ئۆپۆزسیۆن لەقەیراندایە
2020-07-29 11:19:41
د. ئیسماعیل نامیق
لەئێستادا سەرکردایەتیکردنی ئۆپۆزسیۆن ودەنگی ناڕازیی لەقەیرانێکی گەورەدایە، بەهۆی ئەوەی ناکۆکی نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەناکۆکیەکانی یەکێتی وپارتی زیاتر وگەورەترە، ئەم هێزانە نەیانتوانیوە تەنانەت لەسەر یەک بابەتیش هەڵوێستێک، یان گوتارێکی هاوبەشیان هەبێ، هەریەکە ولەدۆڵێکن ولەئاوازێک ئەخوێننن. پاشان هیچ کام لەهێزە ئۆپۆزسێونەکان خاوەنی بەرنامەیەکی قوڵ ودوور مەودا نیە، پلان وتێڕوانینی بۆ ئایندە نیە، بەڵکو تەنها سیاسەتی رۆژ دەکات، بەئاشکرا هەست بەهەژاریی مەعریفە ورۆشنبیریی یاسایی وسادەیی فراکسیۆنەکانیان دەکرێت لەخەباتی پەرلەمانیدا، تا ئێستا نەیانتوانیوە، بەگفتوگۆیەکی یاسایی لۆژیکی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئیحراج بکەن، لەهەمبەر ئەو هەموو کەلێنە یاسایی ورێوشوێنە نایاساییەی کە هەن، زۆرجار ناڕەزایی خەڵک بەزمانێکی سادەتر لەوەی خەڵک، لەپەرلەماندا وبەتوڕە بوونەوە دەخەنە روو، ئەمانە تەنها کەف وکوڵێکن وکاریگەرییەکەیان زوو دەنیشێتەوە ونامێنێت، هەروەها یەکێتی وپارتیش سودیان لەئەزموونی رابردووی گۆڕان وەرگرتووە، بەقەولی کاک مەلا بەختیار چەندین ( قازیان ) ناردۆتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی هەرکات فەرمانیان پێکردن بەدەنگێکی بەرزتر لەئۆپۆزسیۆن بقیڕێنن وهاوار وموزایەدە بکەن، ئەمەش لەپێناو پووچەڵ کردنەوەی هاواری ئۆپۆزسیۆن!!
پارتی حیزبێکی داهێنەر نیە، بەڵام دەتوانێت هەموو داهێنانێکی بەرامبەر بێ کاریگەریی بکات، بۆنموونە، هێنانی خەڵکی پۆپۆلیست بۆ پەرلەمان، داهێنراوی پارتی نیە، گۆڕان ئەم مۆدێلەی داهێنا، بەڵام پارتی لەخولی سێ وچواردا هەستی بەمەترسی ئەم جۆرە خەڵکە کرد، بۆیە لەخولی پێنجدا زیاتر لەحیزبەکانی دیکە ئەم جۆرە خەڵکەی بردە پەرلەمان، پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیشی بەتایپێکی ئۆرجیناڵی پۆپۆلیزم پڕکردەوە وسکرتێرەکەشی بەناوی پاراستنی مافی کۆتاوە دا بەژنێکی گوێڕایەڵی خۆی، ئەم ژنە دەمی لەگەڵ پارتیدایە، بەڵام دڵی نا، پارتیش بەس کاری بەدەم وزمانیەتی!! بەم کارە پارتی دەرگای گفتوگۆی لۆژیکی لەپەرلەماندا کڵومدا وبەدیار هەر پەنجەرە وکڵاو رۆژنەیەکیشەوە پاسەوانێکی پۆپۆلیستی دانا، بۆ قەتیسکردن وخنکاندنی دەنگی پۆپۆلیستی ئۆپۆزسیۆن.
بۆیە ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا ناتوانێت بەچەکە کۆنەکەی گۆڕان روبەڕوی پارتی ببێتەوە، تەنانەت ئەگەر گۆڕان خۆشی ببێتەوە بەئۆپۆزسیۆن، ناتوانێت بەهەمان چەک لەگەڵ پارتیدا بجەنگێ، رەنگە ئەمە یەکێک لەهۆکارەکانی بەشداریکردنی گۆڕان بوبێت لەحکومەتدا.
کەواتە ئۆپۆزسیۆن لەقەیرانێکی قوڵدایە، قەیران لەفیکر وپلان وبەرنامەی کارکردن، قەیران لەتێڕوانین وخوێندنەوەی داهاتوو، قەیران لەئامرازی کارکردن. ئەم قەیرانەی ئۆپۆزسیۆن بەڕای من تاکۆتایی خولی پێنج بەردەوام دەبێت، ئۆپۆزسیۆن لەم خولەدا ناتوانێت هیچ بکات، بچووکتر دەبێتەوە گەورە نابێت. بەڵام لەخولی داهاتوودا، گۆڕانکاریی ریشەیی وگەورە روودەدات، چونکە پارتی ویەکێتی لەبەهێزبووندا نین، راستە بەقەبارە قەبە وگەورە دەرئەکەون، بەڵام لەناوەڕۆکدا لەداخوڕان وپوکانەوەی بەردەوامدان، لەبەئەوە، مانەوە ودەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە لەبەهێزیی خۆیانەوە نیە، بەڵکو لەلاوازیی بەرامبەرەکانیانەوەیە. کۆبونەوەی دەنگەناڕازییەکان لەپارتێکدا یان لەبەرەیەکدا لەژێر سەرکردایەتیەکی بەهێزدا، یەکێتی وپارتی دەخاتەوە قاڵبی سروشتی خۆیان، ئەمە قورسە، بەڵام ئاستەم نیە، تەنها پێویستی بەحیکمەت وگۆڕینی شێوازی کارکردن وجۆری کارەکان وپلان وبەرنامەی قوڵ ودوور مەودا هەیە.