Draw Media

زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ بەپێی داتاو ژمارەكانی حكومەت

زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ بەپێی داتاو ژمارەكانی حكومەت

2020-04-29 15:12:43


(درەو):
بەپێی نوسراوی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەشەش ساڵی رابردوودا بەهۆی جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، هەرێمی كوردستان زیاتر لە (62 ترلیۆن) دیناری لە بودجەی عێراق دەستداوە، دوای ئەم زیانە زۆرانە، حكومەت ئێستا دەیەوێت نەوت رادەستی بەغداد بكات.

خەرجی‌و داهاتی حكومەت لە 2019
لەوەڵامنامەیەكدا بۆ ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی لەبارەی خەرجی‌و داهات‌و ئەو زیانانەی كە بەر سەرچاوەكانی داهاتی كردووە، رونكردنەوە دەدات:
حكومەتی هەرێمی لەبارەی خەرجییەكانی خۆیەوە لە ساڵی 2019 دەڵێ:
•    بۆ موچەی فەرمانبەران مانگانە بڕی (895 ملیار) دیناری خەرجكردووە، كۆی ئەم پارەیە بۆ ساڵەكە (10 ترلیۆن‌و 740 ملیار) دینار بووە.
•    بۆ خەرجی وەزارەتەكان مانگانە بڕی (248 ملیار) دیناری خەرج كردووە، كە بۆ ساڵەكە (2 ترلیۆن‌و 976 ملیار) دینار بووە.
•    بۆ خەرخی وەبەرهێنان مانگانە (47 ملیار) دیناری خەرجكردووە، ئەم خەرجییە بۆ كۆی ساڵەكە گەیشتووەتە (564 ملیار) دینار.
واتە بەپێی قسەی خۆی، خەرجی حكومەتی هەرێم لە ساڵی رابردوودا بۆ موچەی فەرمانبەران‌و خەرجی وەزارەتەكان‌و خەرجی وەبەرهێنان بەكۆی گشتی بۆ هەرمانگێك (ترلیۆنێك‌و 190 ملیار) دینار بووە‌و بۆ كۆی گشتی ساڵەكە خەرجییەكانی (14 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینار بووە.
وەڵامنامەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەریدەخات، لەكۆی (14 ترلیۆن‌و 280 ملیار)ی كۆی خەرجی ساڵی رابردووی هەرێم، بڕی (5 ترلیۆن‌و 448 ملیار) دیناری لەبەغدادەوە دابین كراوە، واتەی كۆی گشتی خەرجییەكانی ساڵی رابردووی هەرێم تەنیا رێژەی (38%) لەلایەن بەغدادەوە دابین كراوە‌و ئەوی تری حكومەت لە داهاتی ناوخۆی هەرێم‌و فرۆشی نەوتەوە بەشێوەی سەربەخۆ دەستیكەوتووە، كۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێم‌و فرۆشی نەوت لە ساڵی رابردوودا بەپێی نوسراوەكەی حكومەتی هەرێم (8 ترلیۆن‌و 832 ملیار) دینار بووە.

سیاسەتی ئابوری سەربەخۆو زیانە مادییەكانی
ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد‌و كابینەیەكی "بنكەفراوان" بوو بە هاوبەشی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان+ كۆمەڵی ئیسلامی+ یەكگرتووی ئیسلامی)، بڕیاریدا سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ جێبەجێ بكات، لەم سیاسەتەشدا بە پلەی یەكەم بڕیاردرا هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆو دور لە چاوی بەغداد نەوت فرۆشێت.
ئەوكات كە بڕیاردرا هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، هەناردەی رۆژانەی نەوت (600 هەزار) بەرمیل بوو، لێرەوە بوو هەرێمی كوردستان بوو بە خاوەنی بۆری تایبەتی خۆی بۆ هەناردەی نەوت، بەهۆی ئەم سیاسەتەوە حكومەتی ئەوكاتی عێراق كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكرد، لە پرۆژەی یاسای بودجەی 2014دا پێدانی پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق بەستەوە بەوەی هەرێم رۆژانە (400 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات، هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد، بەغدادیش پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی خۆی بڕی، بەپێی ئەو خشتەیەی كە ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، لەو ساڵەوە تاوەكو تائێستا، هەرێمی كوردستان بڕی (62 ترلیۆن) دینار زیانی بەركەوتووە، كە ئەمەش ئەو بڕە پارەیەیە دەبوو لەوكاتەوە بەغداد رادەستی هەرێمی بكات، ئەمە زیانی ئابوری بڕیاری سەربەخۆیی ئابوریی هەرێمە.
بەپێی ئەو وەڵامنامەكەی حكومەتی هەرێم:
•    ساڵی 2014 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (19 ترلیۆن‌و 999 ملیارو 616 ملیۆن) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (17 ترلیۆن‌و 719 ملیارو 616 ملیۆن) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
•    ساڵی 2015 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (14 ترلیۆن‌و 817 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆن‌و 476 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆن‌و 341 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
•    ساڵی 2016 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (12 ترلیۆن‌و 570 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕەپارەیەكی وەرنەگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆن‌و 570 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
•    ساڵی 2017 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (11 ترلیۆن‌و 605 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووە،  واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (11 ترلیۆن‌و 605 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
•    ساڵی 2018 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (6ترلیۆن‌و 776 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (3 ترلیۆن‌و 175 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (3 ترلیۆن‌و 591 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
•    ساڵی 2019 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (9 ترلیۆن‌و 783 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (5 ترلیۆن‌و 439 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (4 ترلیۆن‌و 343 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
واتە لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق (75 ترلیۆن‌و 541 ملیارو 834 ملیۆن) دیناربووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتەوە، بەغداد (13 ترلیۆن‌و 370 ملیارو 533 ملیۆن) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، لەبەرامبەردا هەرێم بڕی (62 ترلیۆن‌و 171 ملیارو 310 ملیۆن)ی مافی خۆی لە بودجەی بەغداد لەدەستداوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand