بازرگانی و بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لە هەرێمی کوردستان
2025-12-13 11:53:32
ماڵپەڕی عالەم ئەلجەدید
🔹 داهاتی ساڵانەی دووبارە دروستکردنەوەی جگەرەی ساختە لە کوردستان بە نزیکەی (ملیارێک) دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنێت.
🔹 نرخی مارکە نێودەوڵەتییەکانی جگەرە زۆر بەرزە. بە نموونە کارتۆنێک جگەرەی ESSE""ی کۆری لە بازاڕی جوملەدا نزیکەی (410) دۆلارە، لە کاتێکدا کارتۆنێک لە وەشانی ساختە، کە لە کوردستان دروستکراوە، تەنها نزیکەی (150) دۆلارە. نرخی کارتۆنێک جگەرە مارلبۆرۆی مارکە (هەزار و١٠٠) دۆلارە، جگەرەی ساختەی مارلبۆرۆ تەنها بە (١٠٠) دۆلار دەفرۆشرێت.
🔹 سێ کارگەی جگەرەی ساختە لە پارێزگای سلێمانین، کە بەسەر سێ ناوچەی جیاوازدا دابەشبوون، یەکێکیان دەکەوێتە ناوچەی "پیرە مەگرون" لە قەزای دوکان، کارگەی دووەم دەکەوێتە قەزای "ماوەت"ەوە لە ناوچەی شارباژێڕ و سێیەمیان دەکەوێتە قەزای کۆیەوە، جگەرەی "ئۆسکار" لە کۆیە بەرهەم دەهێنرێت و براندە کۆرییەکانی وەک (پاین، ئی سی، ماک، ئەسپێن، مارلیبۆرۆ، هاڤانا) لە ماوەت و پیرە مەگرون بەرهەم دەهێنرێن.
🔹 لە پارێزگای هەولێریش چەند کارگەیەک هەن کە جگەرە دروست دەکەن، بەرهەمەکانیش مارکەی جیهانییان لەسەرەو ساختەن. ئەم کارگانە لە ناوچە پیشەسازییەکان لە جەرگەی هەولێر هەڵکەوتوون. هەروەها لە پارێزگای دهۆک، لە ناوچەی کواشی چەند کارگەیەک هەیە.
🔹 کارگەکانی جگەرەی ساختە، لە ژێر پەردەی پیشەی دیکەدا کاردەکەن. لە یەکێک لە ناوچەکانی قەزای ڕانیە، کە جگەرەی ساختەی لێ دروست دەکرێت، وا دەرکەوت ڕووکاری کارگەکە بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆنی بزوێنەرە. یەکێکی دیکەیان پێدەچوو بۆ دروستکردنی مەڕمەڕ بێت، لەکاتێکدا لەناوەوە جگەرەی ساختە بەرهەمدەهێنرا، کە مارکەی نێودەوڵەتی لەسەر بوو.
🔹 لە ھەولێر و دهۆک جگەرەی ساختە ھەندێک جار لە دامەزراوەی گواستراوە (کەرەڤانە) دروست دەکرێت. کە دەکەوێتە ناو کارگەکانی بەرھەمھێنانی کەلوپەلی بەکارھێنانی تر، وەک پلاستیک، یان لەناو کۆگا گەورەکان کە بۆ ھەڵگرتنی کاڵای جۆراوجۆر بەکاردێت.
🔹 هاوردەکردنی جگەرەی مارکە بڕی باجەکەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بە نزیکەی (18) دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر کارتۆنێک جگەرە دەخەمڵێندرێت کە دەچێتە خەزێنەی دارایی لایەنە سیاسییەکانەوە، لەبری ئەوەی باجی فەرمی بدرێت. لە کاتێکدا بڕیار بوو (32) دۆلار باج بۆ هەر کارتۆنێک بچێتە سەر خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە داهاتی باجی جگەرە بۆ نزیکەی سفر دابەزیوە.
🔹 هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی نێوان پارێزگا کوردییەکان ڕێنمایی کراون کە ڕێگە نەدەن هاوڵاتییان لەکاتی گەشتکردن لەنێوانیاندا زیاتر لە سێ پاکەت جگەرە هەڵبگرن. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئیدیعایە، هەوڵماندا سێ پارچە جگەرە کە هەریەکەیان 10 پاکەتیان تێدابوو، لە سلێمانییەوە لە ڕێگەی بازگەیەکی ناوچەی کۆیە بە قاچاخ بگەیەنینە هەولێر. بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لەم کارە کرد و ڕێگەیان پێداین تەنها سێ پاکەت بهێنینە ژوورەوە.
ڕاپۆرت؛ ماڵپەڕی عالەم ئەجەدید
سەرەتا
جۆرەها جگەرە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بەردەستە. هەندێکیان مارکە ناسراوەکانن کە لە سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانەوە هاوردە دەکرێن، هەندێکی تریان جگەرەی ساختەی دروستکراوی ناوخۆیین و لەدەرەوەی بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و کوالیتی یان مەرجەکانی گواستنەوە و هەڵگرتن. ئەو جگەرانەی کە بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێدەپەڕن و ڕەزامەندی هاتنە ژوورەوەی دروستیان هەیە، تێکەڵ بە جگەرەکانی دیکە دەکرێن کە پشکنینی کوالیتییان بۆ ناکرێ و لەڕێگەی تۆڕەکانی قاچاخەوە بە قاچاخ لە سنوورەکانەوە دەگوازرێنەوە، ئەمەش مەترسییەکی زیاتر بۆ سەر تەندروستی گشتی دروست دەکات لەنەبوونی چاودێری حکومەتدا.
بە سەردانێک بۆ بەشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و سنگ لە نەخۆشخانەکانی کوردستان بە تایبەتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر، ئەوەت بۆ دەردەکەوێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش ڕوو لەو بەشە دەکەن، کە بەدەست نەخۆشییە سەختەکانەوە دەناڵێنن، کە بە تێپەڕبوونی کات جگەرەی هەرزان و کوالیتی نزمیان کێشاوە. هەندێک پێیان وایە قوربانیی ئەو بازرگان و بەرهەمهێنەر و قاچاخچیانەی ئەم جگەرە ناستانداردانەن کە بە پاڵپشتی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان و ئاسانکاری دەزگا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
جگەرەیەک کاریگەری مەترسیدارتری هەیە لە جگەی ئاسایی
کرێکارانی ناو بازاڕی ئەو بازرگانییە گەشەسەندووە، چ لە بواری گواستنەوە بێت یان بە بازاڕکردن، بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت، دەڵێن؛ هەموو جۆرەکانی جگەرە لە ڕووی پزیشکییەوە بە مەترسیدار ناسراون. بەڵام ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا سەریان هەڵداوە بە تایبەتی مەترسیدارن، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ چاودێری بەرهەم دەهێنرێن، ئەمەش وایکردووە پێکهاتەو و ناوڕۆک و کەرەستە خاوەکانیان بە هیچ شێوەیەک نەزانرێت.
بازرگانانی ئەم جۆرە جگەرانە، لەنێویاندا بازرگانێکی جگەرە بە ناوی (ج.م.)، ئەوەی درکاندووە کە کەسایەتییە باڵادەستەکان کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی ئەم جۆرە جگەرانەیان کردووە. پەنا دەبەنە بەر شێوازی فریودەر و چەواشەکارانە بۆ دروستکردنی جگەرەی ساختە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە شوێنی چاوەڕواننەکراوی وەک کارگەی کەرەستەی بیناسازی یان بینای گەڕۆک لەناو کۆگاکانی دوور لە چاوی گشتی بەرهەمی دەهێنن.
زۆرێک لەو کەسانەی کە ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەم بازرگانییەن، پەیوەندیمان پێوەکردوون، دەزگا ئەمنییەکانیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئاسانکاری بۆ "بەرهەمهێنەرانی جگەرەی ساختە" دەکەن لەڕێگەی ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی لیژنەکانی پشکنین بۆ شوێنەکانیان. هەروەها جگەرە لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ بازاڕەکان بەبێ ئەوەی باجی لێبسەنرێت، جۆرو مارکە ساختەکانیش بە قاچاخ دەگوازێنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەم زانیاریانە پشتڕاست دەکەنەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرێم بووەتە ناوەندێک بۆ "چالاکی بازرگانی نایاسایی"، وەک قاچاخکردنی شمەک و کاڵا، لەوانە جگەرە و خۆراک، لە سنوورەکان و هەندێکجار لە ڕێگەی هاوتەریب بە دەروازە سنوورییە فەرمییەکانەوە هاوردە دەکرێن، ئەمە جگە لە دووبارە دروستکردنەوەی جگەرەی کوالیتی نزم کە مارکەی نێودەوڵەتییان لەسەرە.
پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی دەڵێت لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت؛ "لایەنە دەسەڵاتدارەکان شێوازی جۆراوجۆر بۆ هێنانی کەلوپەل لە دەروازە سنورییەکانەوە بەبێ پێدانی باج هاوردە دەکەن، جگە لە دروستکردنی جگەرە".
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بازرگانییە "بە ئاسانکاری دەزگا ئەمنییەکان" ئەنجام دەدرێت، بە وتەی خۆی "خزمەت بە لایەنە دەسەڵاتدارەکان" دەکەن و "خەزێنەی حکومەت لەو داهاتانە بێبەش دەکەن کە ڕێگەی هاوردەکردنی یاساییەوە کۆدەکرایەوە".
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕادەی ئەو زیانانەی هەرێم لە ئەنجامی کاری قاچاخچێتی جگەرەدا بەری کەوتووە، حەمەساڵح ڕایدەگەیەنێت، بەهای داهاتی باج لە هاوردەکردنی جگەرەی بیانی کە چووەتە گەنجینەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨دا (9 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی بووە، لەو بڕەش تەنها لە دەروازەی سنووری باشماخەوە لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٨ مانگانە (700 هەزار) دۆلاری لێ تەرخان دەکرا بۆ نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان.
دەشڵێت؛ "ڕەنگە لەو ماوەیەدا لە دەروازە و خاڵە سنوورییەکانی دیکەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ئەو ئامارانە زیاتریش بووبێت، بەڵام ئێستا چەند مانگێکە باج لەسەر جگەرە بەتەواوی بوونی نییە- سفر- چونکە بەردەوام جگەرەی بیانی بە قاچاخ هاوردە دەکرێت بەبێ ئەوەی بە دەروازە سنوورییە فەرمییەکاندا تێپەڕێت". هەروەها بەهۆی بەرهەمهێنانی جگەرە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە پارێزگای سلێمانی لەژێر چاودێری لایەنێکی باڵادەستدا _بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە بهێنێت_.
ئەو پەرلەمانتارە میکانیزمی هاوردەکردنی جگەرەی بەبێ پێدانی باج ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، ڕێگایەک هەیە کە لە ناوخۆدا بە رێگای هەماهەنگی "طريق التنسيق" ناسراوە، کە لە ڕێگەیەوە جگەرە بە قاچاخ بە ئاسانکاریی دەزگا ئەمنییەکان دەگوازرێتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بازرگانان "باجێکی کەمتریان لەسەرە لەوەی کە حکومەتی هەرێم لەسەر هەر کارتۆنێکی جگەرەی هاوردەکراوی مارکەیەکی نێودەوڵەتی دەیسەپێنێت".
زانیاریمان دەستکەوت، کە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە، هاوردەکردنی جگەرەی مارکەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی "ڕێگای هەماهەنگی" لە ڕێگەی ئۆفیسێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت کە دەکەوێتە نهۆمی دووەمی بازاڕی سەرەکی جگەرەکەی سلێمانی، کە بە "بۆرسە"کە ناسراوە. لەلایەن گەنجێکەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە نوێنەرایەتی "ئیدارەی گشتی" قەوارەیەکی سیاسی دەکات کە بەشێکی سەرەکی حکومەتە، لەگەڵ جوملە فرۆشێک.
ئەم گەنجە تاکە کەسەر ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی جگەرەی مارکەی نێودەوڵەتی دەکات، لە ڕێگەی ئەم "ڕێگای هەماهەنگی"ەوە لە بەرامبەر باجێکی نافەرمی، بە پسوڵەی دەرچوو بەناوی ئەو فەرمانگەیەی کە بەڕێوەی دەبات. پرۆسەکە بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەزگا ئەمنییە باڵادەستەکانی دەروازەو خاڵە سنورییەکان ئەنجام دەدرێت. بڕی باج ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بە نزیکەی (18) دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر کارتۆنێک جگەرە دەخەمڵێندرێت کە دەچێتە خەزێنەی دارایی ئەو لایەنەوە، لەبری ئەوەی باجی فەرمی بدرێت. لە کاتێکدا بڕیار بوو (32) دۆلار باج بۆ هەر کارتۆنێک بچێتە سەر خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی داهاتی کۆکراوەی باجی هاوردەکردنی جگەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بگاتە سفر.
پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، و چەند سەرچاوەیەک کە پەیوەندیمان پێوەکرد، پشتڕاستی ئەوەیان کردەوە، کە کارگەی ئەهلی لە پارێزگاکانی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) جگەرەی ساختەی مارکە نێودەوڵەتییەکان بەبێ مۆڵەتی فەرمی دروست دەکەن، واتە کوالیتی خراپە یان کۆپی کراوە. هۆشداری ئەوەشیاندا کە ئەمە چەندین لێکەوتەی نەرێنی دارایی و تەندروستیی هەیە.
وەزیری دارایی پشتڕاستی قاچاخچێتی دەکاتەوە
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە هاوینی 2025 بوونی پرۆسەی قاچاخچێتی کە جگەرە و کەلوپەلی دیکەی تێدایە بۆ ناو کوردستان پشتڕاستکردەوە. بەڵام ڕەتیکردەوە ئەم پرۆسەیە "لە ئاستێکی بەرفراواندا بێت، وەک هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی بانگەشەی بۆ دەکەن".
وەزیرەکە وەک خۆی وەسفی کردووە، هۆکاری "کەمبوونەوەی" داهاتی باج لە هاوردەکردنی جگەرە بۆ دروستکردنی جگەرەی ساختە لە ناوخۆی هەرێمدا گەڕاندەوە.
بەڵام پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، ئاماژە بەوە دەکات، "بازگە ئەمنییەکان" کە لە نێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیدا بڵاوبوونەتەوە، هەندێکجار ڕێگە بە هاووڵاتیان نادەن زیاتر لە سێ پاکەت جگەرە هەڵبگرن، کە هەر پاکەتێک 20 جگەرەی تێدایە، لەکاتی گەشتکردن لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمدا.
دەشڵێت "گواستنەوەی ڕێژەیەکی زیاتری جگەرە (چەند پاکەتێک) لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر لەناو هەرێمی کوردستان تەنها دوای پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی ئەمنی، وەک چۆن لە زۆرێک لە کەلوپەلی تردا دەکرێت”، بە وتەی ئەو.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕەخنە لە ئەدای وەزارەتی دارایی و ئابووری دەگرێت و بە ئاماژەدان بە "بێدەنگی سەبارەت بە پرۆسەی قاچاخ لە دەروازە سنوورییەکان و خاڵە گومرگییەکانی کوردستان و نەناردنی داهاتی زۆرێک لە کاڵاکان بۆ خەزێنەی وەزارەت". وەزیر تۆمەتبار دەکات بەوەی "هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر هاوردەکردنی سلێمانی و هەولێر و دهۆکدا نییە، هەر پارێزگایەک داهاتی خۆی وەردەگرێت بەبێ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەت".
دەشڵێت، "داهاتی مانگانەی سلێمانی لە سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان پێشتر دەگەیشتە نزیکەی 150 ملیار دیناری عێراقی، بەڵام لەم دواییانەدا بۆ نزیکەی چارەکێک لەو بڕە کەمبووەتەوە".
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ئیدیعایانەی پەرلەمانتاران و شۆفێران سەبارەت بە قەدەغەکردنی گواستنەوەی جگەرە لە نێوان پارێزگاکانی کوردستان، هەوڵماندا سێ پارچە جگەرە کە هەریەکەیان 10 پاکەتیان تێدابوو، لە سلێمانییەوە لە ڕێگەی بازگەیەکی ناوچەی کۆیە بە قاچاخ بگەیەنینە هەولێر. بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لەم کارە کرد و ڕێگەیان پێداین تەنها سێ پاکەت بهێنینە ژوورەوە. ئەمەش ناچاری کردین نرخێکی کەم بیفرۆشین بە خاوەن دوکانێک لە نزیک بازگەکە.
نەخشەی دابەشبوونی کارگەکان
سەرچاوەیەکی دیاری ئەمنی، کە ئاشنایە بە بازرگانی جگەرە، بەهۆی هەستیاری کارەکەیەوە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بوونی سێ کارگەی جگەرەی ساختە لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرا دەکات، کە بەسەر سێ ناوچەی جیاوازدا دابەشکراون. یەکێکیان دەکەوێتە ناوچەی "پیرە مەگرون" لە قەزای دوکان، کارگەی دووەم دەکەوێتە قەزای "ماوەت"ەوە لە ناوچەی شارباژێڕ و سێیەمیان دەکەوێتە قەزای کۆیەوە لە سنوری پارێزگای هەولێر، بەڵام دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی و ئیداری یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوەو پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژی و گرنگی هەیەو دەکەوێتە نێوان سێ پارێزگاری سلێمانی، کەرکوک و هەولێرەوە.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات جگەرەی "ئۆسکار" لە شاری کۆیە بەرهەم دەهێنرێت و براندە کۆرییەکانی وەک (پاین، ئی سی، ماک، ئەسپێن، مارلیبۆرۆ، هاڤانا) لە ماوەت و پیرە مەگرون بەرهەم دەهێنرێن.
هەموو ئەم براندانە بە شێوەیەکی نافەرمی و بە شێوەی ساختە لەم سێ کارگەیەدا دروست دەکرێن. بەرهەمەکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و هەروەها دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی تری عێراق.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێکردووە پشتڕاست دەکاتەوە: کە نزیکەی دوو ساڵە هیچ باجێک لەسەر جگەرە لە سلێمانی وەرنەگیراوە "چونکە زۆرتر بە قاچاخ دەهێنرێتە ناو وڵات"، ئەو پارەیەش دەچێت بۆ خەزێنەی هێزێکی باڵادەست.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها قەدەغەکردنی گواستنەوەی جگەرە لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر پشتڕاستکردەوە. هەر پارێزگایەک بەجیا جگەرە بەرهەم دەهێنێت و دابەشی دەکات بەسەر جوملەفرۆشان و فرۆشیارانی تاکەکەسیدا، هاوردەکردنیشی لە دەرەوەی پارێزگا قەدەغەیە. ئەمەش دڵنیایی دەدات لەوەی کە قازانجەکان دەچێتە دەستی کەسایەتییە باڵادەستەکانی هەر پارێزگایەک. هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی نێوان پارێزگا کوردییەکان ڕێنمایی کراون کە ڕێگە نەدەن هاوڵاتییان لەکاتی گەشتکردن لەنێوانیاندا زیاتر لە سێ پاکەت جگەرە هەڵبگرن.
لە پارێزگای هەولێریش چەند کارگەیەک هەن کە جگەرە دروست دەکەن، بەرهەمەکانیش مارکەی جیهانییان لەسەرە، بەڵام ئەمانەش ساختەن. ئەم کارگانە لە ناوچە پیشەسازییەکان لە جەرگەی هەولێر هەڵکەوتوون. هەروەها لە پارێزگای دهۆک، لە ناوچەی کاواشی چەند کارگەیەک هەیە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی کە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت دەڵیت؛ بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لەلایەن "کۆمپانیا بازرگانییەکان"ی" سەر بە لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانی هەرێم سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەم کارگانە کەرەستەی خاو کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی جگەرە لە وڵاتانی دراوسێوە دەهێنن. کارگەکانی شاری سلێمانی کاغەزی جگەرە و تووتن لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن، کە تێچوونەکانی کەمترە لەچاو سەرچاوەکانی تری هاوردەکردن، کارگەکانی هەولێر و دهۆک کەرەستەی خاو لە تورکیاوە هاوردە دەکەن.
ساڵانە یەک ملیار دۆلار
هێڤیدار شەعبان پسپۆڕی ئابووری، داهاتی ساڵانەی دووبارە دروستکردنەوەی جگەرەی ساختە لە کوردستان بە نزیکەی (ملیارێک) دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنێت. باس لەوەش دەکات کە ئەو پارەیە لە ناوخۆدا وەبەرهێنراوە و بەشێکی لە بانکەکانی تورکیا دادەنرێت بەهۆی پەیوەندی پتەوی تورکیا لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان.
دەشڵێت، "چەند کۆمپانیایەک، کە بە ناوی جیاواز کاردەکەن، جگەرە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دروست دەکەنەوە، لەنێویاندا براندە نێودەوڵەتییەکانی وەک مارلبۆرۆ، ئی سی، چروت، ڕۆسمەن، و ئەوانی تر".
دەشڵێت، نرخی پارچەیەک (10 پاکەت) جگەرەی ساختە کە لە سلێمانی دروستکراو لە نێوان (2 هەزار و 250) دینار بۆ (4 هەزار) دیناری عێراقی (نزیکەی 1.6 – 2.8 دۆلاری ئەمریکی) مەزەندە دەکرێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرچاوەکانی دیکە باسیان کردووە: بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لەلایەن کەسایەتییە باڵادەستەکانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لای خۆیەوە غالب محمد ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەپشت بازرگانیکردن بە جگەرەی ساختە و قاچاخەوەن، هەروەها قازانج لەو بڕە پارە زەبەلاحەی کە بەدەستی دەهێنێت.
داوای چالاککردنی چاودێری "یاسایی و حکومی" و سەپاندنی کۆنترۆڵی توند بەسەر جۆرەکانی جگەرەی بەردەست لە بازاڕ و ئەوانەی ڕێگەپێدراون بۆ هاوردەکردن دەکات، "بۆ بڕینی ڕێگەی قاچاخچێتی و بازرگانانی مارکەی ساختە"، ڕوونیکردەوە: "ئەم جگەرە دروستکراوانەی ناوخۆ کوالیتییان خراپە و زیانێکی گەورە بە جگەرەکێشان دەگەیەنن".
لە کاتی سەردانی مەیدانیدا بۆ پشکنینی کارگەکانی جگەرەی ساختە، چاودێری بەکارهێنانی ڕێگەی فریودەرمان کرد بۆ شاردنەوەی سروشتی ڕاستەقینەی پرۆسەکان. هەندێک لەو دامەزراوانە لە ژێر پەردەی پیشەی دیکەدا کاردەکەن. لە یەکێک لە ناوچەکانی قەزای ڕانیە، کە جگەرەی ساختەی لێ دروست دەکرێت، وا دەرکەوت ڕووکاری کارگەکە بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆنی بزوێنەرە. یەکێکی دیکەیان پێدەچوو بۆ دروستکردنی مەڕمەڕ بێت، لەکاتێکدا لەناوەوە جگەرەی ساختە بەرهەمدەهێنرا، کە مارکەی نێودەوڵەتی لەسەر بوو.
لە ھەولێر و دهۆک جگەرەی ساختە ھەندێک جار لە دامەزراوەی گواستراوە (کەرەڤانە) دروست دەکرێت کە دەکەوێتە ناو کارگەکانی بەرھەمھێنانی کەلوپەلی بەکارھێنانی تر، وەک پلاستیک، یان لەناو کۆگا گەورەکان کە بۆ ھەڵگرتنی کاڵای جۆراوجۆر بەکاردێت.
قاچاخچێتی جگەرە بۆ دەرەوەی کوردستان
فراوانبوونی بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لە هەرێمی کوردستان وایکردووە بەرهەمهێنەران هەماهەنگی لەگەڵ کەسایەتییە باڵادەستەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکەن بۆ بەقاچاخبردنی جگەرە، بەمەش بە نرخێکی کەمتر لە نرخە نێودەوڵەتییەکان بەدەست دەکەوێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەپرس (که ناوی ئاشکرا نەکراوە) رایگەیاند کە "جگەرەی ساختەی دروستکراوی پارێزگای سلێمانی به جوملە فرۆشانی پارێزگای نەینەوا دەفرۆشرێن و بەزۆری بەشێوەیەکی نایاسایی لە ڕێگەی، ڕێگای سلێمانی- کەرکوک- مەخموور- موسڵەوە دەگوازرێنەوە".
(ە.ا.)، بازرگانێکی جگەرەی خەڵکی موسڵ، خاوەنی فرۆشگایەکی گەورەیە لە لێواری ڕاستی شارەکە، دووپاتی دەکاتەوە کە جگەرەی ساختەی مارکە نێودەوڵەتییەکان لە پارێزگای سلێمانی دەکڕێت، بەتایبەتی براندەکانی وەک ئۆسکار، ماک، و ئەکتیمار، لەبری ئەوەی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردەیان بکات و تێچووی زیاتر بدات بەهۆی باجەوە.
دەشڵێت، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، نرخی یەک پاکەت لەو مارکانە نزیکەی (5 هەزار) دیناری عێراقییە، واتە یەک پاکەت (500 دینار)ی عێراقییە. "بەگشتی کوالیتی نزمتر لە ئەسڵیەکان دروستکراون، هەربۆیە بە تێپەڕبوونی کات دەتوانن کێشەی تەندروستی دروستبکەن."
دانپێدانانی (ە.ا.) بە مەترسییە ئەگەرییەکانی ئەو جگەرانەی کە دەیفرۆشێت، نەبووەتە هۆی ئەوەی کە کارەکەی لەسەر ئەو بەرهەمانە بێت، نەک براندە ڕاستەقینەکان، ئەمەش بەهۆی جیاوازیی نرخەکانیان کە زۆر زیاترە. ئەو بەم شێوەیە پاساو بۆ پیشەکەی دەهێنێتەوە و دەڵێت "ئەمە کاری منە؛ ئەگەر نەیکەم کەسێکی تر دەیکات".
ئاماژە بەوە دەکات کە دوو شوێن لە موسڵ هەیە کە جگەرەی ساختەی تێدا دەفرۆشرێن: یەکێکیان لە ناوچەی "ئەلفەیسەلییە"یە لە کەناری چەپی شارەکە کە بازاڕی سەرەکی جگەرەی لێیە و ئەوی دیکەشیان لە بەری ڕاست لە بازاڕی بۆرسەدا. ئەو پێی وایە قەبارەی ئەم بازرگانییە مامناوەندە بەڵام لە گەشەکردندایە، مەزەندە دەکات مانگانە نزیکەی (10 هەزار) کارتۆن بێت (هەر کارتۆنێک 50 پارچە و هەر پارچەیەک 10 پاکەت لەخۆدەگرێت) جگەرەی ساختە لە نەینەوا دەفرۆشرێت، کە سەرچاوەکەی هەرێمی کوردستانە.
بازرگانێکی دیکە کە خاوەنی وەکالەتێکی گشتی دابەشکردنی جگەرەیە لە موسڵ ، دەڵێت، نرخی مارکە نێودەوڵەتییەکانی جگەرە زۆر بەرزە. نموونە بۆ بەراوردکردن دەهێنێتەوە و باس لەوە دەکات کە کارتۆنێک جگەرەی ESSE""ی کۆری لە بازاڕی جوملەدا نزیکەی 410 دۆلارە، لە کاتێکدا کارتۆنێک لە وەشانی ساختە، کە لە کوردستان دروستکراوە و لە نەینەوا دەفرۆشرێت، تەنها نزیکەی 150 دۆلارە.
دەشڵێت، "مارکەی تریش هەیە، وەکو ماک ئیتاڵی، کارتۆنی ئەسڵی نرخی 130 دۆلارە، لە کاتێکدا وەشانی ساختە، کە لە کوردستان و بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی دروستکراوە، نرخی 80 دۆلارە".
نرخی کارتۆنێک جگەرەی ئەسڵی مارلبۆرۆ ١١٠٠ دۆلارە، جگەرەی ساختەی مارلبۆرۆ تەنها بە ١٠٠ دۆلار دەفرۆشرێت.
ئەم جگەرانە بە ڕێژەیەکی زۆر لە نەینەوا دەفرۆشرێن، بە گوتەی بازرگانێکی دیکەی جگەرە لە موسڵ کە زیاتر لە ١٥ ساڵە لەو پیشەیەدا کاردەکات. دەڵێت، "بازرگانی و پەرەپێدانی جگەرەی ساختە لە پارێزگای نەینەوا، بازرگانی ئاسایی پەیوەست بە هاوردەکردنی جگەرەی مارکەی لەناوبردووە، بەهۆی ئەو جیاوازییە بەرچاوەی نرخ کە لە ئەنجامی خراپی کوالێتی ئەو بەرهەمانەی لە کوردستان دروستدەکرێن و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن".
دەشڵێت "کێشەکە ئەوەیە کە زۆر کەس بەزەحمەت جیاوازی لە نێوان ئەسڵی و ساختە دەکەن، دەتوانرێت ئەو ساختەیە بە نرخی ئەسڵی بە کڕیاران بفرۆشرێت، ئەمەش مەترسییەکی زیادە دروست دەکات".
ئەفسەرێکی باڵا کە لە دەزگایەکی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا کاردەکات- بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی بازگەکان و خاڵەکانی پشکنین لە پارێزگای نەینەوا- ئاشکرای دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە بازگەیەکی قەزای مەخمور لە ڕۆژهەڵاتی نەینەوا دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکی گەورەدا گرتووە کە جگەرەی ساختەیان تێدابووە، بارهەڵگرەکە کە لە پارێزگای هەولێرەوە هاتووە، ٧٠٠ کارتۆنی جگەرەی ساختەی تێدابووە.
ئێران: مەی بەرامبەر بە تووتن
کاسبکارێکی ئێرانی (٤٥ ساڵ) کە کەلوپەل لە نێوان کوردستانی عێراق و ئێران دەگوازێتەوە، لەوانەش کەلوپەلی ساختە و قاچاخ، بە تایبەتی لە دەروازەی سنووری "تەوێلە" لە پارێزگای سلێمانی، سوودمەند دەبێت لە پەیوەندی و نزیکی خێزانی لەگەڵ ئەفسەرێکی پلە باڵای دەزگا ئەمنییەکانی ئێران کە سەرپەرشتی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵت، "بازاڕی ئێران بووەتە ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بۆ تۆڕەکانی قاچاخ و کارگە نایاساییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و پاکستان کاردەکەن".
ئەو کاسبکارە کە ئامادە نەبوو ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات، پیشەسازی جگەرەی ساختە لە کوردستان بە "دڕکاوی و ئاڵۆز، بەڵام دەرفەتێکە بۆ قازانجی خێرا بۆ چەند لایەنێک" ناودەبات. ڕوونیشی دەکاتەوە، ئەم بازرگانییە "لایەنە کوردییەکانی عێراق و ئێرانی تێوەگلاوە، جگە لە کاسبکارانی وڵاتانی دیکە، نەک هەر لە عێراق نافرۆشرێت بەڵکو دەگاتە ئێرانیش".
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "هەموو شتێک لەم پیشەیەدا بە وردی ساختە دەکرێت، بۆ نموونە کارگەیەک لە کوردستان جگەرەی ساختە بەرهەم دەهێنێت کە ناوی مارکە نێودەوڵەتییەکانی لەسەرە و لە ئەسڵیەکان جیا ناکرێنەوە، تەنانەت لۆگۆ و پەیامە تەندروستییەکانی پەیوەست بەو براندانەش بە وردی کۆپی دەکرێن".
لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەموو ئەمانە بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە لەلایەن بەرپرسانەوە دەڵێت: "کارگەکان لەژێر هەلومەرجێکی زۆر پارێزراودا بە پاسەوانی بەردەوام و قورس کاردەکەن، پارێزراون، پاسەوانەکانیش، کە سەر بە حزبە سیاسییەکانن، چەکی سووک و مامناوەندیان پێیە، بێگومان ئەمەش ڕێگری دەکات لە نزیکبوونەوەی هەرکەسێک و دڵنیابوون لە سروشت و کوالیتی ئەو شتانەی کە بەرهەمی دەهێنن".
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کارگانە تووتن، کاغەز و کەرەستەی سەرەکیی دیکەی پیشەسازی لە کاسبکارانی ئێرانی بەدەست دەهێنن، کە زۆربەیان لە ڕێگەی تۆڕەکانی قاچاخەوە. دوای بەرهەمهێنان، بەرهەمەکان لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا دەفرۆشرێن و تەنانەت هەندێکیان لە ڕێگەی کەناڵە نافەرمییەکانەوە دەفرۆشرێنەوە بە ئێران، ئەمەش وایان لێدەکات بتوانن ڕکابەری هەردوو بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردە بکەن.
سەرەڕای بارودۆخی ناتەندروستی و نایاسایی بەرهەمهێنان، نەبوونی ستانداردی تەندروستی و پشتبەستن بە کەرەستەی خاوی کوالیتی نزم- وەک هەمووان دەزانن- بازرگانەکە دەڵێت، "کەس ئەم بازرگانییە ڕاناگرێت تا ئەو کاتەی قازانجێکی گەورە بۆ لایەنە جیاوازەکان بەدەستبهێنێت".
ئەو ئێرانییە ڕوونی دەکاتەوە: "بازاڕێکی گەورەی ناوخۆیی لە ئێران هەیە، ساڵانە ئەو وڵاتە زیاتر لە ٦٠ ملیار جگەرە بەکاردەهێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین بازاڕە ئامانجدارەکان بۆ هەردوو دابینکەری یاسایی و قاچاخچی".
لێهاتوویی لە ساختەکردن
عەبدولمەجید ئیجتهادی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراو لە ڕێکخراوی سزادانی حکوومەتی ئێران، باس لەوە دەکات کە ئەو بەرهەمانە بە لێهاتوویی زۆرەوە ساختە دەکرێن. پاکەت و وردەکارییەکانی دیکە بە وردی جێبەجێ دەکرێن، هەرچەندە بەرهەمەکان لە کەرەستەی خاو دروستکراون کە کوالیتی نزمن و لەگەڵ ستانداردە پێویستەکان ناگونجێت، و پرۆسەی بەرهەمهێنان بە گشتی لە ژێر بارودۆخێکی خراپدا ئەنجام دەدرێت.
دەشڵێت، "بڕی بەرهەم هێنراو زۆرە و چەندین براند لەخۆدەگرێت، تەنانەت بەرهەمی ساختەی کۆمپانیای تووتنی ئێرانی دروست دەکەن و پەیامی تەندروستی بە زمانی فارسی لەسەر دادەنێن بۆ ئەوەی وەک بەرهەمی ڕاستەقینە بانگەشەیان بۆ بکەن".
سەبارەت بەڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی جۆراو جۆرەکانی تووتنی ئێرانی بۆ ناو هەرێمی کوردستان که بۆ دروستکردنی ئەو جگەره ساختانه بەکاردەهێنرێت، ناوبراو دەڵێت هەوڵەکانی ڕێکخراوی سزادانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیه بەردەوامن، و له ماوەی ڕابردوودا دەست بەسەر بڕێکی زۆر لەو براندانەی گرتووه پێش ئەوەی بتوانرێت دابەش بکرێن.
بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمهێنان و قاچاخ تەنها لە هەرێمی کوردستاندا سنوردار نییە. هەروەها بەرهەمهێنەرانیش لە پاکستان هەن کە وەشانی ساختەی براندە نێودەوڵەتییەکان لە ژێر بارودۆخی بەرهەمهێنانی زۆر خراپدا بەرهەم دەهێنن، کە دواتر بە قاچاخ دەیانخەنە ناو ئێرانەوە.
ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی خەڵکی پارێزگایەکی کوردستانی ئێران، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بازرگانی جگەرە لە نێوان هەردوو وڵات دەکات، دەڵێت ئەم بازرگانییە "شایەتی فراوانبوون و گۆڕانکارییە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە".
ئەو ڕۆژنامەنووسە کە بەهۆی کارەکەی لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناسراودا داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، دەشڵێت: "تۆڕێکی تایبەتمەندم لە بەقاچاخبردنی تووتن لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ناسیوە، ئەو تۆڕە تووتن دەهێننە ناوچەکە و لە بەرامبەردا خواردنەوە کحولییەکان (بەتەواوی قەدەغەکراو) دەگوازنەوە بۆ ناو ئێران".
لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران قەدەغەکردنی یاسایییان لەسەر هەموو جۆرە خواردنەوە کحولیەکان سەپاندووە و هاوردەکردنیان قەدەغە کردووە. کاربەدەستانی حکومەتی ئێران مەزەندە دەکەن کە ساڵانە نزیکەی (٨٠ ملیۆن) لیتر خواردنەوە کحولیەکان کە بەهای (٧٣٠ ملیۆن) دۆلارە، بە قاچاخ بهێنرێتە ناو وڵاتەکەوە.
قازانجی مافیاکان
فایق ئێزیدی، چالاکی سیاسی، پێی وایە، دووبەرەکیی ئیداری و ڕکابەریی حزبی، لەگەڵ نەبوونی شەفافیەت لە کەرتی پیشەسازی، بووەتە هۆی پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی جگەرەی ساختە لە کوردستان.
بە گوتەی ئێزیدی، بوونی ئەم بەرهەمە نایاساییە پێویستی بە ئاشکراکردنی شوێن و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی نییە بۆ سەلماندنی. جیاوازی نرخ بۆ بەکارهێنەران بەسە بۆ ئەوەی ئەو پرسە ئاشکرا بکات. ڕوونیشی دەکاتەوە، "لە وڵاتانی دراوسێدا پاکەتێک جگەرەی مارلبۆرۆ نزیکەی (8 هەزار) دیناری عێراقییە، لەکاتێکدا لە کوردستان نرخەکەی لەنێوان (1500 بۆ 3000 دینار)دایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم جگەرەیە مارکەی نێودەوڵەتی یان کوالێتی ڕاستەقینە نین؛ بەڵکو ساختەکراون، بەتایبەتی کاتێک بەراورد دەکرێت بە نرخی ئەو بەرهەمە ئەسڵییە بۆ بەرهەمهێنەران و هاوردەکراو باجی سەپێنراو لە کوردستان".
پێدەچێت "تۆرە ئابوورییە ڕێکخراوەکان لەپشت ئەم بازرگانییە گەندەڵەوەبن"، ڕوونی دەکاتەوە کە قاچاخچێتی جگەرە لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان ڕوودەدات، ئەو کەرەستانەی کە لە دروستکردنیاندا بەکاردەهێنرێن کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی کوالیتی و ڕێژەی تووتنیش کەمترینە.
ئەو ڕەخنە لەوە دەگرێت کە بە بێدەنگی و بێ هەڵوێستی دەسەڵاتداران لە بەرامبەر ئەم تۆڕانەدا وەسفی دەکات، "سەرەڕای ئەو مەترسییە تەندروستییەی کە لەسەر ژیانی جگەرەکێشان دروستی دەکەن، هەروەها زیانە ئابوورییەکانیش بۆ وڵات". دەڵێت "بەهۆی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی پشت ئەم پیشەسازییە و ئەو قازانجە گەورەیەی کە بەدەستی دەهێنێت، بێبایەخکردن بۆ چاودێریکردن هەیە و لە ئەنجامدا خەڵکی ئەم هەرێمە ئەوانەن کە بە تەندروستی خۆیان و پارەکانیان باجەکەی دەدەن".
سەرچاوە؛
العالم الجدید، جهات نافذة في كردستان تصنع السجائر بعلامات تجارية مغشوشة وتصدرها لأنحاء العراق، 2025-12-09تقاريرنا؛
https://shorturl.at/NXwWJ
