(درەو):
"کۆی گشتیی نەوتی هەناردەکراوی بەسرەو هەرێمی كوردستان و کەرکوک لە مانگی سێدا نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل بووەو داهاتەکەی بەڕێژەی 28% زیادی کردووە، گرێبەستمان بۆ ناردنی 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ڕێگەی سوریاوە بۆ دەریای ناوەڕاست واژۆ کردووە، ئێستا دانوستانمان هەیە بۆ سودوەرگرتن لە هەندێک بۆری وڵاتانی کەنداو کە دەگەنە ئەودیو گەرووی هورمز" ئەمانە قسەی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقن.
عەلی نزار شەتری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا (ئیسرائیل)- ئێران، هەڕەشە و ترسەکان لە هەر بەئامانجگرتنێکی سەربازی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ سەر كەشتییەكانی نەوت و خاوەنەکانیان کە دەهاتنە بەندەرەکانی باشوری عێراق، دەستیپێکرد، تەنانەت پێش ئەوەی گەرووی هورمز بە کردەیی دابخرێت.
لە لێدوانێكدا كە ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوە، بەڕێوەبەری (سۆمۆ) باسی لەوەكردووە، لەسەر بنەمای ئەو خشتەی باركردنەی كە لەبەر رۆشنایی هەستكردن بە دەستپێكردنی جەنگ بۆسەر كۆماری ئیسلامی دایانناوە، دەستیانكردووە بە چاودێریكردنی وردی كڕیارانی نەوتی عێراق لەرێگەی دەروازەكانی باشورەوە چ بەندەری نەوتی بەسرە یاخود عەوامەكان و زیادكردنی قەبارەو ژمارەی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لەناوچەی چاوەڕوانی، ئەمەش بۆ بەدیهێنانی زۆرترین ماوە بۆ بەردەوامیدان بە هەناردەكردن.
" توانیمان تاوەکو 8ی ئازاری رابردوو لە بەندەرەکانی باشورەوە بەردەوامی بدەین بە هەناردەکردن، بەمەش ئاستێکی باشمان بەدەستهێنا بەراورد بەو وڵاتانەی هەناردەیان لە حەوزی کەنداوی عەرەبی دەستبەجێ وەستا. هەروەها توانیمان بڕێکی زۆرتر لە نەوتی خاوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان هەناردە بکەین، ئەوەش دوای رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بۆ بەکارهێنانی هێڵی عێراق – تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک".
بەپێی قسەی بەڕێوەبەری سۆمۆ "هەموو بەشەکانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی باشور و باکورو (سۆمۆ) بە هەوڵێکی زۆر توانیویانە نەوتی بەسرە بەبڕی 170 هەزار بەرمیل لە رۆژێکداو، دواتر 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل بگەیەننە باکوری عێراق، لەگەڵ دابینکردنی بڕێکی زۆرتری نەوتی کەرکوک بۆ هەناردەکردن، بەوپێیەی جۆرەکەی مامناوەندەو نرخەکەی بەرز و باشە، دواتر لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەگاتە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا".
کۆی گشتیی بڕی نەوتی هەناردەکراوی بەسرەو هەرێمی كوردستان و کەرکوک لە مانگی سێدا نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل بووە، و داهاتەکەشی بەڕێژەی 28% زیادی کردووە، بەراورد بە مانگی شوبات، کە نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە.
بەڕێوەبەری سۆمۆ دەڵێ: وەزارەتی نەوت کار دەکات بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی تەنکەرەکانەوە ، و هەندێک کۆمپانیا تەنکەریان لە ئوردن و سوریاوە هێناوە بۆ زیادکردنی بڕی هەناردە، هەرچەندە هەناردە بە بۆری کاراتر و جێگیرترە.
"سەرەنجی وەزارەت ئێستا لەسەر هەناردەکردنی پاشماوەی نەوتە (نەوتی ڕەش) بۆ ئەوەی پاڵاوگەکان لە کار نەوەستن و بەردەوام بین لە دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ، بەتایبەت گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئەمە لەبەر رۆشنایی ئەگەری کەمبوونەوەی گازی ئێران".
دەربارەی هێڵی بۆری عێراق – تورکیا، كە مەبەست لێی هێڵی كەركوك- جەیهانە، بەڕێوەبەری سۆمۆ وتی:" چاککردنەوەی بۆرییەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و تەنها 200 کیلۆمەتری ماوە تاقیبکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو بوونی ڕابگەیەنرێت".
سەبارەت بە بۆری نەوتی كوردستانیش، وتیویەتی: حکومەت دوای هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی کرد بۆ کاراکردنەوەی ئەو بۆرییەی کە بەناو کوردستاندا تێدەپەڕێت بۆ جەیهانی تورکیا. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکوک لەدوای کاراکردنەوەیەوە، ئەمە جگە لەو نەوتەی پێشتر لە هەرێمی کوردستانەوە پەمپ کراوە". روونیکردەوە" نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی کەمتر بە بەراورد بە ئاستەکانی پێشوو پەمپ دەکرێت بەهۆی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە کاریگەرییان لەسەر هەندێک کێڵگە نەوتییەکانی ئەوێ هەبووە، کە پێشتر رۆژانە نزیکەی 400 بۆ 450 هەزار بەرمیلیان بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا بۆ 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە".
"ئەو بۆریانەی تر کە وەزارەت هەوڵی چالاککردنی دەدات لەدایكبووی ئەم ساتە نین، بەو پێیەی ماوەیەکی زۆرە کارکردن لەسەریان بەردەوامە. چەند لیژنەیەک پێکهێنران، لە هەمووی گرنگتر لیژنەی دانوستان لەگەڵ لایەنی تورکیا بۆ زیادکردنی هەناردەکردن لە ڕێگەی جەیهانەوە، هەروەها لیژنەی بۆرییەکانی عێراق- سوریا، کە ئامانجیان زیادکردنی توانای هەناردەکردن بوو لە ڕێگەی دەروازەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ سوریاو گەیشتن بە بەندەرەکانی سوریا.. ئامانجێکی دیکەی گەیشتن بە بەندەرەکانی لوبنان (تەرابلوس)ە، بەو پێیەی مەحاڵە بەبێ تێپەڕین بە سوریادا بگەیتە لوبنان".
باسلەوە دەكات" زیادکردنی توانای پەمپکردن بەرەو سوریا بژاردەیەک بوو، لەگەڵ پارێزگاریكردن لە بژاردەی بەکارهێنانی تانکەر بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو".
وتی: دانوستان لەگەڵ لایەنی تورکی و سووری بەردەوامە. یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی ڕەش لە پاڵاوگەکانی (شوعەیبە، دۆرە و سەموود)ەوە بەرەو سووریا بەڕێکەوتوون و بە سەلامەتی گەیشتوونەتە بەندەرەکانی سووریا. گرێبەستمان بۆ ناردنی 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی سووریاوە بۆ دەریای ناوەڕاست واژۆ کردووە.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: ئەم قەیرانە دەرگای نوێی بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق کردەوە کە تەنانەت دوای قەیرانەکەش بەکاریان دەهێنین. ئێستا دانوستانمان هەیە بۆ سودوەرگرتن لە هەندێک بۆری وڵاتانی کەنداو کە دەگەنە ئەودیو گەرووی هورمز و دەریای عەرەب، تاوەکو بە نرخێکی باش نەوتەکەمان بگاتە کۆمپانیا جیهانییەکان.