Draw Media

چارەنوسی حەشد لەنێوان وەلائی‌و مەرجەعییەكاندا 

چارەنوسی حەشد لەنێوان وەلائی‌و مەرجەعییەكاندا 

2020-04-28 10:44:46


(درەو):
ئەو هێزەی كە ئێستا لە عێراق ناوی لێنراوه "حەشدی شەعبی" بەكۆی گشتی خاوەنی (164 هەزار) كارمەندو چەكدارە، لەم ژمارەیە (110 هەزار) كەسیان حەشدی شیعین‌و ئەوانی تر حەشدی سوننە‌و كەمینەكانن، بەشە شیعەكەی ناو حەشدی شەعبی كە زۆرینە‌و دەسەڵاتدارە، بەدەست كێشەی ناوخۆی توندەوە دەناڵێنێت، سەرچاوەی كێشەكە دابەشبوونی حەشدی شیعییە بەسەر دوو رەوتدا، رەوتی وەلائییەكان واتە ئەوانەی لایەنداری ئێران دەكەن، لەگەڵ رەوتی عەتەبەكان واتە ئەوانەی عەلی سیستانی بە مەرجەعی خۆیان دەزانن.
هیشام هاشمی توێژەری بواری رێكخراوە ئیسلامییەكان كە هاوكات رۆژنامەنوسێكی وردو نزیكە لە سەرچاوەی زانیارییەكانەوە لە عێراق لەبارەی وردەكاری كێشەی ناو حەشدی شەعبی راپۆرتێكی وردی بڵاوكردەوە، لەبەربایەخی ناوەڕۆكەكەی بۆ خوێنەری كورد، (درەو) دەقی راپۆرتەكەی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی.

ناكۆكی وەلائی‌و مەرجەعی لەناو حەشدی شەعبیدا
نوسینی: هشام الهاشمی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت

روبەڕووبونەوەكە خۆی دەبینێتەوە لە ناكۆكی قوڵ لەنێوان دوو رەوتدا كە لەڕووی فیقهییەوە لەناو حەشدی شەعبیدا دابەشبوون، یەكەمیان بە سەرۆكایەتی كۆچكردوو ئەبومەهدی موهەندیس كە پەیڕەوی لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەكات‌و رەوتی دووەمیش پێكهاتەیەكە لە كۆی ئەو لایەنانەی كە وابەستەن بە "عەتەبات"ەكان‌و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵاوە لە نەجەف. 
حەشد لەڕووی ئاڵاو ناو و ئەوەی كە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لە ساڵی 2018 خراوەتە پاڵ پێكهاتەی شیعە، پێكدێت لە (67) گروپی شیعە، (43) گروپی سوننی‌و، (9) گروپی سەربە كەمینەكان لە ناوچەكانی باكوری وڵات، دەكرێت ئەو گروپە شیعانە لەڕووی پەیڕەویكردنیان لە فیقهی مەزهەبییەوە دابەشبكرێن بۆ (44) گروپی پەیڕەوكار لە خامنەیی‌و، (17) گروپی پەیڕەوكار لە سیستانی، (6) گروپی پەیڕەوكار لە مەرجەعەكانی تری شیعە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق.
ژمارەی توانای مرۆیی كۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگاتە (164 هەزار) كارمەندو هێزی شەڕكەرو لۆجستی، یاسای ژمارە (40)ی ساڵی 2016 دەیپارێزێت‌و پشت بە پەیكەرێكی رێكخراوەیی دەبەستێت كە چەند فەرمانێكی دیوانیی لە ساڵی 2019دا بۆی داناوە، كە ئەوانیش فەرمانەكانی ژمارە (237)‌و (328)‌و (331)ن، ژمارەی توانای مرۆیی سەربە پێكهاتەی شیعە نزیكەی (110 هەزار) كەسە، پێكهاتەی سوننەش نزیكەی (45 هەزار) كەسە، پێكهاتەی كەمینەكانیش نزیكەی 10 هەزار كەسن.
توانای مرۆیی حەشدی وەلائی (مەبەست لەوانەیە وەلائیان بۆ رابەری باڵای ئێران هەیە) ژمارەیان (70 هەزار) كەسە‌و حەشدی مەرجەعیەتەكانی تر لەنێویشیاندا هێزەكانی سەرایای سەلام نزیكەی (50 هەزار) كەسە.
پەیكەری دەستەی حەشدی شەعبی بەپێی ئەو فەرمانە دیوانییانەی كە لە ساڵی 2019 دەرچوون، حەشدی دابەشكردووە بەسەر چەند لیوایەكدا‌و ژمارەی لیواكان (64) لیوایە‌و دابەشكراون بەسەر (8) میحوەری فەرماندەیی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا، بەجۆرێك قەدەغەكراوە ئەو لیوایانە ئاڵاو ناوی گروپەكانی خۆیان بەكاربهینن‌و لەسەریان فەرزكراوە تەنیا ژمارەی لیواكانیان‌و ئاڵای فەرمی حەشدی شەعبی بەكاربهێنن. 
فەرمانی دیوانیی ژمارە (237)ی ساڵی 2019 دەرفەتی كردەوە بۆ پچڕاندنی پەیوەندی گروپەكانی حەشدی شەعبی بە حزب‌و قەوارە سیاسی‌و ئاینییەكانەوە، فەرمانی دیوانیی ژمارە (328)ی ساڵی 2019 وای لە حەشد كرد وەك نوێنەرایەتییەكی هەماهەنگكار بەشدار بێت لەناو فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانی دیوانیی ژمارە (331)ی ساڵی 2019 پەیكەرێكی رێكخراوەیی‌و ئیداری بۆ دانا كە پێكدێت لە:
1-    پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا كە (4) پۆستە‌و بەمشێوەیە دابەشكراوە: (3) پۆستی سیاسی بۆ بەیتی سیاسی شیعەی نزیك لە سەركردایەتی وەلائی كە ئەویش پۆستەكانی "سەرۆكی دەستە‌و نوسینگەی سەرۆكی دەستە‌و ئەمین سڕی گشتییە". هەروەها (1) پۆستی سەرۆك ئەركان بۆ سەركردایەتی وەلائی "ئێستا ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی"یە‌و بە فەرماندەی باڵای جێبەجێكارو ئۆپراسیۆنەكان دادەنرێت‌و (5) یاریدەدەری ئەركان‌و (8) میحوەری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هێزەكانی دەستەی حەشدی پێوەبەستراوەتەوە.
2-    پۆستی كادیرە مامناوەندییەكانی سەركردایەتی جێبەجێكار؛ كە ئەویش (5) یاریدەدەری سەرۆك ئەركانە، (3) لە یاریدەدەرەكان بە سەرۆكایەتی وەلائییەكان‌و (2) یاریدەدەر بە سەركردایەتی سەركردە خانەنشینەكان‌و یاخود راسپێردراوە سەربازی‌و ئەمنییەكان كە ئەوانیش لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی وەلائییەوە هەڵبژێردراون.
3-    پۆستی كادیرە مامناوەندییە ئیدارییەكانی سەركردایەتی لۆجستی؛ كە ئەویش (10) بەڕێوەبەرایەتییە، (7)یان بۆ ئیدارەی سەربە حەشدی وەلائی‌و (3)یان بۆ ئەو كەسە مەدەنیانەی كە بە تەزیكییە لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی وەلائییەوە هەڵبژێردراون.
4-    پۆستی كادیری ئیدارە مەیدانییەكان؛ كە ئەویش (50) بەڕێوەبەرایەتی‌و بەشن كە بەستراونەتەوە بە یاریدەدەرەكانی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشدەوە، (32) پۆستی ئەو ئیدارانە سەربە حەشدی وەلائین‌و، (18)یان لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی حەشدی وەلائییەوە هەڵبژێردراون یان دانراون.
بەگوێرەی ئەم وردبینییە خێرایە دەكرێت وادابنرێت كە رێژەی 80%ی پەیكەری رێكخراوەیی‌و ئیداری دەستەی حەشدی شەعبی سەركردە‌و ئیدارییەكانی سەربە مەرجەعیەتی حەشدی وەلائین، لەكاتێكدا حەشدی مەرجەعیەت‌و حەشدی سوننە‌و كەمینەكان پۆستی سەركردایەتی باڵا یاخود ناوەندییان نییە لەناو پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشددا.

لایەنە ناكۆكەكان
ناكۆكی رۆژ لەدوای رۆژ قەبارەی گەورەتر دەبێت لەنێوان "فرقە العباس القتالیە"ی سەربە عەتەبەی عەباسی كە عەلی سیستانی بە مەرجەعی عەقیدەیی خۆی دەزانێت هەروەها دەستەی سەرەكی، بەدیاریكراویش لەگەڵ سەركردایەتی وەلائی حەشددا، شوباتی 2018 بازنەی ناكۆكییەكان تا ئەو رادەیە فراوان بوو ئەبومەهدی موهەندیس جێگری ئەوكاتی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی زنجیرەیەك بڕیاری توندی دەركرد بۆ فشارخستنەسەر گروپە چەكدارەكانی سەربە عەتەباتەكان لەڕووی دارایی‌و ئیدارییەوە. ناكۆكی لەنێوانیان گەورەتر بوو لە میدیاكانیشدا دەركەوت، بەجۆرێك مانگی ئازاری 2018 سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامەی "العالم الجدید"ی وتبوو:" سەرەتا هەفتەی رابردوو كۆبونەوەیەك كراوە‌و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی تێیدا بەشداربوون بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو یاسایەی كە سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی پێشكەشی كردبوو تایبەت بە دووبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشد، لەكاتی گفتوگۆدا ئەبومەهدی داوای لە مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباس كردووە كە یەكێك بووە لە ئەندامانی لیژنەی راسپێردراو بە دوبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشد بەگوێرەی یاسایەكی حكومی نوێ، پەیوەندی فیرقەكەی لەگەڵ گروپی عەتەبە پیرۆزەكانی سەربە مەرجەعیەتی ئاینی ئەو عەتەباتانەدا بپچڕێنێت، هاوشێوەی ئەو گروپانەی كە پەیوەندییان لەگەڵ حزب‌و رەوتە سیاسییەكانیان بڕیوە لەنمونەی عەسائیبی ئەهل حەق‌و رێكخراوی بەدر‌و گروپەكانی تر، بەڵام ئەم پێشنیازە زەیدیی توڕە كردووە‌و بە رەهایی رەتیكردوەتەوە، بەوپێیەی عەتەبە پیرۆزەكان حزب یاخود جوڵانەوەی سیاسی نین كە هەوڵ بۆ دەسەڵات‌و بەشداری لە هەڵبژاردندا بدەن، بەڵكو دامەزراوەی سەربە دەوڵەتن، مەرجەكەی ئەبو مەهدی موهەندیسی وەكو هەوڵێك بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەراوێزخستن‌و دروخستنەوەی لایەنەكانی سەربە مەرجەعیەتی باڵا لەنەجەف ناوبردووە بەبەهانەی ئەوەی بەتەواوەتی ناكۆكن لەگەڵ ئاڕاستەی ئەبو مەهدی موهەندیسدا كە ناگونجێت لەگەڵ خواستەكانی بەغدادو نەجەفدا.
توندبوونەوەی كێشەی نێوان گروپی "عەتەباتەكان" لەگەڵ موهەندیسدا دوای ئەوە دەستیپێكرد كە دكتۆر حەیدەر عەبادی رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی فەوجێكی تەواوەتی فیرقەی عەباس بخرێتەسەر سوپا‌و لەڕووی رێكخراوەییەوە بەشێوەیەكی فەرمی ببەسرێتەوە بە وەزارەتی بەرگرییەوە، ئەمە شتێك بوو كە چاودێران‌و خەڵكی سەربازیی بە "گوڕانكارییەكی ئەرێنی لە كاروانی حەشدی شەعبی‌و تێكەڵبوونی لەناو ریزی هێزە نیزامییەكان" وەسفیان كرد، بەڵام سەركردە وەلائییەكان لە دەستەی حەشد دوچاری واقوڕمان بوون لەو پەرەسەندنە لەنێوان حكومەت‌و گروپی سەربە مەرجەعیەتی نەجەف، ئەمە بوو بەهۆی دەستپێكی داڕمانی پەیوەندی لەنێوان گروپی "عەتەبەكان"‌و گروپە وەلائییەكان.
ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستە لە كانونی یەكەمی 2018دا بڕیارێكی فەرمی دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی فەرمی فیرقەی عەباس لەگەڵ عەتەبەی عەباسیدا‌و تێكەڵبوونی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی حەشد لە فوراتی ناوەڕاست بە سەركردایەتی لیوای خانەنشین عەلی حەمدانی‌و بە فەرمانی راستەوخۆی موهەندیس، ئەمە مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباسی توڕەكرد، هەڵمەتێك لێدوانی دژ بە موهەندیس ئەنجامداو رەخنەی گرت لە لایەنداریكردن بۆ تاران‌و مەرجەعیەتە ئاینییەكەی كە خۆی دەبینێتەوە لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێراندا. 
لەوەڵامی هەڵسوكەوتەكانی موهەندیسدا لەگەڵ "فیرقەی عەباس"، ئەحمەد سافی بریكاری مەرجەعیەت لە نەجەف لە وتاری هەینی كەربەلادا وتی:" ئینتیما بۆ فیرقەی جەنگیی عەباس، دەبێت باجی هەبێت، بەشێك لەو باجە ئارامگرتن‌و سازش نەكردنە لەسەر بنەما‌و ناسنامە‌و بەهاكانمان، سەرباری ئەوەی بژاردەكان كراون". ئەمە جەختكردنەوە بوو لەسەر قوڵایی ناكۆكی نێوان هەردوولا.
سەباح ئەزیرجاوی، یەكێك لە سەركردەكانی كەتائیبی ئیمام عەلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی پێشتریدا، ناكۆكی نێوان گروپی عەتەبە پیرۆزەكان كە مەبەست لێی گروپەكان سەربە نەجەفن لەگەڵ هاوتاكانی لە "حەشدی شەعبی" ئاشكراكرد، كە ئەوەش ناكۆكی ئیداری، لۆجستی، تەنانەت فیكری‌و عەقیدەیشە. ئاماژەی بەوەكرد" جەنگاوەری عێراقی هەن لەگەڵ رژێم لە سوریا، بەشێكی زۆریان بەمدواییە گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوانی تر كە ژمارەیان چەند هەزار كەسێكە هێشتا لەوێن‌و بەراشكاوی نازانین پارە لە كوێوە وەردەگرن". ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هێزەكانی " النجبا‌و "‌و كەتیبەكانی حزبوڵا‌و بەدر خۆراسانی، كە چەند ساڵێكە بە یارمەتی دارایی ئێران‌و پاڵپشتی رژێمی سوریا لەچەند ناوچەیەكی سوریا دەجەنگن‌و دارایی حەشدی شەعبی لە عێراق قۆستراوەتەوە لەبەرژەوەندی ئەو گروپانەدا. 
ئەم گروپە دژبەرانە بەشێوەیەكی مەركەزی بەستراونەتەوە بەحكومەتەوە، بەڵام لەڕووی پێدانی سەرچاوەی دارایی‌و فیكرو ئایدۆلۆژیاوە جیاوازن، گروپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی چەند گروپێك لەخۆدەگرێت‌و بەر لە فتواكەی ساڵی 2014ی سیستانی (پێكهێنانی حەشدی شەعبی) دامەزراوە، ئەم گروپە خۆی وادەبینێت كە لە هەموو گروپەكانی تر زیاتر مافی دارایی‌و ئیمتیازاتی هەیە، بەوپێیەی لەدوای ساڵی 2003وە هاوشێوەی بەدرو عەسائیب‌و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی دژی بوونی ئەمریكا شەڕی كردووە. ئەو، هاوكات نوێنەرایەتی هەژمونی سەربازی ئێران دەكات لەناو عێراقدا.

هۆكارەكانی ناكۆكی
1-    سەركردایەتی عەتەبەی لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت ناڵاندویەتی بەدەست گرفتی دارایی‌و لۆجستییەوە، ئەمە كاریگەری كردوەتەسەر ئاستی ئەداو لێوەشاوەیی، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو كێشانە تێكچوونی هاوسەنگییە لە دابەشكردنی داهاتی حەشد بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان لیواكانی حەشدی وەلائی‌و لیواكانی تری حەشددا بەتایبەتیش لیوای عەتەبەكانی مەرجەعیەت، ئەو رێگایەی كە سەركردایەتی باڵای ئۆپراسیۆنەكان لە دەستەی حەشدی شەعبی بڕیاری پێدەدات، وایكردووە لەلایەن لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت‌و حەشدەكانی ترەوە هەست بەبێ ئومێدی‌و پەراوێزخستن بكرێت.
2-    وەرگرتنی بڕیار لەلایەن سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانەوە لە دەستەی حەشد شەفافیەتی تێدا نییە، بەشێوەیەك سەركردایەتی لیواكانی تر ئەوانەی كە بەشدار نین لە فەرماندەیی باڵا، بێبەش دەكات لە دەركردنی بڕیارەكان هەروەك بێبەشیشیان دەكات لەوەی بۆچونی خۆیان بدەن لەبارەی هەندێك لە پرسەكان‌و پێشنیازی چارەسەر بۆ دەرچوون لە قەیرانەكان. 
3-    زانیاری تایبەت بە بڕیارەكانی دەستەی حەشدی شەعبی بەكەس نادرێت تاوەكو دوای دەرچوونی بڕیارەكە لەڕێگەی راپۆرتێكەوە كە لەلایەن نوسینگەی جێگری سەرۆكی پێشووی دەستەكەوە دەردەچێت یاخود سەرۆكی ئەركانی ئێستا دەستەی حەشد، ئەمەش بەس نییە‌و نابێتە هۆی ئەوەی سەركردەكانی تری لیواكان ئاگاداری ئەو بابەتانە بن كە گفتوگۆیان لەسەر كراوە. نەبوونی یەكسانیی لە بەشداریكردنی سەركردەی لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت لە بڕیارە چارەنوسسازەكانی دەستەی حەشددا بەتایبەتیش لە بڕیارەكانی رێكخستنی پەیكەرو هەڵبژاردنی ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی پرسیاری دروستدەكات لەبارەی رێزگرتن لەسەر ئەو بەشدارییە، ئەگەر بەشدارییەكی كرداری هەیە ئایا بۆچونێكی پێشنیازكراوی كاریگەر هەیە لە بڕیارەكەدا كە زۆربەی كاتەكان لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە لەلایەن سەركردایەتی حەشدی وەلائییەوە دەردەكرێن كە دەستیانگرتووە بەسەر پۆستەكانی پەیكەری رێكخراوەیی حەشدی شەعبیدا. لەم حاڵەتەدا هەروەك لە حاڵەتەكانی تریشدا ئەو پەراوێزخستنە توندەی سەركردەكانی حەشدی مەرجەعیەت رێگە بەوە نادات كاركردن لەسەر ئەم پەیكەرەدا بەردەوام بێت، بۆیە هەنگاوی ناوە بەرەو چارەسەر بەئاڕاستەی جیابونەوەی تەواوەتی لە دەستەی حەشد، بەجۆرێك لە نیسانی 2020وە لیوای عەتەباتەكان لەڕووی ئیداریی‌و ئۆپەراسیۆنییەوە پەیوەندی بە نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە كردووە‌و لەژێر فەرمانی راستەوخۆی ئەودایە.  
4-    لیواكانی تر لەوانەی كە وەلائی نین (لایەنداری ئێران ناكەن) پەنجەرەی پەیوەندییان لەگەڵ سەركردەی لیوای عەتەبەكاندا كردوەتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەوانەوە لەوانەشە بۆ پێكهێنانی رێكخراوێكی نوێ لەژێر هەمان چەتری یاسایی‌و دارایی دەستەی حەشدی شەعبی، چونكە بەدیاریكراوی سەرایای سەلام‌و حەشدی سوننی هیچ بەرەوپێشچونێكی راستەقینە نابینن لەو دامەزراوەیەداو دەنگی حەشدە مامناوەندی‌و بچوكەكان بەشێوەی پێویست نابیسرێت، ئەمەش پێشێلكردنی بنەمای هاوسەنگییە لەناو دەستەی حەشددا.
5-     كەسایەتییە ئاینییە مەرجەعییەكان داوایانكردووە ئەو سەركردانەی حەشد كە وەلائی نین رۆڵی ناوەندییان هەبێت لە دووبارە راستكردنەوەی پۆستەكانی پەیكەری رێكخراوەیی، بەتایبەتیش پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا لەڕووی پێكهاتە‌و شێوازی كاركردنی، بۆئەوەی زیاتر دادپەروەرانە‌و شەرعی بێت، ئەمەش لەپێناو راستكردنەوەی كەموكورتییەكانی هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتی لیواو بەڕێوەبەرایەتییە سەرەكییەكان، بەتایبەتیش لەنێوان هەموو لیواكانی دەستەی حەشدو پۆستی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشد. هەروەها لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە كەسایەتییەكانی مەرجەعیەتی ئاینیی لەنمونەی سەید ئەحمەد سافی‌و شێخ عەبدولمەهدی كەربەلائی داوایانكردووە دەرفەتی راستەقینە بدرێت بە سەركردەكانی حەشدی مەرجەعیەت بۆ ئەوەی چاكسازی ریشەیی بكەن لە پێكهاتەی شێوازی كاری پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشد، ئەوەش بە چاككردنی شێوازی نوێنەرایەتی‌و وای لێبكرێت زیاتر دادپەروەرانە‌و شەرعی بێت.
6-    سەركردایەتی لیوای عەتەبەكان‌و سەرایا سەلام رەخنەیان هەیە لە بڵاوبونەوەی نوسینگەی ئابوری سەربە حەشدی وەلائی‌و لە زیاد لە بۆنەیەكدا داوایانكردووە لاببرێن‌و سزای ئەو لایەنانە بدرێت كە لەپشتی ئەو كارەوەن، ناكرێت بەهانە بۆ بوونی ئەم جۆرە نوسینگانە بهێنرێتەوە لەو ناوچانەی كە بە قوربانیدانی ئەو هێزانە ئازادكراون، نەبوونی چاودێری لەسەر ئەو نوسینگە ئابورییانە بەبەهانەی ئەوەی لایەنی سیاسین‌و ناكەونە ژێر چاودێریی دەستەی حەشدی شەعبییەوە، حەشدی وەلائی هەندێك لەو نوسینگە ئابورییانە دەپارێزن.
7-    كێشەی سەرەكی لە حەواڵەی موچەی تایبەت بە هێزەكانی حەشدو بەكارهێنانی تواناو سەرچاوەكانی دەستەی حەشدە، لەلایەن هەندێك گروپی وەلائییەوە كە سەربە لیواكانی حەشد نین، هەروەها كێشەی لیوا وەلائییە تێكەڵەكان كە باڵی سیاسی و هەندێك باڵی حكومی‌و هەندێكی تر لەناو حەشدو یەكێكی تر لە دەرەوەی دەستەی حەشد وابەستەیە بە دەرەوەی سنوری نیشتمانی پرۆژەی میحوەری مقاوەمەتەوە.
لەبەر رۆشنایی ئەوەدا، پێویستی هەمواركردنی فەرمانی دیوانیی ژمارە (331) دەردەكەوێت بۆ رێكخستنی پەیكەری دەستەی حەشد، تاوەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ لەرێگەی چاودێریكردنی كاری پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا لە دەستەی حەشددا.

ئاستەنگەكانی چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشد

لەڕێگەی رێككنەكەوتن لەسەر ئاستی ناوخۆیی لەبارەی پرسی دوبارە رێكخستنەوە، وێنەكە روونە، رێكنەكەوتن دەبێتە ئاستەنگێكی راستەقینە لەبەردەم هەمواركردنی پەیكەری پێشنیازكراو  لە فەرمانی دیوانیی ژمارە (331)دا.
ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ساڵی 2018وە لەژێر چەتری حەشددا كراون، بە لێدوانی رەتكردنەوەی پێشوەختەی سەركردەی عەتەبەكان‌و سەرایا سەلام دەستیپێكردووە، دادپەروەری لە دابەشكردنی پۆستەكانی پەیكەری حەشددا، بەشدارییەكی گشتگیرتر، هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆستەكان تائێستا بابەتێكی زۆر گرنگ‌و بەبایەخن.
لەسەر بنەمای ئەو پێدراوانەی پێشوو، دەتوانین تێبگەین لە داواكارییەكان بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی پۆستەكان بەسەر سەركردەكانی حەشددا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە‌و لەسەر بنەمایەكی ستراتیژی، بەجۆرێك پشكی سەركردە وەلائییەكان گونجاوبێت لەگەڵ قەبارەی توانا مرۆییەكانیان كە نزیكەی 35%ە‌و ئەو رێژەی 65%ی كە دەمێنێتەوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشبكرێت بەسەر حەشدەكانی تردا، دەكرێت دیارترین ئاستەنگەكان ئەمانە بن:
1-    ئیشكالیەتی ئەو حەشدانەی كە پەیوەندی سیاسی‌و سەربازیی ناوخۆیی‌و دەرەكییان هەیە، رەنگە ببێتەهۆی ئیفلیجكردنی دەستەی حەشد بەهۆكاری زۆربوونی ئەگەرەكانی بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان لەگەڵ زیادبوونی رێژەی پۆستی سەركردەكانی حەشدی وەلائی، ئەمە دەبێتەهۆی بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ بەشێوەیەكی شورەیی بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانیان‌و بەرژەوەندی هاوپەیمانەكانیان بەتایبەت لەكاتی بوونی دژبەیەكی لەنێوان جەمسەری سەركردایەتی مەرجەعەكان‌و ناكۆكی تێڕوانین لە پرسە نێودەوڵەتییەكاندا.
2-    داماڵینی چەكی گروپەكان‌و كورتكردنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا، لەپاڵ كێشەی پلە سەربازییەكان‌و تەمەن‌و بڕوانامەی خوێندن‌و پلەبەندی سەربازی جەنگیی‌و لۆجستی.. ئەم ئاستەنگە رەنگە هێزەكانی حەشدی شەعبی بكات بە شانۆی مشتومڕی دورودرێژو قوڵ‌و لە كۆتایدا رێگر بێت لە وەرگرتنی بڕیاری یەكلاكەرەوەی خێرا.
3-    لێرە دا دەبێت تەماشای ئەگەری گونجانی ئەم سەركردایەتییانە بكەین لەژێر یاسای (40)ی 2016دا، ئایا سەركردایەتی حەشدی وەلائی ئامادەن بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی كە هەیانە لەگەڵ ئەندامە پێشنیاركراوە نوێیەكان، بەتایبەتیش مافی بڕیاردان‌و ڤیتۆكردنی بڕیار لەگەڵ ئەو گروپ‌و حەشدانەدا كە پێشتر نەیارو ركابەربوون‌و لەئێستادا بوون بە هاوڕێ ؟
4-    گفتوگۆی ئێستا پەیوەندیدارە بە پەیوەندی نێوان ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی‌و مەیسەم زەیدی، هەریەكێكیان ئەتوانێت ئەوی تر تێپەڕێنێت. وەكو باسمان كرد، لیوا وەلائییەكان لەگەڵ بەلاداخستنی كێشەكەدان بەڵام بەمەرجێك لیوای عەتەبەكان لەڕووی یاسایی‌و داراییەوە ملكەچی دەستەی حەشدی شەعبی بن‌و هێزەكانیان بخەنەژێر فەرمانی نوسنیگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە لەڕووی ئیداری‌و داراییەوە.
بەواتایەكی تر، سەركردەی عەتەبەكان‌و مەیسەم زەیدی ناتوانن سەركردایەتی حەشدی وەلائی‌و ئەبو فدك تێپەڕێنن. سەرباری ئەمەش حەشدی وەلائی پێویستی بە حەشدی مەرجەعیەت هەیە وەكو ئامرازێكی گرنگ بۆ بەهانەی بوونی دەستەی حەشدی شەعبی لەڕووی ئاینیی‌و پەیوندی دروستكردنی دەستەكە بە فتواكەی 13ی حوزەیرانی 2014ی مەرجەعیەتی نەجەف كە بە فتوانی "الدفاع الكفائی" ناوبانگی دەركرد، هەڵسوكەوتی راگەیاندنی حەشدی وەلائی لە شەش ساڵی رابردوودا دەریخست، فتواكەی مەرجەعیەت بەكاردەهێنن بۆ پێدانی شەرعیەتی ئاینیی بە سیاسەتە شەڕخوازانەكانی، بەڵام پرسیاری كۆتایی ئەوەیە ئایا ئەو حەشدەی كە وەلائی نییە دەتوانێت پێویستی خۆی بە حەشدی وەلائی لەڕووی سەركردایەتی‌و ئۆپەراسیۆن‌و ئەمنی‌و هەواڵگری‌و پیشەیی‌و پەیوەندی سیاسی‌و هێزی تایبەت‌و پیشەسازی سەربازییەوە، تێپەڕێنێت؟

پێشنیازەكان:
ئەوانەی پێشتر دەریدەخەن پێكهاتەی ئێستای پەیكەری دەستەی حەشدی شەعبی ناگونجێت لەگەڵ سیستمی سیاسی ئێستا‌و ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەسەریدا هاتووە، ئەوانەی ئەمڕۆ نەیاری پەیكەری حەشدی شەعبین زۆر زیاترن لەوانەی كە لەسەرەتای دروستكردنیدا لەدژی بوون. سەرباری ئەمە حەشد لەئێستادا روبەڕووی چەندین قەیران بوەتەوە ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی گەورەی خۆرئاواو وڵاتانی عەرەبی عێراق هاندەدەن بۆ ئەوەی دەستەی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە‌و رۆڵ‌و دەسەڵاتەكانی لەقاڵب بدات‌و توانا مرۆییەكانی كامبكاتەوە یاخود پێداچوونەوە بكات بە پرۆسەكانی تێكەڵكردنی لەگەڵ هێزە نیزامییەكان یاخود بیكات بە هێزێكی یەدەگ كە لەكاتی پێویستدا بانگیان بكاتەوە‌و موچەیەكی خانەنشینی دادپەروەرانەیان پێبدات.. پەیكەری ئێستا حەشدی شەعبی گوزارشت ناكات لەو گۆڕانكارییە دراماتیكیە سیاسی‌و ئابوریانەی ئێستا‌و دەبێت حەشدە وەلائییەكانی تر بەهێزبكرێن لە زەمەنێكدا كە قەیرانی جۆراوجۆر‌و تێكهەڵچوو بەخۆوە دەبینێت لەوانە تیرۆری نێودەوڵەتی‌و ململانێ ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكان‌و زیادبوونی هەژاریی، هەموو ئەمانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر پێویستی دوبارە داڕشتنەوەی پەیكەری دەستەی حەشد.
لە كۆتایدا پێویستە پێوەری دیاریكراو و روون دابنرێت بۆ پۆستەكانی دەستەی حەشدی شەعبی‌و پەنابردن بۆ بەكارهێنانی یاسایی سەربازی دژ بە كەسێك كە یاخی دەبێت، هەروەها رۆڵی ئاسایش‌و یاسا‌و پشكنەرایەتی حەشد كارا بكرێت بۆ داخستنی نوسینگە ئابورییەكان‌و سزادانی سەرپێچیكاران‌و رێگریكردن لە كاری سیاسی‌و حزبی، تاوەكو ئەم دەستەیە دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لەناو جەستەی دەوڵەتی عێراقیدا بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ یاساو دەستوری عێراقدا. هەروەك پێویستە كارەكانی دەستەی حەشد ملكەچ بكرێت بۆ چاودێری دارایی‌و كارگێڕیی لەرێگەی كاراكردنی رۆڵی چاودێری حكومی‌و پەرلەمانیی بۆ رێگرتن لە دەرچوونی بڕیاری نایاسایی كە پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای عێراقی بێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand