Draw Media

عێراق و کوردستان بەرەو کوێ ؟

عێراق و کوردستان بەرەو کوێ ؟

2020-07-27 19:24:18


عادل باخەوان
چەند پرسیارێکم لەسەر ڕوداوەکانی عێراق و کوردستان بۆ هاتوە و بەشێك لە خوێنەرەکانم چاوەڕوانی وەڵامن. من بە کورتی و لەم چوارچێوەیەی خوارەوەدا ڕوداوەکان دەبینم:
1. موستەفا کازمی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و پێیوایە ئەوە تاکە چارەسەرە بۆ دەرچوون لەو کۆڵانە داخراوە کە هەموو عێراقیەکانی تیادایە.
2. من پێموایە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دەمانخەنە بەردەم گریمانەی جەنگێکی ناوخۆی خوێناویتر لەو جەنگەی کە لە نەوەدەکاندا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕویدا.
3. جەنگێکی ناوخۆی لەم جۆرە کۆتایی بەو عێراقە دێنێ کە سەد ساڵ لەمەوبەر پرسێ کۆکس دروستیکرد.
4. بەبۆچونی من تراژیدیای عێراق لە نەبونی گرێبەستێکدایە لەنێوان هەموو ئەوانەی کە بڕیارە عێراقی بن. بەریتانیەکانی بیستەکان و ئەمەریکیەکانی دوهەزارەکان سەرکەوتوبون لە دروستکردنی عێراقدا، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی عێراقی دروستبکەن.
5. ئەوەی تائێستا عێراقی وەک دەوڵەت هێشتوەتەوە، تەنها ئیرادەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە. لە گریمانەی جەنگی ناوخۆدا، ئەو ئیرادەیەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
6. ئەوەی جێگای تێبینیە مامەڵەکردنی سوننە و کوردە لەگەڵ ئەم گریمانەیەدا. بەبۆچونی من هیچ یەکێک لەم دوو ئەکتەرە لە ئاستی تێگەشتن و دروستکردنی ستراتیژی نزیکە مەودادا نین لە بەرامبەر هەڵوەشانەوەی عێراقی شیعەدا.
7. سوننە گیرۆدەیە بەدەست پرسی نوێنەرایەتیکردن و داعش و خێڵ و وردوخاشبونی شار و گوندەکان و گەندەڵی و پاکتاوی مەزهەبیەوە.
8. کورد، تازە "دارە دارە هەستە پێبگرە بەهارەیەتی!" دوای بیست و هەشت ساڵ حکومەتی سەربەخۆ، تازە بەدوای ئەوەدا ئەگەڕێن کە چۆن مەکتەبی سیاسی ڕێگا بە پەرلەمانبدات کۆببێتەوە!
9. لە نەبوونی ستراتیژی کاراو بەهێزی سوننی و کوردا، دڵخۆشبونی سوننە و کورد بە هەڵوەشانەوەی عێراق بێ بنمایە، چونکە لە کۆتاییدا ئەکتەرە گەورەکانی وەک ئێران و تورکیا و سعودیە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ئەکتەرەکانی سیستمی ئەنتەرناسیۆنال، بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی دەدەن، نەک سوننە و کورد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand