شۆڕشی ١٤ی تەمووز
2020-07-14 17:41:13
شەپۆل عەسكەری
زۆر لە سیاسەت مەدار و نوخبەی ڕۆشەنبیر و زۆرێکیش لە خەڵک شۆڕشی ١٤ی تەمووزیان بە گۆڕانکاریەکی ئەرێنی دەڕوانێ و هەندێکیش بە سەرەتای نەهامەتێکانی باشوری کوردستان و عێراق دەڕوانێتە ئەم ڕۆژە.
تێڕوانینی جیۆپۆلتیک لە سەر ١٤ی تەمووز بۆ کورد بە ڕای بەندە هیچ سوودێکی پێنەگەیاندین جگە لە نەهامەتی گۆڕینی دیموگرافی کوردستان نەبێ،تاکە گرفتی کورد لە گەڵ حکومەتەکانی مەملەکەتی عێراق کە وەک خاڵی یەکەم هەژمار دەکرێ بنیاتنانی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک بو کە بوە هۆ و بناغەی دەستپێکردنی شاڵاوی تەعریب و دواتر خانەقین و ناوچەکانی تری گرتەوە.
مەملەکەتی عێراق تا ١٩٢٨ لە سەدا سەد بە تەواوەتی گەرەنتی ئەوەی نەدرابویە کە ویلایەتی موصڵ ئەکەوێتە سەر خاکی عێراق هەر چەندە زۆر جار مس بیڵ متمانەی داوە بە شا فەصڵی یەکەم بەڵام لە ڕووی یاساییەوە واژوو نەکرابوو لە نێوان حکومەتی بەڕیتانیا و حکومەتی عێراق، بۆیە رەفتاری لە گەڵ دانیشتووی ناوچەکانی ویلاەتی موصڵ جیاوازی هەبوو تا سەربەخۆیی عێراق و دەرچونی لە ژێر چاودێری نێردراوی تایبەتی حکومەتی بەریتانیالە ساڵی ١٩٣٢.
لە دوای رۆخانی مەملەکەتی عێڕاق و بەو شێوە دڕندانە و تا ئەمڕۆ ئەم چوار چێوە سیاسیە بە هیچ جۆرێک ئاشتی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تیایدا بە تەواوەتی سەقام گیر نەبوە و گۆڕانکارێکانی دوا بە دوای ١٤ی تەمووز هەمووی خوێناوی بووە تەنها یەک حاڵەت ئەویش ئینقلابی احمد حسن بکر بە سەر عبدالسلام عارف نەبێ.
سەبارەت بە کورد لە دوای حوکومڕانی مەلەکی شاڵاوەکانی تەعریب بەر فراوانتر بوو دژایەتی و پەیدانوونی شۆڤێنی نەتەوایەتی عەرەب دژی کورد زێدەتر ڕووی لە هەڵکشانکرد ناوچەی زێدەتر خرایە ژێر دەسەڵاتی بارێزگا عەرەبێکان وەک موصڵ و صلاح الدین و دیالی. بەڵکو لە ژێر سایەی حوکمی بەعس ناخۆشترین کاتی بەسەر برد شۆڤێنیەتی عەربی گەیشتە ئەوپەڕی دڕندەیی و دەرئەنجام گەورەترین جینۆسایدی بە سەر کورد هێنا لە ژێر حوکمی صدام و بەعسی عەرەبی وەک کیمابارانی هەڵبجەو ناوچەکانی بالیسان و قەڵاسێوکە و گەرماین و دواتر بادینان و بەوەش نەوەستایەوە پرۆسەکانی ئەنفالی یەک و دوو و سێی دەست پێکرد.
باردۆخی سیاسی کورد لە گەڵ هەموو حکوماتی عێراق تا ئەمڕۆ گۆڕانکاریەیک وەها ڕووینەداوە کە بە کاتی ئاڵتونی هەژمار بکەین و بڵێن کە کورد لە کۆتایدا کاتی پشوودانی لە شەڕ و ململانێ هاتوە و هەر چەندە تۆزقڵێک بارودۆخەکە ئەمڕۆ جیاوازترە لە رژێمەکانی پێشو، بەڵام هیچ ئاسۆیەک نابینی و رۆژ دوای ڕۆژ ئەمانیش ڕووکەکەی دیکە نیشاندەدەن بە تایبەت کە باسی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەکەی.
لەوانەیە ئەگەر عێراق مەلەکی بوایە کێشەکانی کورد ڕووی نەکردە هەڵگرتنی چەک و ئەو هەموو نەهامەتی ودەربدەرییەی تووشنەبوایە، ئەوەی لای بەندە گرنگە عێراق مەلەکی بێ یا کۆماری ڕاست بێ یا چەپ، ئەوەیە کورد دەبێ واز لە لەتلەتکردنی یەکتر و شکاندی ناوماڵی خۆی بهێنێ و ئەوانەی کە هاندەری ناکۆکی و گەندەڵین جا هەر کەس و لایەنێک بێ دەبێ وەلابندرێن هەموو بە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک دەست.. یەک داواکاری لە جیهان بکەین ئەویش ئێمە کوردین و یەک پارچەین قەد نابین بە چوار دەوڵەتی کوردستان ئەمڕۆ بێ یا سبەی هەر دەبێ سەر دەرهێنێ و ئاڵاکەی بەر هەموو کوردستانا بەرز و پیرۆز بکرێ.