لە بازرگانی كلینێكسەوە بۆ كەشتی نەوت
2019-03-11 16:35:39
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
قەیوان.. ناوی دوو گوندە (قەیوانی گەورە، قەیوانی بچوك) لەناحیەی (گاپیڵۆن)ی سەربە قەزای شاڕباژێر، ئێستا قەیوان نەك تەنیا سنوری شارباژێر، بەڵكو سلێمانیو هەرێمی كوردستانیشی تێپەڕاندووە.
قەیوان ئێستا گروپێك كۆمپانیایە كە زۆنی سەوزی قوتداوەو جڵەوی زۆربەی كەرتە ئابورییەكانی سنورەكەی بەدەستەوەیە، بەهۆی پێگە ئابورییە بەهێزەكەیەوە، رەنگە لە داهاتوودا هاوشێوەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی خۆرئاوا هەژمونی خۆی بەسەر سیاسەتی ناوچەكەشدا بەسەپێنێت.
قەیوان گەیشتوەتە قۆناغێك، خەریكە بەتەواوەتی بازاڕ لە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی لەدەستی كۆمپانیاكانی تر دەردەهێنێت.
پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە دەكات
لیژنەی نەوتو غاز لە پەرلەمانی عێراق بەنیازە لێكۆڵینەوە لە ئاستی باڵا دەستپێبكات لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دۆسیەكانی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوتدا تێوەگلاون.
هەیبەت حەلبوسی، ئەندامی ئەو لیژنەیە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" لیژنەی نەوت غاز سوورە لەسەر لێكۆڵینەوە لە گەندەڵیو گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی قەیوان، سۆمۆ، كار".
دوان لەو كۆمپانیایانەی كە ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ناوی بردوون، لە هەرێمی كوردستانن، كە ئەوانیش كۆمپانیای (قەیوان)و كۆمپانیای (كار)ە.
(درەو میدیا) لە قۆناغی داهاتوودا بە زنجیرەیەك راپۆرت، زانیاری ورد لەسەر كاری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستانو چۆنیەتی وەرگرتنی پرۆژەكانو پشكدارییو دەستوەردانی سیاسەتمەنداران لە كاری كۆمپانیاكان ئاشكرادەكات.
كۆمپانیای قەیوان
بەگوێرەی ئەوەی لە پەیجی فەرمی كۆمپانیاكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی 1990 دامەزراوەو كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتییە، چەندین بەرژەوەندی هەمەجۆری بازرگانیو وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستانو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لەوانەش پاڵاوتنی نەوتو بازرگانی وزەو خانوبەرەو هۆتێل.
خاوەنەكانی ئەم كۆمپانیایە، كوڕانی (شێخ تەیب قەیوانی)ن.
بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، كۆمپانیای قەیوان دووەم گەورە كۆمپانیایە لەسەر ئاستی عێراق لەڕووی سەرمایەوە، سەرمایەی ئەم كۆمپانیایە لەنێوان (10 بۆ 12) ملیار دۆلار ئەژماردەكرێت، جگە لە پرۆژە ئابورییەكان لەناو هەرێمی كوردستان، لە دەرەوەی وڵاتیش چەندین پرۆژەی هەیە، بۆیە كۆی گشتی سەرمایەی كۆمپانیاكە بەدیاریكراوی نازانرێت.
ساڵی 2016 ئەم كۆمپانیایە بۆ دروستكردنی وێستگەی كارەبای بازیان، بڕی (105 ملیۆن) دۆلاری لە بانكێكی ئەڵمانی قەرزكردووە، ئەمە دەریدەخات، قەبارەی سەرمایەكەی زۆر گەورەترە لەو ژمارانەی كە باسیان لێوەدەكرێت.
بەمدواییە، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبیی لە سلێمانی، تەنگیان بە خاوەنەكانی كۆمپانیای قەیوان هەڵچنیوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێك لە كارەكتەرە سیاسیو ئەمنییەكانی زۆنی سەوز پێیانوایە ئەو كۆمپانیایە لەژێر چاودێریو ئاسایشی ئەواندا گەشەی كردووەو دەبێت لەبەرامبەر ئەوەدا هەندێك لە قازانجەكەی بەوان بدات.
پرۆژەكانی (قەیوان گروپ)
ئەم كۆمپانیایە زۆرینەی بوارەكانی لە زۆنی سەوز كۆنترۆڵكردووە، لە كەرتەكانی دەرمان، نیشتەجێبوون، نەوت، كارەبا، ئامێرە كارەباییو ئەلیكترۆنییەكان، خوێندنگەو زانكۆدا پشكی گەورەی هەیە، بازرگانی ئەم كۆمپانیایە گەیشتووەتە برنجو كلینێكسو بۆیاخیش.
پرۆژەكانی قەیوان لە كەرتی نیشتەجێبوون
ئەم كۆمپانیایە سێ پرۆژەی گەورەی نیشتەجێبوونی لەناو شاری سلێمانی هەیە.
• بەرزاییەكانی سلێمانی (پرۆژەی نیشتەجێبوون لە باكوری شاری سلێمانی)
• قەیوان سیتی (پرۆژەی نیشتەجێبوون لە باكوری رۆژئاوای شاری سلێمانی)
• بەرزاییەكانی قەیوان (پرۆژەی نیشتەجێبوون لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی)
• قەیوان تاوەر (تاوەری بازرگانییە لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا)
پرۆژەكانی قەیوان لە كەرتی وزەدا
لە كەرتی وزەشدا، كۆمپانیای قەیوان لە زۆرنی سەوزدا پشكی گەورەی هەیە، لە دیارترین پرۆژەكانی قەیوان لە بواری وزەدا:
• پاڵاوگەی بازیان (پاڵاوگەی نەوت)
• وێستگەی بازیان (بەرهەمهێنانی كارەبا)
قەیوانو پرۆژەی كارەبا
وێستگەی كارەبای بازیان كە سەربە كۆمانیای قەیوانە، توانای بەرهەمهێنانی كارەبا تێیدا (750 مێگاوات)ە، لە (4) یەكە پێكهاتووە، هەر یەكەیەكی (125 مێگاوات) كارەبا دەدات، (200 مێگاوات) كارەباش لە هەڵمی گەرمیەكەی وەردەگیرێت.
ئێستا وێستگەی بازیان كارەبای سێ (یەكە)ی خۆی بە حكومەتی هەرێم دەفرۆشێتو كارەبای یەكەیەكیش بە حكومەتی عێراق.
بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق، وێستگەی كارەبای بازیان لە تەموزی 2017وە بۆ ماوەی (5 ساڵ) بڕی (125 مێگاوات) كارەبا دەداتە حكومەتی عێراق، رێككەوتنەكە بەجۆرێكە حكومەتی عێراق خۆی گازوایل بۆ وێستگەی بازیان دابین دەكاتو بۆ هەر واتێكیش بڕی (3.2 سەنت) بە كۆمپانیاكە دەدات، كە رۆژانە دەكاتە ( 96 هەزار) دۆلار، مانگانەش دەكاتە (2 ملیۆنو 880 هەزار) دۆلار.
لەلایەكی ترەوە، وێستگەی بازیان كە سەربە كۆمپانیای قەیوانە، كارەبای سێ یەكەی تری خۆی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت، كارەبای ئەو سێ یەكەیە (375 مێگاوات)ە، لە تشرینی یەكەمی 2018وە حكومەتی هەرێم بۆ هەر واتێك لە سەعاتێكدا بڕی (3.2 سەنت) بە كۆمپانیای قەیوان دەدات، واتە لە رۆژێكدا (288 هەزار دۆلار)، كە لە مانگێكدا دەكاتە (8 ملیۆنو 640 هەزار) دۆلار.
قەیوانو كەرتی نەوت
لە بواری نەوتدا، گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان چەندین بازرگانی هەیە، لە گواستنەوەو پاڵاوتنو فرۆشتنی نەوتدا.
ئەم كۆمپانیایە خاوەنی كەشتیەكی گواستنەوەی نەوتە لە بەندەری (خۆر زوبەیر) لە بەسرە، بەناوی كەشتی (دوبرا)، كە توانای هەڵگرتنی (7 هەزار تەن) نەوتی هەیە.
سەرباری ئەو كەشتییە، بەپێی رێككەوتنێك لەنێوان كۆمپانیای قەیوانو كۆمپانیای نەوتی باكور، رۆژانە (38 بۆ 42 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە دەدرێتە پاڵاوگەی نەوتی بازیان كە سەربە كۆمپانیای قەیوانە، بەمەبەستی پاڵاوتنی، هەر بەرمیلێكی بە (8 بۆ 10) دۆلار دەپاڵێوێت، داهاتی پاڵاوتنی ئەم نەوتە بۆ كۆمپانیای قەیوان مانگانە (12 ملیۆن) دۆلارە.
لە كەرتی نەوتدا، كۆمپانیای قەیوان ئەم كارانە دەكات:
• پاڵاوتنی نەوتی سپی بۆ عێراق لە پاڵاوگەی نەوتی بازیان
• گواستنەوەی نەوت لە كیڵگە نەوتییەكانەوە بۆ پاڵاوگەكان
• هێنانی سوتەمەنی (بەنزین، نەوتی سپی، گاز) لە ئیماراتەوە بۆ هەرێمی كوردستان
• گرێبەستی گواستنەوەی گازی (LPG)
قەیوانو كەرتی تەندروستی
كۆمپانیای قەیوان لە بواری هاوردەكردنی دەرمانیشدا كاردەكاتو لە سلێمانی چەندین كۆگای دەرمانی هەیە، كۆمپانیاكە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، باسی هەموو پرۆژەكانی خۆی دەكات، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە كارەكانی لە بواری دەرمان نەكردووە.
كۆمپانیای قەیوان، بەپێچەوانەی كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە، تائێستا لە بواری دروستكردنی نەخۆشخانەی ئەهلیدا خۆی تاقینەكردوەتەوە، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا پەل بۆ ئەو كەرتەش بهاوێت، بەوپێیەی حكومەتی هەرێم رووی لەو ئاڕاستەیەیە تەندروستی رادەستی كەرتی تایبەت بكات.
قەیوانو بازرگانی ئامێرە كارەباییەكان
ئەم كۆمپانیایە هاوكات بریكاری سەرەكی ژمارەیەك براندی جیهانییە لە بواری ئامێرە كارەباییو ئەلیكترۆنییەكان، لەوانە:
• ئامێرەكانی هیتاچی
• هایسنس
• گراند
قەیوان لە كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵادا
كۆمپانیای قەیوان، لەبواری وەبەرهێناندا، پەلی كێشاوە بۆ كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، لەو بوارەدا پاشەكشێی كەرتی حكومی قۆستوەتەوە بۆئەوەی وەبەرهێنان بكات، چەندین خوێندنگەو قوتابخانەو پەیمانگاو زانكۆی دامەزراندووە، كە خوێندن تێیاندا بە پارەیەو زیاتر منداڵانی چینە دەستڕۆیشتووەكان دەتوانن لەم خوێندنگانەدا بخوێنن.
دیارترین پرۆژەكانی قەیوانی لە كەرتی پەروەردەدا:
• كۆمەڵگەی پەروەردەیی بەریتانی نێودەوڵەتی- سلێمانی
• قوتابخانەی كوردجینیەس
• پەیمانگای كۆمپیوتەری سلێمانی ناحكومی
• پەیمانگای تەكنیكی كوردستان
• پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی سلێمانی- ناحكومی
• پەیمانگای سلێمانی ناحكومی بۆ زانستەكانی گازو پترۆڵ
• كۆلێژی سلێمانی ناحكومی كچان
• كۆلێژی سەلاحەدینی ئەیوبی كوڕان
قەیوانو فەتحوڵڵا گوڵەن
هەردوو كۆلیژی (سلێمانی ناحكومی كچان)و (سەلاحەدینی ئەیوبی كوڕان)و چەند قوتابخانەیەكی بنەڕەتی پێشتر سەر بە كۆمپانیای (فەزالەر)ی توركی بوون، دوای فشارەكانی حكومەتی توركیا بۆ داخستنی پرۆژەكانی بزوتنەوەی "خزمەت"ی فەتحوڵا گولەن، كۆمپانیای قەیوان بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەو پرۆژانەی هەڵگرتەوەو ئێستا خاوەندارێتییان دەكات، بەڵام ستافی ئەو خوێندنگانە هەمان ستافی پێشوون.
پرۆژەی قەیوان لە كەرتی خوێندنی باڵادا:
كۆمپانیای قەیوان، ساڵی 2018 زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان UTMی لە سلێمانی دامەزراند، ئەم زانكۆیە وەك زانكۆیەكی ئەهلی كە خوێندن تێیدا بە پارەیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمو عێراق مۆڵەتی وەرگرتووەو خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزییە.
بەوتەی بەرپرسانی زانكۆكە، ئەو بەشانەی لە زانكۆی قەیوان (یو تی ئێم) كراونەتەوە، لەسەر خواستی بازاڕو كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانو عێراقنو دەرچووەكانی ئەم بەشانە، هەلی كاری مسۆگەریان دەبێت لە كەرتی تایبەتیو حكومیدا، بەشەكانیش بەگشتی لەبواری خوێندنی (تەكنۆلۆجیا، ئای تی، كۆمپیوتەر، سەرچاوەی مرۆییو كارگێڕی)دایە، تیمێكی پسپۆڕی مالیزیی ئیدارەی زانستیو كارگێڕیو بەڕێوەبردنی زانكۆكە دەكەن.
چەند بازرگانییەكی تر
سەرباری، كەرتە گەورەو گرنگەكان، قەیوان ژمارەیەك لە بازرگانییە بچوكەكانیشی كۆنترۆڵكردووە، لە نمونەی:
• بازرگانی كلینێكس (كلینێكسی مایا)
• بۆیاخی الجزیرە (پێشانگایەكە لە شەقامی 60 مەتری شاری سلێمانی)
• ساڵۆنو كلینیكو بەرهەمەكانی جوێل
• بەرهەمەكانی لێگۆ
• برنجی قەیوان
قەیوانو هەژمونی سیاسی
گومانی تێدانیە دارایی كاریگەرییەكی بەهێزی بۆسەر ژێرخانو سەرخانی ئابوری هەیە لە جیهاندا، دارایی دڵی زیندوو و بزوێنەری ئابورییە، سروشتییە ئەوەی سامانو دارایی زۆری هەبێت، راستەوخۆ هێزۆ هەژمونی سیاسیشی هەیە، ئێستا كۆمپانیاكان ئەو قەوارەیەن كە سەرمایە زۆرەكانیان كەڵكە بووە، لەگەڵ تێپەڕینی كاتو هەوڵی بەردەوام بۆ قازانج، چەندین كۆمپانیای زەبەلاح دامەزرێنران، كە خاوەنی سەرمایەو بودجەیەكی وەهان كە یەكسانە بە بودجەی ئەو دەوڵەتەی تێیدان.
لە زۆنی سەوز لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكانی قەیوان خاوەنی گەورەترین هەژمونی سیاسین، ئەم كۆمپانیایە لەناو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراوی لە پەرلەمانو وەزارەتەكاندا چەندین خەڵكی هەیە كە بەرگری لە پرۆژەكانی دەكەن، لەناوەندی سیاسی حزبەكانیشدا كارەكتەری سیاسی باڵا هەن پشتیوانی دەكەن، پشتیوانییەكەش جیاوازە، یان ئەوەیە هەندێك لەو كارەكتەرانە پشكدارن لە پرۆژەكانی كۆمپانیاكەدا، یان بەشێوازی تر سودمەندن لە سەرمایەی ئەم كۆمپانیایە.
لەسەر ئاستی میدیاش، كۆمپانیای قەیوان چ وەكو كەناڵە میدیاییەكان، چ وەكو ئەو كارەكتەرانەی كە لە بواری میدیادا كاردەكەنو كەسانی دیارن، ئەسپی خۆی تاوداوەو وایكردووە زۆرێك لە میدیاكان قسە لەسەر پرۆژەكانی نەكەن، ئەمەش زیاتر لەڕێگەی ریكلامە بازرگانییەكانی كۆمپانیاكەوە جڵەوگیركراوە.
قەیوانو كارە خێرخوازییەكانی
ئەم كۆمپانیایە لەگەڵ گەورەبونی بەردەوامیدا، لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە زۆرجار بانگەشە بۆ كارە خێرخوازییەكانی دەكات.
لە دیارترین كارە خێرخوازییەكانی كۆمپانیاكە بریتییە لە دروستكردنی مزگەوتو خوێندنگەو هاوكاریكردنی دامەزراوەكانی حكومەتو یارمەتیدانی هەژاران، خاوەنەكانی كۆمپانیاكە شانازی بەوەوە دەكەن كە زەكاتی سەرمایەكەیان دەردەكەن، بەڵام زۆرێك لە سەرمایەدارە بچوكەكان بەردەوام گلەیی ئەوە دەكەن قەیوان دەرفەتی كاری بۆ ئەوان نەهێشتووەتەوەو هەموو كەرتەكانی قوتداوە.