ئایا فراوانخوازییەکانی ئەردۆگان دەرئەنجامی ئیسلامی بونیەتی؟
2020-07-15 19:54:26
د. سەردار عەزیز
لێرەدا دەمەوێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێم، ئەگەر هێزە عەلمانیە ناسیونالیستە تورکەکان لە سەر دەسەڵات بونایە تورکیا بەوجۆرە پەلکێشان و فراوانخوازی و خەونی ئیمپراتۆریەت لە کەڵکەڵەی نەدەدا.
تورکە ناسیونالیستەکان، تەنها ناسیونالیست نەبوون، بەڵکو وەک زۆر لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی دەری دەخات، هەتا ئاستێک زۆر ڕەگەزپەرست بوون. وەک کوردێک ئێمە ڕەنگە پێویست بە توێژینەوە نەکات بۆ ئەوەی لە ئەمە تێبگەین. بەڵام تورکە ناسیونالیستیەکان دونیابینیان لە ئیسلامیەکان جیاواز بوو. هەرچەندە هەندێک هەن لە تورکیا دەڵێن کە شتێک هەیە بە ناوی سینتەسییسی ئیسلامی ناسیونالیستی: بە مانای تێکەڵکردنی هەردوکیان. ئەم خەڵکانە کەمالیەکان و تۆرانیەکان دەخەنە دەرەوە. بەڵام کەمالییەکان و تۆرانیەکان بەشی هەرە زۆری ناسیونالیستە تورکەکان پێک دەهێنن. بەم پێیە جیاوازی هەیە لە نێوان کەمالییەکان و ئیسلامیەکاندا، سەرباری بونی هاوبەشی زۆر.
یەکەم، دیدی ستراتیژی کەمالییەکان لە وتەکەی ئەتاتورکدا کورت دەبێتەوە کە دەڵێت: ئاشتی لە ناوەوە، ئاشتی لە دەرەوە. بەو مانایە تورکیا دەبێت فۆکەس بکات لە سەر ناوەوەی. ئەگەر لە ناوەوە ئاشتی هەبێت ئەوا لە دەرەوەش ئاشتی دەبێت. ئیسلامیەکان، بە تایبەت داودئۆغلۆ، ئەمە بە هەڵە دەزانن و وەها دەبینن کە دەبێت تورکیا بکشێت بۆ دەرەوە بۆ ئەوەی ناوەوەی بپارێزێت. ئەگەر تورکیا نەکشێت بۆ دەرەوە، ئەوا ناتوانێت ناوەوەشی بپارێزێت. بەم پێیە داودئۆغلۆ و ئیسلامیەکان پەلکێشان و فراوانخوازی و داگیرکاری وەک ڕێگایەک دەبینن بۆ بەهێزکردنی تورکیا. دیارە ئەم پرۆسەیە بە هەردوو شێوازی ئاشتی و بازرگانی لە گەڵ سەربازی و توندوتیژیدا بەڕێوەدەچێت.
کەواتە لەم خاڵەدا کەمالییەکان و ئیسلامیەکان دژ بە یەکن.
دووەم، کەمالییەکان و ئیسلامیەکان خاوەنی دوو یادەوەری و خەیاڵی داهاتوی تەواو پێچەوانەن. بۆ کەمالییەکان عوسمانیەکان ئەو ڕابوردوەیە کە دەبێت لە بیربکرێت. بۆ ئیسلامیەکان عوسمانیەکان ئەو ڕابوردوەیە کە دەبێت یاد بکرێتەوە. لێرەدا جوگرافیای خەیاڵی هەردوو گروپەکە دەردەکەوێت. لای کەمالییەکان دەبێت تورکیا پشت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و بەرەو ڕۆژئاوا بڕوات. ئەفسانەی کەمالییەکان وەهایە کە ئەوان چەندین سەدەیە بە ڕێگاوەن بەرەو ڕۆژئاوا. لەم ڕوانگەیەوە، کەمالییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە کەمتر دەبینن و خۆیان بە باڵاتر دادەنین. تورکە ئیسلامیەکان بە پێچەوانەوە هاتنەوە بۆ سەرزەمینەکانی ئیمپراتۆرەیەتی عوسمانی بەو جۆرە دەبینن کە دەبێتە مایەی خێر و داهات و بەهێزبونیان. بە جۆرێک پاش باڵابونیان بە سەر ئەم پانتاییانەدا، ئەوا دەتوانن هاوتای ڕۆژئاوا بن و بەهێزەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکەن. بەمجۆرە، ئەندامبونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا خەونی کەمالیەکان بوو، هەتا ببنە ئەوروپی، کە سەدەیەکە خەونی پێوە دەبینن. بۆ ئیسلامیەکان هاتنەوە بۆ ڕۆژهەڵات و بون بە کوێخای ڕۆژهەڵاتییەکان وەهایان لێدەکات کە بەهێزەوە مامەڵەی لە گەڵ ڕۆژئاوادا بکەن.
سێیەم، سوپای تورکی کە ئەیجینتی سەرەکی کەمالییەکانە، خاوەنی جۆرێکی تایبەتە لە سیستەمی مەدەنی سەربازی، یان خاوەنی جۆرێک لە سیستەم بوو. چونکە کەمالییەت سەرەتا بە سەربازی دەستی پێکرد، سوپا وەک کۆڵەکەی ئەم ڕەوتە مایەوە. هەتا ئەمڕۆ سوپای تورکی زۆر زیاتر لە هەموو بوارەکانی تری حکومەت لە لای خەڵک جێگای ڕێزە. بەڵام سوپای تورکی تەنها سوپا نەبوو. سوپا، پارێزەری دەوڵەت و حکومەت بوو. حکومەتی ڕاستەقینەبوو. سوپا خاوەنی پشکی گەورەی ئابوری بوو. هەروەها سوپا خوازیاری شەڕ نەبوو. وەک بۆڵتن لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێدەدات سوپای تورکی حەزیان لەوە نەبوو کە بچنە ناو سوریا. بەڵام ئیسلامیەکان پەیوەندییەکی دژایەتی و ئاڵۆزیان هەیە لە گەڵ سوپادا. گەرچی ئیسلامیەکان سوپا بە درێژەی سوپای عوسمانی دەزانن و هەموو سەربازێكی تورکی ناوێکی سیمبولی هەیە کە مەهمەتە. بەڵام سوپای تورکی ئەندامی ناتۆ و سێکویلاربوو. وەک دەزانرێت سێکویلارە تورکەکان کەمینەن. بۆیە سوپا هەمیشە ئیسلامیەکان وەک نەیار و مەترسی دەبینێت. ئەمە بە هەمانشێوەی لای ئیسلامیەکانیش وەهایە. بۆیە بێ بڕواییەک هەیە لە نێوان سوپا و ئیسلامیەکاندا. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵدراوە کە سوپا بکرێتە ئیسلامی. ئەم بێ بڕواییەیە کە ئیسلامیەکان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە سوپای هاوتەریب دروست بکەن، چەکدارکردنی موختار و هەروەها چەکدارکردن و بە یاسایی کردنی پاسەوانانی شەو هەموو لە پێناو ئەم ئامانجەدایە. لە سەر بنەمای ئەم ئارگومێنتە، ئەگەر ئیسلامیەکان لە سەر حوکم نەبونایە ئەوا سوپای تورکی ئەجیندای فراوانخوازی نەدەبوو، چونکە لە روی خۆشگوزەرانی و سودمەندی و ئەندامێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا بە سودی نەدەشکایەوە. بەڵام ئیسلامیەکان دەیانەوێت لە ڕێگای شەڕەوە سوپا سەرقاڵ دوو بخەنەوە لە ناوخۆ.
چوارهەم، لە پرسی کورددا ڕەنگە دۆخێکی تایبەتی هەبێت. تورکە ئیسلامیەکان باوەڕیان وەهایە کە لە ڕێگای ئیسلامەوە دەتوانن ناسیونالیزمی کوردی کۆتایی پێبهێنن و کورد بکەنە بەشێک لە پرۆسەکەیان. ئەم ستراتیژە لە هەردوو باکور و باشور کاردەکات. پەیوەندی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشور بەم ئاراستەیە، هەروەها پەیوەندی ئاک پارتی و پارتە ئیسلامیەکان لە باشور. ئاک پارتی وەها دەبینێت کە لە باکور دەتوانێت لە ڕێگای کۆنزێڤەتیزمی ئیسلامیەوە کورد بۆخۆی ڕابکێشیت. ئەم دیدەیە کە پەکەکەی وەها لێکردوە کە لە پرۆسەی ئاشتی بترسێت. پەکەکە وەها دەبینێت کە ئاک پارتی بۆیە ئاشتی دەوێت یان دەیوست بۆئەوەی لە ڕێگای ئاشتیەوە ڕۆڵی پەکەکە نەهێڵێت. بۆیە خیتاب و کرداری پەکەکە بە پێچەوانە بوەوە. بەم پێیە ئیسلامیەکان وەها دەبینن کە دەتوانن کورد بکەن بە ئیسلام و بیکەنە بەشێک لە پرۆژەی خۆیان. کەمالییەکان ناتوانن دان بە کورددا بنێن. ئەم بنەمایە دەمانبات بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەگەر ئیسلامیەکان لە سەر حوکم نەبونایە و تورکە کەمالییەکان لە سەر حوکم بونایە، پەیوەندی تورکیا و باشور چۆن دەبوو؟
لە ساڵی ٢٠١٢ لە بارەگای سەرەکی جەهەپە، لە گەڵ فاروق لۆگئۆغلۆ دانیشتم. فاروق نەک هەر ئەو کاتە جێگری سەرۆکی جەهەپە بوو، بەڵکو یەکێکە لە گەورە دیپلۆماتەکانی تورکیا. بە دیدی ئەو ئەگەر ئەوان لە سەر حوکم بونایە ئەوا تەنها لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا مامەڵەیان دەکرد. بەو مانایە دانیان بە حکومەتی هەرێمدا نەدەنا. بەڵام بە مانای ئەوە نیە کە دەستوەردانیان نەدەکرد. چونکە مێژوو پێمان دەڵێت کە شەڕی ناوخۆی کوردی بوە هۆکاری ئەوەی کە تورک بێن بۆ باشور و بنکە دابنێن. هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە بەرجەستەکردنی دوو ئیدارەیی لە ڕێگای ڕێککەوتنامەی واشنتۆنەوە. هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە تورکیای عەلمانی لە دیدی ناوخۆییەوە دەرەوەی دەبینێت، ئامانجی گرتن و بردن و دەستبەسەراگرتن و گەڕانەوە بۆ مێژوو و گۆڕینی جوگرافیا و دیموگرافیا نیە. تورکە عەلمانییەکان دڕندەن بەرامبەر کوردەکان لە ناو تورکیا، بەڵام دەیانەوێت خۆیان بپارێزن لە کوردەکانی دەرەوە. ئەم دیاردەیە لە پرسی موسڵەوە دەست پێدەکات. بەڵام ئیسلامیەکان تینوی سامان و خاک و دەسەڵات و خەلافەتن و سڵ ناکەنەوە لە هیچ ئامرازێک لەم پێناوەدا.