان نامەی نارەزایی و خۆپیشاندان و بایكۆت كردنی دەوام و دروست كردنی گروپی فشار , بەڵام نەك هەر سودی نەبوو بەڵكو زیاتر غەدری لێكرا لەرووی سیاسی و ئابوریەوە ئەمیش لەوەوە دروست بوو كەدەسەڵات لە هەولێر هەموو جومگەكانی كارگێری بردۆتە هەولێر كە بۆ بچوكترین ئیش ئاستەمی گەورە بۆ ئەم شارە دروست دەكرێت كەئەمەش وای كرد كە سلێمانی ببێتە شارێكی پەراویز خراو وە شارێكی دوا كەوتو لەروی خزمەت گوزاری و پرۆژەوە بۆیە سلێمانی بیری لە خۆ رزگار كردن كردەوە بە رێگایەك كەپێشتر تاقی نەكرابێتەوە كە ئەویش رێگای دەستوری و یاساییەكەیە بۆیە باشترین بیرۆكە بۆ گەرانەوەی شكۆ بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و راپەرین و گەرمیان ئەوەیە كە هەرێمێكی سەربەخۆ دروست بكەن كە دەكرێت لە ئایندە ببێتە چوار پارێزگا كە هەرێمێك كۆیان بكاتەوە , هەرێمی سلێمانی پاش دروست بوونی دەتوانێت دەستورێكی تایبەت بە خۆی هەبێت كە ئەگەر بتوانرێت ئەم دەستورە بنوسرێتەوە ئەوە بۆ یەكەم جار دەبێت لە مێژودا كە كورد ببێتە خاوەن دەستورێكی نوسراو ئەمە جگە لەوەی ئەم هەرێمە دەتوانێت میزانیەی خۆی لە عێراق وەرگرێ و ئاڵای تایبەت بەخۆیی و سوپاو ئابوریەكی سەربەخۆی باشی هەبێت بۆ بەرێوە بردنی هەرێمەكەی , ئەگەر هەرێمی سلێمانی بتوانێت نمونەیەكی جوانی دەسەڵاتداری لە بواری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی پەڕەو بكات ئەوا پارێزكاكانی تریش وەكو هەولێرو دهۆك و كركوك دەتوانن چاو لە سلێمانی بكەن وە داوای هەرێمێكی سەربەخۆ بكەن بۆیە جێی خۆیەتی لێرەدا باسی ئەو ترسە بكەم كە دەسەڵات دەیەوێت بیخاتە دڵی خەڵكی كوردستانەوە وەتۆمەتی خیانەت بخاتە پاڵ ئەم جۆرە پرۆژانە یان بە جیاكاری نێوان پارێزگاكان دادەنێت و دەیەوێت خەڵكی شارەكانی كوردستان بكات بە گژ یەكا كە ئەم قسانە تەواو دورن لە راستیەوە بەڵكو خەڵكی كوردستان تەباو یەك گرتون لەناو یەكا ئەوە دەسەڵاتە دەیەوێت تۆوی ئەم جۆرە شك و دژایەتیە بچێنێت وە خەڵكی كوردستان دەكات بە دوژمنی یەكتر لەرێكەی غەدر كردن لەشـارێك لەسەر حسابی شارێكی تر وەلە هەر شارێكدا دەنگیان كەم بێت سزای خەڵكەكەی دەدەن بە شێوازی جۆراو جۆر , ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو دەوڵەتانەی كە فیدراڵین دەبینین دەوڵەتی زۆر پتەوو بەهێزن لە هەموو رویەكەوە بۆ نمونە ئەمەریكا _ئەڵمانیا_سویسرا_ئیماراتی عەرەبی وە بە پێچەوانەوە ئەو دەوڵەتانەی مەركەزین دەوڵەنی لاوازن وە هەموو دەسەڵاتەكانین لە پایتەختا كۆكردۆتەوە وە گەشەیەكی ئابووری زۆر كەمی تیادا دەبینرێت بۆ نمونە لیبیا_میسر ... هتد , بۆیە لەبنەڕەتدا فیدراڵیەت بۆ یەك خستنی میلەتەكانە نەك پارچەپارچە كردنیان , كە ئێستا لەسەر دەستی دەسەڵاتی كوردی پارچەپارچە كراون ئەوەی گرنگە هەنگاوە یاساییەكانی ئەم بابەتەیە , كەبەپشت بەستن بەمادەی (119)ی دەستور لە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی (2008) دا روون كراوەتەوە , بۆ ئەوەی بەرچاو روونی هەبێت بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق كە هەر پارێزگایەك بیەوێت داوای هەرێمێكی سەربەخۆ بكات دەتوانێت لەڕێگەی ئەم مادە دەستوری و بەم رێكارە یاساییانەی كە دیاری كراوە داوای بەهەرێم بوون بكات .
سەرەتا پێویستە بوترێت بە پشت بەستن بە مادەی (119)ی دەستوری عێراق دوو رێكار هەیە كە هاوڵاتیانی پارێزگایەك دەتوانن بۆ هەرێم كردنی پارێزگاكەیان بیگرنە بەر .
یەكەم : لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە كە یەك لەسەر سێ (سێ یەكی) ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێم دەكەن .
دووەم : لەسەر داوای یەك لەسەر دە (دەیەكی) دەنگدەران لە هەر پارێزگایەك لەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێم دەكەن .
هەر بەو مەبەستە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی (2008) تایبەت بە رێكارەكانی چۆنێتی بەهەرێم كردنی پارێزگایەك دەرچووەو تیایدا دەڵێت :...
ئەگەر لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە پێشكەش بكرێت ئەبێت یەك لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن داواكەیان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرز بكەنەوە .
خۆ ئەگەر راستەوخۆ لە رێگەی دەنگدەرانی پارێزگاكەوە بێت لە پێشدا داواكاریەكە لە لایەن لەسەدا دووی دەنگدەرانەوە پێشكەش دەكرێت بە نوسینگەی كۆمسیۆنی باڵا لەو پارێزگایەی كە داوای هەرێمەكە دەكرێت پێویستە شێوەی ئەو هەرێمەی تێدا دیاری بكرێت كە دروست دەكرێت وە پێویستە كۆمسیۆن لە ماوەی سێ رۆژدا لەم داوایە لە گۆڤارو رۆژنامەكاندا بڵاوی بكاتەوە وە ماوەیەك دیاری بكات كەلە مانگێك زیاتر نەبێت بۆ هاوڵاتیان ئەوانەی مەرجی دەنگدانیان تێدایە بۆ بەدەست هێنانی رێژەی یاسایی ,
ئەوەی گرنگە لەم قۆناغەدا بۆ بەهەرێم بوونی سلێمانی دەبێت لە رێگەی راپرسی راستەوخۆی دەنگدەرانەوە بەئەنجام بگەیەنرێت نەك لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە هەركاتێكیش رێكارە یاساییەكان تەواو بوون كۆمسیۆن نوسینگەی تایبەتی خۆی لەو پارێزگایە رادەسپێریت بۆ ئەنجام دانی راپرسی گشتی ,
قۆناغەكانی پێشكەش كردنی داواكە هەتا رۆژی راپرسی گشتی لە یاسا دیاری كراوە و هیچ كەس و حیزب و لایەنێك ناتوانێت رێگری لێبكات بۆیە گرنگە بۆ ئایندە خەڵكی پارێزگای سلێمانی لە پشدەر و بتوێنەوە بۆ هەڵەبجە و شارەزور و گەرمیان خۆیان بۆ پرۆسەی راپرسی و دەنگدان لەسەر چارەنوسیان ئامادە بكەن بەمەش بۆ هەتا هەتایە لەو كێشەو نەهامەتیانە رزگاریان دەبێت كە دەیان ساڵە پێوەی گیرۆدە بوون .