ئه‌رێ په‌رله‌مان خه‌رێكی چییه ؟
2020-07-27 21:45:17
سەرتیپ وەیسی
له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێشنیازی یاسای (ڕێكخستنی میدیای ئه‌لیكترۆنی له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق) كرا .
تاوه‌كو ئێستا هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌كی تایبه‌ت به( ته‌له‌فیزۆن و رادیۆ) ی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه یاسایی ژماره 35ی ساڵی 2007 ی كاری رۆژنامه‌وانییه كه ئه‌ویش زیاتر تایبه‌ته به ڕۆژنامه و كاغه‌ز، كه كاتی خۆی یه‌كێك بوو له یاسا باشه‌كان له په‌رله‌مان ده‌رچوو، به‌و پێیه‌ی لانیكه‌م جۆرێك له ئازادی بۆ رۆژنامه‌نووس تێدایه، به‌ڵام ئه‌و كات سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و رێكخراوه‌كان و به‌شێك زۆر له ڕۆژنامه‌نووسانی ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆش ده‌ستیان هه‌بوو له ده‌رچوواندنی یاسایه، جگه له‌وه‌ش خولی ئه‌وكاتی په‌رله‌مانیش براده‌رانی لیژنه‌ی یاسایی خه‌ڵكی به توانابوون.
ئێستا په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ كاری دیكه‌ی نه‌بێت، ده‌ستی بردوه بۆ یاسایه‌كی هه‌ستیاری وه‌كو ڕێكخستنی میدیای ئه‌لیكترۆنی له‌هه‌رێمی كوردستان، له كاتێكدا ده‌ركردنی یاسایه‌كی ئه‌وها گرینگ، نه له توانای لیژنه‌ی رۆشنبیری و یاسایی ئێستای په‌رله‌مانی كوردستانه، نه پرسیش به كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته كراوه، ده‌ركردنی یاسایه‌ك به‌م شێوازه و به‌و په‌له‌یه‌ی ئێستا چه‌ندین گرفت ده‌خوڵقێنێت، كه مومكین نییه ئێمه‌ی ئه‌هلی ئه‌و كاره ئه‌و شته به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕ بكرێت چونكه :
1. دڵنیابن ئه‌و یاسایه له خوله‌دا به‌م شێوه‌یه تێپه‌ڕی، كه زۆرینه‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریه‌وه هه‌یه، وه‌كو یاسایی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی مۆبایل رۆژی یه‌كێكمان ده‌چینه زیندان.
2. ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه له ئه‌همیه‌ت و رۆڵی یاسای كاری رۆژنامه‌وانی ساڵی 2007 كه‌مده‌كاته‌وه، دادگاكان په‌نا بۆ ئه‌و یاسایه ده‌به‌ن، هه‌روه‌ك چۆن ئێستا په‌نا بۆ یاسای ئامێری خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل و یاسایی سزادانی عێراقی ده‌به‌ن.
3. باشه ئه‌و یاسایه له ئێستا چ زه‌رووره‌تێكی هه‌یه؟ هه‌نوكه میدیایه له دوای دروست بوونی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، قۆناغی میدیای نوێشی تێپه‌ڕاندووه چووینه قۆناغی دوای سه‌رهه‌ڵدانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ك ڕۆژنامه ئێستا ته‌له‌فیزۆنیش رۆڵی پێشووتری له ده‌ستداوه.
4. ده‌ركردنی ئه‌م هه‌موو یاسایه به‌یه‌كه‌وه، دژ به یه‌ك بوون له نێوانیان یاساكان دروست ده‌كات و ئه‌وكاتیش دادگاكان چۆنیان بووێت له نێوان ئه‌و هه‌موو یاسایه یه‌كێكیان هه‌ڵده‌بژێرن.
ده‌كرێ هه‌موومان له دژی ئه‌و یاسایه بووه‌ستینه‌وه، چونكه زۆرجار ئه‌وانه‌ی یاسا ده‌رده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر نیه‌تیشیان باش بێت، زۆر به‌خراپی یاساكه ده‌رده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌هل و پسپۆری بابه‌ته‌كه نین، زۆرجاریش مه‌رامی سیاسی له پشتیانه‌وه هه‌یه، به تایبه‌ت ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان كه زۆرێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان جارێ جیاوازی له نێوان بڕیار و رێنمایی و یاسا و ده‌ستوور ناكه‌ن، چ جای یاسایه‌كی له‌م جۆره ؟!!!
مادام یاسا بۆ ئێمه ده‌رده‌كرێ ده‌بێ پرسیشمان پێبكرێت تكایه... تكایه... تكایه !!!
قسه‌ی زۆر هه‌ن له ده‌رچوواندنی ئه‌م جۆره یاسایه، به‌ڵام من كاتم نییه و جاڕێ سه‌رقاڵم، ئه‌گه‌ر نا له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانم گه‌وره‌ترین كه‌مپین له دژی یاسایه‌كی له‌م جۆره دروست ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێویسته رۆژنامه‌نووسان و سه‌ندیكا و رێكخراوی میترۆ و خه‌ڵكی ئه‌كادیمی بواری راگه‌یاندن له ئێستاوه قسه‌ی خۆیان هه‌بێت و لێی بێده‌نگ نه‌بن.