"ناگۆڕنۆ کەرەباغ" دەرفەتێک بۆ عوسمانیزمی نوێ
2020-07-17 22:26:20
پەیڕەو ئەنوەر
ئازەربایجان و ئەرمەنستان دوانەیەکی دژ بەیەکن لەناو سیستمی هەرێمی ناوچەکەدا. گوتار، سیمبوڵ، سیاسەتی دەرەوە، هاوڕێ، جوڵە و پاڵپشتییەکانیان دژ بەیەکترە! ئەم دوو کۆمارە لەدوای رووخانی سۆڤیەتەوە ئۆتۆنۆم دەبن بەڵام چەقی ململانێکانیان دەبەنەوە بۆ <ناگۆڕنۆ کەرەباغ> و هەردوولا بە قوڵایی ستڕاتیژی و جیۆسیاسی خۆیانی دادەنێن. لەساڵی ١٩٩٤ ئاگربەست رادەگەیەنن بۆ کۆتایی هێنان بە چیڕۆکی جەنگ بەڵام تائێستا جەنگ لەهەموو ئاستەکان بەردەوامە! لەڕاستیدا جەنگ لەنێوان ئەم دوو ئەکتەرەدا بە دامەزراوەیی و سیمبوڵی بووە! هەفتەی رابردوو جارێکی تر جەنگ روودەدات. ١٤ کەس لەنێوان هەردوولادا دەکوژرێت! ئازەربایجان وەک جوگرافیا ناگۆڕۆنۆ کەرەباغ وەک بەشێک لە جەستەی خۆی دادەنێت ئەرمەنەستان وەک خەڵک و دانیشتوان. لەهەناوی ئەم ململانێیەدا دیاردەیەکی تر هەیە، پڕۆژەیەکی تر هەیە؛ ناوی دەنێین دیاردەی تورکی!
تورکیا ئازەربایجانی بەلاوە گرنگە، بەردەوام بیری لێدەکاتەوە! لەئاستی جیۆپۆلەتیک، جیۆستڕاتیژی، دەریا و ئاو، نەوت و گازی سروشتی. لەڕاستیدا تورکیا وەک حەوشەی پشتەوەی خۆی لێی دەڕوانێت وەک چۆن هەمان دیدی هەیە بۆ موسڵ، بۆ سوننەکانی عیراق. ئازەرییەکان زۆرینەیان شیعەن ئەم ناسنامەیە هیچ گرێیەک لە دیاردەی پێکەوەبوونی تورکیا و ئازەربایجان دروست ناکات. بەکورتی تورکیا زۆرینەی خەیاڵەکانی گرێداوە بە قەقاز و ئازەربایجانەوە، دەکرێت وای لێکبدەینەوە:
١-ئازەربایجان تورکیا دەگەیەنێت بە <دەریای قەزوین> دیارە قەزوین گەورەترین دەریاچەی جیهانە! یەکەیەکی جیۆپۆلەتیکی باڵایە. <رووسیا، ئێران، ئازەربایجان، تورکمانستان و کازاخستان> بەیەکەوە گرێدەدات. بیرکردنەوەی تورکیا لە قەزوین لەدیدی <ماکندەر>ەوەیە! گرتنی قەزوین و ئاسیای ناوەڕاست گەیشتنە بە جیهان. ئازەربایجان لێرە رۆڵی پرد دەبینێت، پرد بۆ پەڕینەوەی تورکیا و گەیشتن بە ئاسیای ناوەراست. کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست جگە لە تاجاکستان ئەوانیتر بە تورکی قسەدەکەن، بیردەکەنەوە و خۆیان دەردەخەن! ئەمە دەرفەت بە تورکیا دەدات ئاسانتر قوتیان بدات، بیانکات بە بەشێک لە خۆیان.
٢- تورکیا بەدوای ناسنامەیەکی تازەدا دەگەڕێت! تائێستا گوتاری زاڵ عوسمانیزمی نوێیە! لەپاڵ ئەم گوتارەدا تورکیا پێویستی بە بنەمای جیۆپۆلەتیکییە بۆ کشان بەهەرچوارلایدا، بەهەموو ئاڕاستەکاندا! پڕۆسەکە وەهایە کە ئازەربایجان ئاسان بیگەیەنێت بە قەزوین، دواتر ئاسان دەگات بە کەنداو و باکووری ئەفریکا. دواتر گەیشتن بە ناسنامە و ئاسایش، رۆڵ بینین وەک هێزێکی هەرێمیی. بازنە جیۆپۆلەتیکییەکە لە ئەستەنبۆڵی ناوک جوڵە دەکات، دەگات بە باکۆ دواتر کەنداو و لەوێشەوە بۆ لیبیا.
٣-ئازەربایجان خاوەن نەوت و گازی سروشتییە! تورکیا کڕیار و هاوبەشە. لەپڕۆژەی <تاناپ> تورکیا کڕیار و ئازەربایجان فرۆشیار. ئەم دۆخە دەمێکە ئامانجی قوڵی تورکیایە، لەڕاستیدا ئاسانتر ئازەربایجان دەکات بە ویلایەت/حەوشەی پشتەوەی تورکیا. گازی سروشتی بەرامبەر کاڵای تورکی، پەیوەندی تورکی و ئاسایشی وزە. دواتر زاڵبوون بەسەر دراوسێکاندا بەتایبەت کاتێک ئەرمەنستان لەدیدی تورکی نەیار و خراپە، کورە ئەتۆمییەکانی ئەرمەنستان لەسنووری تورکیاوە نزیکە! تڕابزۆن و چەند گوندێکی تری ئەرمەنی لەسنووری تورکیان بەڵام دوور لە دونیای تورکین.
٤-تورکیا لەڕێگەی ئازەربایجانەوە بیر لە مۆدێڵی چینی دەکاتەوە بەتایبەت کاتێک پڕۆژەی ئاوریشم دەیەوێت بەهەناوی ئازەربایجاندا بێت و بەسەر تورکیادا باز بدات! سەرەتا کشان بەناو ئازەرییەکاندا وەک کەلتور و دابینکەری ئاسایش، دواتر لادانی دیوار/سنوور، لەکۆتاییدا ئاوێتەبوون و یەک سیستم و دوو دەوڵەت. یەک سیستم لێرە ناوکی عوسمانیزمی نوێیە! تێکەڵەیەک لە ناسیۆنالیزم و پڕۆژەی ئسیلامیزم بۆ قوتدانی ئەوانیتر، کاڵکردنەوەی سنوورەکان و هەڵکشان. پڕۆژەکە واکاردەکات کە تورکیا فراوانبێت و هەڵکشێت، نەتەوە، مەزهەب و جیاوازییەکانی تر لەرێگەی ئارگیۆمێنتی ئیسلامی، یادەوەری، بازاڕ و بەهەکانی تر قوتبدات.
عوسمانیزمی نوێ دەکشێت، بەشێوەی رەق، نەرم و رێگای تر! ئەستەنبۆڵ ناوک، ناگۆڕنۆ کەرەباغ، لیبیا، موسڵ و ئەوانی تر پەراوێز ...