Draw Media

چاكسازی  دروشمێكی بێ كردار

چاكسازی  دروشمێكی بێ كردار

2020-07-17 09:31:20


 ئەحمەد محمود 

 هەر لە سەروبەندی پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تاهەنوكە یەكێك لەو دروشمانەی كە هەر نۆ كابینەكەی حكومەت هەمیشە وەپێش خۆی داوە و وەك دروشم جەختی لەسەر كردووە و بەڵێنی جێبەجێكردنی داوە بریتیە لە چاكسازی. 
بێگومان پارتە ئوپۆزسیۆنەكانیش هەردەم چاكسازیان بە تاكە ڕێگەو دەلاقەی دەربازبوون لەو هەموو قەیرانە زانیوە ، یەكگرتووی ئیسلامی لە ساڵی 2005 لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە لیستێكی جیا بەشداری لەو پرۆسەیەدا كرد و دروشمی سەرەكی ئەم پارتە بریتی بوو لە چاكسازی و دابینكردنی خزمەتگوزارای و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی .
هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیشە لەماوەی ئۆپۆزسیۆن بوونی دا چاكسازی لەوەدا دەبینیەوە كە گۆڕانكاری لە تەواوی كەرتە ئیداری و خزمەتگوزاریەكاندا بكرێت و دام ودەزگا جۆراوجۆرەكان بە دامەزراوەیی بكرێن ، هەر بەو ئومێدەشەوە بەشداری لە كابینەی هەشت وپاشان كابینەی نۆ كرد بەڵام چەندین وەزارەت و بەڕێوەبەرێتی وەرگرت شتێكی ئەو تۆی بەدی نەكرا .
كۆمەڵی ئیسلامیش نوێترین كاریان ئەوەیە كە ئەمیرەكەیان لە رۆژی (11/7/2020) پرۆژەیەكی نوێی بۆ چاكسازی ڕاگەیاند ، بەڵام پارتەكانی دەسەڵات بەتایبەت پارتی دیموكرات نەك ستایشی پرۆژەكەیان نەكرد بەڵكو ڕەخنەی توندیان ئاراستە كرد.
هەرچی میللەتیشە سەرجەمی داواكاریەكانی كۆكردووەتەوە لە چاكسازیدا و داوای چاكسازی ڕاستەقینە و بنەرەتی دەكەن لە تەواوی كەرتەكاندا . 
ئەمە سەرڕای ئەوەی كە تەواوی پارتە سیاسیەكان لە سەروبەندی هەر هەڵبژاردنێكدا بەڵێنی چاكسازی هەمە ڕەنگیان بەهاونیشتمان داوە بە چەشنێك ئەگەر دەربچن ئەوا لە كەمترین مەودادا گەندەڵی بنەبڕدەكەن و وڵات دەكەنە شامی شەریف . 
وەك دەزانن ساڵێكی تەواو بەسەر تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم گوزەردەكات ، سەرۆكی ئێستای ئەم حكومەتە پرۆژەی چاكسازی ڕاگەیاند و بەڵینی چاكسازی گەورەی بە هاونیشتمانیاندا ، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە هەست بە شتێكی ئەوتۆ ناكرێت كە وەك چاكسازی ڕاستەقینە ئەژمار بكرێت ، ئەوەیشی كەكراوە یاخود بڕیارە بكرێت دیسانەوە قورساییەكەی دەكەوێتە سەرشانی موچە خۆران و میللەت  . 
ئەوەی كە لەم بابەتەدا پرسیاری سەرەكیەو خوتخوتەمان دەدات ئەوەیە هەم حكومەت و هەم پارتەكانی دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆن و هەمیش هاونیشتمانیان پڕ بەگەرویان هاواردەكەن چاكسازی ، هەموان هەردەڵًێن تاكە ڕێگەو مەنفەز چاكسازییە، وەلێ بۆچی بەدرێژایی 29 ساڵی تەمەنی حكومەتی هەرێم و قەوارەی سیاسی ئەو هەرێمە ئەم چەمكە هێندەی وەك دروشم  ماوەتەوە نێو هێندە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە ، هێندەی هەر دروشم و نەزەریاتە هێندە كردار و پراكتیك نییە؟ ئایا هۆكاری سەرەكی لە بابەتەدا چییە ؟ بۆچی چاكسازی لە زۆرێك لە وڵاتانی دونیا لەمەودایەكی زەمەنی دا ئاماژە و نیشانەكانی وەدەردەكەون و ووردە ووردە دەكەوێتە  سەر بەر و پێدەگات كەچی لە وڵاتی ئێمە بۆتە دێوەزمەیەكی هێندە گەورە هیچ كەس و هیچ لایەنێك ناتوانێت خۆی لە قەرەی بدات ؟ لە كاتێكدا كە هەموان دەڵێن چاكسازی .
وەك دەزانین وڵاتێكی وەكو ئەڵمانیا لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم وێرانەیەك بوو هیچی دی بەڵام لە ماوەیەكی دیاری كراودا توانیان جارێكی دی ووڵات بونیاد بنێنەوەو بوژانەوەیەكی سەرتاسەریان لەتەواوی كەرتەكاندا كرد .
وولاتێكی وەكو مالیزیا لەسەر دەستی مەهاتیر محمد لەماوەی بیست ساڵدا لە ووڵاتێكی هەژاری كشتوكاڵی یەوە  بوو بەو وڵاتەی كە ئێستا هەمومان سەرسامین بە پێشكەوتنەكانیان لە ڕووی پیشەسازی و تەكنەلۆژیاوە .
وەلێ لە وڵاتی ئێمە هەموان هاواردەكەن چاكسازی كەچی هەنگاوێكی ئەرێنێ ئەوتۆ بە ئاڕا ستەی چاكسازی فیعلی و ڕاستەقینە نابینرێت .
بە بڕوای ئێمە و ئەگەر ڕاشكاوانە قسەی لەسەر بكەین ئەوەی لە پشتی ئەم بابەتەوە خۆی حەشارداوە و بەربەستە لەبەردەم چاكسازی بە كردار دەگەڕێتەوە بۆ سێ فاكتەری سەرەكی : 
یەكەم: دەسەڵاتێكی قۆرخكار: 
حیزبە دەسەڵاتدارەكان هەر لە پێكێهانانی یەكەم كابینەی حوكمڕانیەوە تا ئەم ساتەوەختە مەهام و ئامانجی سەرەكییان بریتی بووە لە دەوڵەمەندكردنی گیرفانی خۆیان و حیزبەكانیان ، هێندەی لە خەمی خۆشگوزەرانی خۆیان و بنەماڵەكانیان بوون نیوهێندە لە خەمی بەرجەستەكردنی حكومەتێكی خزمەتگوزار و حوكمڕانیەكی رەشید بۆ خزمەتی هاونیشتمانیان نەبوون ، میللەت بەجوانترین شێوە پێشوازیان لێكردن و هەزاران خەون وخەیاڵیان لە خۆشگوزەرانی و حوكمڕانیەكی دیموكراسیانە لە خەیاڵدانیان لەسەر هەڵچنیبوون ، تا ئاستی پیرۆزی لەناو هاونیشتمانیان پیرۆز بوون ، بەڵام لەبەرامبەردا ئەمان جگە لە دزی وگەندەڵی و دەوڵەمەندكردنی خۆیان وكۆمپانیا حزبیەكانیان هیچی تریان بۆ میللەت پێنەبوو ، لەهەرگۆشەیەكی ئەم كوردستانەوە بروانیت جگە لە گەندەڵی و ناعەدالەتی شتێكی ئەو تۆ ناچنیتەوە .
دەتوانین بڵێین ئەوەی كەلە پشتی نەهاتنەدی چاكسازی كردارەكی و ڕاستەقینەیە بە پلەی ئیمتیاز پارتەكانی دەسەڵاتن  كە هەتا ئێستا نۆ كابینەی حكومەتیان پێكهێناوە ئەم پارتانە ئەگەر ڕاستگۆبن لەگەڵ دروشمی چاكسازی دەبێت ئەم كارانە ئەنجام بدەن: 
1.    شفافكردنی داهاتە ناوخۆی ودەرەكیەكان و مەلەفی نەوت و خاڵە گومرگیەكان ...هتد و ڕێگە نەدان بە یاریكردن بە سەروەت و سامانی ولات و قوتی میللەت .
2.    نەهێشتنی خانەنشینی نایاسایی و بن دیوارەكان و دووموچە و چەند موچە ....هتد .
3.    لێ پێچینەوەو بەدواداچوون بۆ ئەو پارانەی كەچەندین ساڵە بردراوەتە دەرەوەی هەرێم .
4.    لێ یپێچینەوە لە هەموو ئەو كارگەو پرۆژە ئابوریانەی كە بەرپرس یان دەستی حیزبی لە پشتە دەرهێنانیان لە ژێر ڕكێفی كەسی و حیزبی  . 
5.    سەربەخۆكردنی دادگان و دەسەڵاتی داداوەری .
6.    گێڕانەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینە بۆ پەرلەمان و دەزگا شەرعیەكانی تری حكومەت .
7.    بەنیشتمانی كردنی هێزەكانی پێشمەرگەو كۆكردنەوەیان لە چوارچیًوەی سوپایەكی نیشتمانی .
ئەگەر پارتە سەرەكیەكانی پێكهێنەری حكومەت ئەم كارانە ئەنجام بدەن ئەوە بیگومان هێدی هێدی خۆری چاكسازی هەڵدێت بەڵام وەك دەبینین هەردوو پارتی دەسەڵات هەرگیز جددی نەبوون و نین چونكە ئەنجامدانی چاكسازی واتە قەلاچۆكردنی گەندەڵی ، قەلاچۆكردنی گەندەڵیش یەكسانە بەلێدان لە بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەكانی خۆیان ، كە بەمەش سەنگ و باڵانسی سیاسیان دێتەخوارەوە و هەرگیز ئەوكورسیانەی كە پێشتر مسۆگەریان كردووە ناتوانن بەدەستی بهێننەوە ، هەربۆیەشە سەرۆكی ئەم كابینەیەی حكومەت لە پرۆژە چاكسازیەكەیدا  لەجێگەی ئەوەی دەست بۆ مەلەفی نەوت و خاڵە سنوریەەكان و كۆمپانیا حیزبیەكان....هتد  بەرێت جارێكی دی دەستی بۆ موچەی موچە خۆران برد .
دووەم: ئۆپۆزسیۆنێكی بێ كردار 
بیگومان پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن بە گۆڕانیشەوە كە ئێستا لە دەسەڵاتە  كەم و زۆر لەخەمی چاكسازی بوون و هەوڵیان داوە كە وڵات لە گەندەڵی قوتار بكەن ، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەمانیش بە درێژایی هەر نۆ كابینەكە تا ئەم ساتە وەختە نەیانتوانیوە ببنە هێزێكی فشاری ئەوتۆ كە حكومەت ناچار بەچاكسازی  ڕاستەقینە بكەن كە بەڕای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانە:
1.     هەوڵەكانیان زیاتر لە پێشكەشكردنی پرۆژەو دەركردنی بەیاننامە و ئاشكراكردنی گەندەڵیەكان  خۆی دەبینێتەوە ، واتە هێندەی گوفتارە كردار نییە .
2.    هەمیشە جۆرێك لە پەرتەوازەیی و ڕاجیاییان پێوە دیاربووەو نەیانتوانیوە ببنە بەریەكی بەهێزی نەیاری دووپارتی دەسەڵات  لەگەڵ ئەوەی كە دەزانن زەرورەتی زۆرێك لە فۆناغەكان بووە .
3.    هیچ كامیان نەبەئاشكراو نەبەنهێنی و نەبەتاك و نەوەكو بەرەیەكی بەهێز نەیانتوانیوە ڕابەرایەتی دەنگە ناڕازیەكانی شەقام بكەن و خۆپیشاندانەكان ڕێكخراو بكەن ، تەنانەت زاتی ئەوەیان نەبووە ئەندامانی خۆیان هان بدەن بۆ بەشداری كردن لە خۆپێشاندانەكان بەدەگمەن نەبێت، هەربۆیە هەمیشە خۆپیشاندانەكان نا رێكخراوبون و كاتی و بێ جەدوا بوون . 
4.    ئەمانە كە لە دەسەلات بوون و لەگەڵ پارتەكانی دەسەڵات حكومەتیان پێكهێناوە بە كردارەكی بەشدارنەبوون بەڵكو بەشدارایان پێكراوە ، بۆیە هەر وەزارەتێك یان بەرێوەبەرێتیەكیان وەرگرتبێت كارتۆنی بووەو بریار لەلای دووپارتی دەسەلات بووە ، ئەمە لەلایەك لەلایەكی دییەوە هەر بڕیارێكیان بە ئاراستەی چاكسازی دەركردبێت مرێنراوە و لەلایەن دووپارتی دەسەڵاتەوە دەیان عەرقەلەی بۆ دروست كراوە چونكە لێدان بووە لە بەرژەوەندیەكانی ئەوان .
5.     دووحیزبی دەسەڵات بەتایبەت پارتی لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەكاندا بەهۆی كڕینی دەنگ و تەزویرو ...هتد ڕێگربووە لەوەی كە ئەم پارتانە  بە فیعلی بچنە سەركورسی دەسەڵات و ممارەسەی ئەو بیرۆكەو پرۆژانە بكەن كە هەیانە بۆ چاكسازی ، بۆیە ئەم پارتانە بە فیعلی و راستەوخۆ  دەسەلاتیان بەدەستەوە نەبوەو مومارەسەی دەسەڵاتیان نەكردووە ، كە من پێم وایە دوور لە عاتیفە لەناو حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن خەڵكانی ئەكادیمی بوێرو شارەزاو دەستپاك و خەمخۆری وای تیایە ئەگەر هەركارێكیان پێ بسپێریت بەئاراستەیەكی ئیجابی و باش دا ئەی بەن و دەبنە هەوێنی بەدیهاتنی چاكسازی ڕاستەقینە. 
سێیەم: میللەتێكی كەم هۆشیار
زۆر بەداخەوە  لە ووڵاتی ئێمە بەتایبەت لە ئێستادا زۆرینەی هاونیشتمانیان ناڕازین لەم دۆخە خراپەی كە هەرێمەكەمانی پیادا تێدەپەڕێت و دەزانن كە بەرپەرسی یەكەمی ئەم دۆخەش دوو حیزبی دەسەڵاتن  كە لە ئێستادا بونەتە سیان ، ئەوەی كە لەم ساتەوەختەدا پێی گەیشتوین دەرئەنجامی ئەو هەموو گەندەڵیەیە كە حیزبەكانی دەسەڵات لە ماوەی 29 ساڵی ڕابردوو ئەنجامیان داوە  ، بەپێی لێكدانەوەی شرۆڤەكارانی سیاسی و ئابوریش دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی خراپتر هەنگاو دەنێت ، لەگەڵ هەموو ئەمانە ناڕەزایەتی هاونیشتمانیان نەبۆتە هێزێكی فشاری كاریگەری ئەوتۆ كە دەسەڵات ناچار بەچاكسازی ڕاستەقینە بكات ئەمەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ:
1.    ئەم ناڕەزایەتیانە بەشی هەرەزۆری لەنوسینی سەرشاشەكان و دوعای گۆشەی بەرماڵەكان خۆی دەبینێتەوە واتە نەیتوانیوە بێتە شەقام مەگەر بەڕێژەیەكی زۆركەم نەبێت .
2.     ئەوەیشی كە دێتە شەقام بەبەراورد بە ژمارەی دەنگە ناڕازیەكان شتێكی ئەوتۆ نییە ، بەنمونە زیاتر لە ملیۆنێك موچەخۆر لە كوردستان هەیە كەچی هەزاركەسی نایەتە شەقام .
3.    زۆربەی خۆپیشاندانەكان ناوچەین و سەرتاسەری نین و نەتوانراوە لەپایتەختەوە سەرچاوەبگرن.
4.    پارتەوازەیی و نارێكخرابوون بە ئاشكرا بە خۆپیشاندنەكانەوە دەبینرێت ، ئەمەش بۆ ئەوە دەگڕێتەوە نەپارتە ئۆپۆزسیۆنەكان ڕابەرایەتیەكی ڕاستەقینەیان دەكەن نە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە خۆی لە دەیان ڕێكخراو دەبینێتەوە  ، نەخۆپیشاندەران خۆیشیان توانیویانە لە ژێر یەك چەترا ناڕەزایەتیەكان خڕبكەنەوە ، بەڵكو هەرچین و توێژێك خۆی خۆپیشلندان دەكات لە كاتێكدا ئامانج و ستراتیژیان یەكە.
هەموو ئەم خاڵانە ئەوە دەسەلمێنن كە بەشێكی بەرچاوی هاونیشتمانیان تا ئەندازیەكی زۆر نا هۆشیارن ئەگەرنا ئەوەی كەلەم هەرێمە دەگوزەرێت لەهەر وڵاتێكی دی بوایە قبوڵ نەدەكراو گۆڕانكاری گەورە ئەنجامدەدرا.
لەكۆتایدا دەتوانین بڵێین لەژێر سایەی دەسەڵاتێكی ستەمكارو ئۆپۆزسیۆنێكی بێ كردارو میللەتێكی كەم هۆشیار چاكسازی هەر دروشمە نەك كردار  .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand