Draw Media

گۆڕانی کەشوهەوا دیمەنی جیهان دەگۆڕێت – بەڵام ئایا ئێمە خۆمان بۆ ئامادە کردووە؟

گۆڕانی کەشوهەوا دیمەنی جیهان دەگۆڕێت – بەڵام ئایا ئێمە خۆمان بۆ ئامادە کردووە؟

2025-12-29 10:20:12


شێركۆ وەهبی - ماستەر لە بواری ژینگە - سوید 


بارانبارینی زۆر بەخوڕ، وشکەساڵی درێژخایەن و زیادبوونی شەپۆلی گەرما بوونەتە دیاردەی ڕۆژانە. گۆڕانی کەشوهەوا چیتر سیناریۆیەک نییە کە لە  داهاتوودا هەستی پێ بکەین بەڵکو واقیعێکی بەردەوامە. پرسیارەکە لەوەدایە کە ئایا وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لەو ناوچانەی کە هەر ئێستا لاوازن و بەرگەی قەیرانی مرۆیی ناگرن، کەرەسە و بیرۆکەی پێویستیان لەبەردەستدایە کە  خۆیان لەگەڵ بارودۆخە نوێکەی هەسارەکەماندا بگونجێنن.
هەسارەیەکی گۆڕاو
گۆڕانی کەشوهەوا گۆڕانکاری دورمەودا لە سیمای زەویدا دێنێتە کایەوە، وەک بەرزبوونەوەی  پلەی گەرمای لەڕادەبەدەر،  بارانبارین و لافاوی بێوێنە کە هێمای شێوازێکی نوێی کەشوهەوا و ژیانێکی پڕکێشە و قەیرانە. بە درێژایی مێژوو زەوی چەند چاخ و سەردەمی سەهۆڵین و قۆناغی گەرمتری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانەی ئەمڕۆ ڕوودەدەن  بە شێوەیەکی چارەنووسساز جیاوازە:  ئەویش ئەوەیە کە زۆر لە جاران خێراتر ڕوودەدەن.
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان کە لەسەر کەشوهەوا کراوە، گەرمبوونی ئێستای زەوی بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆکاری چالاکییەکانی مرۆڤەوە بەندە. لە دەستپێکی سەردەمی پیشەسازییەوە، بڕێکی یەجگار زۆر لە گازەکانی گرینهاوس بە تایبەتی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بە بەردەوامی دەچنە بەرگەهەواوە کە بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی سووتاندنی سووتەمەنی بەردین (پەتڕۆڵ)، بڕینی دارستان، بەرهەمهێنانی وزە و پەرەدان بە  پیشەسازییەوە دروست بوون. ئەم گازانە گەرمی هەڵدەمژن و دیاردەی قەتیسبوونی گەرما لە بەرگەهەوادا پەرە پێدەدەن،  بەمەش تێکڕای پلەی گەرمی زەوی بەرز دەکەنەوە.
هۆکاری سەرەکی گۆڕانکاری کەشوهەوا مرۆڤە
کەواتە گۆڕانی کەشوهەوا شتێکی نوێ نییە، بەڵام زاناکان پێیان وایە ئێستا جیهان پێی ناوەتەوە قۆناغێکی نوێوە کە مرۆڤ هۆکاری باڵادەستە بۆ دروستبوونی ئەم دیاردەیە. ئەم قۆناغە ناونراوە ئەنترۆپۆسین   Antropocenو بە واتای سەردەمێک دێت کە چالاکییەکانی مرۆڤ لە بنەڕەتدا کاریگەری لەسەر سیستەمی هەسارەکە دەبێت. دەرئەنجامەکانی بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو جیهاندا هەستیان پێدەکرێت، بە تایبەتیش بە توندی لەو وڵاتانەدا کە سەرچاوەی سنووردار و ژێرخانیان لاوازە.
کاتێک وشکەساڵی و لافاو پێکەوە دەژین
کەشوهەوای گەرمتر تەنها بە مانای گەرمی زیاتر نایەت، بەڵکو دەبێتە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی بارانباریندا. هەندێک ناوچە بەدەست وشکەساڵی درێژخایەنەوە دەناڵێنن، هەندێکی تریشیان بەدەست بارانبارینی توند و بەخوڕ کە دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەترسیانە، گونجانی ژێرخانی ووڵاتەکە لەگەڵ کەشوهەوا کارێکی پێویستە: بەڕێوەبردنی کاریگەری ئاو، پاراستنی ئاوەڕۆ و ڕێبازی ڕۆیشتنی ئاوی سروشتی، پلاندانانی بەردەوام بۆ شارەکان و دروستکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی خێرای کارکردن. بەبێ ئەم ڕێکارانە، ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا مەترسی پەرەسەندنیان هەیە و  قەیرانی گەورەی مرۆییان لێدەکەوێتەوە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – زۆربەی شارەکان بۆ باران دروست نەکراون
زۆربەی کات بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی مێژوو وشک بوون ، زۆربەی کاتیش سیستەمی ئاوەڕۆی زریان کە ئاوی باران لە شارەکانەوە دوور دەخەنەوە، کەموکوڕی زۆر گەورەی تێدایە. ئەمەش بووەتە کێشەیەکی گەشەسەندوو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارینی قورستر و پێشبینینەکراوتر کە چەندین کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە باشووری کوردستاندا، دووبارەبوونەوەی بارانبارینی بەخوڕ بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوی خێرا لە شار و گوندەکاندا. ئاو بە خێرایی لەسەر شەقامەکان و لە ناوچەکانی نیشتەجێبووندا کۆدەبنەوە، چونکە ژێرخانی ئاوەڕۆکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەبارەیەکی زۆری ئاودا دروست نەکراون. لە ئەنجامدا زیانی گەورە بە ماڵەکان، وێرانبوونی ڕێگاوبانەکان و لە هەندێک حاڵەتدا گیان لەدەستدانیشی لێکەوتۆتەوە.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی لافاو لەسەر کوالیتی ئاو
وەک بینیمان دوای ماوەیەکی درێژ لە وشکەساڵی، بارانبارینی بەخوڕ لە  هەرێمیکوردستانی عێراقدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو کە ڕەنگە ئەمەش کێشەکانی ئاوی ناوچەکە گەورەترکات، نەک چارەسەریان بکات. 
هەرچەندە باران ڕێژەی ئاوی چاوەڕوانکراو دابین دەکات، بەڵام چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دێنێتە کایەوە. کاتێک زەوییە وشکەکان بە خێرایی ئاویان پێدا تێپەڕ دەبێت، بڕێکی زۆری ئاو بە خەسار دەڕوات و یەکسەر ناچێتە ناخی زەوییەوە. لە هەمان کاتدا خۆڵ و خاشاک، پیسیی و کۆمەڵێک ماددەی کیمیاوی کە لە کاتی وشکەساڵیدا کۆبوونەتەوە بەرە بەرە دەچنە ناو خاکەکەوە بیرە قووڵەکان پڕ دەکەن لە بەکتریا و نیترات، بەتایبەتی لە ناوچە چڕەکانی دانیشتووانی دەوروبەری هەولێر و دهۆک. سەرباری ئەوەش لە کاتی وشکەساڵی درێژخایەندا ڕێژەیەکی زۆری خوێ لە خاکدا کۆدەبێتەوە کە دەبێتە یەکێک لە کێشە گەورەکانی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی، و لە کاتی بارانبارینی زۆردا ئەو مادانە دەتوێنەوە و دەگەنە ئاوی ژێرزەوی. دەرئەنجامەکەی خراپتربوونی کوالێتی ئاوی ژێر زەوییە، کە زیاتر لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە  لە کوردستاندا.
چارەسەری ناوخۆیی بۆ کێشەیەکی جیهانی
گۆڕانی کەشوهەوا دیاردەیەکی سروشتی و جیهانییە، بەڵام پێویستی بە چارەسەری ناوخۆیی هەیە. بۆ ناوچەکانی وەک هەرێمی کوردستانی عێراق، دەبێت بە خێرایی وەبەرهێنان لە ژێرخانی وڵاتەکەدا بە خێرایی و بەشێوەیەکی  بنەڕەتی بکرێت، هەروەها پێویستە پلاندانان بۆ شارەکان لەسەر بنەمای بارودۆخی کەشوهەوای داهاتوو و بەهێزکردنی خۆڕاگری کۆمەڵگا ئەنجامدرێت.
لەم دەڤەرەی ئێمەدا چیدی قسە لەسەر پێشبینیکردنی گۆڕانی کەشوهەوا نییە – بەڵکو تێکرای دیاردەکان پەیوەندیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە. پێویستە دەسەڵاتداران بە خێرایی چارەسەری پێویست بدۆزنەوە بەرلەوەی ڕووداوی کەشوهەوای توندتر لە داهاتوودا ببێتە مایەی وەبیرهێنانەوەی دیکەی نرخی ئامادە نەبوون.
بۆیە زۆربەی کات لافاو تەنها زیانی کورتمەودای نییە، بەڵکو مەترسی پیسبوونی درێژخایەنی ئاوی ژێر زەوی لێدەکرێت. جا هەرێمک، کە لە ئێستادا بەدەست کەمئاوی سەرزەوییەوە دەناڵینێت، تا دێت زیاتر پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستێت ، کەچی دەکرێت تێکەڵبوونی وشکەساڵی و لافاوی کۆنترۆڵنەکراو ببێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە داهاتوودا.

شێرکۆ وەهبی  

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand