حكومەت دەتوانێ بێ پاشەكەوت موچە بدات؟
2018-03-22 12:37:00
لەسەرەتای مانگی یەكی 2016 ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمی پاشەكەوتی موچەی بەسەر موچەخۆرانی هەرێمدا سەپاندووە، كە بەرزترین موچە 75% و نزمترینیش 10%ی لە موچەی موچەخۆران بڕیوە كە پێشتر موچەی مانگانەی موچەخۆران 850 ملیار دیناربوو بەڵام بەهۆی پاشەكەوتووە بوو بە 495 ملیار دینار، كە حكومەتی هەرێم پاشەكەوتەكەشی بۆ دابین نەدەكرا و بەردەوامیش نەوتی فرۆشتووە، ئێستاش وەك سولفە بڕی 317 ملیار دیناری لە بەغداوە پێگەیشتووە، سەرەرای بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش هێشتا ئامادە نیە پاشەكەوت هەڵوەشێنێتەوە.
ئێستا هەرێمی كوردستان بەداهاتی نەوت و ناوخۆ و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغدادەوە بۆی دێت (1 ترلیۆن و 53 ملیار) دیناری دەستدەكەوێت كە ئەو پارەیە بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و بڕی ( 63 ملیار ) دیناریشی زیادە لە موچەی تەواوەتی موچەخۆران.
بەپێی زانیارییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق " سۆمۆ"، لە مانگی یەكی 2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ( 9631845 ) نەوتی فرۆشتووە رۆژانە دەكاتە( 344584 ) بەرمیل نەوت، نرخی بەرمیلێك نەوت ئێستا لە بازاڕەكانی جیهان 65 دۆلارە و ئەگەر لە بەرمیلێك 55 دۆلاریشی بمێنێتەوە ئەوا دەكاتە (529751475 ) دۆلار واتا نزیكەی ( 530 ملیۆن دۆلار) كە دەكاتە ( 636 ملیار ) دیناری عێراقی.
هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی سۆمۆ لە مانگی دوو، شوباتی 2018 حكومەتی هەرێم ( 8479095 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە رۆژانە دەكاتە ( 302369 ) بەرمیل نەوت نرخی بەرمیل بە 55 دۆلار دابنرێت ئەوا دەكاتە 466350225 دۆلار، واتا ( 466 ملیۆن دۆلار) كە دەكاتە ( 559 ملیار دینار) . ئەمە تەنها داهاتی نەوت جگە لە داهاتی بەرهەمی نەوتی ناخۆ، هاوكات داهاتی ناوخۆش مانگانە زیاتر لە ( 100 ملیار ) دینارە.
بەو پێیەش ئەگەر داهاتی نەوت و ناوخۆی هەرێم ئەژمار بكەین بۆ نمونە ئەگەر داهاتی مانگی یەكی 2018 ئەژمار بكەین دەكاتە ( 636 ملیار ) دیناری داهاتی فرۆشی نەوت لەگەڵ ( 100 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆ كۆی گشتی دەكاتە ( 736 ملیار) دینار.
واتا هەرێمی كوردستان ئێستا مانگانە ( 736 ملیار) دینار داهاتی دەست دەكەوێت كە نزیكە لە موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێم، لەگەڵ بڕی ئەو ( 317 ملیار) دینارەی كە لەلایەن بەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە كە دەكاتە (1 ترلیۆن و 53 ملیار) دینار كە وەك ئەوەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ دەكەن مانگانە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ پاشەكەوت ( 900 ملیار) دیناری پێویستە ئەوا ئەو داهاتە بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و بڕی ( 63 ملیار ) دیناریشی زیادە لە موچەی تەواوەتی موچەخۆران.
فرۆشی نەوتی هەرێم بەپێی ئەو خشتەیەی لای سۆمۆیە
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف