Draw Media

ئەم دەسەڵاتە، لە قوتووی هیچ عەتارێكدا نەبینراوە 

ئەم دەسەڵاتە، لە قوتووی هیچ عەتارێكدا نەبینراوە 

2020-07-30 11:02:13


ئەبو كاروان
دەسەڵاتی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، هاوشێوەو نموونەی لە هەموو دونیادا نەبووەو نییە، بەوەی بەناوی یاساوە یاسا شكێنی دەكەن، دوو حكومەت‌و دوو زۆن‌و دوو ئیدارەو دوو ئاسایش هتد.. یان هەیە، كەچی باسی چارەنووسی گەل‌و یەكێتی ریزەكانی گەل‌و سەروەری یاساو دامەزراوەكانی دەكەن، وە لەولاشەوە خەڵكی  رەخنەگرو ناڕازی بە تێكدەرو مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار دەكەن، یاخود دەمێك باسی دەستەبەركردنی ئازادییەكان دەكەن‌و وەك دەستكەوت بە خەڵكی دەفرۆشنەوە، بەڵام لەواقیعدا بەبێ ئەوەی راگەیەنرابێت (باری نایاسایی) فەرزكراوە !
لەسنوری  هەولێرو دهۆك‌و لەژێر هەژموونی پارتیدا، رێگری لە هەموو  جۆرە خۆپیشاندان‌و چالاكییەكی جەماوەری گیراوە، خۆ گەر كرابێت ئەوە بەزەبری لێدان‌و چەك و "شەق" كۆتاییان پێهێنراوە. لە سنوری سلێمانیش لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا، خۆپیشاندەران رووبەرووی دەیان پێشێلكاری بونەتەوە.
سەرەڕای بوونی یاسای خۆپێشاندان‌و رێكخستنی كاری رۆژنامەوانی، بەڵام رۆژانە میدیاكاران‌و خەڵك بەرشەق دەدرێن. سەیر لەوەدایە باسی هێزی میلیشیایی  بەغدا دەكەن كە  وایەو بوونی هەیە، كەچی  خۆیان  لە بیریان دەچێ (سەدو دە هەزار پێشمەرگەی حزبی بەخێو دەكەن)، ئەمە جگە لە لیواو فەوجی بەرپرسان.
رۆژانە سوپای وڵاتانی داگیركەر سنوری هەرێمی كوردستان دەبەزێنن‌و هاوڵاتیان شەهید دەكەن، لەبری روبەرووبونەوەی هێزی داگیركەر، كەچی روبەڕووی ئەوانە دەبنەوە كە دژی هێرشی داگیركەران دەوەستنەوە.
هەردوو حیزب سوپایەك دەزگای ئیعلامی گەورەییان بە پارەی (خەڵك) دروستكردووە كە لە بڕی هێرش بۆسەر جەستەمان، رۆژانە هێرش بۆسەر عەقڵمان دەبەن‌و خەریكی دروستكردنی وشیاری ساختەو گۆڕینی ئاڕاستەی رووداوەكانن  بە رێگای دروستكردنی كەیسی ساختەو تۆمەت بەخشینەوە بۆ كارەكتەرە رەخنەگرەكان، ئەوان خەریكی كوشتنی كارەكتەری رەخنەگرن، چونكە ناتوانن وەڵامی فكری‌و سیاسی رەخنەگران بدەنەوە. دووبارەی دەكەمەوە، من  ئەمانەم لە قوتووی هیچ عەتارێكدا نەبینوە. جا ئیتر كەیفی خۆتانە كە بڕوا دەكەن یا نا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand