Draw Media

سەربەخۆیی بەرامبەر جیابونەوە

سەربەخۆیی بەرامبەر جیابونەوە

2019-07-25 14:08:51


+ د. نیاز نەجمەدین   

سەربەخۆیی چیتر چەمکێک نییە بە کەڵکی کوردی عێراق بێت، لەبەرئەوەی لە دەستوردا دانپێدانراوە و بەشە بودجە و پۆستی هەیە، هتد. 
بەڵام جیابونەوە هەمیشە مافی خۆیەتی. وەک چۆن ژن و مێرد کە حەز و ئارەزوو و بەرژەوەندییان پێکەوە نەگونجا، مافی خۆیانە بەڵکو رەنگە باشتر بێت جیا ببنەوە، هەروەهاش هەرێمی کوردستان و ‌وێراق. 
جیابونەوەیەک لەسەر رق بیناکرابێت، سەختە ئاسودەیی و بەختەوەریی بهێنێت. جیابونەوە پێویستی بە بەرهەمهێنانی رق نییە بەرامبەر بە عێراق. دەوڵەتی عێراق چەند بۆ کورد خراپ بووە، هێندەش بۆ عەرەب، چەند بۆ سوننە خراپ بووە، هێندەش بۆ شیعە. ئەگەر "عێراقییبوون بۆ کورد شەرمەزاریی بێت" وەک د.ئارام رەفعەت ئەڵێت، ئەوا بۆ عەرەبیش شەرمەزارییە. بە هەمان مانا، سورییبونیش بۆ سورییەکان و تورکبون بۆ تورکییەکان شەرمەزارییە. 
جیاوازی ئەم دوو دیدگایە هێندەی ئەرز و ئاسمانە. پێکەوەژیان و جیابونەوە (لە نێوان ژن و مێردێک یان دوو دڵداردا وەک دوو دەوڵەت) تەنیا لەسەر حەز و ئارەزوو نەوەستاوە، بەڵکو پەیوەندیی بە بەرژەوەندییەوە هەیە. لە دوا لێکۆڵینەوەمدا (جیابونەوە بەرامبەر بە یەکگرتنەوە)، ئاماژەم بە تیۆرییەک لە بواری کێشمەکێش و ململانێ کردووە. 
سەرتانی پێوە نائێشێنم، کورتەی تیۆرییەکە ئەوەیە کە لایەنیك، کە ناونراوە ئالانگار (لەم نمونەیەی ئێمەدا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە) دژایەتیی لایەنەکەی تر دەکات، با ناوی بنێین ئامانجەکە(Target)، کە لەم نمونەیەدا عێراقە)، بەڵام دەرچون لەم پەیوەندییە تێچووی ئابوریی هەیە. دەرچون لە پەیوەندییەکە لایەنی ئالنگار (متحدی، واتە هەرێم) ئەخاتە بەردەمی مەترسیی. لە چ کاتێکدا؟ لەو کاتەدا کە: 
لایەنی ئالانگار (هەرێمی کوردستان لەم نمونەیەدا) دەستی بە بازاڕ نەگات، رێگای بازرگانیی لێ بگیرێت و موڵکەکانی نێوانیشیان جوڵەپێکراو(واتە قابیلی گواستنەوە) نەبێت. ئەم دۆخە پێی دەڵێن هاوسەنگیی قەیراناویی (Crisis equilibrium). 
ئەگەر دەستی بە بازاڕ بگات، رێگای بازرگانیی هەبێت، و موڵکەکانی نێوانیاشیان قابیلی گواستنەوە بێت، ئەوە ئەگەری بەرز ئەوەیە لایەنی ئامانجەکە (واتە عێراق) چۆکدابدات. ئەمەیان پێی دەوترێت (A bargaining power equilibrium). 
ئەم تیرۆییە تەنانەت بۆ نێوان ژن و مێردەکانیش راستن. لە پەیوەندیی ژن و مێردا، مناڵ و موڵکەکانی تر کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکە و ئاستی سەرکەوتن هەیە، لە پەیوەندیی نێوان عێراق و هەرێمدا ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەو موڵکانەن کە هەمیشە جێی ململانێ و کێشمەکێشن و ئاسان قابیلی گواستنەوە نیین و نابن. 
نەگبەتییەکە ئەوەیە کە کورد هەمیشە رێگای یەکەمی هەڵبژاردووە، کە پڕ بووە لە دڕک و داڵ، لەوسەرەوە بە تێکشکاویی چۆتەوە بەردەمی لایەنی ئامانجەکە و توشی هاوسەنگیی قەیراناویی بووە. 
تێیینیی دەکەیت؟ زانست یارمەتییمان دەدات بەرچاومان رونبێت لە کاتێکدا حەماسەت و رقدروستکردن و سۆزجوڵاندن کوێرت ئەکات، ئەکەویتە چالێکەوە کە ئاسان نییە دەربێیتەوە و ژیانت بەرەودوا دەگەڕێتەوە. بە تەنها گەشەکردن گرنگ نییە، خۆپاراستن لە قەیرانیش گرنگە. 
با بۆچونەکەم بە شێوەیەکی تر داڕێژمەوە. 
لە زانستی ئابورییدا، دوو پرەنسیپ لە بڕیارداندا گرنگن. یەکەم، بەردەوامێتییە (ٍSustainability). ئەتەوێت بزنسێک دابنێیت، یان ئوتومبێلێک بە قەرز راکێشیت، یان حزبێک و دەوڵەتێک دابمەزرێنیت، لە خۆت بپرسە: ئایا پلانەکەم توانای جێبەجێکردن و بەردەوامیی دەبێت؟ واتە بیربکەرەوە بزانە هەنگاوی دووەم چیی روودەدات. کە نەتتوانی بەردەوام بیت، یەک دونیا کێشە دروست دەکەیت، لەوانە لە دەستدانی متمانە بە خۆت، یان لاوازکردنی متمانەی خەڵک بە پرۆژەکانت. ئەمە رێك ئەوە بوو بەسەر شاسوار عەبدولواحید و زۆر سەرکردەی تردا هاتووە. 
دووەم پرەنسیپ تێچووی هەلی ئاڵتەرناتیڤە. رێگایەک، یان کەسێک، حزبێک یان ئیشێک هەڵدەبژێریت، رێگایەک، یان کەسێک، حزبێک یان ئیشێکی ترت لە کیس چووە. تێچووی بڕیارەکەت چەندە؟ تەنیا ئەوە نییە کە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەت خەرجت کردووە، بەڵکو ئەوەشە کە لە کیست چووە. ئەتەوێت جیاببیتەوە، بیرت لەوە کردەوە کە چیی لە دەست دەدەیت؟ 
دەمێنێتەوە بڵێم زانییاریی نیوەناچڵە، وەک پێویست لەبەردەستدا نییە، بۆیە ئاساییە هەڵە بکەیت. بەڵام وەک چۆن فڕۆکە کاتی خۆی هەیە بۆ بەرزبونەوە و فڕین، دەرچون لە پەیوەندییەکیش کاتی خۆی هەیە و کەم تا زۆر پێویستی بە خۆسازکردن و خۆئامادەکردنە ( لە زەمەنێکی دیاریکراودا، رەنگە مانەوە باشتر بێت). هەر ئەوەی دەتەوێت بفڕیت بەس نییە، فڕین باڵ و وزە و رەزامەندیی ئەوانەشی دەوێت کە بە ئاسمانیاندا دەفڕیت، دەنا دەتخەنە خوارەوە..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand