Draw Media

وردەكاری ونبونی كەشتیە نەوت هەڵگرەكانی كوردستان بەرەو ئیسرائیل

وردەكاری ونبونی كەشتیە نەوت هەڵگرەكانی كوردستان بەرەو ئیسرائیل

2018-04-10 19:17:09


لە راپۆرتێكی شیكاری وردا ڕۆژنامەی (هائاریتس)ی ئیسرائیلی  باس لە وون بوون و دیارنەمانی كەشتیە نەوت هەڵگرەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لە كاتی گواستنەوە و فرۆشتنیان بەرەو ئیسرائیل.
سەرەتای راپۆرتەكە بەوە دەست پێدەكات و دەنوسێت:  كە چاودێری كەشتیە هەڵگرەكان شتی سەرەنجراكێشی لەپشتەوەیە، بەتایبەتیش دیارنەمانی ئەو کەشتیە نەوتیە بارهەڵگرانەی كە نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانی توركیاوە دەگوازنەوە.
راپۆرتەكەی رۆژنامەی هائاریتس پشتی بەستووە بە زانیارییەكانی سەمیر مەدەنی، بازرگانی نەوتی كوەیتی  و خاوەنی سایتی (Tanker Trackers) كە چاودێری كەشتیە نەوتییەكان دەكات ئاماژەی بەوە کردووە، كە بارهەڵگرێكی نەوت كە نەوتی هەرێمی كوردستان باركردبوو لە بەندەری جەیهانی توركیاوە لە 2017 بەرەو نۆكەندی سوێس بەرێكەوتبوو، دوای ماوەیەك رێرەوەكەی گۆڕی و لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست رێرەوەكەی گۆڕی لەبەرامبەر تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل، لەدەرەوەی ئاوە هەرێمایەتیەكانی ئیسرائیل.
مەدەنی ئاماژەی بەوەشكردووە دوای چەند رۆژێك لە ونبونی ئەو كەشتیە دەركەوتەوە و بەڵام بارەكەی سوك بوو، لەوێوە بەرەو قوبرس رۆیشتووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیاو بارێكی تری هەڵگرتۆتەوە لەنەوتی كوردستان، هەموو گەشتەكانی ئەو بارهەڵگرە نەوتیە بە ئاڵۆزی بووە، بۆیە مەدەنی پێی وایە ئەو كەشتیە هەڵگری نەوتی  تۆمارنەكراوبووە و بە نهێنی نەوتی گەیاندوەتە ئیسرائیل. 
 راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو پرۆسەیە بەو شێوە ئاڵۆزە بەردەوام بووە و لە 21ی مانگی شوباتدا بارهەڵگری نەوتی (مەبروك) لە بەندەری جەیهانی توركیا بڕی ( یەك ملیۆن بەرمیل نەوت)ی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتووە و دواتر بە ناوی( MARO ) لە بەرانبەر كەناراوەكانی ئیسرائیل دەركەوتووە ئەویش دوای بەتاڵكردنی بارەكەی و پاشان گەڕاوەتەوە، بەندەری جەیهانی توركیا. ئەم پرۆسەیە بەردەوام لە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دووبارە بوتەوە و كەشتییەكان لە نزیك ئیسرائیل  ماوەیەك ون دەبن و دوای بەتاڵكردنەوەی نەوتەكەیان رێرەوەكەیان دەگۆڕن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا. 

بەپێی راپۆرتێكی پێشوی سایتی ( تانكەر تراكەرز)  كە تایبەتە بە بەدواداچونی هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری  جەیهانی توركیاوە هەناردە كردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا.
سەبارەت بە فرۆشی نەوت بە وڵاتان راپۆرتەكەی سایتی( تانكەر تراكەرز)  ئاماژەی بەوەشكردووە ئیسرائیل كڕیاری سەرەكی نەوتی هەرێمی كوردستانە و (رۆژانە 130 هەزار و 721 بەرمیل ) نەوتی هەرێم  بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت كە 40%ی كۆی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات .لەدوای ئیسرائیل یۆنان لە پلەی دووەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمدا دێت كە رۆژی( 87 هەزار و 236 )بەرمیل دەكڕێت كە دەكاتە ( 26.88%)ی كۆی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم. لە دوای یۆنان، كرواتیا لە پلەی سێیەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دێت و رۆژانە( 42 هەزار و 94) بەرمیل، واتە 12.97%ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان دەكڕێت.

بەڵام بەرپرسانی هەرێم هەمیشە ئاماژەیان بەوەكردووە ئەوان بەشێوەیەكی یاسایی و بەپێی گرێبەتە جیهانیەكان نەوتەكەیان دەفرۆشن بە كۆمپاینیاكانی كڕینی نەوت و ئەوان خۆیان چۆن و بەچی میكانیزمێك دەیفرۆشن و بە كێی و چی وڵاتێكی دەفرۆشن ئەوان خۆیان دەزانن و لە بەرپرسیارێتی ئێمەدا نامێنێت. 


 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand