کامەیان براوە دەبێت کازمی یان هەرێم ؟
2020-07-19 09:49:05
هیوا سەید سەلیم
سەردان و کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ ئەوەی نەپچڕاون، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە، جار بۆ جارێکیش بەغدا مەرجەکانی زیاتر دەکات و باری سەرشانی هەرێم قورستر دەکات.
جگە لەوەی لە ئیستادا هەردوولا کاریان بە یەکترە، و نابێت جاریکی دیکە پەیەوەنیەکانیان بگەیەنە دابران و مریشکە ڕەشە، بەڵام وەک دەبینرێت لە گۆرەپانەکەدا کازمی یاریکەریکی لێهاتوو تر دەرکەوتووە، بە تایبەت بۆ ناچارکردنی هەرێم بۆ سازشی زیاتر، هەر بۆیە دەبینین لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی باشتر یاری دەکات.
مستەفا کازمی، لە ئاستی ناوخۆیی بۆ دەستگرتن بەسەر دەروازە سنووریەکان لە بەسڕا دەستی پێکرد و هات بۆ دەروازەکانی ناوەڕاستی نزیک لە هەرێمی کوردستان، لە خانەقین و مەندەلی بەرپرسی دەروازە سنووریەکانی لادا و هی دیکەی لە شوینی دانا. هەموو ئەمانەشی بۆ ئەوە بوو کە بە هەرێمی کوردستان بلێت کە داخوازی ناوەند لە ڕادەستکردنی داهاتی دەروازە سنووریەکان تەنیا هەرێمی کوردستان ناگریتەوە، ئەوە نیە لەلای خۆمان دەستمان پێکردووە.
لە ئاستی دەرەکیش دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیران لەو هەفتەیە کازمی بۆ یەکلاکردنەوەی جەندین پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە ووزە و جموجۆلی ئابووری و بازرگانی و ئەمنی، سەردانی هەریەک لە سعودیە و دواتریش ئێران دەکات، واش بڕیارە دوای ئەو دوو وڵاتە کازمی بچێتە ئەمەریکا.
لەو هەوڵ و جوولە سیاسی و دبلۆماسیەی کازمی شتیکمان بۆ ئاشکرا دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لێی بە پەلەین و خواستمانە کە بەغدا لەگەڵمان دابنیشێت بۆ چارسەری پرسە هەڵواسراوەکانمان بۆ ئەوان کارێکی لاوەکیە، ئەی کەوایە دەبێت هەرێم چی بکات؟
گومانی تێدا نیە کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابووری دایە، هەروەها ئەو جۆرە بێ باکیەیی بەغدا لە مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێم و کێشە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان، تا دێت باری سەرشانی حکومەتی هەرێم لە باری ئابووریەوە قورستر دەکات، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دۆزینەوەی دەروازەیەکە تا لێیەوە هەنگاو بۆ دەرچوون لەو بەستەڵەکە بنێت.
ئاشکرایە کە لە بەرامبەر ئەو پشتیوانیەی کە لە ئاستی دەولی و ناوچەیی لە مستەفا کازمی دەکرێت، هیچ کات هەرێمی کوردستان هێندی ئێستا پێگەی لاواز نەبووە.
نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا لەسەر لایەنی کەمی هاوکاری و یەکهەڵوێستی رێکناکەون، لەسەر ئاستی ناوخۆش پارتی و یەکێتی کە پێکهینەری سەرەکی حکومەت و شەریکی ئابووری یەکترن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و چەندین پرسی دیکە ناسازێن و خاوەنی دوو ئەجێندایی جیاوازن.
بۆیە لە ئێستادا باشترین دەروازە بۆ هەرێمی کوردستان زاڵبوونە بەسەر کێشە ناوخۆیەکانی، لەوەی کە بەیەک ئاراستە و سیاسەت مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکرێت، چونکە ئاشکرایە کە بەشێکی بێ باکی بەغدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم و ئامادەنەبوون بۆ دانیشت بۆ چارەسەری کێشەکان، بۆ لاوازی پێگەی هەریمی کوردستان دەگەرێتەوە.
بۆیە وا بڕوات لەو گەمەیەدا کازمی براوە دەبێت، و دەبێت هەرێمی کوردستان سازشی زیاتری بۆ بکات، ئەوەشی کە باجە قورسەکە دەدات خەڵکی کوردستان دەبێت، لەوەی دەبێتە قوربانی زیاتری ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.