Draw Media

گوریسەکەی کازمی لە کوی دەپسێ!

گوریسەکەی کازمی لە کوی دەپسێ!

2020-07-18 10:14:52


 ئاسۆ حاجی

هێنانە پێشەوەی پرسی کۆنتڕۆلکردنی دەروازە سنووریەکان تەنها نمایشێکی زیرەکانەی کازمیە بۆ خۆ دەربازکردن لە شکستەی لە یەکەم هەنگاویدا وەک سەرۆک وەزیران توشی بوو لە هەوڵدانی بۆ دەست بردنی بۆ پرسی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی،لە دەستگیرکردنی چەند چەکدارێکی کەتائیبی حیزبوللای عێڕاق و پاشان بە ناچاری ئازادکردنیان و داوای لێبوردن کردن لێیان،کازمی تێگەیشت کە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە توانای ئەو نیە،چونکە ئەو هێزانە بە فتوایەکی پیرۆز دامەزراون و تەنها بە فتواش هەڵدەوەشێنەوە،کە ئەوەشیان دوورە لە وەدیهاتن چونکە هیچ شیعەیەک نایەوێ سوپای ئیمامی زەمان(مەهدی مونتەزەڕ) هەڵبوەشێتەوە و بەو کارەش هاتنەوەی ئیمام مەهدی دوا بکەوێ.
کازمی کاری سیاسیش وەک کاری میدیایی تێگەیشتووە و بەو شێوەیەش مامەڵەیان لەگەڵ دەکات کە پێویستە بەردەوام  روناکی و زوومی کامێڕاکانی لەسەر بێ و وەک پاڵەوان وێنە بکرێ لەوە ناچێ وەدیهێنەوەی ئارەزوو و ئامانجی ئەو لایەنانە بێ کە پاڵپشتیان کرد لەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران لە پێش هەموویانەوە ئەمریکا ئەگرچی کازمی بەخۆی زیاتر لەوە دەچێ دەستکردنی بەریتانیا بێ.ئەو هەموو ژاوە ژاوە میدیایەی کازمی دروستی کردووە لەوەی کە دەروازە سنووریەکانی کۆنتڕۆل کردووە تەنها ختوکەدان و موخاتەبەکردنی عاتیفەی شەقامی عێڕاقیە و خۆ ئامادەکردنیشە تا لە کۆشکی سپی وەک پاڵەوان پێشوازی لێ بکرێ بەوەی کە توانیویەتی بەرژەوەندیەکانی ئێران لە عێڕاق پاشەکشێ پێ بکات،بەڵام لە واقیعدا شتی وا لە گۆڕێ دا نیە و کازمی لە بەرامبەر ئێران ناتوانێ لەوانەی لە پێشەخۆیە هاتوون زیاتر بکات،نموونەی هەر نزیک و زیندوو عادل عەبدولمەهدیە.
تا ئێستا تەنها شەش دەروازە سنووری لەلایەن دژە تیرۆری عێڕاقی و هێزەکانی بەهاناوەچوونی خێرا کۆنتڕۆل کراون،بەڵام بیست و یەک دەروازەی دیکە کە نیمچە فەرمین یان نا فەرمین وەک خۆیان ماونەتەوە و لە ژێر کۆنتڕۆلی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدان،ئەوانەی دیکەش کە باسی کۆنتڕۆلکردن و گۆڕینی چەند بەرپرسێکیان دەکرێ بۆ ئێران و میلیشیاکانی لە عێڕاق کاریگەریەکی ئەوتۆی نیە چونکە هەر کەسێک ئەو دەروازانە بەڕێوەببات ناتوانێ لە دەرەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەوان بزاڤ بکات رێک وەک هەر کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێڕاق کە بیەوێ لە دەرەوەی ماڵی شیعە و بەرژەوەندیە باڵاکانی شیعە کە تەواو بە ئێرانەوە گرێدراون بزاڤ بکات کۆتایی دێت.
ئێران لە رێگای سەتان کۆمپانیای وەبەرهێنان و بانکی ئەهلی و دەیان گرێبەشتی بازرگانی و سەربازی و تەندروستی و کشتوکاڵی و زۆر لایەنی دیکە دەستی لە بینا قاقای ئابوری عێڕاق گیرکردووە جگە لە هەبوونی پشکی نیو بە نیوی لە داهاتی مەزارە ئاینیەکانی شیعە کە داهاتەکەی دیار نیە چونکە ناگەڕێتەوە گەنجینەی حکومەت بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە میدیایەکان ساڵانە داهاتیان بە ملیاران دۆلار دەخەملێندری و کەسیش جورئەت ناکا بڵێ ئەو داهاتە پێویستە بگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت! بۆیە هەندێک رێکاری رووکەش و خۆنمایشکردنی کازمی هیچ لە واقیعی ژیانی خەڵک ناگۆڕی هەر وەک چۆن هیچ لە بەرژەوەندیەکانی ئێران و میلیشیاکانی ناگۆڕێ.
بڕیارە مانگی داهاتوو کازمی سەردانی ئەمریکا بکات بەڵام بەر لەو سەردانە دەبێ بچێتە تەهڕان و لەوێ خۆی یەکلایی بکاتەوە ئایا دەیەوێ وەک سەرۆک وەزیران بمێنێتەوە یان ئێران قۆڵی لێ هەردەماڵێ،ئێران ئەو داوایانەی لە کازمی دەبێت:
-    کارا کردنی بڕیاری پەڕلەمانی عێڕاق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و دەبێ ئەوە یەکێک بێت لە ئەجێندای سەردانەکەی.
-    کارا کردنی ئەو رێکەوتنە بازرگانیانەی لە سەردەمی عەبدولمەهدی لەگەڵ چین کراون لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
-    هەڵپەساردن و جیبەجێ نەکردنی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ وڵایانی ئەنجوومەنی کەندا ئیمزاکراون بە تایبەتی سعودیا و دەستی دەستی پێکردنیان.
-    کەمکردنەوەی فشار لەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و دەستکاری نەکردنی بودجە و موچەکانیان.
لە دوای ئێران کازمی بڕیارە سەردانی سعودیا بکا و رەنگە چەند چەند لێکتێگەیشتنێک ئیمزا بکەن کە زیاتر خۆی لە کردنەوەی هەردوو دەروازە سنووریەکەی نێوانیان ببینێتەوە،رەنگە بەر لە سعودیە و ئێران کازمی سەردانی هەرێمی کوردستان بکا و بڕوا ناکەم زۆر بە گەرمیەوە پێشوازی لێ بکرێت چونکە تا ئێستا نەک کردار قسەیەکی باشیشی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەکردووە و زیاتر سیاسەتی خۆگرخاندن پەیڕەو دەکا و مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستانی کردۆتە قوربانی دڵ راگرتنی هێزە شیعیەکان کە رەنگە بۆ مانەوەی خۆی و دروست کردنی زەمینەی دووبارە بوونەوە سەرۆک وەزیران هەمان کاری سەرۆک کۆمار بکات و هەمان فەلسەفەی ئینگلیزەکان لە پاراستنی بەرژەوەندی خۆی پەیڕەو بکات( ئامادەم هەموو دونیا بسوتێنم تا هێلکەکەی خۆمی پێ بکوڵێنم) مەگەر تەنها فشاری نێودەوڵەتی گەورەتری لەسەر بێت لە پێناو راگرتنی هاوسەنگی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و لەو بەریەکەوتانە و یەکتربڕینانە جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری ببێتە خاوەن پێگەیەکی بەهێز و بەشێکی گرنگ لە راگرتنی هاوسەنگی و داڕشتنەوەی هاوکێشەکان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand