Draw Media

بۆچی مام جه‌لال رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی له‌گه‌ڵ پارتی كرد؟

بۆچی مام جه‌لال رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی له‌گه‌ڵ پارتی كرد؟

2020-07-27 20:12:03


پشتیوان زاهیر

13 ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان یه‌كێتی و پارتیدا تێپه‌ڕی، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی بووه‌ هۆی كۆتایی هاتن به‌ شه‌ڕی ناخۆو بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌گه‌رچی میدیای ئه‌هلی ئه‌وكات و گۆڕانیش كه‌ تازه‌ دروستببوو به‌جدی كاریان بۆ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كرد، به‌بیانووی ناشه‌فافی چه‌ند خاڵێك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا‌ له‌باره‌ی نه‌وت و داهاتی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دواتر شینی ئه‌وانه‌ بۆ هه‌ریسه‌كه‌بوو. (به‌داخه‌وه‌ ئێستا میدیای ئه‌هلی نه‌ماوه)‌و گۆڕانیش شه‌ریك و برابه‌شی پارتییه‌.
جگه‌ له‌وانه‌ش من له‌بیرمه‌ به‌شێكی زۆر له‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌وكاتی یه‌كێتی له‌ژێر لێوه‌وه‌ گلله‌ییان له‌ سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌كرد كه‌ یه‌كێتی ته‌سلیمی پارتی كردووه‌، به‌ڵام مام دووربینانه‌تر بیری له‌و بابه‌ته‌ ده‌كرده‌وه‌ له‌ كاتێكدا یه‌كێتی نیوه‌ی لێی جیاببووه‌وه‌ گۆڕانی پێ دروستكرابوو، به‌ڵام به‌هێزی رێككه‌وتنامه‌ی ستراتیژی پارسه‌نگی هێز رێككرابۆوه‌، لاوازی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی ته‌واو شاردبووه‌وه‌، به‌ڵێ ئه‌وكاته‌ بوو ئه‌گه‌ر وه‌زیرێك پارتی بوایه‌ مه‌رج بوو جێگره‌كه‌شی یه‌كێتی بێت. ته‌نانه‌ت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی بنكه‌فراوانیش به‌هۆی رێككه‌وتنامه‌ی ستراتیژی تاڕاده‌یه‌ك ئه‌مه‌ ره‌چاوكرا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی من خۆشم وه‌ك ئه‌ندامێكی یه‌كێتی تێبینیم له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌بوو به‌ڵام ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ رێككه‌وتنی ستراتیژی یه‌كێتی و پارتی زامنی پاراستنی ژیانی خه‌ڵك و قووتی خه‌ڵك بوو له‌به‌رئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:
1- یه‌كێتی و پارتی دوو هێزی سه‌ره‌كین و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.. به‌ یه‌كگرتوویان به‌هێزتر له‌وه‌ی ئێستا ده‌رده‌كه‌ون و ناتوانن بۆ زۆر مه‌سه‌له‌ی گرنگ به‌ ئاسانی زه‌فه‌ر به‌و دوو حزبه‌ ببه‌ن، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێك بێت بۆئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستێكی ده‌ره‌كییه‌وه‌ به‌رده‌وام كار بۆئه‌وه‌ بكرێت نه‌هێڵن پارتی و یه‌كێتی وه‌كجاران له‌یه‌كتری نزیك ببنه‌وه‌.
2- یه‌كگرتوویی ئه‌م دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌ له‌ به‌غدا كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك هه‌بوو. هه‌م به‌هۆی وجودی مام له‌ به‌غداو هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش حسابی ئه‌و یه‌كگرتووییه‌یان ده‌كرد و كارته‌كانی ده‌ست یه‌كێتی و پارتی به‌هێزتر بوون نه‌یانده‌توانی به‌ئاسانی یاری به‌ مووچه‌و قوتی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا به‌غدا به‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ی ناو ماڵی كورد‌ خۆشحاڵه‌.
3- له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌دابڕێندراوه‌كان یه‌كێتی و پارتی ده‌سه‌ڵاتی باشیان درابوێ و هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد، له‌و بڕوایه‌دام له‌ دوای ریفراندۆمیش به‌و یه‌كگرتووییه‌ بمانایه‌وه‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر رووینه‌ده‌دا.
ئه‌مانه‌ی باسم كرد بوون به‌ رابردوو، پرسیار بۆ خه‌ڵكی خه‌مخۆری ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌یه‌ چی بكرێت؟ چۆن وابكرێـت جارێكی تر پرسه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كانمان له‌ لێواری له‌ناوچوون راست بكه‌ینه‌وه‌؟ چۆن وابكه‌ین خه‌ڵكی كوردستان له‌م نه‌هامه‌تییه‌ رزگار بكه‌ین؟
به‌ڵێ .. باشترین كار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ رێككه‌وتنامه‌ی ستراتیژی فراوانتر ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ئه‌مكاره‌ش دیسان به‌ رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی دێته‌ به‌رهه‌م  به‌ڵام ئه‌مجاره‌ سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌كانیش بهێننه‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌یان، ئه‌وكات به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌ره‌نجامی یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد هه‌موومان لێی ده‌حه‌سێینه‌وه‌.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand