هۆكاری شكستی هەرێمی كوردستان حیزبە بنەماڵەییەكانن
2020-07-16 19:42:01
د.محەمەد كیانی
بۆ ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسی وەك ئامرازی پەیوەندی كۆمەڵانی خەڵك و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و دورستكردنی بڕیار و جێبەجێكردنی بە سودی گشتی و خۆشكوزەرانی جەماوەر و نەهێشتنی توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان پێویستە هەمو حیزبە بنەماڵەیەكان نەمێنن، هەر وەك چۆن لە كۆمەڵگە دیموكڕاتیەكان لەناوچون بە هند و پاكستانیشەوە. مۆدیلی حیزبی بنەماڵە تەنها لە چەند جێگەیەكی دواكەوتو ماوە وەكو كوردستان و لوبنان و بەنگلادێش، هەتا لە دەوڵەتە عەربیە كۆماریەكانیش ئەم مودیلەی سیاسەت فەشەلی هێنا.
سیاسەت بە ویراسەت ناكردرێت. باوكێك ئەگەر سیاسیكی باشیش بوبێت قەت شەرت نیە منداڵەكانی سیاسی بن وەیان ئەسلەن هەر حەزیان لە سیاسەت بێت. حیزب بۆ ئەوانە دەستگایەك یان كۆمپانیایەكی ئامەدەیە بۆ بەكارهێنانی لەلایەن منداڵەكانیانەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەت و سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر سەرجەم كۆمەڵگە بێ ئەوەی ڕوئیا و جیهانبینی تایبەت و ئامانجی گەورەی نەتەوایەتی و نیشتمانیان هەبێت.
بۆ ئەو وەچانە حیزب و سیاسەت وەك داردەستێكی ئامادەیە بۆ بەكارهێنان بەو شێوەی خزمەتی حەز و ئارەزوە تایبەتەكانیان دەكات، لە ئەنجامی بیروباوەڕ و ئیمان بە پرسێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری گەورەی فرەڕەهەند تێكەڵی حیزب و سیاسەت نەبونە.
هیچ یەكێك لە مندلەكانی بارزانی و تاڵەبانی و نەوشیروان مەوهیبەی سیاسییان. تێدا نییە. فلاتن لە مەوهیبەی سیاسی، بە مانای بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و حوكمڕانی بە مەرامی چاكەی گشتی، گەشەی كۆمەڵایەتی و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی جەماوەر و چەسپاندنی ئازادی و دیموكڕاسیەت و حەریس بون لەسەر چارەنوسی گەل و خاك و بەرژەوەندی گشتی. ئەوەی ئەوان دەیكەن دابینكردنی بەرژەوەندی خود و بنەماڵە و دەستوپەیوەندەكانیانە لەلایەك و لەلایەكەی ترەوە لە قالبدانی كۆمەڵگە و بەكۆیلەكردنی تاكەكانی كۆمەڵ بە تەرهیب و تەڕغیب و برسیكردنیان و عەمالەتكردن بۆ دەرەكی و نانەوەی ناكۆكی ناوخۆ بە بەرژەوەندی خۆیان و عەڕابەكانیان و چەسپاندن و بەردەوامی دەسەلاتداری و هەژمونیانە.
ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ نە نەتەوایەتیە نە نیشتمانی و نە حوكمڕانییە. ئەوەی هەیە دزی و جەردەیی و فەرهودكردنی گەلی كورد و هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی كۆمەڵگەیەكی تەندورستە بە مەرامی تاڵانكردنی وڵات و نەتەوە و بەرهەم هێنانی كۆمەڵگەیەكی بێ مەعریفە و بێ مۆڕاڵی كۆیلە و تەپیو و ترسنۆك و ژیانێكی پڕ لە دڵەڕاوكێ و وابەستە و چارەنوسی نادیار و بێ متمانە بە خود و دەوروبەر و ناسەقمگیر و بێبەش لە ئاسایشی كەسی و كۆمەڵایەتی.